«ریفۆرمی میدیایی لەھەرێمی کوردستاندا بووەتە پێویستی»

چمک، سلێمانی: لە میانی پرۆگرامێکی رادیۆییدا ھەریەک لە د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی و کاروان ئەنوەر؛ سکرتێری لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان پێداگریی لەسەر بەرگرتن لەپاشاگەردانی میدیای کوردیی دەکەنەوە و دووپاتیدەکەنەوە کە ریفۆرمی میدیایی لەھەرێمی کوردستاندا بووەتە پێویستیی قۆناغەکە.

لەمیانی پرۆگرامی رادیۆیی «مژاری کۆمەڵگە»دا کە پاشنیوەڕۆی شەممە (09ی ئایاری 2021) بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە رادیۆی دەنگی گۆڕان پێشکەشکرا؛ د.شوان ئادەم ئەیڤەس ئاماژەی بە ھەوڵ و ھەنگاوەکانی ئەمدواییەی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ رێکخستنی کاری میدیایی کرد، بەڵام ترسی خۆی و رێکخراوەکەیشی لەچۆنییەتی ئەو رێکخستنەوەیەدا نەشاردەوە. ھاوکات پێداگری لەسەر پێویستیی ریفۆرمی میدیایی لەرێی رێکخستنی یاسایی و چاودێرییکردنی پیشەیی پەیامی میدیای کوردیی کردەوە و وتی؛ «یاساکانى تایبەت بە رێکخستنی ناوەڕۆکی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی لە هەرێمى کوردستاندا پێویستییان بەھەموارکردنەوە؛ کەم و زیادکردن و ئاوێزانکردنی بڕگە و مادەی یاسایی ھاوشێوە هەیە، بەڵام ترسمان ھەیە لەوەی کە هەموارکردنەوەکان بە ئاڕاستەیەکی ھاوچەرخی دیموکراسیانەدا نەبرێن.»

ھەر لەو پرۆگرامەدا؛ سەرۆکى رێکخراوى چاودێریی میدیای کوردى (چمک) دووپاتیکردەوە کە لەرێکخستنی یاسایی ناوەڕۆکی راگەیاندن و رۆژنامەگەرییدا بەدەر لە دیدگای یاسایی یاساناسان زۆر گرنگە دیدگای پیشەیی پیشەوەرانی میدیا بەھەند وەربگیرێت و پەراوێزنەخرێن، «چونکە یاساکان بۆ رێکخستنی پیشەیی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی دەبن و پێویستە ئەکادیمییەکانی کایەی میدیا و خودی رۆژنامەوانان تاووتوێی وردەکاری بڕگە و مادەکانی یاساکانی خۆیان بکەن.»

لەبەشێکی دیکەی پرۆگرامەکەدا؛ کاروان ئەنوەر ئاماژەی بە بڕیاری تاوانبارکردنی ئەمدوایەی شەش لە گیراوانی بادینان کرد و بەپێویستیی زانی کە «پێشنیازە یاسای میدیای ئەلکترۆنیی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان» کە لەلایەن خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانەوە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە؛ بھێنرێتەوە سەر مێزی گفتووگۆ و کەموکورتییەکانی لاببرێن و دەقێکی پێشکەوتووتری لێ بەرھەم بھێنرێت، تاوەکو بۆشایی یاسایی دروستنەبێت و دادوەران ناچار نەبن بە یاسای دیکە دادگایی رۆژنامەوانان بکەن.

سکرتێری لقى سلێمانیی سەندیکاى رۆژنامەنووسانی کوردستان روونیکردەوە کە رۆژنامەنووسان و یاساناسان پڕۆژەی حکومەتیان بۆ رێکخستنەوەی کاری میدیا نەبینوە. ھەروەک راشیگەیاند کە هەموارکردنەوەی یاساکانى تایبەت بە کارى رۆژنامەوانیی لە هەرێمی کوردستاندا «نیەتێکى تێدایە کە جێگەى مەترسییە؛ دەسەڵات لەسەرەوە چاودێریی دەکات و ھەر شتێکى بەدڵ نەبێت سزامان دەدات، سبەى رەنگە لەسەر کۆمێنتێک شەش ساڵ ئێمەش بخاتە زیندانەوە.»

مژارى کۆمەڵگە؛ پرۆگرامێکی هەفتانەی رادیۆىی دەنگى گۆڕان_ە، هەموو رۆژانێکى شەممە لەلایەن رۆژنامەوان پەرێز سابیر دواى هەواڵەکانی کاتژمێر 3:00ى پاشنیوەڕۆ راستەوخۆ پێشکەش دەکرێت و لەدیجیتاڵمیدیاى KNNیشەوە پرۆگرامەکە پەخش دەکرێت. بۆ بینینى تەواوى ئەم ئەڵقەیەی پرۆگرامەکە؛ کرتە لەم بەستەرەی خوارەوە بکە:

https://fb.watch/5py5WI83A7/

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟