«بە بەرنامە کار لەسەر جێبەجێنەکردنی یاسای مافی بەدەستھێنانی زانیاریی دەکرێت»

چمک، سلێمانی: لەساڵیادی رۆژی جیھانیی ئازادیی رۆژنامەگەرییدا رەخنە لە خۆدزینەوە و کەمتەرخەمیی پەرلەمان و حکومەت و دادگاکانی ھەرێمی کوردستان دەگرێت؛ لەبەدواداچوون بۆ ئاستی جێبەجێکردنی یاسا بەرکارەکان، لەوانە یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2013ی مافی بەدەستھێنانی زانیاری.

رۆژی یەکشەممە (02ی ئایاری 2021) د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) بەشداریی دوایین ئەڵقەی پرۆگرامی تەلەڤزیۆنیی «راڤە» لە کەناڵی ناوخۆیی سلێمانیی کرد؛ بۆ تاووتوێکردنی «بەرپرسیاریەتی کۆمەڵایەتیی لەمیدیای نوێدا».

لەو پرۆگرامەدا؛ ئاماژە بە خراپیی دۆخی ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی کرا کە لە 123ساڵەی مێژووی دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردیی «کوردستان»ەوە دۆخی وا خراپی بەخۆوە نەدیوە. ئەوەیشی وایکردووە ئەم دۆخە خراپ و ئازادییەکان بەرتەسکتر بێتەوە؛ کورد خۆیەتی نەک نەتەوە سەردەستەکانی وەک عەرەب و تورک و فارس!

سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) دووپاتیکردەوە کە میدیای نوێ ھاوشێوەی میدیای کلاسیک پێویستیی بە چاودێرییکردنی پیشەیی و رێکخستنی یاسایی ھەیە. ھاوکات ئەو رێنمایی و یاسا بەرکارانەی لەھەرێمی کوردستاندا تایبەت بە راگەیاندن و رۆژنامەگەریی دەرچووێنراون، پێویستیان بە پێداچوونەوە و ھەمواکردنەوە ھەیە بەشێوەیەک کە لەگەڵ دۆخی ھاوچەرخی کایەکەدا بگونجێنرێن و سنوری ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی بەجۆرێک بەرفراوان بکرێن کە وەرگر خۆی ئازاد بکرێت لەوەی چیی وەربگرێت و چیی رەتبکاتەوە، بەڵام ئەوەش دەبێت ھاوشان بێت لەگەڵ تۆخکردنەوەی ھێڵەکانی کاری دەرگاوانی میدیایی و باشتر پێڕەوکردنی پێوەرە ویژدانییەکان یاخود رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن.

لەکۆتایی پرۆگرامەکەشدا؛ د.شوان ئادەم ئەیڤەس ئاماژەی بەوەدا کە ھێزە رکەبەرەکانی کوردستان بە مەبەست و بەپێی بەرنامەیەکی پێشتر بیرلێکراوە، کار لەسەر خراپ بەکارھێنانی پەیامی میدیایی بەگشتیی و لەنێویشدا میدیای نوێ و خزمەتگوزارییەکانی لەماڵپەر و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەکەن. ئەوەش وایکردووە رۆژ بە رۆژ زانیارییە گشتییەکان سنوردارتر و میدیای حزبیی لاواز و میدیای کەسایەتییە حزبییەکان؛ بەھێزتر و قەڵەوتر بن و ببنە رێگر لەبەردەم دروستبوونی میدیایەکی نیشتمانیی پیشەوەری بەرپرسیاردا.

#راڤە؛ پرۆگرامێکی ھەفتانەی تەلەڤزیۆنی سلێمانی_ە؛ لەلایەن رۆژنامەوان سەربەست مەنمی ئامادە و پێشکەش دەکرێت. رۆژانی یەکشەممە لە کاتژمێر 09:30 خولەک پێشکەش دەکرێت و لە رۆژانی دووشەممەدا ھەمان پرۆگرام لە کاتژمێر 07:30 خولەک دووبارە دەکرێتەوە.

بۆ بینین و بیستنی ناوەڕۆکی پرۆگرامەکە؛ کرتە لەم بەستەرەی خوارەوە بکەن:

https://fb.watch/5fVzNNcRPg/

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟