د.شوان ئادەم ئەیڤەس
لاوازیی پابەندبوونی ویژدانیی میدیاوانی كورد بە رێسا پیشەییەكان و كەمتەرخەمیی كرداریی دەستەڵاتی راپەڕاندن لە جێبەجێكردنی یاسا بەركارەكاندا؛ وایكردووە رۆڵی دەرگاوان (gatekeeper) لەنێوان میدیای دێریینباو (mainstream media) و میدیای نوێباوی جێگرەوە (alternative media)دا، هێند بچووك و بێبەها بكرێت كە وەرگر بەئەستەم بتوانێت جیاوازیی لەنێوان پەیامەكانی هەریەك لەو دوو جۆرە میدیایەدا بكات. ئەوەش بەجۆرێك بەرنامەرێژكراوە كە ئێستا بەبێ دەرگاوان و رۆڵبینینی پیشەیی؛ میدیای دیجیتاڵی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی، بوونەتە سەرچاوەی سەرەكیی زانیاریی و پەیامەكانی میدیای دێریینباوی چاپكراو و پەخشكراوی كوردی!
ئەگەرچی مێژووەكەی بۆ سەرەتای ساڵی 1922 دەگەڕێتەوە، بەڵام دواتر و لەچەند بوارێكی توێژینەوەی جیاوازدا تیۆریزەی زانستیی بۆ كاری دەرگاوانیی كرا، لەوانە: خوێندنی گەیاندن(communication)، رۆژنامەگەری، زانستی سیاسیی و كۆمەڵناسی (Barzilai-Nahon, 2009) . بۆ یەكەمجار و لەساڵی 1943دا، تیۆری دەرگاوانییكردن لەمیدیادا لەلایەن دەروونناسێكی ئەڵمانی-ئەمەریكیی بەناوی Kurt Lewin دانرا كە لەهەموو ئاستەكانی پێكهاتەی میدیاییدا روودەدات. هەر لەو پەیامنێرەوە بیگرە كە بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی سەرچاوەكان دەدات بۆ سوودلێوەرگرتنیان لەچیرۆكە رۆژنامەوانییەكەی تاوەكو بەو داڕێژەرانە (editors) دەگات كە بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن كە كام چیرۆك رووماڵ یان چاپ بكرێت. هەڵبەتە لێرەدا ئەوانەش دەگرێتەوە كە خاوەندارێتیی میدیاكان و تەنانەت ئەوانەیشی كە ریكلام دەكەن.
بەپێی سەرچاوە زانستییەكان، دەرگاوانییكردن (gatekeeping) بریتییە لە بژاركردن (filtered)ی زانیارییەكان لەلایەن میدیاكانەوە بەئامانجی بڵاوكردنەوەیان بۆ جەماوەر؛ جا لەرێی چاپەمەنییەكانەوە بێت یاخود لەرێی پەخشی رادیۆو تەلەڤزیۆنەكان یان لەرێی وەشاندنی سەر ئینتەرنێت یاخود هەر ئامرازێكی دیكەی گەیاندن و پەیوەندییكردن. بەدەربڕینێكی دیكە، دەرگاوانییكردن مەبەست لێی هەڵبژاردن و داڕشتنەوەی بەشێكی بێسنوری زانیارییەكانە لە ژمارەیەكی سنوردار لەو پەیامانەی كە رۆژانە بە جەماوەر دەگەن كە ئەوەش چەقی رۆڵبینینی میدیایە لەژیانی گشتیی نوێدا. هەڵبەت ئەم كردەیە هەر بەتەنیا لە هەڵبژاردنی زانیارییەكاندا سنوردار ناكرێت، بەڵكو ناوەڕۆك و سروشتی پەیامەكانی هاوشێوەی هەواڵەكانیش دەستنیشان دەكات (Shoemaker and Vos, 2009)، لەوانە: مەشقكردن لەسەر ئەركی چاودێرییكردن (surveillance function) كە هەموو نێوەندێكی هەواڵیی ژمارەیەكی زۆر چیرۆكەهەواڵیی هەیە كە رۆژانە لەرێی پەیامنێران و خزمەتگوزاریی ئاژانسەكان و چەند سەرچاوەیەكی هەمەجۆری دیكەوە گرنگییان پێدەدەن. واتە لەهەر كەناڵێكی میدیاییدا، بەهۆی لەبەرچاوگرتنی چەند تێڕوانینێكی كردەییەوە، بەتەنیا رێژەیەكی دیارییكراوی كات و شوێن (space) بۆ پێشكەشكردن و خستنەڕووی رۆژانەی هەواڵەكان بۆ جەماوەرەكانیان تەرخان دەكرێت و ئەو شوێن و كاتەی دیكەش كە لە كەناڵەكان دەمێنێتەوە، پێویستە بۆ ریكلامكردن و ناوەڕۆكی دیكەی تەرخان بكەن. ئاشكرایە كە لەنێو هەر دامەزراوەیەكی میدیاییشدا، تێڕوانینی هەواڵیی و وردەكولتور هەیە كە رستێك پێوەری ئاڵۆز دەگرێتەخۆ؛ بۆ هەڵسەنگاندنی چیرۆكێكی رۆژنامەوانیی دیارییكراو. پێوەرەكانیش بەپێی پێداویستییە داراییەكان و سیاسەتی كەناڵەكە، ناساندنی ئەو شتانەی شیاوی بڵاوكردنەوەن لەگەڵ چەمكەكانی پەیوەست بەسروشتی جەماوەر و ئەو بیروباوەڕانەی لەبارەی پابەندبوونی میدیاوانان بەدەسەڵاتی چوارەم (fourth estate)ەوەن. ئەم دیدگای هەواڵ و پێوەرە ئاڵۆزانەش، لەلایەن داڕاێژەران و بەڕێوەبەرانی هەواڵ و ئەو كارمەندانەی دیكەوە بەكاردەبرێن كە ژمارەیەكی دیارییكراو لە چیرۆكە هەواڵەكان هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی كۆدیان بۆ دابنێن و دواتریش پێشكەشی جەماوەری بكەن، بەجۆرێك كە لەگەڵ داواكارییەكانی كەناڵەكە و ئاستی چێژبینینی جەماوەرەكەیاندا یەكبگرێتەوە. بۆئەو مەبەستەش، كارمەندانی نێو كەناڵەكە دەبنە ئەو دەرگاوانانەی كە بەشێوەیەكی رێكخراو رێگە بەتێپەڕینی هەندێك لە چیرۆكە رۆژنامەوانییەكان دەدەن و رێگریی لەبڵاوكردنەوەی ئەوانیدیكەش دەگرن. ئەوەش دەبێتەهۆی دەستنیشانكردن و كۆنترۆڵكردن و شێوەگرتنی ئاستی زانینی جەماوەر (public’s knowledge) بۆ وردەكاریی ئەو رووداوە راستیانەی بەواقیعیی روودەدەن (DeFleur and DeFleur 2009).
ئەگەرچی لەرۆژگاری جیهانگیریی و هەژموونی كولتوری (cultural hegemony)دا، رۆڵی دەرگاوان و دەرگاوانییكردن لە ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا رۆژ لەدوای رۆژ كەمتر و كورتر دەبێتەوە بۆ ئاستی ویژدانیی بەكارهێنەران و خۆیان دەبنە رێپێدەر و رێگر لەبەردەم پەخش و بڵاوكردنەوەی هەرجۆرە زانیارییەكی نوسراو یان وێنەیی و ڤیدیۆییدا، بەڵام زانایان و شارەزایان دەستەوەستان نەبوون لەبەردەم بیركردنەوە لەبەرهەمهێنانی تیۆرییەكی تایبەت بە دەرگاوانییكردنی تۆڕەكانی ئینتەرنێت. لەو رووەوە، خانمەزانایەكی ئیسرائیلیی بواری زانیاریی و تەكنۆلۆژیا بەناوی Karine Barzilai-Nahon لەساڵی 2008ەوە پێشنیازی رێگەیەكی نوێی دەرگاوانیی كرد لەرێی ئاوێزانكردنی هەریەك لەبنەماكانی گەیاندن و زانستی زانیاریی و تێڕوانینەكانی بەڕێوەبردن. بەجۆرێك ئەگەر دەرگاوانییكردن لە میدیای دێریینباودا جەختی لەسەر ئەوە كردبێتەوە كە چۆن هەواڵ بەدەستبهێنین، ئەوا بەپێی پێشنیازەكەی ئەو خاتوونە دەبێت لەمڕۆدا دەرگاوانییكردن بەسەر هەموو زانیارییەكدا جێبەجێ بكرێت و كردەكەشی بەجۆرێك بەرفراوان بكرێت كە هەموو تاكەكان و حكومەتەكان و رێكخراوەكانیش بگرێتەوە. هەروەها پێویستە ئەم كردەیەش چوار بەشداریی ئاست جیاوازی هەبێت تاوەكو رۆڵ و كاراییەكەی باشتر دەركەوێت، لەوانە: دەسەڵاتی سیاسیی پەیوەست بە دەرگاوان، توانستی بەرهەمهێنانی زانیاری، پەیوەندیی لەگەڵ دەرگاواندا، جێگرەوەكان لەچوارچێوەی كردەی دەرگاوانییكردندا (Barzilai-Nahon 2008: 1-20) .
لەو سۆنگەیەوە دەكرێت سەرلەنوێ بیر لەداڕشتنەوەیەكی هاوچەرخ و دیموكراسیانەی ئەركەكانی دەرگاوان و بەرفراوانكردنی رۆڵ و گرنگیی دەرگاوانییكردن لەهەریەك لەمیدیای دێریینباو و نوێباوی جێگرەوەدا بكرێتەوە. ئەوەش تەنیا بەئامانجی بەرزكردنەوەی هۆشیاری یاسایی بەكارهێنەر و زیندووكردنەوەی ویژدانی میدیاوان و سنورداركردنی ژمارەی قوربانییەكانی خراپ بەكارهێنانی میدیا لەهەرێمی كوردستانی بندەستی عێراقیدا.