پ.ی.د.یەحیا عومەر رێشاوی
(22/4 ) ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردیە، وەک دیارە ئەم یادەش دەبێتە یەکێک لە قوربانیەکانی پهتای (کۆرۆنا) و میدیاکارانی کوردستان و چاودێرانی بواری میدیا ناتوانن وەک پێویست یادهكه زیندوو رابگرن و چالاکی جۆراوجۆر ئهنجام بدهن، ئەوەی لهم یادەدا پێویستە بیڵێین چەند خاڵێکە :
یەکەم: بەندە، جیاواز لە هەندێک لە هاوڕێیانی رۆژنامەنوس و بەشێک لە پسپۆڕانی بواری میدیا گەشبینم بە بارودۆخی میدیای کوردی، گەشبینی بەو مانایە نا کە خەوشەکان نابینم و پێموابێت وەزعەکە زۆر باشە و له لوتكه نزیك بووینهتهوه، گەشبینیەکەم لە ڕوانگەی بەراوردکاریە بە چارهكه سهدهیهك پێشتر، به جۆری موعالەجەی میدیاییانە كه له ههندێك سێكتهر گۆرانكاری نهوعی بهسهردا هاتووه، لە ژمارەی کەناڵ و رۆژنامەنووسانه، لە ژمارەی پسپۆرانی ئەکادیمیی بواری میدیایه، لە ژمارهی رۆژنامهنوسان و بەشەکانی میدیا لە زانکۆکانه، لە دەرکەوتنی هەندێک رەمز و سیمبولی میدیاییه، لە تەقەدان لە دەرگای هەندێک بابەتی میدیایی نێودەوڵەتیه، لە دەرکەوتنی هەندێک رۆژنامەنوسی ژنه….. دیارە لە زۆر شوێن باسی قەیران و کێشەکانی میدیای کوردیمان کردوە و ئهگهر ئهم بهراوردە بگوازینهوه بۆ رهوشی میدیا لهگهڵ ههندێك وڵاتی وهك توركیا و ئێران و قهتهر، ئهوا له سهر ئاستی جیهان هێشتا له نهۆمهكانی خوارهوهی ساختمانی كاری میدیایداین، بهڵام لەم یادەدا پێم باش بوو بهم گەشبینیە دەستپێبكهم.
دووەم: ئەم چەند ساڵەی دوایی ساڵانی خۆسەلماندنی (میدیای نوێ و هاوڵاتی رۆژنامەنوس و تۆرە کۆمەڵایەتیەیەکان) بوو، زیاد لە نیوەی دانیشتوانی ئەم هەسارەیە خزاونەتە نێو ئەم جیهانە و بە واقیعی حاڵ بوونەتە رۆژنامەنوس و کاری میدیایی دەکەن، هەندێک لە پسپۆڕانی بواری میدیا و چاودێرانی بواری میدیایی بە گومانەوە لەم دیاردەیە دەروانن، تا رادەی دژایەتی کردن، پێموابێت ئەم شەڕە شەرێکی بێمانایە و هەق وایە بە ڕۆحێکی تر مامەڵە لەگەڵ ئەم دیاردە جیهانیهدا بکەین و مافی ئەوە بەم هاوڵاتیانە بدەین کە (کارێکی میدیایی) دەکەن، واتە ئەمانه دەکرێت ناوی رۆژنامەنوسیان لێ نەنێین و دەشکرێت ئەندامی سەندیکا رۆژنامەییەکان نەبن و دەشکرێت رەخنەی توند و زانستیانه ئاراستەی شێوازی کاركردنیان بکەین، بەڵام تەنها ئەوەندە بهوهنده قایل بین كه ئەمانە (کارێکی میدیایی دەکەن)، بەڵام رۆژنامەنوس و میدیاکار نین، جگە لەوە ئەمانیش وەک میدیاکاران پێویستە بەردەوام پرنسیب و ئەخلاقیاتی کاری میدیاییان وەبیر بهێنرێتەوه، و تهنها ئهوه دهبێته زامنی رێكخستنی ئهم بواره میدیاییه ههستیاره.
سێهەم : بە داخەوە تا ئێستەش جۆرێک لە دابڕان و جودایی لە نێوان رۆژنامەنوسان و پسپۆرانی بواری ئەکادیمیی بۆ تێڕوانین بۆ کاری میدیایی هەیە، هەندێک لە رۆژنامەنوسان بە حوکمی دەرکەوتنیان لە شاشە یان لە کایە میدیاییە جیاوازەکانی دیکەی كاری میدیایی نایانەوێت دان بە بواری ئەکادیمی و پسپۆرانی میدیایی بنێن، تا ڕادەی فهراموشكردنیان و بە کەم سەیر کردن ! لە بەرامبەردا هەمان تێروانین لەلای بەشێک لە پسپۆڕانی میدیایی هەیە و هەندێك جار زۆر بە نێگەتیڤ و رەشبینی باس لە رەوشی میدیایی و هەندێک لە میدیاکارە دیارەکان دەکەن، لە راستیدا ئەم جیاوازی و ململانێیە هیچ بنەمایەکی زانستیان نیە، و پێویسته ههموان دان بهوهدا بنێن كه كایهی میدیایی زۆر لەوە فراوانترە لایەنێک بۆ خۆی قۆرخی بکات و ئهوانی دی لێ بێبهش بكات، میدیا هەم کاری پراکتیکی و کاری سەر شاشە و رۆژنامە و کەناڵە میدیاییەکانە، هەم بواری مەعریفی و ئەکادیمیە، هەم بوەتە بوارێکی بەرفراوانتر کە خۆی لە هاوڵاتی رۆژنامهنوس و تۆره كۆمهڵایهتیهكاندا دەبینێتەوە..