کێ رۆژنامەنووسە؟

مەجید ساڵح

هەندێ کەس دوای نووسینی یەک دوو بابەت و یان بڵاوکردنەوەی بابەتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خۆیان لێ دەبێت بە رۆژنامەنووس. ئایا بەڕاستی ئەوانە رۆژنامەنووسن

ئەی ئەگەر رۆژنامەنووس نین چۆن لەو رۆژنامەنووسانە پیشەیی و راستەقینانەیان جیاکەینەوە کە بەشێوەیەکی بەردەوام و دیسپلینکراو بۆ کەناڵە بینراو و بیستراو ونوسراوەکان کار دەکەن؟ ئەوە کارێکی ئاسانە.

رۆژنامەنووسی پیشەیی و راستەقینە لە کەناڵیکدا کاردەکات و یان هەواڵ و راپۆرت ئامادە دەکات یان چاوپێکەوتن دەکات و وتار و سەروتار و شیکردنەوە و لێکدانەوە بۆ رووداوەکان دەنووسێ. ئەمانە سەرەتاییترین و گرنگترین مەرجەکانی رۆژنامەنووسیی پیشەیین. کەواتە رۆژنامەنووسی پیشەیە، وەک پیشەکانی دیکەی، بەڵام ئەم پیشەیەش پێویستی بەشارەزایی و لیهاتوویی هەیە و هەموو کەسێک ناتوانێ دەست بداتە کیبۆرد و ببێت بە رۆژنامەنووس. وەک پیشەی پزیشکی وایە، گەر پزیشکێک پسپۆری تەواوی لە کارەکەیدا نەبێ، لە جیاتی چارەسەرکردن، بەهەڵە سەدان نەخۆش دەکوژێت..

رۆژنامەنووس رەخنەگر نییە! ئیشی رۆژنامەنووس رەخنەگرتن نییە، گەیاندنی راستییەکانە لەسەرچاوە راستەقینە و باوەڕپێکراوەکان بۆ رای گشتی.گەیاندنی هەواڵ و زانیارییەکی ناتەواو و بێ بنەما و بێ سەرچاوە لە لایەن کەسانێکی خۆ بەرۆژنامەنووس زان، کۆمەڵگایەک تووشی سەرگەردانی دەکات. ئەوەی دەیەوێت ببێ بەرۆژنامەنووس دەبێ لانیکەم چەندین خولی فێربوون و راهێنانی دیبێت و لە وردەکاری پیشەکە بزانێت.

لە ئێستادا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ماوەی نێوان رۆژنامەنووسی پسپۆر و شارەزای نەهێشتووەتەوە، ئەوەی دوو دێڕ لە دیوارەکەی خۆیدا دەنووسێ خۆی لێ دەبێتە رۆژنامەنووس. بەشی زۆری کەناڵەکانی راگەیاندن کە خاوەندارێتییەکەیان حزبە سیاسییەکانن، کەناڵەکانیان پڕ کردوە لەو کەسانەی کە بەناوی رۆژنامەنووسیەوە شەوڕۆژیان خستوەتە سەریەک بۆ پڕوپاگەندە کردن و چەواشەکردنی رای گشتی، بەوەش تێریان نەخواردوە، بەهەزاران پەیج و ئاکاونتیان دروستکردوە بۆ شکاندن و ناوزڕاندنی نەیارەکانیان.

جیانەکردنەوەی رۆژنامەنووسی پیشەیی لە پڕوپاگەندەچی هۆکارێکی سەرەکییە بەوەی کۆمەڵگاکەی ئێمە راست و ناڕاستی پێ جیا نەکرێتەوە. بەدڵنیاییەوە تا ئەو کاتەی رۆژنامەنووسی پیشەیی و راستگۆ لە ساختەچی و پڕوپاگەندەچی جیا نەکرێتەوە، دۆخەکە هەر وابەردەوام دەبێ و خراپتریش چاوەڕوانمانە..

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟