مایکی ژنانی ڕاگەیاندنکار و نیگای بەرپرسە نەخۆشەکان !

شنا فایەق

کاتێک کاری راگەیاندن لەژێر دەسەڵاتی سیستەمێکی تۆتالیتارو ستەمکار و گەندەڵ پڕ بێت لە مەترسیی، کاتێک ڕاگەیاندنکار لە کۆمەڵگایەکی داخراو و نایەکسان و تەندراو بە فەرهەنگی دواکەتووانە، تژی بێت لە دیمەن و حاڵەتی ناخهەژێن، کاتێک دەبینین و دەبیستین هێز و دەسەڵات و پارە، مەنتقی یەکلاکردنەوەی هەموو کێشە و کەیسێکە و دادگا و دەسەڵاتی قەزائی بەدەستی بەرپرسانەوە وەکو ڕۆبۆت دەجوڵێندرێن و بەدەگمەن ماف بۆ مافخوراو دەگەڕێتەوە و بەئاستەم لە هەڕەشە و دەستدرێژییەکان دەپارێزرێین، دەبێت ژنانی ڕاگەیاندنکار کە بەردەوام لەگەڵ ئەو دەزگا و کەس و بەرپرسانە، ڕووبەڕوون لە چ دۆخێکدا بن ؟!

ڕۆژانە لێرە و لەوێ چیرۆکی ئەو ژنە ڕاگەیاندنکارانە دەبیستین، کە ڕووبەڕووی گێچەڵ دەبنەوە کاتێک بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان ناچارن مایک بۆ پیاوانێک بگرن کە تەنها لە سیستمێکی گەندەڵ و کۆمەڵگایەکی نایەکسان و داسەپاو بە دابونەریتی دواکەوتوانە دەتوانن کاربەدەست بن، ئەو پیاوانەی، کە لەژێر ناوی ڕۆشنبیر، بەرپرس، سیاسەتمەدار و چەندانی تر لەبەردەم کامێراکاندا دەردەکەون و ڕووپۆشی ڕووشیان لای بەشێکی زۆر لە ڕاگەیاندنکارانی ژن لاداوە و ڕاستینەی خۆیان وەدەرخستووە، دوور لەهەموو پێوانەیەکی مرۆڤانە و هەروەک چۆن خۆیان لەهەموو بەهایەکی ئەخلاقی داشۆراون، بەم شێوەیەش لە ژنە پەیامنێر و ڕاگەیاندکارەکان دەڕوانن .

ئەوان ئەگەر لەسەر شاشەکان بە نوێنەری گەل، ڕووناکبیر، بەرپرسی حکومیی و حزبیی و ئەمنیی و دەیان ناوی قەبەی دیکە خۆیان بناسێنن، ئەوا لای ژنانی ڕاگەیاندنکار ناسنامەیان ئاشکرایە و جگە لە پیاوێکی سوک و ناوگەڵ برسیی، نەخۆش و لادەر، هیچی دیکە نین، بەڵام ئاشکرابوونی ناسنامەیان تەنیا لای ژنان بەس نییە و پێویستە ڕووی ڕاستەقینەیان نیشانی دنیا بدرێت و سنوورێک بۆ بێ ڕێزییەکانیان دابندرێت.

ژنانی ڕاگەیاندنکار شەرم مەکەن و بتەقنەوە بەڕوویاندا، شکۆی دەستکردی ئەو ڕۆشنبیرە بشکێنە، کە لەسەر شاشە باسی ئازادیی و کرانەوە و ئابووریی سەربەخۆ بۆ تاکەکان، دەکات، لەملاشەوە بە مامەڵە و هەڵسوکەت و مەسجەکانی تەلەفۆن هۆکارێکە بۆ ترساندنی زیاتری ژنان و خستە ژوورەوە و کارنەکردنیان، لە لولەی دەمانچەی لاقەدی ئەو بەرپرسە ئەمنییە مەترسە، کە دوای تەواوبوونی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە دەستی دەخاتە سەر شانت و دەیەوێت بگاتە سنگت، دەستی بگرە و بیەبەرەوە سەر مەنەسەکە، بەڵام لەجیاتی ئەو خۆت قسە بکە، بە هەموو میدیاکان بڵێ، کە ئەوەی ئێستا لاف و گەزافی پاراستنی ئەمنیەتی بۆ لێدەدان کێییە!. پێیان بڵێن ئەوە تەنها ئەوانەن ئەمنیەتی ئێمەیان خستووەتە مەترسییەوە.

مەترسە و لە پیشەکەت دوورمەکەوە، ئابڕووی دروستکراوی ئەو بەرپرسە حزبییە بتکێنە، کاتێک دوای چاوپێکەوتنەکە بە گوێتدا دەچرپێنێ و دەڵێت’سبەی بە تەنیا سەردانم بکە’!. دەبێت تێیان بگەیەنین شانازیی نییە لە سیستەمێکی فاشیل و داچۆڕاو لەهەموو بەهایەکی ئینسانی و ئەخلاقی بەرپرس بیت، بەڵام بۆ ئێمە لەناو ئەو کلتوورەی، کە ئەوان دەیان ساڵە دەیگەڕێننە دواوە و ئازادییەکان بەرتەسکتر دەکەنەوە، شانازییە کە پەیامنێر و ڕۆژنامەنووسین و دەنگ و ڕەنگی خەڵک دەگەیەنین، هۆشیاریی زیاد دەکەین و یاسا و فەرهەنگ و دابونەریتی داسەپاو دەدەینە بەر ڕەخنە و نەشتەر .

لەهیچ کەسێک خۆش مەبە، کە دەیەوێت ژنێتیت بە کەم سەیربکات، مەترسە و یەخەی ئەو پەرلەمانتارە بگرە، کە دوای تەواوبوونی بەرنامەکەت، پێت دەڵێت، ‘تۆ زۆر جوانی، با ڕۆژێک لە شوێنێکی گونجاو قاوەیەک بخۆینەوە’!.فێریان بکە یەکجار یان دووان بە درۆ و پۆپۆلیستیی توانی خەڵک هەڵخەڵەتێنێت، بەڵام ئێمە بۆ هەتایە بێ باکین لەم جۆرە نەخۆشانە، ئەگەر کار و پەیامەکەمان نەبێت چەندین فرسەخ لێیانەوە دوور دەبین.

مەترسن و نیقابی شەرم فڕێدەن، هاوارکەن بەگوێی دنیادا و بڵێن ئێمەی ژنان نە تەسلیم دەبین و نا واز لە پیشەکەمان دێنین، ئیدی دەبین بە مین و دەتەقینەوە بەڕووی ئەو پیاوە بەرپرسە نەخۆشانەی، کە لە بۆسەدان بۆمان و ژن تەنها وەکو ئالیەتێک سەیر دەکەن بۆ ڕەوینەوەی ئازاری نەخۆشییە درێژخایەنەکەیان، دەبین بە ئاگر و شکۆی دەستکردی ئەو پیاوانە دەسووتێنین، کە دەست بۆ شکۆمان درێژ دەکەن.

ماوەتەوە بڵێین، بەپێی قسە و بەسەرهات و گێڕانەوە و بینین و بیستنی بەشێک لە ژنانی ڕاگەیاندنکار، ئەگەر لە وڵاتێکی خاوەن یاسا و دادگەر بووینایە، ئەگەر سیستمێکی تەندروستی پێشکەوتوومان هەبوایە، ئەگەر شکۆی مرۆڤ و پیشەی ڕۆژنامەگەریی بەهایەکی هەبوایە، بەشێکی زۆر لەم بەناو نوێنەر و بەرپرس و پیاوانی خاوەن قسە و بڕیاری ئەم وڵاتە، شوێنیان بەندیخانە و نەخۆشخانەی دەروونیی دەبوو، دواجار دەبێت ئەوەش بلێین وڵات ئەمانە بەڕێوەی دەبەن بۆیە ئەوە حاڵیەتی.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟