کاریکاتێری رۆژنامەوانیی زۆرجار ناوچەگەریی پێوە دیار دەبێت

کاریكاتێریستی هۆڵەندایی؛ ویڵی لۆومان: کاریکاتێری رۆژنامەوانیی زۆرجار ناوچەگەریی پێوە دیار دەبێت

سازدانی: فرانک سپولسترا و  ڤیم هایی

وەرگێڕانی لە هۆڵەندیەوە : ڕێناس عـارف

هونەری کاریکاتێر؛ شێوازێکی هونەريی تایبەتەو بە فراوانيی چۆتە زۆربەی بوارەکانی کایەی رۆژنامەگەرییەوە کە دەکرێت لە رێگەی چەند هێڵ و هێمایەکی سادەوە پەیامێکی گرنگ بگەیەنێت و بابەتگەلێکی ئاڵۆز بەڕوونيی شیبکاتەوە، بەڵام سەیر لەوەدایە وێنەکان زۆربەیجار حاڵەتی سەرسامبوون یان بزەو پێکەنینمان تێدا دەورووژێنن بەبێ جیاوازيی زمان و بیروباوەر یان ئاستی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی. کاریکاتێری رۆژنامەوانی (Editorial Cartoon)؛ یەکێکە لە گرنگترین ژانرەکانی هونەری کاریکاتێر کە جگەلە بەها ئیستاتیکی و هزريیەکەی، گرنگيی خۆی لە زیندوویی و واقيعيبوونی رۆژانەدا دەبینێتەوە و  شانبەشانی رووداوەکانی رۆژ دێتەقسە. ئیمڕۆ لە سووچی هەر رۆژنامەیەکدا کاتێک کە كاریكاتێرێکی سیاسيی یان کۆمەڵایەتيی دەبینین، ئەوا پێش هەر بابەتێکی دیکە سەرەتا سەرنجمان بۆلای خۆی رادەکێشێت و هەر لەرێی کاریکاتۆرەکەوە هەڵوێستی فەرميی رۆژنامەکەمان سەبارەت بە رووداوە هەنووکەییەکان بۆ دەردەکەوێت. ئەم چاوپێکەوتنەی بەردەستتان تیشکخستنە سەر کارو ئەزموونی هونەرمەند ویڵی لۆومان-ە کە زیاتر لە پەنجا ساڵ لەبواری كاریكاتێری رۆژنامەگەريی و چیرۆکی وێنەیی (comic strip)دا چالاکبووە و لەرۆژنامەو  گۆڤارە بەناوبانگەکانی وەک:  Vrije Balloen, Leeuwaarder Courant, Het Parool, Tom Poes, MAD, Het Algemeen Dagblad, Libelle, De spiegel, Donald Duck , De nieuwe Revuو زیاتر لەگەڵ بیست بڵاوکراوەی هەفتانەو وەرزيی دیکە کاری کردووە، هەروەها خاوەنی گۆڤاری ویلی خێرت لوومان بووە. ساڵی ١٩٣٦ لەشاری زوتفن-ی هۆڵەندا لەدایکبووە، پاشان رووی کردۆتە شاری ئوترێخت کە ئەوکاتەو تائێستاش بە مەڵبەندی رۆشنبیريی لە هۆڵندا دادەنرێت. لە ساڵەکانی نێوان ١٩٦١ تا ١٩٧٢ پاشکۆی گۆڤاری کاریکاتێریی کراینهوڤە (Kraaienhoeve)ی دەرکردوە. هەروەها وەک كاریكاتێریستێکی سەربەخۆ کاری کردوە و بەئەندازەیەکی بێشوومار کاریکاتێرو ساتیرو چیرۆکی وێنەیی بەرهەمهێناوە. ئەم چاوپێکەوتنە لەلایەن دوو رۆژنامەنووسی هۆڵندایی ئەنجامدراوە و دواتر لەدووتوێی کتێبێکدا بەناوی “ئامادە بۆ چاپ” بڵاوکراوەتەوە. ئێمەیش لێرەدا دەقە كوردییەكەی پێشكەش بە خوێنەرانی دەرگاوان دەكەین.

-پرسیار: هەندێکجار وێنەکانت خەندەبەخش و هەندێکجاریش تووندوتیژ یان بێپەردەن، ئایا ویلی لوومان وەک خۆی چۆن کەسایەتیيەکە؟

+وەڵام: لەراستیدا دەبێت بڵێم؛ لەم دواییانەدا هەست بەخەمۆکيی دەکەم. ئەوەی دەیبینم و دەیبیستم و دەیخوێنمەوە دڵخۆشم ناکات و هیچ ئاسۆیەکی روون نابینم، دەتوانیت وەک هونەرمەندێک  لەبری ئەوەی بە میزاجێکی تایبەتەوە کارێک ئەنجامبدەیت نابێت بەدیار بیرۆکەیەکەوە دابنیشیت و بەنیازبیت کارێکی هونەريی مەزن و شۆکهێنەر درووستبکەیت. من شتێکی ئاسایی دەکێشم؛ بیرۆکەیەکی تێدەکەم رەنگە لەنیوەی رێگادا شێوازەکەی بگۆڕم و بیدەم بە گۆڤارێکی دیکە. دانانیشم بەتایبەت کارێک دەربارەی کەسێک یان بابەتێکی دیاریيکراو بکێشم. من هەستدەکەم وەک چیرۆکبێژ وام کە لە گیڕانەوەی داستانەکەمدا سوود لە وێنەو تێکست وەردەگرم. هەرشتێک کە دەیبینم و تووشی دەبم لەمێشکمدا تاووتوێى دەکەم، دواتر هەر ئەوکاتە لەسەرمدا دەبێتە وێنە؛ بۆنموونە کاتێک لەباخچەکەمدا کاردەکەم بیر لەهەڵبژاردنی ساڵی داهاتوو دەکەمەوە، دێتە پێشچاوم کە سیاسیيەک خەریکی وتاردان و بەڵێندانە بە جەماوەر، یەکسەر دێمە ژوورەوە و سکێچێکی سادەی دەکێشم کە دواتر وەک مەشقکردن بەکاریدەهێنم. هەندێکجار خەون دەبینم  و کە لەخەو هەڵدەستم یەکسەر تۆماری دەکەم پاشان دەنوومەوە. رۆژی دواتر سەیردەکەم کە ئایا دەتوانم کارێکی لێ بەرهەم بهێنم یان نا؟
باوەڕم بەو وەهمە نیيە کە بتوانم جیهان بگۆڕم، باشتری بکەم یان عەقڵیەتی خەڵک بگۆڕم.

-پرسیار: بەڵام پرسیارەکەئەمەبوو؛ دەکرێت وێنایەکی مرۆڤانەی ویلی لۆمان بکەیت؟ چجۆرە تایپێکە؟ پیاوێکی قەڵەوی رووخۆش؟ یان باشتر بڵێم ئاگرێکی بن کا؟

+وەڵام: لەرێی کارەکانمەوە بەشوێن نانەوەی ئاژاوەوە نیم. پێموایە دەکرێت بەشێوازێکی هێمنانە بۆچارەسەری کێشەکان بگەرێین؛ بەبێ پەنابردنەبەر توندوتیژی. خۆیشم بە ئاگری بن کا دانانێم؛ بۆ گەیشتن بەئامانجەکانم هەڵوێستی ئاشتیخوازانەم هەیە بەپێچەوانەی نیگارکێشی فەرەنسايی (ســینیە) کە پێیوایە هەموو کاربەدەستانی حکوومەت خراپن. دیارە ئەگەر کارەکانت چوونە ناو جەماوەرەوە ئەوا کاریگەریی لەسەر رایگشتیی دادەنێت و حکوومەت ناچار بە گوێلێگرتن دەکات.

-پرسیار: چۆن دەستت بە نیگارکێشان کرد؟

+وەڵام: کە منداڵبووم ناسیاوێکی باوکم لە کۆگای بازرگانیی گشتیی کاغەز کاری دەکرد، ژمارەیەکی زۆر کاغەزی رەشنووس و زیاد لەخۆیانی بۆ دەهێنام، منیش شەو و رۆژ هێڵکارییم لەسەر دەکێشان. وێنەی دەست و قاچ و لەشی مرۆڤ لەکاتی وەستان، دانیشتن یان لە پێش و پاشەوە درووستمدەکردن؛ کاتی خەریکی راکردن بوون، شتێکی سەیر بوو، بەڵام بۆ خۆیشم نازانم بۆچی ئەوجۆرە حاڵەتە سەیرانەم دەکێشا؟ رەنگە بۆ لای من جۆرێک لەگوزارشکردن بووبێت لەرێی نیگارکێشانەوە، بەڵام منداڵانی دیکە لەرێی وشەوە ئەوکارەیان دەکرد. من لەسەر تەختەرەشی قوتابخانەی سەرەتایی هەر خەریکی وێنەکێشان بووم. هەر لەمنداڵییدا لەکارگەی درووستکردنی قاوە (داوە ئێخبێرت) کارمدەکرد، پاشان لە دەزگای بڵاوکردنەوەی ریکلامی بەناوبانگی دێڵامار کارمکرد. لەراستییدا دەمتوانی لەرێگای کارکردن لەبواری ریکلامدا زۆرتر بەدەستبهێنم، بەڵام من کارکردنی سەربەخۆم لەستۆدێویەکی وێنەکێشانداندا هەڵبژارد. هەندێکجار لەرێگەی خوڵقاندنی کاراکتەرێکی خەیاڵییەوە پەیامەکانم باسدەکرد کە ناو و پێگەی خۆی لەلای من لە واقیعدا هەبوو.

-پرسیار: بەڵام تۆ بۆخۆت هەر رۆژەی داستانێک دەنووسیت و ئاڵۆزی دەکەیت و ئەڵقەی تازەی دەخەیتە سەر و بەیەکیانەوە گرێ دەدەیت کە جگە لەوەی چیرۆکەکان تازەن، بەڵام لەکۆتایی هەر مانگێک یان وەرزێکدا زنجیرەیەکی تەواوی لێدەردەچێت، ئایا ئەمەش بۆ تۆ تا چ ڕادەیەک چێژبەخشە؟ ئایا تۆ لە رۆژێکدا یەک چیرۆکی وێنەیی (comic strip)دا دەکێشیت یان پێشوەختە چەند زنجیرەیەک ئامادە دەکەیت؟

+وەڵام: بەڵی پێشوەخت ئامادەیان دەکەم، هەفتەی حەوت وێنە دەکێشم، بەڵام لەهەفتەیەکدا شەش کار بڵاودەبنەوە، ئەوانیتر هەڵدەگرم و پێکەوە ژمارەیەکی تازەی لێ ئامادە دەکەم و کاتەکانی تر، یان پشوو دەدەم یان سەرقاڵی ئامادەکردنی کاری تر دەبم. هەرچەندە من پێویستیم بەپشووی درێژخایەن نییە. سەرەتا نیگەرانبووم کە چیرۆکەکانم بەرەو تەواوبوون بچن، لەبەر ئەوە زۆر بەخێرایی بیرۆکەکانم تۆمار دەکرد. هەمیشە شەش چیرۆک لەسەرمدا دێن و دەچن، بەردەوامیش کە بیرۆکەی نوێم بۆ دێت ئەگەر پێویست بکات زیادی دەکەم. من وێنەکێشێکم پێشبینیدەکەم؛ واتە بە تەواوەتیی کارەکە لە مێشکمدا گەڵاڵە دەبێت و یەکسەر دەیخەمە سەر کاغەز بەبێ دەستکاریی و چاککردن.

_پرسیار: ئەو رێسایانە چین کە دەبێت لە چیرۆکی وێنەیی (comic strip)دا رەچاو بکرێت؟ ئایا هەموو شتێک تێیدا رێگا پێدراوە؟

+وەڵام: بنەمای هەر کارێک ئەوەیە: کە تۆ بتوانیت جیهانێکی تایبەت بەخۆت درووستبکەیت، تا ئەوساتەوەختە تۆ ئازادیيت چی دەخوڵقێنیت، بەڵام هەر کە لە هێڵە گشتیيەکانی چیرۆکەکە تەواوبوویت؛ ئیتر دەبێتە واقیع و یاسای تایبەت بەخۆی دەبێت. بۆنموونە لە چیرۆکەکانی کراین هۆفە-دا بۆم سەختبوو بڕیاربدەم: ئایا دەتوانم وێنەی ئامێری تەلەفوونی تێدا بکێشم یان کاتێک کە پێویست بکات وێنەی ئۆتۆمۆبێلێک بکێشم. من هەمیشە جۆرە ئەنتیکەکەی درووستدەکەم؛ هەرچەندە زۆریش پێی ناڕەحەتم.

– پرسیار:  کەواتە ئەمە مانای ئەوە نییە کەتۆ بەبەکارهێنانی تەلەفۆن و ئامێری ئەنتیک زەمەنی چیرۆکەکە دەگێڕیتەوە بۆ رابردوو؟

+وەڵام: نا، من، ئـــ بەڵی لەراستیيدا بۆ خۆیشم سەیرە؛ درووستکردنی جیهانێکی نامۆ بۆسەردەمێکی نادیار بەکەرەستەی کۆن و نوێوە. تەماشا بکە: مارتن تۆندەر لە کۆمیک ستریپەکانی تۆم پووش-دا هەمان شتی ئەنجامدا. یەکێک لە کاراکتەرەکان؛ لۆرد بۆمل کە ورچێکی دەوڵەمەندە هەمیشە رۆبێکی خەوی لەبەردایە بەبێ پانتۆڵ و دەرپێ. وابزانم ئەویش کوتوپڕ بڕیاری دا کاراکتەرەکانی وا بخوڵقێنێت. واڵت دیزنی-ش هەمان کاری ئەنجام دا. جیهانێکی فەنتازی، شانۆیی دەخوڵقێنیت خۆت بڕیاردەدەیت چی دەشێت وچی ناشێت. لۆرد بۆمڵ؛ بە رۆبێکی خەوەوە هەموو کار و شەڕەکانی خۆی ئەنجامدەدات بەبێ ئەوەی خوێنەر بۆی گرنگ بێت کە داخۆ ئەمە لەواقیعدا گونجاوە یان نا؟ گرنگ ئەوەیە تۆ بەردەوامیی بە جیهانی چیرۆکەکەت بدەیت. ئیتر ئەم جیهانە جیهانی كافکا بێت یان هەر جیهانێکی دیکە، ئەمە بۆ خوێنەر ئاشنا دەبێت. لە جیهانی کۆمیک ستریپ-دا سنوور نییە. تاقە سنوورێک کە هەبێت؛ ئەویش ئەندازەی چوارچێوەی کاغەزی وێنەکەیە. لەم پێداگرتنە بەردەوامەی وێنەکێش لەسەر جیهانە فەنتازیەکەی خۆی؛ ئیتر خوێنەریش لەگەڵ ئەم جیهانەدا رادێت و قبووڵی دەکات.

_پرسیار: خوێنەر دەبێت هەندێکجار خۆی لەناو رووداوی چیرۆکە کۆمیکەکانی تۆدا ببنێتەوە کە ئایا تا رادەیەک لەگەڵ واقعی خۆیدا دێتەوە، بۆنموونە ئایا کاراکتەرەکانی تۆ لە چیرۆکەکاندا دەخەون؟

+وەڵام: هەندێکیان بەڵێ و بۆ هەندێکی تریان نەخێر. رەنگە بۆ هەندێکیان گونجاونەبێت کە بخەون، ئەوکاتە لەباکگراونددا نیشانیدەدەم کە ئێستا شەوە. بەشێوازێکی دیکە باسیبکەم، بۆنموونە منداڵ چیرۆکی شازادەی خەوتووی لەسەرەتاوە تا کۆتایی لەبەرە، بەڵام کە ئەم چیرۆکە بۆ پووری یان بۆ مامی دەگێڕێتەوە چاوەڕێی پەرچەکردای جیاواز لە کەسە جیاوازەکان دەکات. ئێمە بەردەوام بەشوێن کەسایەتی خەڵکانی تردا دەگەرێین بۆ ناسینەوەو بەراوردکردنیان لەگەڵ کەسانی ئاشنا بەخۆمان.

_پرسیار: ئایا تۆ زیاتر چێژ لە کاری کۆمیک ستریپ یان کاریکاتۆر یان ئیلوسترەیشن-ی ناو کتێب یان  هێڵکاريی بازرگانيی دەبینیت ؟

+وەڵام: بەڵێ زۆرجار وێنەی بازرگانيی درووستدەکەم، چونکە هەندێکجار بۆ بژێوی ژیانم پارەم پێویست دەبێت، بەڵام ئەمە عیشقی گەورەی من نییە، بەڵکو چیرۆکی وێنەیی (comic strip) ئەو جیهانەی تێدایە کە خۆم دەمەوێ بیخوڵقێنم.

_پرسیار: بەڵام لەگەڵ ئەوەشداتۆ چەندین ساڵ کاریکاتۆرت بۆ گۆفاری(ئێخۆ) دەکێشا؛ لەهەمانکاتیشدا کۆمیک ستریپت بەرهەمدەهێنا.

+وەڵام: بەڵی وایە، بەڵام کاری من جیاوازە. بۆنموونە لەکارەکانی كاریكاتێریستی هۆڵەندایی بەناوبانگ؛ ئۆپلاند-دا رۆژانە بەدواداچوونی هەواڵەکان دەکات و کارێکی ئاکتوێڵی لێ بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لای من جیاوازە. مەرج نییە بۆهەموو رووداوێک دەم و دەست کاردانەوەم هەبێت و یەکسەر بیکەم بە دروشمی خۆپیشاندان بەرەو  شاری دێن هاخ (لاهای). هەرچەندە ئەوەشم پێ خراپ نییە؛ گرنگ ئەوەیە هەڵوێستت هەبێت. ئیتر بەلامەوە گرنگ نییە کارەکەت ٤٠ دانە یان ٤٠٠ هەزار دانەی لێ چاپ بکرێت. من قسەی خۆمم کردوە.

-پرسیار : کەواتە تۆ خۆت بە كاریكاتێریست دانانێیت، زیاتر خۆت بە چیرۆکبێژ دادەنێیت؟

+وەڵام: بەڵێ، دەبێت رێبازێکی کارکردن هەڵبژێریت. كاریكاتێریست؛ لەرێگەی یەک وێنەوە پەیامەکەی دەگەیەنێت، بەڵام من لەرێگەی چیرۆکی وێنەیی (comic strip)ەوە ئەوە دەکەم. هەر رۆژەی شتێکی تازە دادەهێنم، چیرۆکێکی تەواوبێت بەجۆرێک خوێنەر تا مانگی داهاتوو رووداوەکانی لەبیر بمێنێت. نابێت بابەتەکان زۆر سادە بن؛ دەبێت چیرۆک و وێنەکان سترەکچەرێکی تایبەتیان هەبێت، ئەم شتانە لەکاتی کارکردندا فێری دەبیت.

-ئایا تۆ بە هونەرمەندانی دیکە سەرسامی ؟

+وەڵام: بەڵی، رۆناڵد سیرڵ لەئینگلتەرا و ستاینبێرگی ئەمریکايی، هەر چەندە من نامەوێ لە هیچکەس بچم و هەمیشە بەشوێن خۆمدا دەگەڕێم، خۆشی وێنەکێشان لەمەدایە (هەروەها نووسینیش). کاتێک چاو بە کارەکانی پێش 20ساڵ لەوەوبەری خۆتا دەخشێنیتەوە بۆت دەردەکەوێت چەندێک گۆرانکاريی بەسەر بۆچوونەکانت و جیهانبینیتدا هاتووە کە بەرای من ئەم بەخۆداچوونە بۆ هەموو کەسێک پێویستە.

-پرسیار: ئایا لەسەر ئاستی جیهان سەرکەووتنت بەدیهێناوە؟ یان بڵیم ئایا شێوازی تایبەتيی هەزەلیاتی هۆڵەندايی هەیە؟ کە لە دەرەوەی وڵات تێگەیشتنی ئاسان نەبێت؟

+وەڵام: ئەو سەردەمەی کە ناودەبرا بە تەقینەوەی کانیاوی کاریکاتێر، هەر رۆژنامەیەک زیاد لە شەش بۆ حەوت کاریکاتێری لەژمارەیەکدا دادەبەزاند. ئەوکات بواری بڵاوکردنەوە لەدەرەوەش زۆرتر بوو، بەڵام بەشێوەیەکی گشتیی تۆ هەر بەستراویتەوە بە واقیعی رۆژانەی هۆڵەنداوە، بۆ کۆمیک ستریپ ئەم کارە ئاسانترە رەنگە تەنها پێویستی بە وەرگێران بێت، بەڵام کاریکاتێری رۆژنامەوانیی زۆرجار ناوچەگەریی پێوە دیار دەبێت.


-پرسیار: کاریکاتێرێکت هەیە پەیکەری ئازاديی ئەمریکات بەکارهێناوە کە نیشانەی قەدەغەی لەسەرە بۆ هاوڕەگەزبای، ئایا ئەوەش لەسەر ئاستی جیهانی بڵاوبووەوە؟

+وەڵام: بەڵێ، بەڵام نەک لەروانگەیەكی ئەمریکايیانەوە، بەڵکوو لە روانگەیەکی هۆڵەندايیەوە بۆ رەخنە لە سیستمی ئەمریکايی سەبارەت بەهاوڕەگەزبای (Homosexuality). هەرگیز بۆ مەبەستی جیهانییبوون نایکێشم، بەڵکوپەرچەکردارێکی ئاساییە دەربارەی ناعەدالاتی بەرامبەر بە مرۆڤ. وابزانم کاریکاتێرەکە لە هەفتەنامەی کەناڵی تەلەڤزیۆنیی فارا بڵاوبووەوە و دواتر لەناو جیهاندا بڵاوبووەوە.

-پرسیار: تۆ ستایلێکی تایبەتت هەیە و دەناسرێتەوە؛ ئایا ئەمە مارکەی بازرگانيی خۆتە یان بێ مەبەست لەخۆیەوە وەهایە؟

+وەڵام: هەموو کەس ستایلی خۆی و دەست و خەت و شێوازی رۆیشتن و قسە کردنی تایبەت بەخۆی هەیە؛ هونەرو نووسینیش بەهەمانشێوەیە. تۆ پێویستیت بە هەوڵدان هەیە تا دەگەیتە ئەو ئاستەی کە بتوانیت ستایلی گێڕانەوەی چیرۆک یان نوکتەی خۆتت هەبێت. هەندێک کەس زۆر بەخێرایی دەگەن بە دۆزینەوەی ستایلەکەنیان، بەڵام هەندێکی تر درەنگتر دەگەن بەوەی کە بتوانن گوزارشت لە بیرۆکەکانیان بکەن.

-پرسیار: دیارە تۆش بۆئەوەی بگەیتە ئەو ئاستە، پێویستیت بە وێنەکیشانێکی زۆر هەبووە؛ بۆ نموونە تا بگەیتە ئاستی ئارند ڤاندام، ستیڤان فێرڤای، ئایا ئەمە بەشێوەیەکی خۆڕسک روودەدات یان بەتێپەربوونی کات، ئەزموون پەیدا دەبێت؟

+وەڵام: وەڵامدانەوەی ئەمە سەختە، کاتێک کتێبێکی كاریكاتێریستانی دێرین: ئۆنۆر دۆمیە، کاڤارنی، گوستاڤ دورێ تەماشا دەکەم زۆر خۆشحاڵدەبم کە دەمگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی رۆمانتیک. هەندێک شت لەو جیهانە لەکارەکانمدا رەنگدەداتەوە، بەڵام لەکۆتایيدا تۆ مەحکوومیت بە سیستمی چاپەمەنيی نوێ و رۆژنامەگەريی لەرووی قەبارەو شێوەوە.

-پرسیار: لە چاوپیکەوتنێکدا بە شەمەندەفەری خێرا وەسفکرایت، دەتوانیت هەندێک لەسەر تەکنیکی کارەکانت قسە بکەیت؟ هەندێکجار سادە دەردەکەون هەندێکجار لەگەڵ ئەو بەرهەمە زۆرانەی تۆدا پێکنایەنەوە. ئایا بە دیسپلینێکی زۆرەوە کار دەکەیت؟

+وەڵام:  بەڵی من زۆر بەخێرایی وێنە دەکێشم؛ تەنانەت لەسەرەوە بۆ خواریشەوە بەهەمان توانا دەتوانم وێنە بکێشم، هیچ بۆم سەخت نییە (بەپێکەنینەوە). دیسپلین! بەڵی رۆژانە کاتژمێر هەشت لەپشتی سێپای وێنەکێشان دادەنیشم  دەست بەکار دەکەم؛ تەنانەت لە شەممە و یەکشەممەیش بەدرێژایی ساڵ مەگەر نەخۆش بکەوم. لە پێنجی ئێوارە دەستهەڵدەگرم و دەچم رۆژنامە دەخوێنمەوە ، نان دەخۆم یان خەریکی سەرگەرمییەک دەبم و خشتەی مەتەڵ پڕ دەکەمەوە. پێشوەختە کارەکان ئامادە دەکەم بۆ ئەوەی نەکەومە ژێر گوشارو پەلەپەل.

-پرسیار: ئایا ئەمانە تا رادەیەک ماندووکەر نین؟ تەواوکردنی نیگارەکان لەکاتی خۆیدا، گوشار و دڵەڕاوکێی کار؟

+وەڵام: نا؛ بێزارم ناکات. هەندێکجار لەنیوەرۆدا رۆژنامەیەک پێمدەڵێت؛ کارێک بۆ بابەتێک درووستبکە، من زۆربەی کات رەتیدەکەمەوە و هیچی کتووپڕم بۆ ناکریت، بەڵام کە رۆژی دواتر لەخەو هەڵدەستم؛ بە ئەنجام گەیشتووم و کارەکە تەواو دەکەم.

-پرسیار: ئایا ناترسیت کە سەرجاوەی ئیلهامەکانت رۆژێک وشک ببن؟

+وەڵام: نا؛ باوەڕناکەم. ژیان بەردەوام دەبیت، بەڵام بەهۆی دەوروبەرەکەمەوە ئێستا ئاگادار دەکرێمەوەو تێبینیم پێدەدەن. بۆنموونە من تائێستا وێنەی داپیرە بە چاویلکەو سمتێکی قەڵەوەوە درووستدەکەم، تا ئاگاداریان کردمەوە کە ئەو سەردەمە بەسەرچووە، ئێستا خەڵک خەریکی وەرزش و رەشاقەت و بە تەمەنی گەورەوە دەچنە قوتابخانەی ناوەندیی یان هێشتا شەمەندەفەر بە دووکەڵکێشەوە درووستدەکەم، ئیتر دەبێت بتوانیت هاوشانی سەردەم بڕۆیت یان لە جیهانە تایبەتییەکەی خۆتدا بمێنیتەوە (ئەوەش هەر دەبێت)، بەڵام ئیتر تۆ لەگەڵ ژیانی خۆتدا درۆدەکەیت.

-پرسیار: دەربارەی درۆ قسەت کرد، یان بڵێین بەشێوەیەکی جیاواز دەربارەی واقیع بدوێین، تۆ هەندێکجار سەربازەکان بەتایبەت پلەبەرزەکان بەشێوەی گێل وەسفیان دەکەیت، رەنگە وابن، بەڵام ئایا تۆ کێشەیەکی تایبەتیت لەگەڵ سوپادا هەیە؟

 +وەڵام: نەخێر، من زۆر زوو چوومەتە خزمەتی سەربازیی زۆرەملی، چونکە دەمزانی لەپاشەڕۆژدا دەبێت ببم بە كاریكاتێریست، پەنجا-شەست ساڵ لەمەوبەر ئەگەر خزمەتی سەربازییت تەواونەکردبایا، ئەوا دواتر لەهیچ کارێکدا وەرنەدەگیرایت. هەر لەسەربازییدا چەندین کاری جیاواز و بۆ چەند شوێنێک گوێزرامەوە. دەربارەی پرسیارەکەت؛ نەخێر بە ئەنقەست گێل نیشانیان نادەم و مەبەستی ئازارپێگەیاندنی هیچکەسێکم نییە. دیارە لەهەموو فەرمانگەیەکدا خەڵکانێک هەن کە گەندەڵن و پلەکانیان خراپ بەکاردەهێنن. تۆش وەک نیگارکیش دەبێت ببیتە چاودێر بەسەر کارە چەوتەکانەوە. من باوەڕم بە بنـبڕکردنی سەربازيی نییە، چونکە هەڵگیرسانی جەنگەکان لەشوێنێکی دیکەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت و دواتر سوپای تێوە دەگلێنرێت، کە جێگەی داخە، بەڵام ئەگەر پێمانوابێت بە لەناوبردنی سەربازيی و میلیتاریزم جیهان دەبیتە بەهەشت ئەوا هەڵەین. لەگەڵئەوەشدا جیهان بەم خۆپڕچەککردنەی ئەم سەردەمە هاتۆتە ناو قۆناغێکی نوێوە، ئیتر دەبێت بوەستێندرێت. بە هاتنی چەکی ئەتۆمی؛ ئیتر نەک جەنگ، بەڵکو جیهان دەکەوێتە ناو جەهەننەمەوە.

 

-پرسیار: ئەوە پرسیاری منیش بوو، تۆ هەندێک بەرهەمت لەسەر چەکی ئەتۆميی دروستکردبوو ئایا بەتایبەت ناوتهێنا بوو یان تەنها رەمزێکەو تۆ هەمان مەبەستت هەیە کاتێک کە توندوتیژيی نێوان دوو کەس نیشاندەدەیت؟

+وەڵام: بەڵێ؛ پێموایە چەکی ئەتۆمیی تەنها بەشێکی کەمی ئەم گێرەشێوێنیەیە … تۆ تەماشای چەکی بایۆلۆجیی و کیمیایی و ئاسمانیی بکە کەبەردەوام پەرەی پێدەدرێت. کاتێک کە ئەم هەموو رق و کینەیەی نێوان مرۆڤەکان دەبینم؛ ئەوە زۆر بە ترسناکتر لەم هەموو چەکە ئەتۆمیانە دەیبینم. مادام رق کۆتایی پێنەهاتووە، کەواتە هیچ پێشبینیەکی مژدەبەخش لەئارادا نییە. خەڵک وایدەزانی کە دوای جەنگی جیهانیی دووەم و تیاچوونی زیاتر لە ٥٠ملیۆن کەس ئیتر جەنگێکی وا هەرگیز دووبارە نابێتەوە. من باوەڕم بەو قسەیە نییە، ئایا پرۆفیسۆر رۆلینگ نەیوت: رەنگە وا پێویست بکات کە جێگایەک بکەوێتە بەر هێرشی ئەتۆمی؛ ئەوکاتە مرۆڤایەتیی تووشی شۆک دەبێت و پاش ئەوەی کە ١٠٠هەزار کەس لەچاوتروکانێکدا دەمرن و ئەنجامەکەی دەبینن ئینجا بە ئاگادێنەوە، بەڵام کەلەواقیعدا بیر لە شتێکی وەها بکرێتەوە من بە شێتیی و هەڵەی دەزانم.

-پرسیار: دواپرسیار کە هەندێکیش جیاوازە، ئایا لەداهاتوودا پلانی وەهات هەیە لەبواری کتێبی منداڵاندا ياخود ئایا بەنیازیت  وەک تابلۆی رەنگيی ئەنجامیان بدەیت؟

+وەڵام: نا، چونکە ململانێی نێوان پێنووس و مەرەکەب زۆر گەورەیە. هونەرمەندی گەورەی یابانی؛ هۆکۆسای لەتەمەنی 80ساڵییدا دەڵیت: ئەگەر تەنها 40ساڵی دیکەم هەبوایە بۆ ژیانکردن، ئەوا هەموویم بە کێشانی هێڵکارییەوە بەسەر دەبرد. منیش بەجۆرێک لە جۆرەکان بەم بۆچوونە گەیشتم کە لەکۆتاییدا بتوانم چیرۆکێک بەیان بکەم و خوێنەر بە بۆچنەکانی من هاوڕا بێت. ئەگەر توانیت بگەیتە ئەم ئاستە، ئەوا زۆرباشە، بەڵام رەنگە وا باشتریش بێت کە هەر پێی نەگەیت، چونکە بەمشێوەیە تۆ بەردەوام لە هەوڵدان و گەڕاندایت و خۆشییەکەش لەم پرۆسەیەدایە. رەنگە وەک ئەو پیاوەی بەرامبەرمان بیشوبهێنم کە رۆژ تا ئێوارە بەدیار قولاپی ماسی گرتنێکەوە دۆش داماوە، منیش جارێکیان وتم: ئەوە چۆن تاقەتی هەیە؟ لەوەڵامدا ژنەکەم پێیوتم؛ ئێستا ئەویش لەوبەرەوە بەتۆ دەڵێت: ئەم پیاوە شەو و رۆژ لەپشت سێپای وێنەکێشانەوەیە، ئەوە بێتاقەت نابێت؟ لەکۆتاییدا هەرکەس لە گۆشەنیگای خۆیەوە لە دنیا دەڕوانێت، من هەرگیز لە کارەکەم بێزارنابم و هەموو رۆژێک بۆ من تاقیکردنەوەیەکی نوێیە.

سەرچاوە: کتێبی

Paraat Per Prent   

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟