میدیای كوردی و سەرچاوەكانی داهاتی

 د.شوان ئادەم ئەیڤەس 

ئەگەر بڕیاربێت چاودێریی میدیای كوردی بكرێت، دەبێت لەسەرەتاوە دەستنیشانی رەوایی‌و ناڕەوایی سەرچاوەكانی دەستكەوتنی داهات‌و باری دارایی بكرێت: كێ خاوەندارێتی میدیاكان دەكات‌و نهێنی مانەوەو بەردەوامیان لەچییدایە؟ چونكە سیاسەتی میدیایی‌و خاوەندارێتی میدیایی دوانەیەكی پێكەوەگرێدراوی هاوشێوەی رووەك‌و ئادەمیزادن. یەكەمیان لەدووەمیانەوە بڕی دووەم ئۆكسیدی ئازادیی دەبڕین‌و رۆژنامەگەریی وەردەگرێت‌و دووەمیشیان لەیەكەمیانەوە ئۆكسجینی سیستمێكی دیكتاتۆریی، دیموكراسیی یان تێكەڵەیەك لەهەردووكیان پەخش‌و بڵاو دەكاتەوە.

جەختكردنەوە لەسەر خاوەندارێتی میدیا، زۆرتر بەیەكخستن‌و پتەوكردن یان لێكنزیكخستنەوەی كەناڵەكانی میدیا (media consolidation or media convergence) ناسراوە كە پرۆسەیەكی پێبەپێی كۆنترۆڵكردنی هاوبەشیی ئامرازەكانی ماسمیدیایە، لەلایەن چەند كەسێك یان چەند رێكخراوێكەوە (ستیڤن 2009). توێژینەوە هاوچەرخەكان ئاشكرایان كردووە كە ئاستی زۆربوون‌و هەژموونی هاوبەشێتی لەنێو چەند ژمارەیەكی كەمی كۆمپانیاكاندایە، لەوانە گەورە كۆمپانیا میدیاییە جیهانییەكانی وەك: News Corp، Time Warner، 21st Century Fox، The Walt Disney Companyو چەندانی تر (داونینگ 2004). هەریەك لەوانە، كێبركێی بازاڕو بەرزیی ئاستی كواڵیتی بەرهەمەكانیان بوونەتە هەوێنی مانەوەو بەردەوامییان، ئەوەش هەندێكیانی لەیەكتر نزیكخستووەتەوەو پێكەوە كۆمپانیای مەزنتریان دروستكردووە، تاوەكو بەپێی ئامارو پلان‌و بەدواداچوون باشترین بەرهەم‌و زۆرترین قازانج بەدەستبهێنن. واتە، خزمەتگوزاریی كۆمپانیا میدیایییەكان پارەهێنەرن نەك مشەخۆر، دڵنیاكەرەوەی زانیاریی‌و رووداوەكانن، نەك شێوێنەرو ساختەكار. هەربۆیە، ژینگەی ئیشكردنی ئەمجۆرە كۆمپانیا هاوبەشانەی میدیا، ژینگەیەكی لیبراڵ‌و كراوەیە‌و پشت بەسیستمێكی لیبراڵی دیموكراسییش دەبەستن كە كەرتی گشتیی‌و تایبەتی، حكومیی‌و حزبیی تیایدا لێكجیاكراونەتەوە‌و بەروونیی تایبەتمەندییەكانی پۆلێن‌و دەستنیشانكراون.

تەواو بەپێچەوانەی ئێرەوە كە هەر حزبێكی مۆڵەتپێدراو دەبێت مافی “ئەو رێ‌و شوێنانەی راگەیاندنی هەبێ كە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی بە پێ ی یاسا رەچاوكراوەكان بەكاریان دێنێ”، ئەوەش بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی سێزدەیەمی یاسای ژمارە 17ی ساڵی 1993ی حزبەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق. واتە لەگەڵ هەڵبژاردنی یەكەم خولی ئەنجومەنی نیشتمانیی‌و پێكهێنانی یەكەم كابینەی حكومەتی كوردیی كە بووە جێگرەوەی دەسەڵاتی كشاوەی ناوەندیی حكومەتی عێراق، خاوەندارێتی میدیاكان‌و كۆنترۆڵی ناوەڕۆكی پەیامەكانیشی لەحزبی بەعسی عەرەبییەوە بەمیرات بۆ حزبە كوردییە “شۆڕشگێرەكانی شاخ” گوێزرایەوە. ئەوانیش، هیچ درێخییەكیان نەكرد لەبوژاندنەوەی میراتی میدیای حزب‌و تەواوكردنی ئەو هەنگاوانەی بەعسییەكان نەپەرژابوونە سەر تەواوكردنی، بەئامانجی نەڕەخساندنی هەلی دەركەوتن‌و گەشەكردنی میدیایەكی تەمەندرێژی نیشتمانیی‌و پیشەیی ئازاد!

پاش 26ساڵ ئەزموونی فەرمانڕەوایی خۆبەخۆ، هێشتا كۆنترۆڵی زۆرینەی زۆری میدیاكان بەدەست حزبە كوردییەكان‌و دەستەبژێری ئەمنیی‌و سیاسیی بازرگانەوەیە، ئەوەش وایكردووە هەرێمی كوردستان بەردەوام بەمیدیای دەستەمۆو ئاڕاستەكراوی حزبەكان یان كەسەكان بناسرێتەوە. ئەگەر بچووككردنەوەو داخستنی میدیای حكومیی لەم ساڵانەی دواییدا، ئامانج لێی گێڕانەوەی داهاتی گشتیی‌و زەمینەسازیی بووبێت بۆ كێبركێ بازاڕی میدیاكان، ئەوا بەگەورەكردن یان دامەزراندنی میدیای پشتبەستوو بەداهاتی نەوت لەلایەن كەسایەتییە حكومیی‌و هەواڵگرییەكانی حزبەوە، ئەو پەڕاوێزەی پێشتر بۆ ئازادیی دەربڕین‌و رۆژنامەگەریی هەبوو بەبەرنامە بەرتەسككرایەوەو هەژموونی دارایی‌و تەكنیكی خۆیشیان بەسەر میدیاكانی دەرەوەی خۆیاندا سەپاند.

ئەگەرچی لەئێستادا، میدیای فەرمیی حزبەكان لەپاشەكشێیەكی بەردەوامدان‌و رووبەڕووی پوكانەوەو تێكهەڵكێشكردن دەبنەوە، بەڵام پێویستە زۆر بەزوویی یاسای ژمارە 17 هەمواربكرێتەوە بەجۆرێك میدیا راستەوخۆو ناڕاستەوخۆكانی حزب سنورداربكرێن‌و وردبینیی لەسەرچاوەی داهات‌و داراییان بكرێت. بگرە بشكرێتە مەرجێكی مۆڵەتپێدان كە حزب لەبری میدیای پڕخەرجیی بێبەرهەم، بەتەنها نوسینگەیەكی بۆ پەیوەندییە گشتییەكانی هەبێت‌و لێرەش میدیاكانی حزب بەیەكجاریی بخرێنە ئەرشیڤەوە.

سەرنج:
ئەمەی سەرەوە گۆشەی دووەمی چمك -ە، لەژمارە 600ی ئەمڕۆ (سێشەممە 07\11\2017)ی رۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاوكراوەتەوە.