میدیای كوردی و رۆژنامەگەریی سیخوڕی !

 د.شوان ئادەم ئەیڤەس 

رەنگبێت هەر بەتەنها ناونیشانێكی كۆمیدیی نەبێت كە “سیخوڕی” ببێتە ناو و ناسنامەی مۆدێلێكی زاڵ‌و باو لە كارنامەو كاركردنی میدیایی، بەڵكو دەشێت دەربڕی واقیعێكی شێواو و تراژیدیی ئەو ژینگە میدیاییەش بێت، ئەمجۆرە كاركردنەی لە هەر جۆرە كاركرنێكی دیكە زیاتر لەلا پەسەندەو زووتریش تیایدا سەوز دەبێت. 

لەنێوان پیشەی سیخوڕیی‌و رۆژنامەگەرییدا، تاڵە دەزوویەكی تەنك‌و باریك هەیە. ئەوەی وا دەكات ئەو تاڵە دەزووە نەپسێت‌و لەیەكترییان جیادەكاتەوە، روونیی‌و ئاشكرایی ناسنامەو ئامانجە پیشەییە جیاوازەكانی نێوانیانە. یەكەمیان سروشتی كارەكەی وادەخوازێت، بە نهێنیی بۆ دەزگایەكی شاراوەو ئامانجێكی تایبەتیی كاربكات، هەرچی دووەمیانە دەبێت بە ئاشكرایی بۆ دەزگایەكی ناسراو و لەپێناو بەدیهێنانی سوودو بەرژەوەندیی گشتییدا هەنگاو بنێت.

ئەگەرچی پەیوەندیی نێوان دەزگا میدیایی‌و هەواڵگرییەكان مێژوویەكی دێرینی هەیەو تەریب بە قۆناغەكانی پێش دەركەوتن، پەیدابوون‌و گەشەسەندنی تەكنۆلۆژیا لەهەڵبەزو دابەزدایە، بەڵام بەئەنقەست تێكەڵاوكردنی ناسنامەی رۆژنامەگەریی‌و سیخوڕیی بەیەكتری یاخود ئاڵوگۆڕپێكردنی رۆڵە پیشەییەكانی نێوانیان، بووەتە دیارترین ناسنامەی ئەم قۆناغەی میدیا لەهەرێمی كوردستاندا. بەجۆرێك دەیان كارمەندو دەزگای میدیای باو و جێگرەوە (mainstream and alternative media)، بەپارەو پیلان‌و رێنوێنی كەسایەتییە حزبییەكان‌و ئاژانسە هەواڵگرییەكانیان هەڵدەسوڕێن‌و قەڵەو دەكرێن. لەبودجەی گشتی، حزب دروستدەكەن‌و دەیژێنن. حزبیش لەرێی میدیای بارگاوییكراو و رێكخراوی بەناو سڤیل، خەون‌و خواستی هاونیشتمانان بە قەیرانی دروستكراو لەبیر دەباتەوە، هاوكات بە وشەی باق‌و بریق ژیان لە میللەت دەشێوێنن‌و ئەوەی حزب نەیەوێت نایخەنە بەر باس.

ئەو مۆدێلی كاركردنە، جگەلەوەی رەگ‌و ریشاڵی خۆی بەناو كایەو دامەزراوەكانی دیكەدا پەخش‌و بڵاودەكاتەوە، وزەی مانەوەو بەردەوامیی خۆیشی هەر لەدۆخی باوی سیاسی، ئابوریی‌و كولتوریی ئەو ژینگەیەوە وەردەگرێت كە “رۆژنامەگەریی سیخوڕی” دەكاتە تاقە سەرچاوەی دەستكەوتنی زانیاریی‌و هەناسە لە گەروو گیانی كێبركێی پیشەییانەی میدیاو میدیاوانان دەبڕێت. هەڵبەت زانیارییەك نا كە هەمووان هەقی زانینیان هەبێت‌و تائێستاش لێی بێبەش بن، بەڵكو زانیارییەك كە بۆ خاوەن‌و ناندەرە سیخوڕەكەی گرنگ‌و پێویست بێت. زانیارییەك بەتام‌و بۆی دەزگا هەواڵگریی‌و كارەكتەرە ئەمنییەكانی ناوی، لێنرابێت‌و لەرێی میدیاوە گەرم كرابێتەوە تاوەكو ئاسانتر ئامانجەكە بپێكێت كە ژەهراوییكردنی ئەو كەسانەیە زانیارییەكەیان پێدەگات نەك ئەوانەی زانیارییەكە دەدەن! 

نمونەكانی مۆدێلی “رۆژنامەگەریی سیخوڕی”، زۆرو هەمەجۆرن‌و زیاد لە جۆرو شێوازێكی دەربڕین‌و كاركردنیان هەیە. هەندێكیان، رۆژنامەی چاپكراون‌و بەتەنها بۆ چوار ژمارە لە مانگێكدا نزیكەی 40 ملیۆن دیناری عێراقی وەردەگرن. هەندێكی تریان، رادیۆو تەلەڤزیۆنی ئاسمانیین‌و مانگانە نزیك بە 150هەزار دۆلاری ئەمەریكییان بۆ خەرج دەكرێت، تەنانەت بەچەنشێك دەستكراوەن كە ژمێرەی خەرجییەكانیان بە هیچ فلتەرو لێپرسینەوەیەكی پیشەیی‌و یاساییدا ناڕوات. هەشیانە، بە دەرزەن پەیج‌و ئەكاونتی سۆشیاڵمیدیان‌و بوونەتە سەرچاوەی پارەپەیداكردنی دەیان‌و سەدانی جنێوفرۆشی حزب‌و بەرپرسە هەڵتۆقیوەكانیان. ئەمجۆرە مۆدێلەی كاركردن، دوایین پیلانی بیرلێكراوەی حزبە كوردییەكانە بۆ سنورداركردنی ئەو كەمینە میدیاییەی لە دەرەوەی سیاسەتی رەسمیی ئەوان، مەمرەو مەژی توانای بەپێوە وەستانیان ماوە.

بەپێی ئەزموون، زۆرێك لەبەرپرسە حزبییەكان ئەوەیان بۆ ساغبوەتەوە كە هەبوونی میدیایەك لەدەرەوەی میدیای رەسمیی حزب زیاتر خزمەتیان دەكات‌و باشتریش لەئاستی رێكخستنی حزب دەیانباتە پێشەوە. ئەم مۆدێلە لەمیدیا لە رێی تۆماركردنی دەیان كۆمپانیاو رێكخراوی خەیاڵییەوە، لەگەڵ گەرمبوونی شەڕی داعش‌و درێژبوونەوەی قەیرانی داراییدا لەبری ئەوەی بووەستن‌و نەمێنن، لق‌و پۆپی نوێیان لێدەبێتەوە‌و لەناوەو دەرەوە نوسینگە دەكەنەوە.

سەرنج:

ئەمەی سەرەوە ناوەخنی گۆشەی حەوتەمی چمك -ە، لەژمارە 605ی سێشەممە (12\12\2017)ی رۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاوكراوەتەوە.