د.شوان ئادەم ئەیڤەس
دەركەوتنی شێوازەكانی كاركردنی میدیای پارتیزانیی لەهەرێمی كوردستاندا؛ زۆرتر بۆ دەیەی دووەمی سەدەی بیستویەك دەگەڕێتەوە. سەدەیەك كە بووە شایەتی رووخاندنی فیزیكیی رژێمە دیكتاتۆرییەكەی سەدام حسێن و هۆكاری هێنانی هێزی سەربازیی و هەژموونی هزریی زیاتری ئەمەریكا و كولتوری خۆرئاوا بۆ وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەگەرچی لەعێراقدا لەدوای كەوتنی تاكحزبیی بەرەی بەعسی عەرەبیی سۆسیالیستی (17ی تەموزی 1968- 09ی نیسانی 2003)؛ فرەحزبیی و ئازادییەكانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی و ئینتەرنێت و بەكارهێنانی خزمەتگوزارییەكانی بەرفراوانتر بوون، بەڵام رێكخستنیان لەرووی یاسا و رێسا پیشەییەكانی راگەیاندنەوە سەخت و قورستر بوون و دەبن. بەتایبەت كە شەپۆلی بێسنووری ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانى ياخود میدیای جێگرەوە (alternative media) شوێنەواری میدیای باو (mainstream media)ى راماڵی و زووتر لەوەی چاوەڕواندەكرا ئەپڵیكەیشنەكانی خۆی جێگیر كرد. ئيتر لەم قۆناغە بەدواوە، رۆڵی دەرگاوان كەمتر و بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتیی میدیا و میدیاوانان بێبەهاتر و كەم كاریگەرگەتر دەبوون، چەندێتیی میدیا و بەرهەمەكانی بەهێزترو چۆنایەتییان لاوازتر دەبوون. بەوەش بازاڕی جۆرێكی نوێی كاركردن برەویسەند كە لەرووی مێژووییەوە دەركەوتەكانی بۆ هەڵمەتی بازاڕگەریی پارتیزانيی (guerrilla marketing campaign) دەگەڕێنەوە.
بازاڕگەریی پارتیزانی؛ ناونیشانی كتێبێكی نووسەری بازرگانیی ئەمەریكایی جای كۆنراد لیڤنسۆن (1933_2013) بوو كە لەساڵی 1984دا چاپكرا. لەوێدا بۆ یەكەمجار ئەم چەمكە بەكارهێنرا كە مەبەست لێي؛ جۆرێكە لە ریكلام ياخود ستراتیژێكی ریكلامییە و بەمەبەستی بنیاتنانی پەیوەندییەكی راستەوخۆ لەگەڵ بەكارهێنەرانی بەرهەمەكانياندا، كۆمپانیاكان لەرێی بەكارهێنانی تەكنیك و مومارەسەی هەمەجۆرى وەك سوپرایز و كارلێكی ناباوەوە، برەو بە بەرهەم و خزمەتگوزارییەكانیان دەدەن. ھەڵبەتە ئاڕاستەكردنی كاردانەوەی سۆزداریی بەكارهێنەران؛ یەكێكە لەئامانجەكانی ئەم كارلێكە و كۆتائامانجی بازاڕگەرییەكەش؛ گەیشتنە بەخەڵكی لەپێناو بیرهێنانەوەی بەرهەمەكان و براندەكان بەرێگەيەكی جیاوازتر لەرێگە ناسراوەكان. واتە جیاواز لەرێگە باوەكانی وەك چاپكراوەكان، رادیۆ، تەلەڤزیۆن و پۆستەی راستەوخۆ كە جەماوەریان لەدەستداوە؛ بازاڕگەر و ریكلامكاران ستراتیژێكی نوێیان بۆ گەیاندنی پەیامە بازرگانییەكانیان دۆزیوەتەوە. ئەو جۆرە لەبازاڕگەری؛ فۆكەس دەخاتەسەر بەكارهێنەران و سەرنجڕاكێشانیان لەرێگەی سوپرایزكردن بۆ دروستكردنی تێڕوانێكی گەورە لەسەر بەرهەمەكە یان براندەكەو ئەویش بەچواردەوری خۆیدا ژاوەژاوێك لەسەر ئەو بەرهەمە دروستدەكات كە بازاڕسازیی بۆ دەكرێت. ئەمەش رێگەیەكی ریكلامكردنە كە بەهۆیەوە كارلێكی بەكارهێنەر لەگەڵ بەرهەمەكە یان براندەكەدا زیاد دەبێت و ئەوەش دەبێتەهۆی كێشانی نەخشەی بیرەوەرییەكی لەیادنەچوو. لەرێگەی دروستكردنی ئەزموونێكی لەیادنەچووشەوە، ئەو ئەگەرە زیاتر دەبێت كە بەكارهێنەر یان هەندێك كەس كە كارلێكی لەگەڵ هەڵمەتی بازاڕگەرییەكەدا هەیە؛ زانیاریی لەبارەی بەرهەمەكەوە بە هاوڕێكانیان بدەن. لەگەڵ ئەوەشدا، بەرهەمەكە یان خزمەتگوزارییەكە لەرێی وشەی زارەكییەوە ریكلامی بۆ دەكرێت و بەژمارەیەكی زۆرتر لەوەی لەسەرەتادا پێشبینییدەكرا بە خەڵكی دەگات (Kenton, 2019).
بازاڕگەریی پارتیزانی؛ وەها ناسراوە كە تاڕادەیەك كەمخەرجییە و فۆكەسەكەی زۆرتر لەسەر ماوەی گەیشتنە وەك لەدووبارەكردنەوەی. جا بۆ ئەوەی هەڵمەتی پارتیزانیی سەركەوتووبێت؛ كۆمپانیاكان پێویستییان بەخەرجكردنی رێژەیەكی گەورە نییە، بەڵكو تەنیا پێویستیان بە خەیاڵ (imagination)و وزە و كات هەیە. ئەوەش ئەگەرێكە كە زیاتر بۆ كۆمپانیا بچووكەكان كارا دەبێت، بەتایبەت كاتێك كێبركێ لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكاندا دەكەن. هەربۆیە ئەو پەیامە ریكلامییەشی كە بۆ بەكارهێنەران دیزایین دەكرێت، دەبێت زۆر روون و پوخت بێت، چونكە ئەمجۆرە بازاڕگەرییە بەهەمانشێوە كار لەسەر مێشكی نەستەكی (unconscious mind)ی بەكارهێنەران دەكات كە ھەر ئەویشە زۆرتر بڕیار لەسەر كڕینى شتەكان دەدات. هاوكات بۆئەوەی داواكاریی مانەوەی بەرهەمەكە یان خزمەتگوزارییەكە لەنەستی بەكارهێنەراندا دووبارە ببێتەوە، دەبێت وتیوتییەك یاخود ژاوەژاوێك (buzz) بەدەوری بەرهەمەكەدا دروستبكرێت و بەنێو هاوڕیكاندا بڵاوبكرێتەوە؛ بەوەش ريكلامەكە و پەیامەكەی دووبارە دەبێتەوە (Bourn, 2009).
لەرووی میتۆد و تەكتیكی كاركردنەوە؛ دەشێت هەڵمەتەكانی بازاڕگەریی پارتییزانيی زۆر جیاوازبن، بەڵام دیارتریین تایبەتمەندییان لەوەدا چڕ دەبێتەوە كە ئەگەرچی ئەندێشەیی و سەرنجڕاكێشن، بەڵام رێگەی هاوچەرخی ئامانجدار یاخود دژە دامەزراوەیی بەكاردێنن. ئەمجۆرە هەڵمەتانەش ئارەزووى دەستپێشخەری بازاڕگەریی دێرینی هاوشێوەی هەڵمەتی ریكلامیی چاپكراو یان راستەوخۆی تەلەڤزیۆنیی ناكەن، بەڵكو بە رێگەیەكی داهێنەرانە ئاوێتەیەك لەشێوازە جیاوازەكانی پەیوەندییگرتنی بازاڕگەریی بەكاردەهێنن. ئەوانەش بەشێوەیەكی ئەزموونیی دەكرێن و بەئامانجی بەشدارییكردن سەرنجی جەماوەری بەئامانجگیراو رادەكێشن. هاوكات لەپێناو گەیشتن بەخواستەكانیاندا ریسك دەكەن؛ ئەگەرچی رەنگە ئەوەش ببێتەهۆی بێزاركردنی هەندێك و پەسەندنەكردنی تەواوەتیی لەلایەن دامەزراوەكانی هاوشێوەی شارەكان، پلانداڕێژەران و دەستەڵاتداران. هاوكات لە رێكخستن و دەرئەنجامی هەڵمەتەكانی بازاڕگەریی پارتییزانیی و كاریگەرییەكانی و ریكلامكردن و بەشدارییكردنییشدا، كەناڵەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رەگەزێكی سەرەكیین و یارمەتیی دروستكردنی ژاوەژاو دەدەن و هانی ناوەڕۆكی هەڵمەتەكەش دەدەن ببێتە پەتایەكی بەربڵاو، بەوەش چالاكییە پارتییزانییەكان سەرنجی میدیا رادەكێشن و لە پەیوەندییە گشتیی و میدیاییەكان دادەبڕێن (lumenlearning.com).
بەسەرنجدان لەو تایبەتمەندییانە؛ ئێستا میدیای پارتییزانیی كوردیی لەرێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و پەیجە زۆڵەكانییەوە خۆی نمایش دەکات و گوتاری میدیایی لەسەر وروژاندنی سێكوچكەی تابۆكراوی سێكس و سیاسەت و ئایین دادەڕێژێت. ئەویش لەرێی كۆكردنەوەی زۆرترین ژمارەی لایك و كۆمێنت و شەیركردنی ڤیدۆی پارچەكراوی بەرنامەكان و زانیاری ساختە و ناتەواوی هەواڵەكان؛ بۆ بەخشینی زانیاریی ورد و شرۆڤەكردنی زانستیی نا، بەڵكو بۆ رشتنی تۆوی رق و كینە، تۆخكردنەوەی هەستی رەگەزپەرستی، برەودان بە جیاكاریی جێندەری و نەتەوەیی و ..تد. بەدەربڕێنێكی دیكە، ئەگەر تا دوێنێ پارتیزانیی و چالاكییەكانی دژ بە دوژمنی نەتەوەیی و رژێمی سەردەست و داگیركار وەك جۆرێك لەخەباتی نهێنیی و بەرخودانی نەتەوەیی ئەنجامدرابێت و ئەمەش جۆرە پاڵەوانێكی مەیدانیی بەرهەمهێنابێت، ئێستا پارتییزانەكانی ناو میدیای كوردیی لەدنیای گریمانەیی ئینتەرنێتدا و بەشێوەیەكی وەهمیی هاوزمانەكانی خۆیان دەكەنە ئامانج و لەرێی كۆلاژ و مۆنتاژی وێنە و دیمەنی ڤیدیۆیی و چیرۆكی خەیاڵییەوە، درێژە بەجۆرێكی شەرمهێنەری نایاسایی؛ چالاكی پارتییزانیی دەدەن!