پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.حەبیب كەركوكیی
زانكۆی سەڵاحەدین – بەشی راگەیاندن
یەكێك لەو خاڵە گرنگانە، كە دەبێت دەزگاكانی راگەیاندن پشتی پێببەستن، بۆ ئەوەی بە تەواوی سەربەخۆبن لە هەرێمی كوردستان دا، لەروی روماڵكردنی روداو و تەرحكردنی بابەتەكان بەشێوەكی پیشەییانە و، بێ بوونی كاریگەریی حزبیی و حكومیی لەسەری، تێگەیشتنە لە روماڵ و ئەركەكانی راگەیاندن و خاوەندارێتیی ئامڕازەكانی راگەیاندن. هەروەها بڵاوكردنەوەی بەها پیشەییەكان لەنێوان راگەیاندنكاران دا بۆ ئەوەی بێلایەنیی بپارێزن، چونكە ئەوان چاوی جەماوەرن و دەبێ بەئەمانەتەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو خاڵەدا بكەن. لای هەموومان ئاشكرایە: راگەیاندنی كوردیی رووبەڕووی كۆمەڵێ قەیران بوەتەوە. یەكێك لەهۆكارە سەرەكییەكانی ئەو قەیرانەیش، بریتیە لەوەی زۆربەی زۆری دەزگاكانی راگەیاندن، سەر بە حزبە سیاسییەكانن و، ماوەی 24 ساڵیشە نەیانتوانیوە ببنە “دەسەڵاتی چوارەم”. بەڵام، بۆچی؟ ئەگەر بەكورتی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، دەڵێین: لەبەرئەوەی راگەیاندن دەبێ ئازاد بێت و، ئەم ئازادییەیش، چەند رەهەندێك لەخۆدەگرێت:
1- دەبێ سەر بە حكومەت و پەرلەمان و حزب نەبێت.
2- دەبێ داكۆكیی لە هیچ ئایدیۆلۆژیایەكی سیاسیی نەكات.
3- دەبێ چاوی هاوڵاتی بێت، بەتایبەتی لەسەر كارەكانی حكومەت.
ژینگەی راگەیاندن:
بۆ ئەوەی راگەیاندنێكی سەربەخۆ و بێلایەن لە هەرێمی كوردستان دا بوونی هەبێت، زۆر گرنگە ئەم پێكهاتانە باس بكرێن:
1- خاوەندارێتیی: زۆربەی زۆری دەزگاكانی راگەیاندن، خاوەندارێتییەكەیان حزبە سیاسییەكانن، بەتایبەت رادیۆ و كەناڵە ئاسمانییەكان. بۆیە، ئەم دەزگایانە، ملكەچی ئایدیۆلۆژیای حزبەكانن. زۆربەی پسپۆڕانی بواری راگەیاندن، رایانوایە: “ئەگەر دەزگایەكی راگەیاندن ملكەچی حزبێكی سیاسیی بێت، ناتوانێ بێلایەن بێت”. لەلایەكی ترەوە، خاوەندارێتیی رێگا بە راگەیاندنكارەكان نادات بە ئارەزووی خۆیان بابەت بڵاوبكەنەوە. بۆیە، راگەیاندنكاران ڕوو لە پەیج و ئەكاونتەكانی خۆیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دا دەكەن، ئەمەیش بۆ ئەوەی ئازادانە باسی بابەتێك بكەن.
حزبە سیاسییەكان، بە دوو شێوە خاوەندارێتیی دەزگاكانی راگەیاندن دەكەن:
أ- خاوەندارێتیی راستەوخۆ: ئەو ئامڕازە حزبیانەن كە مەكتەب، یا نووسینگەی راگەیاندن بەشێوەیەكی راستەوخۆ سەرپەرشتیان دەكەن: ktv ، زاگرۆس، گەلی كوردستان، KNN، سپێدە، كۆمەڵ، رێگا… هتد.
ب. خاوەندارێتی ناڕاستەوخۆ: لە ڕێگای پشتیوانیكردنی مادیی و مەعنەویی ئەو رۆژنامە و گۆڤار و رادیۆ و تەلەفزیۆنانەوە، كە داكۆكیی و پاڵپشتی بۆچوونەكانی حزبەكە دەكەن. نموونەش لەمبارەیەوە زۆرە.
2- بەها پیشەییەكان: تا ئێستا بەهای بێلایەنیی بە باشیی نەچەسپاوە لەلای راگەیاندنكارەكان، ئەمەیش لەبەر كۆمەڵێ هۆكارە: یان ئەوەیە راگەیاندنكارەكە پڕۆفێشیناڵ نیە، یاخود ئاستی رۆشنبیریی تا ڕاددەیەك نزمە و خوێندنەوەی كەمە بۆ بابەتی بێلایەنیی و كاركردنی بێلایەنانە. یان: بە باشیی لە فەلسەفەی پیشەكەیان تێنەگەیشتون، كە دەبێ بەوپەڕی بێلایەنییەوە، خەڵكی بە زانیاریی و بۆچوون تێربكەن.
3- رێكخراوە پیشەییەكان: لە هەرێمی كوردستان دا، سەندیكای رۆژنامەنووسان نوێنەری زۆربەی زۆری رۆژنامەنووسانە، بەڵام سەندیكا وەكو سەرجەم سەندیكاكانی دیكە، لەسەر بنەمای بەشبەشێنە (محاصصە)ی حزبیی دانراوە و، پۆستەكان دابەشكراون. بۆیە، لە زۆربەی پرسەكان دا، پاش سازان (توافق) بڕیار دەردەكرێت. واتا: ئەوانەی سەرپەرشتی سەندیكا دەكەن، لەلایەن حزبەكانەوە دەستنیشانكراون و، ئەمەش راستییەكی روون و ئاشكرایە. خاڵی دووەم، ئەوەیە: سەندیكا جاروبار زەوی دابەش دەكات بەسەر رۆژنامەنووسان دا، ئەمەیش كارێكە كاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر بێلایەنیی رۆژنامەنووسان، چونكە لە ئەوروپادا بۆ نموونە، نەك ئەم حاڵەتە بوونی نییە، بەڵكو بە گەندەڵیی هەژماردەكرێت. واتا: ئێستا سەندیكای رۆژنامەنووسان لە ژێر كاریگەریی حزبە سیاسییەكان دا كار دەكات و، لە سەرەتای دروست بوونیانەوە تا ئەمڕۆ، لەسەر بنەمای تەوافوقی حزبە سیاسییەكان، پلە و پۆستەكان دابەشكراون بەسەر حزبە سیاسییەكان دا لە هەرێمی كوردستان. هەروەكچۆن لەسەر بنەمای هەڵبژاردن و كێبەركێی پیشەیی ئەو كارە نەكراوە و، ئێستاش بە هەمان میكانیزم و بنەما، سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان كاردەكات. بۆیە، لە ئێستادا و لەم هەموو هێرشەی حزب و لایەنە سیاسییەكان، كە لەلایەن دەزگاكانی راگەیاندنەوە دەكرێتە سەر كۆمەڵگای كوردیی، ئەم كۆمەڵگایە توشی قەیرانی گەورە بوە و، راگەیاندنەكانیش بەشێوەیەكی بەرنامە بۆ دارێژرا و، لەسەر بنەمای حزبیی، كار دەكەن و، ئەمەش كێشەكەی گەورەتر كردووە، بێئەوەی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، هیچ رۆڵێكی كارا و كاریگەری لەسەر دەزگاكانی راگەیاندن دروست كردبێت. تا ئێستا وەزارەتی ناوخۆ، یاخود ئاسایش، مۆڵەت بە دەزگاكانی راگەیاندن دەدات و لێیان وەردەگرێتەوە، بە نمونە: مۆڵەت وەرگرتنەوە لە كەناڵی ناوخۆیی “ئاسۆ سپۆرت”، لەماوەی رابردودا، بێئەوەی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان هیچ كاردانەوەیەكی بەرچاوی هەبێت و، هیچ فشارێكیش دروست بكات لەسەر دەزگای ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆ لە هەرێمی كوردستان. كاریگەریی حزبیی، تەنها لەناو سەندیكادا رەنگدانەوەی نەبووە، بەڵكو شۆڕبۆتەوە ناو پەرلەمان و حكومەت و سەرجەم دام و دەزگاكانی ناو كۆمەڵگا، تا گەیشتووەتە قوتابخانە و داینگەكانیش.
4- یاسای رۆژنامەگەریی: یاسای رۆژنامەگەریی لە هەرێمی كوردستان دا بوونی هەیە، بەڵام لە مادە یاساییەكان دا، بەوردی باسی زۆر شت نەكراوە: ئایا باسی بێلایەنیی كراوە، كاتێ راگەیاندنكارێك دەردەكرێت لەكارەكەی، بەهۆی ئەوەی ویستویەتی بێلایەنیی خۆی بپارێزێت لە بڵاوكردنەوەی بابەتەكان دا؟ بۆیە، لەدەقە یاساییەكان دا، زۆر گرنگە ئاماژە بەبێلایەنیی بكرێت.
چ كاتێك راگەیاندن دەبێتە “دەسەڵاتی چوارەم”؟
ئەگەر وەكو دەسەڵاتەكانی تر (یاسادانان، جێبەجێكردن، دادوەریی) ئازاد بێت، چونكە ناكرێ بوترێ راگەیاندنی حزبیی “دەسەڵاتی چوارەم”ە؟ بۆچی؟ لەبەرئەوەی سیاسەتی دەزگاكانی راگەیاندنی حزبیی، ملكەچی ئایدیۆلۆژیای حزبەكانن. بەبەردەوامی داكۆكیی لە سیاسەتی حزبەكان دەكەن و، روخساریان جوان دەكەن و، بۆ بەرژەوەندیی و ئەجێندای حزبیی بەكاردەهێنرێن، بەتایبەتیی لەكاتی هەڵبژاردنەكان دا. ئایا چۆن دەبێ ئەمجۆرە راگەیاندنە “دەسەڵاتی چوارەم” بێت؟! هەروەها، راگەیاندنی حكومیی، ئەگەر ملكەچی سیاسەتی حكومەت بێت، ناتوانێ ببێتە “دەسەڵاتی چوارەم”. بۆ نمونە: كەناڵی “العراقیة” و كەناڵەكانی “نایل”ی میسریی و كەناڵە حكومییەكانی زۆربەی زۆری وڵاتە عەرەبییەكان. ئەگەر راگەیاندن، ملكەچی كەسایەتییە حزبییەكانی ناو حزبەكان بێت، دیسان ناتوانێ ببێتە “دەسەڵاتی چوارەم”. وەكو ئەو رۆژنامە و گۆڤار و رادیۆ و تەلەفزیۆنانە، كە سەر بە كەسایەتییە حزبییەكانن. (بۆ نموونە زۆربەی زۆری كەناڵە عیراقییەكانی سەر بە كەسایەتییە حزبیەكان). ئەی كام جۆرەی راگەیاندن دەبێتە “دەسەڵاتی چوارەم”؟
1- ئامرازە نەتەوەییەكان/ ئەوانەی كە سەر بە وڵاتن، وەكو BBC
2- ئامڕازە ئەهلییەكان / ئەوانەی سەربەخۆن و، سەر بە حكومەت و حزب و كەسایەتییە حزبییەكان نین.
گرنگیی راگەیاندنی نیشتمانیی و ئەهلیی لە كوردستان:
ئەركی سەرەكیی راگەیاندن بە هەموو شێوەزارو ئامڕازەكانییەوە، گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییە بۆ جەماوەر، هەروەها گۆڕینەوەی زانیارییەوە لە گەڵ جەماوەردا. لە سەرچاوەوە بۆ نێرەر و دواتر بۆ وەرگر. دەتوانین ئێستا بڵێین: گۆڕینەوەی زانیارییە لە نێوان وەرگر و دەزگاكانی راگەیاندن دا، بێئەوەی دەستكاریی زانیارییەكان بكرێت و، كاریگەریی هەبێ لەسەر ناوەڕۆكی بابەتەكە و، راستیی بابەتەكە. واتا: راستیی بابەتەكە لە دەست بدات، ئەمەش لەم روانگەیەوە كە راگەیاندنی ئەهلیی، دەبێـت راگەیاندنێكی سەربەخۆ و بێلایەن بێت، چونكە راگەیاندن دەسەڵاتێكی سەربەخۆی هەیە و، “دەسەڵاتی چوارەم”ی پێدەوترێت. ئەهلیبوونی دەزگاكانی راگەیاندن، یاخود بێلایەنییان، یەكێكە لە پایە هەرە سەرەكییەكانی ئەم دەسەڵاتە. ئەوەی هەستی بێ دەكرێت لە هەرێمی كوردستان دا، راگەیاندن، نەك وەكو “دەسەڵاتی چوارەم” كاری پیشەیی خۆی ناكات، بەڵكو ئێستا پاشكۆی دەسەڵاتەكانی ترە و، پاشكۆی حزبە سیاسییەكانیشە لە هەرێمی كوردستان. هەندێك لە راگەیاندنەكانی هەرێمی كوردستان، بانگەشەی سەربەخۆبونی خۆیان دەكەن، بەڵام هەست دەكەین لە كوردستان دا، تەنها راگەیاندنی حزب و سێبەرەكانیان بوونیان هەیە. بۆیە لە ئێستادا، بوونی راگەیاندنی سەربەخۆ بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە، بەجۆرێك كە عەیارە “24” بێت و، پیشەییانە كاری رۆژنامەنوسیی راپەڕێنێت. زۆربەی كەناڵەكانی راگەیاندن لە هەرێمی كوردستان دا، هیچ جیاوازیان نییە لەگەڵ ئۆرگانی حزبەكانی هەرێمی كوردستان. ئەوەندە لەژێر كاریگەریی حزبە سیاسیەكاندان، بە ئەستەم لە ئۆرگانی حزبیی جیادەكرێنەوە. هەندێك دەزگای راگەیاندن، تەنها كاردەكەن بۆ ئەوەی نەیار نیشانی بینەر بدەن، بێلانیی خۆیان لە دەستداوە. لە ئێستای هەرێمی كوردستان دا، ئەوجۆرە كەناڵانە بوونیان هەیە و كاریش دەكەن و، لەرێی سیاسەتی كەناڵەكەوە، خۆیان خستوەتە بەرەیەك لە بەرەكانەوە. بۆ نمونە: لە ئێستادا و لەسەر پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لایەنگریی كەناڵە ئاسمانییە كوردییەكان، رۆژنامە و گۆڤارەكان، بە ئاسانیی هەستی پێدەكرێت. ئەگەر وەكو كەسێكی بێلایەن لێیان بڕوانین.. ئەگەر راگەیاندنی بێلایەن لەم كاتەدا بوونی هەبێت، دەتوانێت متمانەی زۆربەی خەڵكی كوردستان بۆ خۆی رابكێشێت، چونكە لە ئێستادا، پرسی نیشتمانیی لە هەرێمی كوردستان دا، بوونی هەیە.. زۆر پێویستمان بە راگەیاندنی ئەهلیی بێلان هەیە، ئەمەش بۆ ئەوەی هەست بە خاڵە گرنگەكانی نیشتمانیی خۆمان بكەین. بریاری كۆتایی خۆمان لەسەر بدەین، بەڵام لە ئێستادا، راگەیاندنی حزبەكان، راستییەكانیان بەشێوەیەكی گشتیی لە پێش چاوی خەڵك ونكردووە و، بە شێوەیەكی تایبەتیش، خەڵكی بێلایەن راستییەكانیان لێ ونبووە، كە ئەمەش بەهۆی راگەیاندنە حزبیەكانی هەرێمی كوردستانەوەیە.
چۆن راگەیاندنی كوردیی بەنیشمانیی بكرێت؟
مرۆڤ هەر كە لە دایك دەبێت و دەكەوێتە ژێر كاریگەریی ژینگەی كۆمەڵگاكەیەوە، پێویستی بە پێگەیاندن هەیە. لە هەر قۆناغێك لە قۆناغەكانی ژیانی دا، كاریگەریی كەسێك، یاخود دەزگایەك، یان دامەزراوەیەكی بەهێز لەسەری دەبێت. كاریگەریی راگەیاندن، دەبێ بەشێوەیەك بێت، تا بەشداریی لە پڕۆسەی بەنیشتمانیكردنی تاكەكاندا بكات، چونكە تاكەكان هەر لە مناڵییەوە مەیلیان بۆ حزبە سیاسییەكان دەبێت و، تارادەیەك ئینتیمای نیشتمانیی لاواز دەبێت. تاكەكان، كۆمەڵێ پرسی گرنگ پشتگوێدەخەن، وەكو: پێشخستنی كۆمەڵگا، نەهێشتنی گەندەڵیی… هتد. بەڵام ئەگەر راگەیاندنی نیشتمانیی بوونی نەبێت، ئاسان نییە تاكەكان بگۆڕدرێن و كۆمەڵگا پێشبكەوێت. بەهۆی ئەوەی لە هەرێمی كوردستان دا، زۆربەی دەزگاكانی راگەیاندن بە حزبیی كراون، بۆیە دەبێت پلانی راگەیاندنی نەتەوەیی، لە قۆناغی سەرەتایی و لەناو خێزانەكانەوە دەستپێبكات. سەرەتا هەستێكی نەتەوەیی لای كەسەكان دروستبكرێت لەناو خێزانەكان دا، ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانرێت پەیامی نەتەوەییمان هەبێت لە دەزگاكانی راگەیاندن و، لە ناو حزبە سیاسییەكانیش دا، بڕیاری نەتەوەیی، لە پێش بڕیاری حزبەكانەوە بێت. بەرپرسەكانی راگەیاندن، سیاسەتی دەزگاكانی خۆیان لەسەر بنەمای نەتەوەیی دیاری بكەن. یەكێك لە پایە گرنگەكانی تریش بۆ بەنیشتمانیبونی راگەیاندن، بونی دارایی سەربەخۆ و بونی راگەیاندنكاری سەربەخۆیە. بۆ ئەوەی دەزگایەكی راگەیاندنی نەتەوەیی لە كۆمەڵگای كوردیی دا دروست بكرێت، پێویستمان بە بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تاك و دەزگاكانە بەرامبەر بە پیرۆزییەكانی نیشتمان، بە تایبەتی نەتەوەیەكی وەك كورد، كە بە درێژایی مێژوو، ژێردەستە بووە و، ماڵوێران بووە بەدەست بێگانەوە. بۆیە، دەبێت زیاتر هەستی نەتەوەیی بەرزبكرێتەوە، هەروەكچۆن دەبێـت سەرەتا لە ناو كۆمەڵگای كوردییەوە، ئەنجومەنێكی راگەیاندنی سەربەخۆ بۆ دەزگاكانی راگەیاندن دروستبكرێت و، دواتریش بە داهاتی دەزگاكانی راگەیاندنی سەربەخۆ، كادیری پڕۆفێشناڵی راگەیاندن دروستبكرێت و بەشەكانی راگەیاندن لە زانكۆ و پەیمانگەكانیش دا، لەمبارەیەوە رۆڵی خۆیان ببینن. كاتێ هەموو ئەمانە لە هەرێمی كوردستان دا فەرهەمكران، ئەوكات دەتوانین راگەیاندنی نیشتمانیی سەربەخۆ لە هەرێمی كوردستان دا دروستبكەین، بۆ نمونە هاوشێوەیBBC بەریتانی بێت. هەرێمی كوردستان، كێشە و ململانێی حزبیی زۆری تێدایە. شەڕی ناوخۆی تێدا كراوە… بۆیە، زۆر پێویستی بە راگەیاندنی نیشتمانیی-یە، بەتایبەتی لەم قۆناغەدا كە بانگەشە بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان دەكرێت. هەربۆیە، پێویستمان بەوەیە لەرێی راگەیاندنەوە، هەستی نەتەوەیی و نیشتمانیی لەلای هاوڵاتیان بەرزبكەینەوە.
پێشنیاز و راسپاردە:
بۆ ئەوەی بتوانین لە هەرێمی كوردستان دا، “راگەیاندنی نیشتمانیی”مان هەبێت، ئەم پێشنیاز و راسپاردانە دەخەمەرو:
1- پێكهێنانی سەندیكای رۆژنامەنووسان، لەسەر بنەمای هەڵبژاردنێكی بێلایەن و، دوور لە دەستێوەردانی حزبیی بێت.
2- دامەزراندنی راگەیاندنی نەتەوەیی، كە سەر بە هەرێمی كوردستان بێت و، بەشێوەیەكی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، نەك دەزگایەكی سەر بە حكومەت، یان پەرلەمان بێت.
3- كەمكردنەوەی دەزگای راگەیاندنی حزبیی، لەرێگای یاساوە.
4- گرنگیدان بە راگەیاندنی ئەهلیی.
سەرنجێك:
ئەمەی سەرەوە، دەقی بابەتێكی د. حەبیب كەركوكیی -ه، كە لە كۆنفرانسی “بەنیشتمانیكردنی مێدیا”ى هاوبەشيی رێكخراوی مەشق بۆ گەشەپێدانی دیموكراسیی و مێدیا و وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان، لە رۆژی 22/8/2015، پێشكەشكرا.