بنەما زانستییەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردن

پ.ی.د.حەبیب کەرکوکی

بانگەشەی ھەڵبژاردن بریتیە لە پڕۆسەی ناساندنی کاندیدەکان (چ سەربەخۆ بن یان سەر بە حزبەکان) لەڕێگەی بەکارھێنانی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن (ڕۆژنامە، گۆڤار، ڕادیۆ، تەلەفزیۆن، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان) یان لە ڕێگەی پۆستەر و کۆنتاکی ڕاستەوخۆ نێوان لەگەڵ دەنگدەران. بانگەشەر ھەڵبژاردن بە پڕۆسەیەکی گرنگ لەقەڵەم دەدرێ و دەکەوێتە نێوان بوارەکانی سیاسەت (بۆ مەبەستێکی سیاسی ئەنجام دەدرێ) و یاسا (چوارچێوەیەکی یاسای ھەیە) و ڕاگەیاندن (لە ڕێگەی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بڵاو دەکرێتەوە) بۆیە لە ھەر سێ بەشەکانی سیاسەت و یاسا و ڕاگەیاندن دەخوێنرێ. لە بانگەشەی ھەڵبژاردندا ژیاننامەو ئەزموون و ئاراستەکانی کاندیدەکان دەخرێنەڕوو، بۆ ئەوەی دەنگدەرەکان بیاناسن و دواتر بتوانن دەنگیان پێبدەن، بۆ نموونە لە بانگەشەی ھەڵبژاردن ئاستی زانستی و ئەزموونی سیاسی و ئیداری و ئاراستە سیاسییەکانیان کاندیدەکان دەخرێتەڕوو.

لەبواری یاسادا، باس لە چوارچێوەی یاسایی بانگەشەی ھەڵبژاردن دەکرێت، وەکو مەرجەکانی بوون بەکاندید کە بەیاسا دیاری دەکرێ و مەرجە سیاسی و یاسایی و ئەخلاقییەکانی کاندید لەخۆدەگرێت، ھەروەھا ماوەی یاسایی بانگەشەی ھەڵبژاردن کە لە ھەندێک وڵات بۆ نموونە ٢٠ ڕۆژە یان مانگێکە، ھەروەھا چۆنیەتی مامەڵەکردنی کاندید لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن، بۆ نموونە یاسا ڕێگا نادات دەزگا حکومییەکان بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن بەکار بێت. لە بواری سیاسەتدا، باس لە گرنگی ئەم پڕۆسەیە دەکرێت بۆ درووستکردنی دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان) کە یەکێکە لە گرنگترین دەسەڵاتەکانی سیستەممە سیاسییەکان، ھەروەھا لە بواری سیاسەت باس لە ئاراستە سیاسییەکانی کاندیدەکان دەکرێت (چەپ و ڕاست)، (دینی و علمانی)، (دیموکراسی و دیکتاتۆری)، (نیشتیمانی و نەتەوەیی). لە بواری ڕاگەیاندنيشدا، باس لە ناساندنی کاندیدەکان دەکرێت و چۆنیەتی ئەنجامدانی ھەڵمەتی بانگەشەکە و مەرجەکانی سەرکەوتنی، ھەروەھا لە بواری ڕاگەیاندن باس لە پەیامەکانی ھەڵمەتی بانگەشە دەکرێت کە دەبێ بۆ نموونە ئاراستەی سۆز و عەقڵ بکرێت و بەڵێنی کاندیدەکان لەخۆ بگرێت و درووشمەکانیان بخرێتەڕوو.

دیارە جیاوازی ھەیە نێوان وڵاتەکان لە پڕۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردندا. لە وڵاتە پێشکەوتووەکان (ئەمریکا، وڵاتانی ئەوروپا، کەنەدا، ئوسترالیا) حزبە سیاسییەکان ئامرازی ڕاگەیاندنیان نییە، چونکە یان یاسا ڕێگا نادات حزب ڕاگەیاندنی ھەبێ وەکو ئەمریکا و یان حزبەکان داھاتیان نییە بۆ ئەوەی ببن بە خاوەنی ڕاگەیاندن وەکو وڵاتە ئەوروپێکان، بۆیە لە ماوەی پانگەشەی ھەڵبژاردندا حزبەکان لە راگەیاندنە سەربەخۆکان کاندیدەکانی خۆیان دەناسێنن بەبڕە پارەیەکی دیاریکراو کە لە ڕاگەیاندن پێیدەوترێت (ریکلامی ھەڵبژاردن). لە وڵاتەکانی تردا، حزبەکان خاوەنی ڕاگەیاندنی خۆیانن و لەماوەی بانگەشەی ھەڵبژاردن بەکاری دەھێنن بۆ ناساندنی کاندیدەکانیان، ئەو کاندیدانەش کە سەربەخۆن پەنا دەبەنە سەر ئامرازە خۆڕاییەکان وەکو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ھەروەھا جیاوازی ھەیە نێوان کۆمەڵگاکان لە بانگەشەی ھەڵبژاردن، لەو کۆمەڵگایانەی کە ئاستی ھۆشیاری سیاشی تاکەکانی بەرزە، دەنگدەرەکان زۆرترین زانیاری لەسەر کاندیدەکان کۆدەکەنەوە تا بەراوردیان بکەن دواتر یەکێکیان ھەڵبژێرن و دەنگی پێبدەن، بەتایبەت ٩٧٪‏ ھاوڵاتیان ئینتمایان نییە بۆ حزبەکان، پێچەوانەی ئەو کۆمەڵگایانە کە ئاستی ھۆشیاری سیاسی تاکەکان نزمە و ٨٠٪‏ ھاوڵاتیان ئینتیمایان ھەیە بۆ حزبەکان، لەم حاڵەتە زۆربەی دەنگدەران پێشت وەخت خۆیان یەکلایی دەکەنەوە و بڕیار دەدەن دەنگ بە چ کاندیدێک بدەن، بگرە پێش بانگەشەی ھەڵبژاردن.

لە بواری ڕاگەیاندندا، بانگەشەی ھەڵبژاردن یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی (ڕاگەیاندنی سیاسی) Political Media، جگە لە بانگەشەی ھەڵبژاردن ئەم بابەتانەش لەخۆ دەگرێ: زانیاری سیاسی، ڕەفتاری سیاسی، ئاراستە سیاسییەکان، گوتاری سیاسی، پڕۆپاگاندای سیاسی، واتەواتی سیاسی. سەبارەت بەبابەتی (ڕاگەیاندنی سیاسی) کە لە بەشەکانی ڕاگەیاندن دەخوێنرێ، لە زانکۆ ئەمریکی و ئەوروپییەکان دوو ئاراستە ھەیە: یەکەمیان ڕاگەیاندنی سیاسی بە بابەتێکی زۆر گرنگ لە قەڵەم دەدات و جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە قوتابییەکانی راگەیاندن دەبێ شارەزاییان ھەبێ لە بابەتەکانی ڕاگەیاندنی سیاسی، و ئاراستەی دووەم داوا دەکات بابەتی ڕاگەیاندنی سیاسی ھەڵبۆشێتەوە لە بەشەکانی ڕاگەیاندن، چونکە راگەیاندنکار کەسێکی بێ لایەنە و بەھیچ شێوەیەک نابێ بانگەشە بۆ کاندیدێکی دیاریکراو بکات یان پڕۆپاگاندای سیاسی بڵاو بکاتەوە، و دەبێ خۆی لە لایەنگیری بپارێزی. لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، ئەم بابەتە لە پەیمانگاکانی پەیوەندیە گشتییەکانیش دەخوێنرێ، چونکە زۆربەی کاندیدەکان داوای ھاوکاری پسپۆرەکانی پەیوەندیە گشتییەکان دەکەن بۆ ئەوەی دەنگی دەنگدەرەکان بەدەست بێنن، پسپۆرەکانی پەیوەندیە گشتییەکان سەرپەرشتی بانگەشەی ھەڵبژاردنی کاندیدەکان دەکەن بە بڕە پارەیەکی دیاریکراو.

لەبواری بانگەشەی ھەڵبژاردندا، کۆمەڵی سەرچاوەی باش ھەیە کە بریتین لە توێژینەوە و کتێب و نامەی ماستەر و تێزی دکتۆرا و تا ئەمڕۆش توێژینەوە بەردەوامە لەم بوارە بەڵام لە زۆربەی توێژینەوەکان تەنھا میتۆدەکانی شیکاری و ڕاپرسی و مێژووی و وەسفی و بەراوردکاری بەکارھاتووە، زۆر بە کەمی میتۆدی ئەزموونی بەکارھاتووە کە میتۆدێکی یەکجار گرنگە بۆ دیراسەتکردنی ڕەفتار و کەسایەتی و ھەڵسوکەوت پەیوەندیکردنی کاندیدەکان لەکەڵ دەنگدەران.