د.شوان ئادەم ئەیڤەس
ئەگەرچی بەراوردكردنی مۆدێلە دێرین و هاوچەرخەكانی میدیا و گونجاندنیان لەگەڵ ژینگەیەکی پاشململانێی راگوزەری وەک هەرێمی كوردستاندا؛ بەئامانجی گەڵاڵەكردنی سیستمێكی نوێی میدیایی ئاسان نییە، بەڵام كارێكی نەكردە و ئەستەمیش نییە. بەتایبەت كە ئێستا میدیای كوردی؛ لەلایەك چاولێكەری سیستمی لیبراڵیی و لەلایەكی دیكەشەوە تابوت هەڵگری سیستمی دیكتاتۆرییەو هێشتا لەو نێوەندەدا نەیتوانیوە خۆی ساغ بكاتەوە!
ئەزموونی سیاسەت و میدیا لەدۆخی بێمتمانەیی ئێستای هەرێمی كوردستاندا بەدەست بێ سیستمییەوە دەناڵێت. پەیوەندیی نێوانیان بووەتە پەیوەندیی كرێكار و خاوەنكار، نەك پەیوەندییەكی هاوبەرپرسیاری متمانەپێكراو كە گرەنتی سەربەخۆیی هەڵبژاردن و بڕیاردانی پیشەیی هەریەكێكیان بكات. سیستمی میدیایی لەم هەرێمە بندەستەی عێراقدا هێشتا ئاڵۆزو تەماوییە، چونكە بەهەمانشێوە خاوەنی سیستمێكی سیاسیی روون نییە كە پشتی بەبنەما دیموكراسییەكان بەستبێت. ئەوەش ژینگەیەكی ناسەقامگیرو نابەرامبەری بۆ پیشەوەرانی سیاسەت و میدیا رەخساندووە كە هەندێجار هەموو سنورێك دەبەزێنن؛ بەبێ ئەوەی دووچاری هیچجۆرە لێپرسینەوەیەك ببنەوە. هەندێجاری ديكەش، لەبەر دەبڕینێكی سادەی سیاسیی و كارێكی رۆژنامەوانی، پیشەوەران رووبەڕی لێدانو گرتنو كوشتن یاخود شكاندنو سوتاندنی ئامێرو نووسینگەكانی كاركردنیان دەبنەوە. لەو نێوەندەشدا، دادگاكان و داواكاری گشتیی دەبنە تەماشاكەرێكی بێدەستەڵاتو دوایین شوێن كە لەسەر پێشلكارییە یاساییو پیشەییەكان بەدەنگ بێن!
هەڵبەتە توێژینەوەكردن لەبواری بەراوردكردنی سیستمەكانی میدیادا نەریتێكی دێرینە. بنچینەییترین توێژینەوەیەك مشتومڕی ئەكادیمیی بەدوای خۆیدا هێنابێت چوار تیۆرەكەی چاپەمەنییە كە ساڵی 1956 لەلایەن سایبێرت و پیتەرسن و شرام؛ ئەنجامدراو لەوێدا مۆدێلەكانی میدیایان بۆ دەستەڵاتدارێتی، ئازادی، كۆمۆنیستیی سۆڤیەتو بەرپرسیارێتيی كۆمەڵایەتيی پۆلێنكرد. ئەگەرچی ئەو توێژینەوەیە، رەخنەی ئەوەی لێگیرا كە لەڕووی پێوەرییەوە بێلایەن نەبووە و لەژێر كاریگەرییەكی توندی ئایدۆلۆژیاكانی جەنگی سارددا بووە (هەردی، 2008)، بەڵام نكوڵی لەوەشناكرێت كە خاڵێكی وەرچەرخان بوو لەبەدواداچوونی تیۆرو پێوەرەكانی میدیا و گەشەپێدانی ئەو بوارەدا (جاكوبۆڤیچ، 2010).
ساڵی 2004، دانێڵ هاڵین و پاولۆ مانسینی توێژینەوەیەكی گرنگتریان ئەنجامدا و توانیان شێوازێكی سیستماتیك و كردەیی بۆ شیكردنەوەی جیاوازیی و لێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان میدیا و سیاسەت بدۆزنەوەو تایبەتمەندییەكانی سێ مۆدێل دەستنیشان بكەن. ئەو دوو توێژەرە، بەراوردی سیستمەكانی میدیایان لە 18 وڵاتی دیموكراسیی خۆرئاواییدا كرد. لەوانە، مۆدێلی دیموكراسیی بەرژەوەندییە تایبەتییەكان (Democratic Corporatist Model) لە نۆ وڵاتی باكوری ئەوروپادا. مۆدێلی فرەلایەنی جەمسەربەند (Polarized Pluralist Model) لەپێنج وڵاتی ئەوروپایی باشوردا، لەگەڵ مۆدێلی لیبراڵيی لەچوار وڵاتی باكوری ئەتڵەسییدا. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو توێژینەوەیەدا، دەستبەجێ مشتومڕێكی زیندووتری ئەكادیميی دەستیپێكرد، بەتایبەت لەڕووی وردیی چوارچێوە پێشنیازكراوەكانیان بۆ تێگەیشتنی ناكۆكییەكانی نێو سیستمە ناهاوتاكانی جیهان و دانانی لەنێو كۆنتێكستە كولتوری، كۆمەڵایەتیی و سیاسییە جیاوازەكاندا. لەپۆلێنكردنی ئەو سێ مۆدێلەشدا، چوار رەهەندی سەرەكیی یاخود چوارچێوەی تیۆریی بەهەند وەرگیران، لەوانە: پێكهاتەی بازاڕەكانی میدیا یان پیشەسازیی رۆژنامە، هاوشێوەیی یان لێكچوونی سیاسی (political parallelism)، پیشەییبوونی رۆژنامەگەریی و رۆڵی دەوڵەت لەسیستمەكانی میدیادا.
بەپێی توێژینەوەكەی 2004ى هاڵین و مانسینی، “سیستمی میدیایی” لە هەرێمی كوردستاندا زۆرتر لەمۆدێلی فرەلایەنيی جەمسەربەند یان وڵاتانی دەریای ناوەڕاست نزیكە. دیارترین تایبەتمەندییەكانی ئەو مۆدێلەش؛ بریتیین لەهەبوونی ئاڕاستەیەكی رۆژنامەوانیی سیاسیی دەستەبژێر كە خاوەنی نزمترین تیراژی رۆژنامەیە، بەرزیی هاوشێوەیی یاخود لێكچوونی سیاسیی كە خۆی لەفرەلایەنییەكی دەرەكیی و مۆدێلێكی رۆژنامەگەریی ئاڕاستەكراوی كۆمێنتاری، پەرلەمانیی یان حكومییدا دەبینێتەوە بۆ پەخشی سیاسیی یان فەرمانڕەوایی (حزبی) لەبری سیستمەكانی پەخشكردن. لەرووی بنەما پیشەییەكانییشەوە، رۆژنامەگەرییەكەی زۆر لاوازە و زۆرتر وەك ئامڕازێك بەكاردێت، بەجۆرێك حكومەت یان دەوڵەت دەستێوەردانێكی بەهێزی لەكاروباری میدیادا هەیە. ئەویش، لەرێی پشتیوانییكردنی چاپەمەنيی لەسەروەختی سانسۆرو رەتكردنەوەی رێكخستنی میدیاييدا. هەربۆیە ئەو مۆدێلە دەبێت سەرلەبەری بگۆڕدرێت، چونكە هەبوون و هەزمكردنی سیستمێكی لیبراڵی میدیایی بەبێ تاقیكردنەوەی سیستمێكی لیبراڵی سیاسی، هەلی دەركەوتن و گەشەسەندنی قورس و گران دەبێت.
لەوڵاتێكی وەك ئەمەریكادا؛ روونیی و راشكاویی مۆدێلی لیبراڵی سیستمی سیاسیی زەمینەخۆشكەربووە لەبەردەم دەركەوتن و گەشەی مۆدێلێكی لیبراڵی سیستمی میدیایی، تەندروستی، پەروەردەیی و …تد. ئەوەش وایكردووە پێوەرگەلی وەك ئازادییەكانی دەربڕین و رۆژنامەگەری، دەستگەیشتن بەمافی بەدەستهێنانی زانیاری، پيشەگەرێتی، بازاڕی ئازاد و كێبركێی بەرهەم یەكلاكەرەوە بێت لەوەی میدیایەك درێژە بە مانەوەو بەردەواميی پەیام و ستراتیژی كاركردنی؛ بەدوور لەدەستوەردانی هێز و هەژموونی پارتە فەرمانڕەواكانی بدات. درووست بەپێچەوانەی ژینگەی هەرێمی كوردستان كە ناڕوونیی و تێكئاڵانی مۆدێلی لیبراڵ و دیكتاتۆریی سیستمی حوكمڕانی؛ كارێكی وایكردووە كە نە میدیا و میدیاوان سەربەخۆ و پیشەوەر بن، نەحكومەتیش خاوەن میدیایەكی زانیاریبەخشی ناوەندیی بێت!