تیرۆری فیکری؛ ئەو ژەهرەی میدیای كوردیی چاپ و پەخش و بڵاوی دەکاتەوە*

ئەرسەلان رەحمان**

تیرۆرى فیکرى؛ رەنگە یەکێک بێت لەو چەمکانەى کە لە گوتارى سیاسيى کوردییدا ئامادەییەکى بەرچاوی هەیە، بەڵام لە رەفەى کتێبخانە و ناوەندە ئەکادیمییەکاندا کەمترین قسە و بەدواداچوونى زانستیى بۆ کرابێت. زۆرینە؛ گیرخواردەى پەتایەکین كة لە ناوەڕۆکى پەیامى میدیاییدا و لە ئاستى باڵاوە شۆڕ دەکرێتەوە و لە سادەترین دەرکەوتنیدا خۆى لە بۆتەى کۆمێنتێکى پڕ لە سوکایەتيى و شکاندنی کەسایەتییەکدا دەبینێتەوە. بە جۆرێک پەرلەمانتار، چالاکوان، ئەدیب و رۆشنبیر هەن، کاتێکى زۆر سەختیان لە ژێر کاریگەريى و لێکەوتەى دەروونيى ئەو تیرۆرە فیکرییەدا تێپەڕاندووە؛ ئەو شکانە مەعنەويی و پاکتاوە رووحییەى بەرامبەریان کراوە، نەتوانراوە بەهیچ شتێک قەرەبووی بکەنەوە.

تیرۆرى فیکرى؛ رەفتار و کردەیەکە، مەبەست لێی “تێکدانى بیروباوەڕ یان رەفتاری بەرامبەرەكانە لە رێگەى بەکارهێنانى ئامراز و شێوازى مەعنەویيەوە کە زیان بە ئاسایش و سەقامگیرى نیشتمان دەگەیەنێت و کاریگەرى نەرێنیانە لە سەر هاووڵاتیان درووست دەکات.” (الأنصاري، 2019، ص83). واتە شکاندنى نەیارە سیاسییەکان، دێواندن و دزێو پیشاندانى ئەوانىدیکە، هەوڵدان بۆ تێکشکاندنى بەهاکان و سڕینەوەیان لای تاک و کۆمەڵ و چاندنى بەهاى نوێ لەلایان، رێخۆشکردن بۆ پاکتاوی جەستەیی، شێواندنى مێژوو، شێواندنى راستییەکان، گەورەکردن و بچووککردنەوەى رووداوەکان لەپێناو شێواندن و بەلاڕێدابردنیان، تەڵقیندانى کۆمەڵگە و راکێشانى هێڵى چەوت بەسەر نەیارەکاندا تا دەگاتە تەکفیر کردن؛رێگەگەلێکن بۆ تیرۆرى فیکرى. ئەم تیرۆرە فیکرییە لە بۆشاییەوە درووست نابێت،  ئەوەى زەمینە بۆ سەرهەڵدان و گەشە و فراوانبوونى تیرۆرى فیکريی دەڕەخسێنێت و دەبێتە بناغەى سەرهەڵدانى ئەمجۆرە تیرۆرە، “توندڕەوى  فیکرییە” (العبیدي،2015، ص86) کە راستەوخۆ پەیوەستە بە تیرۆرى فیکرییەوە و بووەتە سەرچاوەی وزە و تینپێدانى. هەربۆیە باسکردن و ناوبردنى هەر رەفتارێک لەوانەى سەرەوە، بۆ هەمووان ئاسانە، بەو پێیەى میدیا ئەو رایەڵە کاریگەرەیە کە لەسەر خۆمان و خێزان و دەوروبەرمان نەخش و رۆڵى هەیە. نەک تەنیا کاریگەرى، بەڵکو ئاڕاستەشمان دەکات. ئاڕاستە باوەکان تێکدەشکێنێت و ئاڕاستەى نوێ پیشاندەدات. بەڵام بۆ دەرچوون لە بۆتەى گشتێتيی حوکمدانى پێشوەختە پێویستمان بە قووڵبوونەوە و تێفکرینى زیاتر لەو وشە، بڕگە، رستە و کۆی پەیامانە هەیە كە رۆژانە لە رێی میدیاوە ئاڕاستەمان دەکرێت؛ بۆ ئەوەی پەی بەرین بە ڕاستیی ئامانج و مەبەستی پشت پەیامەکە و لێکەوتەکانی لەسەر دەروونی تاک و کۆمەڵ. لە ناو کورددا تیرۆری فیکری؛ مێژووییەکی زۆر دێرینتری هەیە لەوەی وەک چەمکێک بۆ شەڕی نەیارەکان لە کایەی سیاسییدا، کارەکتەرە سیاسییەکان دژ بەیەک بەکاری بهێنن.

تەکفیرى مەولانا

لە سەردەمى دەسەڵاتى بابانەکاندا بە تایبەتى لە ماوەى ساڵانى 1817 – 1820دا؛ سلێمانى دەبێتە گۆڕەپانى ململانێی نێوان دەسەڵاتى مەعنەويی و هەژموونى ئایینيى مەولانا خالیدی نەقشبەنديی و فەرمانڕەواکانى بابان و دەسەڵاتى مەولانا برەو دەسێنێت. لە کاتێکدا دەسەڵاتەکەى مەولانا چەکی نابێت، لە بەرامبەردا مەحموود پاشاى بابان کە میرى قەڵەمڕەوی بابان بووە، چەکدارە و دەسەڵاتەکەى کەمتر بووە لە دەسەڵاتى مەولانا؛وەسمان پاشاى براى مەحموود پاشا دەسەڵاتى لە پلەى سێیەمدا بووە، هەرچەند ئەویش هەر چەکدار بووە. گەڕیدەیەکى وەک کلۆدیس ریچ لە 1820دا لە سلێمانى دەبێت و  لەبارەى مەولاناوە نووسیویەتى: سلێمانى سۆفییەکى گەورەى لێیە، ناوی شێخ خالیدە … کوردەکان هەموویان بە وەلى دەزانن. دواتر ریچ؛ زانیاريى لەبارەى تەنگپێهەڵچنینى مەولانا باسدەکات و دەنووسێت: ئەم بەیانییە شێخ خالیدی بەناوبانگ هەڵهات، راکردنەکەى لە ناکاو و نهێنيىبوو، پێش چەند رۆژێک کوردەکان لە شێخ عەبدولقادر بە گەورەتریان دادەنا، بەڵام ئەمڕۆ بە کافرى ناودەبەن و زۆر شتیش دەربارەى لووتبەرزى و کافریی و خوانەناسی ئەگێڕنەوە. دواى مردنى کوڕەکەى میر، شێخ ناوبانگی زۆر دۆڕاند، چونکە وتبووی چاکیدەکاتەوە، هەندێکیش دەیانوت تۆوى پشێويى لەنێوان میر و براکانیدا وەشاندووە و ئەوانیش ویستوویانە لەبەردەم میردا بەرەو روویان ببێتەوە. هەندێکى دیکەش دەڵێن؛ خەریکی دانانى بناغەیەکى ئایینيى تازە بووە و ویستوویەتى خۆى بکات بە گەورەى وڵات. تاوانى زۆر درایە پاڵ کە لە راستییدا وانەبوو، چونکە زانا و سەیدەکان، هەموویان لە سەروویانەوە شێخ مارفى نۆدێی رقیان لێیەتى و ئەویش کاتێک دەسەڵاتى هەبوو هەموویانى بەزاندبوو (مامۆستا جەعفەر، 2009، ل256-258). ئەم نموونەیە پیشانمان دەدات كە لە سەدەى نۆزەهەمدا، کاتێک رکابەرێکى دەسەڵات لە سلێمانى هەڵدەکەوێت، چۆن لە رێى فیکرییەوە تیرۆر دەکرێت، بەر لەوەى شاربەدەر بکرێت، چونکە چەکى پڕوپاگەندە و شکاندنى کەسایەتیی مەولانا وەک چەکێکى تیرۆرى فیکريى بەکاردەهێنرێت و تەنانەت مەولانا تەکفیر دەکرێت و لە ترسى کوشتن ناچار دەبێت سلێمانى بە پڕتاوێک بەجێبهێڵێت و رووبکاتە گوندی سەرگەت لە هەورامان.

تیرۆرى فیکرى؛ لە ناو بزاوتى چەکداریيدا

بە بازدان بەسەر مێژووی تیرۆری فیکریی و دەرکەوتنی لە سەدەی نۆزدەدا و پەڕینەوە بۆ سەدەی بیست تێبینی دەکرێت لە جووڵانەوەی چەکداریی کوردییدا، هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، ئەوە ئەفسەرە ئینگلیزەکانن لە سلێمانی و لە رێی رۆژنامەوە کار بۆ شکاندنی کەسایەتیی شێخ مەحموودی حەفید دەکەن. تەنانەت بەشێک لە خوێنەوارانی ئەو سەردەمەی کورد لە سلێمانی دەبنە بەشێک لە ئامێری بەرهەمهێنانی ئەدەبیاتی تیرۆری فیکریی دژ بە شێخ و هەموو کایەکی ئەدەبیی بە تایبەت شیعر و چیرۆک دەکەنە وارگەیەک بۆ ئاڕاستەکردنی پەیامی تیرۆری فیکریی دژ بە شێخ و دەسەڵاتەکەی. دواتر بە هۆی ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەی لە شەڕی دووەمی جیهانیی لە رووی پێشخستنی ئامرازەکانی میدیا و داهێنانی شێوازی پڕوپاگەندەی نازییەکان هاتەئاراوە، دەبینین جووڵانەوە سیاسیی و چەکدارییەکانی کورد لەدوای شەڕی دووەمی جیهانییەوە تا راپەڕینی ئازاری 1991، کارامەتر دەستیان داوەتە چەکی پڕوپاگەندە بۆ شکاندن و تیرۆری مەعنەویی و فیکریی نەیارە سیاسییەکانیان. ئەو تیرۆرە فیکرییەی لە دژی یەک بەکارهێنراوە، هێندە وەک چەکێک بۆ دژایەتییکردنی دەسەڵاتەکانی بەغدا و تاران بەکارنەهێنراوە، لانیکەم لە دوو پارچەی کوردستانی عێراق و ئێراندا. لە دوای راپەڕین-یش ئەو میدیاییەی دامەزرا؛ میدیاییەکی نەتەوەیی و نیشتمانیی نەبوو، هێندەی ئەوەی میدیایەکی حزبیی و ئاڕاستەکراوی گۆشکراو بە میراتی مۆدێلی میدیای شورەویی بوو. هەربۆیە ئەو پەیامەی ئاڕاستەی وەرگرانی دەکرد، هەرزوو موتوربەکرا بە ئەدەبیاتی ئەو شەڕە ناوخۆییەی لە دەیەی هەشتاکاندا رەوت و لایەنەکانی ناو جووڵانەوە سیاسیی و چەکدارییەکە گیرۆدەی بوون و ئەنجامەکەیشی بەرهەمهێنانەوەی تیرۆری فیکریی و رێگەخۆشکردن بوو بۆ پاکتاوی جەستەیی. تا کار گەیشتە ئەوەی لە رێی هەندێک لە مەلاکانەوە تەکفیری سیمبوڵ و کەسایەتییەکانی یەکتر بکەن.

تیرۆرى فیکرى؛ لە هەناوی وشەدایە

ئێستا دوای زیاتر لە دوو سەدە لەو رووداوە، تیرۆری فیکریی و دەرکەوتنی لە جوغزی تەکفیردا لەناو کورددا هێشتا لە برەودایە و سنوورێکی بۆ دانەنراوە. ئەو میدیایەی هەیە، پێی بزانێت یان نەزانێت لە بۆتەی وشە و ئەو دەستەواژە و بڕگە بارگاویانەی بەکاریاندەهێنێت، تیرۆری فیکریی بەرهەمدەهێنێت و بڵاویدەکاتەوە. زمان؛ رۆڵێکی کاریگەریی لەو شەڕەدا هەیە. تیرۆری فیکری؛ شەڕی دەستەویەخەی جەنگاوەرەکان نییە، بەڵکو شەڕی قەڵەم و زمانی خوێنەوار و میدیاکار و رۆشنبیرەکانە. ئەگەر سیاسییەکان؛ بەرهەمهێنەری ئەو تیرۆرە بن، ئەوا میدیا و میدیاکارەکان؛ داڕێژەری پەیام و نێرەری سەرەکیی ئەو پەیامە ژەهراوییەن بۆ کۆمەڵگە (خچور، 2009، ص46-47). ئامانجەکان هەرچی بن و رێگەکان هەر چۆن بن و کایەکانی نماکردنی ئەو تیرۆرە هەرچەند بن، هیچ لەوە ناگۆڕێت کە تیرۆری فیکری؛ جۆرێکە لە تاوان و کۆمەڵگە و دەروونی تاک و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی خەڵک دەخاتە مەترسییەوە، چونکە تیرۆرەکە هێز و کاریگەریی خۆی لە وشە، وێنە، کاریکاتێر، ژمارەکان، تەنانەت نەخشە و گرافیکەکاندا دەبینێتەوە کە رۆژانە لە میدیاوە ئاڕاستە دەکرێن و لە سۆشیال میدیادا برەویان پێدەدرێت و چەندبارە؛ بڵاودەکرێنەوە.

تیرۆرى فیکريى و دابەشبوونى زۆنەکان

هەژموونى رەنگەکان بەسەر پارێزگاکانى هەرێمى کوردستاندا، لێکەوتەکانى شەڕى ناوخۆ، لێکەوتەکانى مێژووی ململانێی نێوان نەوەکانى جوڵانەوەى سیاسيى کورد و بزاوتى چەپگەرا کە هەر لە دەیەى پەنجا و شەستەکانى سەدەى رابردووەوە رەگ و ریشاڵى لە کایەى رۆشنبیريى گشتیى سلێمانىيدا بەراورد بە ناوچەکانى دیکە داکوتاوە، فەرهەنگێکى گەورە و دەوڵەمەندی هۆشەکيی و زمانەوانيى لە بوارى تیرۆرى فیکريىدا بە میرات بەجێهشتووە.

یەکێک لەو نموونانەی تیرۆری فیکری، ئەو درووشمە باوە بووە کە لەو خۆپیشاندانانەی حزبی شیوعی عێراقدا خەڵک وتوویانەتەوە: “بدەن لە ژێر مەسینە، نوری سەعید بێدینە” ئەمە بۆ خۆی ئەو تیرۆرە فیکریەیە کە ئاوێتەی زمانی سیاسیی بووە و هێشتا نەتوانراوە لێی دەربازبین. هەروەها ئەو میراتە بەشێکی زۆری پەیوەندیی بەو ناکۆکییە ئایدۆلۆژییەوە هەبووە، کە رەوتی چەپگەرا لە سلێمانی بەرامبەر بەهەموو ئەوانیدیکە برەوی پێداوە. هاوکات دەسەڵاتی سیاسیی و گەورەبوونی کەلێنی ناکۆکییە سیاسییەکان زەمینەیەکی لەباریان بۆ گەشانەوەی پۆڵۆی ئەو میراتە لەژێر خۆڵەمێشی لەبیرچوونەوەدا رەخساندووە و لە میدیادا لەهەر کاتێک زیاتر ئەو ئەدەبیاتە ئاوێتەبووەی تیرۆری فیکری؛ ئامادەیی هەیە و لەگەڵ هەڵکشانی کێرڤی ناکۆکییەکاندا دەردەکەوێت و زیاتر گەشە دەکات. هەروەها نەبوونی دامودەستگای نیشتمانیی لە بواری میدیادا رێگەی خۆشکردووە بۆ هەڵتۆقین و چوونەسەری ژمارەی ئەو کەناڵانەی رۆژانە وەک ماکینەیەک کاریان بووەتە بەرهەمهێنانی تیرۆری فیکریی و ئاڕاستەکردنی پەیامی ژەهراوی لەپێناو گۆڕینی ئاڕاستەی بیرکردنەوە و تێکشکاندنی بەهاکان و چاندنی بەهای نوێ لای وەرگر.

تیرۆرى فیکرى؛ لە چیدا دەردەکەوێت؟

لە رووى ژمارەوە، تا دێت ژمارەی کەناڵەکان رووی لە هەڵکشانە، سۆشیال میدیا سەرباری میدیای تەقلیدیی لەکێبەرکێیەکی تونددایە و پەلکێشی ئامرازە میدیاییەکانی دیکەی کردووە بۆئەوەی شوێنی بکەون. بەشێک لە کەناڵە خاوەن سەرمایە گەورەکان و کەناڵە حزبییەکان لە کێبەرکێیەکی باشتربووندا نین، ئەوەندەی کێبەرکێیانە لەسەر بردنەوە لەسۆشیال میدیادا. گرنگییدان بە ناوەڕۆکی پەیام و داڕشتنی بەشێوەیەکی درووست و خۆبەدوورگرتن لە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر کۆمەڵگە بوونەتە بەشێک لە قسەی ناو کتێبان و ئەو عەقڵە ئیدارییەی میدیا بەڕێوە دەبات، دەیەوێت یەکەم بێت،جا  بە هەر نرخێک بووە، تەنانەت ئەگەر نرخەکەش داماڵران بێت لەهەموو بەها و بنەمایەکی پیشەیی و لادانێکی ئەخلاقیی و یاسایی. یەکەمبوون؛ نەک لە ناو واقیعی خەڵکدا، بەڵکو یەکەمبوون لە جیهانی گریمانەییدا. یەکەمبوون لە سۆشیال میدیا و بەتایبەتیش لە فەیسبووک و ئینستاگرامدا. خۆراکی سەرەکیی و چەکی گەورەی ئەو بردنەوەو یەکەمبوونەش تیرۆری فیکرییە، بەو پێیەی کاردانەوەی زیاتر بە دوای خۆیدا دەهێنێت و شەڕی دەروونیی بەرامبەرەکان دەکات و بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا دەهێنێتە قسە و بەسەر بەڵێ و نەخێر، لایک و کۆمێنتدا دابەشیاندەکات. ئەمەیش وا دەکات ئەو پەیامە ژەهراوییە کە لە سۆشیال میدیا بڵاودەکرێتەوە، زۆرترین کاردانەوەی بۆ بێت و سەرئەنجام پەیج و ئەکاونتەکان کاراتر دەبن و بابای خاوەن کەناڵ و عەقڵی ئیداری دەزگاکە شانازی بەو یەکەمبوونەوە دەکات کە لە بنەڕەتدا لە وەهمێک زیاتر نییە، چونکە لە کوێی لۆژیکدا جێگەی دەبێتەوە، کەناڵێکی وەک ئەلجەزیرە، بی بی سیی عەرەبی، ئەلعەرەبییە، سکای نیوز کە جوگرافیای رووماڵیان ئاراستەی زیاتر لە 20وڵاتی عەرەبییە و جەماوەری بەئاماجگیراویان زیاتر لە 300 ملیۆن بینەرە، پەیجەکانیان لە سۆشیال میدیادا نەتوانێت کێبەرکێ لەگەڵ پەیجی کەناڵێکی ئاسمانیی کوردییدا بکات کە جەماوەری بەئامانجگیراوی رەنگە نەگاتە 10ملیۆن بینەر و پانتایی رووماڵەکەیشی بەشێوە زاری سۆرانی لە بەردەڕەشەوە تا قەڵادزێیە و تەنانەت دهۆکیش سەیری ناکات.

میدیای كوردی؛ چی چاپ و پەخش و بڵاودەکاتەوە؟

یەکەم: بچووککردنەوە و گەورەکردنى رووداوەکان

زۆرجار هەڵدەکەوێت لە هەولێر جۆرێک لە گردبوونەوە، دەنگێکى ناڕەزایی، رووداوێک یان هەر بابەتێک کە شیاوە بکرێتە هەواڵ؛ روودەدات. کاتێک سێرچ دەکەیت بزانیت چى لەبارەوە وتراوە، تێبینی دەکەیت کەناڵەکانى هەولێر خۆیان لێ نەبان کردووە و کەناڵێک لە سلێمانییەوە پەیامنێرى راسپاردووە و رووماڵى دەکات. بە پێچەوانەيشەوە، هەندێک رووداو لە سلێمانى دەگوزەرێن، رەنگە لە ئاستێکى زۆر ناوچەییدا بن و ئەسڵەن ئەوە نەهێنن بینەرى کورد لەناوخۆ و دەرەوەى وڵاتدا پێیانەوە سەرقاڵ بکرێت، کەچى دەبینین کەناڵگەلێک لە هەولێرەوە کاتێکى زۆرى شاشەى بۆ تەرخاندەکەن و هەموو هەوڵێک دەدەن بیکەنە بابەتی رۆژ و خەڵکى پێ سەرقاڵ بکەن. ئەمە هەمووی لەپێناو گەیاندنى پەیامێکە کە لە ناوەڕۆکدا هەڵگرى تۆوى دووبەرەکيى و شارچێتيى و تیرۆرى فیکرییە.

دووەم: لۆکاڵىيبوون

کەناڵی ئاسمانی، ناوەکەی پێویستە هەڵگری ناسنامەی بێت. هەقە بیر بکرێتەوە كە ئایا داخستنی لۆقەنتەیەکی سلێمانی لەلایەن لیژنەیەکی تەندرووستییەوە بەهۆی نەبوونی مەرجی پاک و خاوێنی چ بایەخ و گرنگییەکی بۆ بینەرێکی کورد لە فنلەندا یان سوید هەیە؛تۆ لە کەناڵێکی ئاسمانییەوە رووماڵی دەکەیت و کاتی بۆ تەرخان دەکەیت یان بەپێچەوانەوە بۆ هەولێریش هەمان شت ڕاستە.

سێیەم: قۆستنەوەى رووداوەکان

یەکەم تووشبووی کۆرۆنا لە سلێمانى تۆمار کرا، هەروەها یەکەم حاڵەتى مردنیش. بەشێک لە میدیاکانى هەولێر مامەڵەیەکى نادرووستیان لەگەڵ ئەو پرسەدا کرد و وا وێنایان دەکرد کە سلێمانى شارێکى نەفرەتلێکراوە. لە کاتێکدا ئەوە هیچ نەنگییەکى تێدا نەبوو، بەڵام وەک نەنگییەکى گەورە وێنا دەکرا. هەڵکشانى ئامارەکانى کۆرۆنا و داکشانیان لە هەولێر و دهۆک و سلێمانى وەک کەرەستەیەکى شەڕى دەروونيى و تیرۆرى فیکريى ئێستاش بەرامبەر بەیەکدى بەکاردەهێنرێت. جگە لەوانە رەنگڕێژکردن و وێناکردنى یەکدى بە پاشکۆیەتيى بۆ وڵاتانى هەرێمایەتى؛ زۆر بە زەقى لە پەیامەکاندا رەنگدەداتەوە.

چوارەم: شێواندنى وێناکان

لەچەند رۆژى رابردوودا، گەشتوگوزارى سلێمانى رەخنەى لە دەستەکەیان گرت و رایگەیاند؛ئەو ئامارەى دەستەکەیان لەبارەى ژمارەى گەشتیارانى سەرى ساڵ بۆ سلێمانى بڵاویکردووەتەوە، راست نییە و ژمارەیەکى زۆر کەمتر لە ژمارەى راستەقینە بڵاوکراوەتەوە. گرنگ نییە ژمارەکان چەندن، گرنگ ئەو جۆرە مامەڵە میدیایەیە کە لایەنێکى پەیوەندیيدار لەگەڵ ئامارەکاندا دەیکات؛ لەپێناو درووستکردنى وێنایەکى شێواودا کە بوترێت سلێمانى دواکەوتووە و تەنانەت ئێستا خەڵک بۆ گەشتیش رووی تێناکەن. بەپێچەوانەشەوە؛ وێناکردنى هەولێر وەک گوندێک و شارێک بەبێ خزمەتگوزاريى و دووبە-یەکى نوقومبووی لافاو، لە بەشێکى میدیاى سلێمانیدا دەردەکەوێت.

پێنجەم: داخراوی پانتایی رووماڵ

بە هۆى دابەشبوونە سیاسییەکە و هەلومەرجى سیاسيى هەرێمى کوردستانەوە، میدیاى شارەکان نەیانتوانیوە لە ئاستى شار دەرباز ببن و پانتایی رووماڵیان فراوان بکەن؛ بۆ ئەوەى بگاتە تەواوی شارەکانى هەرێمى کوردستان. هەوڵەکانى سەرتاسەریيبوونى رووماڵیش تەنیا لە جوغزی وتەدا ماوەتەوە و نەبووەتە کردار. بۆ نموونە پرسە گرنگەکانى رۆژ لە سنوورى پارێزگاى دهۆک لە میدیاى سنوورى پارێزگاى دهۆکدا ئامادەییەکى ئەوتۆیان نییە. بەپێچەوانەشەوە؛ لە هەولێریش کەناڵەکان زۆر خۆیان لە قەرەى بابەت و پرسە گرنگەکانى دهۆک نادەن. بە تێپەڕینى کات، وەرگر هەستدەکات، دهۆک لە گۆشەیەکى پەراوێزخراودایە و هیچ بایەخێکى بۆ پرسەکانى ئەو پارێزگایە نییە. ئەمە بۆ کەرکووک و ناوچەکانى سنوورى ماددەى 140یش راستە. هۆکارەکەيشى نەبوونى عەقڵێکى میدیایی پرۆفیشناڵە کە بە بایەخەوە سەیرى پرسە میدیاییەکان بکات و لەسەر بنەماى پیشەیی ئەو پرسانە بخاتە کارنامەى میدیاییەوە؛ بۆ ئەوەى وەرگرى کورد لانیکەم بکاتە خاوەن تێگەیشتنێکى هاوبەش بۆ ئەو پرسانەى پەیوەستن بە چارەنووسیانەوە. هەربۆیە دەبینین، کاتێک مامۆستا یان فەرمانبەرانى سلێمانى بایکۆتى دەوامدەکەن یان داواکاریان هەیە، مامۆستا و فەرمانبەرانى دهۆک هیچ کاردانەوەیەک یان هاوسۆزيی و پشتیوانییەک دەرنابڕن؛وەکئەوەى فەرمانبەرێکى دهۆک هیچى لە فەرمانبەرێکى هەڵەبجە نەچێت.

شەشەم: وەرگێڕانى پەیامى تیرۆرى فیکرى

وەرگێڕانی هەواڵ و پەیام لە زمانی دیکەوە بۆ زمانی کوردیی و بڵاوکردنەوەی بێپەروا بۆ وەرگری کورد، جگە لە خزمەتکردنی ئەجێندای بەرهەمهێنەری پەیامەکان؛ هیچ بەهایەکی میدیایی تێدا نییە. ماوەیەک چەند کەناڵێکی کوردیی رۆژانە چەند کاتژمێرێکی پەخشیان تەرخانکردبوو بۆ وتارە زۆربڵێیەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان-ی سەرۆکی تورکیا کە لە شارە جیاجیاکانی تورکیاوە ئاڕاستەی دەکردن، بێئەوەی لە خۆیان بپرسن بۆچی دەبێت کەناڵێکی کوردیی لە هەرێمی کوردستان ببێتە جاڕچی ئەردۆغان؛ ئایا ئەو پەیامەی ئەردۆغان ئاڕاستەی رایگشتیی و وەرگری تورک و هاووڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات چ بایەخێکی میدیایی بۆ وەرگری کورد لەهەرێمی کوردستاندا هەیە کە خۆی گرفتاری دەیان کێشە و پرسی کۆتانەهاتووە. رۆژانە بەشێکی زۆری کەناڵەکان خۆیان توانای بەرهەمهێنانی هەواڵیان نییە و جگە لەو رووداوە لۆکاڵیی و گەڕەکییانەی روودەدەن، ناتوانن هیچ پرسێکی میدیایی لەسەر بنەمای ستراتیژێکی نیشتمانیی بخەنە بەرباس و ناچار بۆ پڕکردنەوەی کاتی پەخش و رووپەڕی سایت و گەرمکردنی بازاڕی سۆشیال میدیا-یان پەنا بۆ وەرگێڕانی هەواڵی تاوانە کۆمەڵایەتییەکان، هەواڵی بێبەهای وڵاتێکی دوورەدەست دەبەن و بۆ سەرلێشێوانی وەرگر-یش ناونیشانێکی فریودەرانەی بۆ دەنووسن بۆ ئەوەی کلیکی لەسەر بکرێت. جیا لەوەش، بەمەبەست بەشێک لەو پەیامانەی هەڵگری تیرۆری فیکریین دژ بە ئایین، نەتەوە، تاک، لایەن، ناوچە و پێکهاتە، وەریاندەگێڕن و دووبارە بڵاویاندەکەنەوە؛ بێئەوەی لە خۆیان بپرسن: ئایا وەرگێڕانی هەواڵێکی بیانیی بۆ سەر زمانی کوردیی کە رەنگە ببێتە مایەی درووستکردنی مەترسیی لەسەر لانیکەم ئاسایشی دەروونیی تاک و رەنگە ببێتە مایەی برەودان و بڵاوبوونەوەی زیاتری تاوان؛ چ سوودێکی هەیە؟

سەرچاوەكان:

  1. الأنصاري، عبدالصبور أحمد محمود، الإرهاب الفكري الأسباب.. الآثار..العلاج.. دراسة في ضوء القران الكريم، المجلة الدولية للدراسات الإسلامية المتخصصة، 2019.
  2. العبیدي، عبدالمطلب، م د. أمیر هشام عبدالعباس الحداد، غصون محمد، االإرهاب الفكري في النص المسرحي الاستشراقي، مجلة ميسان للدراسات الاكاديمية، 2015.
  3. مامۆستا جەعفەر (فازڵ کەریم ئەحمەد)، مێژووی بیرى کوردی، دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم، چاپى یەکەم، 2009، لە بڵاوکراوەکانى مەکتەبى بیروهۆشیارى (ی.ن.ک)، سلێمانى.
  4. خضور، أديب، الإعلام والإرهاب، مكتبة الاعلامية، دمشق، 2009.

* ئەم بۆچوونە لە “هەڵبژاردن و هەڵسەتگاندنی میدیایی” یەكەم ژمارەی گۆڤاری دەرگاوان-دا چاپ و بڵاوكراوەتەوە.

**خوێندکاری ماستەر لە بەشى راگەیاندنى کۆلیجی ئادابى زانکۆى سەلاحەددین و بەڕێوبەرى وێبسایتى رۆژنامەوانى؛ تایبەت بە هونەر و زانستى رۆژنامەوانى (www.rozhnamawany.com).

 

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟