د.شوان ئادەم ئەیڤەس
لەدۆخی ئێستای هەرێمی كوردستانی بندەستی عێراقدا، بە بەرنامە كار لەسەر بنكۆڵكردن و داتەپاندنی پایەكانی ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی دەكرێت، بەئامانجی هەرچی زیاتر بێبەهاكردنی سیستمی دیموكراسیی و شێواندندنی هەقیقەتی دەنگ و رەنگە جیاوازەكان و كەمكردنەوەی كاریگەرییان لەسەر دیاردە و دەركەوتە نەشیاوەكانی كۆمەڵگە.
لە نێوان ئازادیی دەربڕین و بەرەڵایی دەربڕییندا، تاڵە دەزووییەكی باریك هەیە كە دەزگا حزبیی و سیخوڕییەكان و بەرپرسەكانیان بە بەرنامە كار لەسەر پساندنی ئەو تاڵە دەزووە دەكەن، بەمەبەستی هەرچی زووتر تێكەڵاوكردن و یەكخستنی هەموو دەنگ و رەنگەكان لەبۆتەی “راگەیاندنی كوردی”یدا. راگەیاندنێك كە دەیانەوێت ناسنامە و گوتارێكی هاوبەشی نیشتمانیی كاركردنی نەبێت و دوای شەپۆلی گرێی دەروونیی پارەدار، هێزی چەكدار و مافیای بڕیاربەدەستان بكەوێت.
بڕیاربەدەستێك كە هیچ باكی بەتێكچوونی ئاسایش و ئاشتیی كۆمەڵایەتی، شیرازەی خێزان، پەیوەندییەكان و ژیانی تایبەتیی كەسەكان نییە، چونكە نە خۆی و نە “خێزان”ەكەیشی لە خەمی بەها مرۆییەكاندا نین. ئەو بەهایانەی كە دەبوو راگەیاندنێكی پیشەیی، “راستی” لە “درۆ” و “دادپەروەری” لە “نادادپەروەری” و “هەقیقەت” لە “وەهم” و “قوربانی” لە “جەلاد”ی جیابكردایەتەوە، نەك بەجۆرێك بیانشێوێنێت كە نەناسرێنەوە. ئەوان ئامادەن پێشوازیی و دەستگیرۆیی مادیی و مەعنەویی لە “هونەرمەند”ێك بكەن كە هەموو بەرهەم و ئاواز و گۆرانییەكی لەسەر سووككردنی نەتەوە و سوكایەتیپێكردنی نەوەكانی بێت، بەڵام ئامادەنین پشتگیریی بچووكترین پرۆژە بۆ زیندووكردنەوەی كولتور و كەلەپوری نەتەوەیی بكەن.
كولتور و كەلەپوری كوردی، رۆژانە بەدەست شۆڤێنییەتی “سینەما و دراما”ی ئامانجداری توركی، عەرەبیی و فارسییەوە بێنرخ دەكرێت و بەرپرس و دامەزراوەیەكی كولتوریی كوردییش نییە لەسەری بەدەنگ بێت و سنورێكی بۆ دابنێت. هەفتانە دەیان و سەدان زانیاریی و هەواڵ و پرۆگرامی نائیتیكیی و نایاسایی پەخش و بڵاودەكرێنەوە، بەبێئەوەی لەبەرانبەریاندا هیچ رێوشوێنێك بگیرێتەبەر و كەسێكیش لە گوڵ كاڵتری پێبوترێت. مانگانە دەیان تەلەڤزیۆن و كەناڵی جۆربەجۆری راگەیاندن دادەمەزرێن، بەبێئەوەی كەس لەسەرچاوەی داهات و ئامانج و گوتاری میدیاییان بپرسێتەوە. هەموو ئەمانەش پشتبەستوون بەبەرنامەیەكی بیرلێكراوە كە ئامانج لێی یەكخستن و نەهێشتنی جیاوازییە لەنێوان “پیشەیی” و “ناپیشەیی” كاركردنی راگەیاندن و رۆژنامەوانییدا.
هەر لەو سۆنگەیەوە و لە رونگەی هەستكردن بەبەرپرسیارێتی پیشەیی، ئێمە لە رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی “چمك” بەهاوبەشیی لەگەڵ چەند پسپۆڕ و ئەكادیمییەكی دیكەدا سەرقاڵی ئامادەكاریین بۆ گەڵاڵەكردنی “پرۆژە پێشنیازی ئەنجوومەنی نیشتمانیی راگەیاندن و رۆژنامەگەری”، بەئامانجی هەرچی زیاتر رێكخستنی چوارچێوەی یاسایی و چاودێرییكردنی پیشەیی پەیامەكانی راگەیاندن و كاركردنی پیشەی رۆژنامەگەرییە بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكانی ئەم پیشەیە و بەها نیشتمانییەكانی كوردستان. ئەم ئەنجومەنە زۆر گرنگە دوو رۆڵی سەرەكیی هەبێت: یەكەم، رێكخستنەوەی یاسایی ئەو بوارانەی راگەیاندنی كوردیی كە هێشتا چوارچێوەیەكی یاساییان نییە و دەقی یاساییان لەسەر نییە. بۆنمونە رێكخستنی راگەیاندنی پەخشكراو و ئەلكترۆنی، رێكخستنی دیجیتەڵمیدیا و خراپبەكارنەهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، پاراستنی مافی دانەر، پاراستنی مافی تایبەتمەندێتی و دەستوەردانی بێپاساوی راگەیاندن بۆ نێو ژیانی تایبەتی كەسەكان، رێكخستنی ریكلام و بازاڕسازیی بۆ شمەكی بازرگانیی و چەندین پرۆژە یاسای دیكە. دووەم، چاودێرییكردنی ناوەڕۆكی ئەو پەیامانەی لە راگەیاندنەكاندا پەخش و بڵاودەكرێنەوە، بەئامانجی هۆشیاركردنەوەی خاوەن و بەرهەمهێنەرانی راگەیاندن لەلادانی یاسایی و پیشەیی پەیامەكانیان.
هەڵبەت وێڕای پێداگریی بەردەوام لەسەر پێویستیی هەبوونی جۆرە پرۆژەیەكی لەوشێوەیە بۆ رێكخستنی ناوەڕۆكی راگەیاندنی كوردی، ترس و نیگەرانیی خۆیشمان ناشارینەوە لەوەی دواتر ناوەڕۆكی پرۆژەكە هاوشێوەی «ئەنجومەنی باڵای خانمان» و «كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان» بەلاڕێدا ببرێت و بەپێی پشكی حزبەكان، سەرۆك و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی «ئەنجومەنی نیشتمانیی راگەیاندن و رۆژنامەگەری»یش دابەش بكرێن و بكرێتە ئامرازێك بۆ زیاتر سنورداركردنی ئازادییەكانی دەربڕین و رۆژنامەوانی. لەبەرئەوەی ئەمجۆرە ئەنجومەنانە لەوڵاتانی پێشكەوتوودا، لەپێناو دوو ئامانجی سەرەكییدا دروستدەكرێن:
یەكەمیان، گەڵاڵەكردنی رستێك رێسای پیشەییە كە كۆی ئەو دەزگا راگەیاندنانەی دەبنە ئەندامی، پێوەی پابەندبن و بەهۆیەوە ببنە خاوەن گوتارێكی پیشەیی بەرپرسیار لەمامەڵەكردن لەپرسەكانی تیرۆریزم، راسیزم، سێكسیزم، هۆمۆفۆبیا، منداڵان، ژنان و دەستوەردانە نێو ژیانی تایبەتیی كەسەكان، بەتایبەت لەسەروەختی قەیران و هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا. هاوكات چاودێرییكردنی ناوەڕۆكی پەیامی راگەیاندنەكان لەرووی پێشێلكردنی رێسا پیشەییەكان و ئەنجامدانی تاوانەكانی بڵاوكردنەوەوە.
دووەم، بەرفراوانكردنی سنورەكانی ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی و مافی دەستڕاگەیشتن بەسەرچاوەكانی زانیاری، بەشێوەیەكی چوونیەك و یەكسان. بەتایبەت ئێستا و پێشتریش لەكاتی قەیرانەكان و ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا، بنەما یاساییەكان و پێوەرە پیشەییەكان زیاتر پێشێل دەكرێن، چونكە زۆرینەی راگەیاندنەكانی ئێستا لەلایەن حزبەكانەوە هاوكاریی دەكرێن و حزبەكانیش لەوكاتانەدا بۆ بەرگرییكردن لەخۆیان، زۆرجار راگەیاندن دەكەنە قوربانیی و بەخراپیی بەكاریدەهێنن.
دوابەدوای پێكهێنانی پەرلەمان و كابینەی نوێی حكومەت، ئەركی هەنوكەیی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییە كە سنورێك بۆ نابەرپرسیاریی راگەیاندنی كوردیی و ناپیشەییبوونی راگەیاندنكار و پەیامەكانیان دابنێن. بەجۆرێك رێگربن لەوەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان لەوە زیاتر ببنە قوربانیی نەشارەزایی و پلانی ئامانجداری ئایدۆلۆژیی و شۆڤینیی ناوخۆیی و دەرەكیی چەكی دووسەرەی هێزێكی نەرمی وەك راگەیاندن بۆ زیاتر سنورداركردنی ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەوانیی لەرێی بازاڕسازیی بۆ بەرەڵایی دەربڕین و شێواندنی رەخنە و جێگرتنەوەی بەجنێو و تۆمەت و ناوزڕاندن.
دەرگاوان؛ گۆشەیەکی رەخنەیی تایبەت بە راگەیاندن و رۆژنامەوانییە، د.شوان ئادەم ئەیڤەس ھەفتانە لەماڵپەر و تۆڕی كۆمەلایەتیی چمک دەینووسێت.