د.شوان ئادەم ئەیڤەس
لەرۆژگارێکدا كە ھەموو لۆژیک و تەکنیکێکی بەکارھێنان و بەرھەمھێنانی میدیایی لەگۆڕان و نوێبوونەوەدایە، جێی سەرسوڕمانە ھێشتا ستراتیژی حوکمڕانیی و ئیدارەدانی قەیرانی ئازادیی دەربڕین و هەڵبژاردن لەھەرێمی کوردستاندا؛ لەپاشەکشێییەكی بەردەوام و ھێنانەوەی پاساوی نالۆژیکییدا «یەكەمی بێ رکابەرە»!
لەرووی مێژووییەوە و لەسەردەمی دەستەڵاتدارێتیی كەنیسەی مەسیحییدا، سانسۆر و پیادەكردنی شێوەیەكی ئاشكراتری وەرگرت و پاپا گریگۆری نۆیەم لەساڵی 1252دا، رژێمی پشكنین-ی دامەزراند و كەنیسەی لەگەڕان و پشكنینی شوێنە تایبەتییەكانی هاووڵاتیاندا بەجۆرێك سەرپشككرد كە پشكنەران فراوانترین دەستەڵاتیان هەبێت (مكاوی، 1994). لەسەدەكانی ناوەڕاستیشدا شێوەیەكی تازەی سانسۆر بەدەركەوت كە بەسانسۆری پێشوەخت نێودەبرا؛ نووسەر بەر لە چاپكردنی بەرهەمەكەی دەستنووسەکەی پیشانی دەستەڵاتداران دەدا تا رێگەی بڵاوبوونەوەی بدەن. دوابەدوای هاتنی چاپخانە و گەشەكردنی شەپۆلی چاپەمەنی، دەستەڵاتداران دەستیان بە سانسۆری رێكخراو و فەرميی كرد. لەسەردەمی عوسمانییەكاندا، وەزارەتی مەعاریف و ناوخۆ «مەكتوبچی»یان بۆ چاودێرییكردنی چاپكراوەكان دانا، ئەگەر كەسێك هەواڵێكی بنووسیایەو بەدڵی «مەكتوبچی» نەبووایە لەسزای ئەو هەواڵەدا فەلاقەیان دەكرد. لەو سەردەمەشدا، وڵاتانی ئەوروپایی بەدەوڵەتی عوسمانی-یان دەوت پیاوە نەخۆشەكە، جا بۆئەوەی ئەوە بەدرۆ بخەنەوە ئەبوو رۆژنامەكان باسی سوڵتانو دام و دەزگاكانی بەچاكە بكەن و باسی كەموكوڕیی نەكەن و رەخنە نەگرن (ئەمین، 2001).
چەمكی سانسۆر وەكئەوەی یاسا نێودەوڵەتییەكان بڕیاریان لەسەر داوە؛ بەبارێكدا یاسا و مومارەسەكردنە حكومییەكان و بەبارێكی دیكەشدا مافەكانی رۆژنامەوان و رۆژنامەوانیی دەگرێتەوە (ئەحمەد، 1978). سانسۆركردن و سەپاندنی؛ مێژوویەكی دێرینی هەیە و فەیلەسوفان و سیاسەتمەداران لەگۆشەنیگای جیاجیاوە خوێندنەوەیان بۆكردووە. هەندێكیان داكۆكیان لێكردووە و هەندێكی دیكەشیان لەدژی وەستاونەتەوە.
ئەوانەی پشتگیریی دانانی سانسۆر دەكەن، دەچنەوە سەر فەلسەفەی ئەفلاتون و سانت ئۆگستین و میكاڤیلی كە پێیانوایە هەركەسێك توانای ناسینەوەی خراپەی هەبێت، دەبێت دەستەڵاتی ئەوەشی بدرێتێ، رێگە لە بڵاوبوونەوەی بگرێت. ئەوانەیشی لەدژی دانانی سانسۆرن، سەر بەفەلسەفەی ئەرستۆ و جۆن دیوی و ئەو فەلسەفە سیاسیانەی دیكەن كە بڕوایانوایە مرۆڤ بە ئازاد دانانرێت؛ ئەگەر مومارەسەی ئازادیی دەربڕین و هەڵبژاردن نەكات. تاكە لێکدانەوەی بەپێزییش كە ئازادیی دەربڕین بكاتە باڵاترین بەهای كۆمەڵایەتی؛ حكومڕانییكردنی خەڵكییە بەشێوەیەكی دیموكراسی (ئەیڤەس، 2006). بەدەر لەم روانینانە دیدێكی دیكە هەیە پێیوایە، سانسۆر بەسەر رۆژنامەوانیی ئازاد و سەربەخۆدا پێڕەو دەكرێت نەك حكومی. می دورنیرت؛سەرۆكی پێشووی لیژنەی راوێژكاریی ئازادیی بڵاوكردنەوە لەرێكخراوی یونسكۆ وایدەبینێت رۆژنامەوانیی حكومیی ئاتاجی سانسۆر نەبێت، بەو پێیەی لە بنەڕەتدا ئامرازێكی حكومییە و هەمان رێڕەوی حكومەت دەگرێت و هاوكاریی رۆژنامەوانیی سەربەخۆ ناكات، بەڵكو سیاسەتەكانی حكومەت دەگوێزێتەوە و جێبەجێیان دەكات (حەسەن، 1999).
لەو نێوەندەشدا، سانسۆر (censorship) بەدزێوترین وشەی نێو وشەدانی وڵاتانی دیموكراسیی دادەنرێت، چونكە لەگەڵ ئەوەدا كە ئازادیی نابێت رەهابێت، سانسۆریش لە كۆمەڵگە هاوچەرخەكاندا نابێت بەرەهایی بمێنێتەوە. ئازادیی رەها لەهیچ شوێنێكدا نەبووە و لەم سەردەمە شوشەییەی ئەمڕۆشدا كە نهێنی مانەوەی زانیارییەكانی كەمكردووەتەوە، هێز و نەتەوە و دەوڵەتێكی ئەوتۆ پەیدا ناببێت، بانگەشە بۆ هەقیقەتی رەها و ئازادیی رەها بكات. بەدەر لەوەش لە شەقامی دیموكراسییدا گڵۆپی سوور هەیە، بەڵام ئەم گڵۆپە سوورانە جیاوازن و زۆرتر بۆ رێكخستن و بەرچاوڕوونییە، تاوەكو بەهۆیەوە جۆرە رێككەوتن و پەیمانێكی نەنوسراو یاخود هەندێجار بەڵێننامەیەكی نووسراویش لەنێوان دەستەڵات و رۆژنامەوانییدا بێتەئارا؛ تاوەكو ئازادیی دەربڕین و لێپرسراوێتی رۆژنامەوانیی گرێدراوی یەكتری بن و لە رۆژنامەوانیی رووزەرد بەدووربن و ئیمكانی جیاكردنەوەی نێوانیان هەبێت.
لەو سۆنگەیەوەو بەپێی فەرمانی ژمارە 3077ی وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەرۆژی 24ی ئەیلولی 2020ەوەو پاڵپشت بەرێنمایی ژمارە 06ی ساڵی 1999 كە لەبەر رۆشنایی یاسای چاپەمەنیی ژمارە 10ی ساڵی 1993 دەرچووە؛ پێدانی ژمارەی سپاردن بۆ چاپكردنی كتێب «بەشێوەیەكی مەركەزی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كتێبخانە گشتییەكانەوە دەدرێت.» ئەوەش لەپێناو ئەو ئامانجەدایە كە «رەچاوی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و نەتەوەیی و پاراستنی بەها پیرۆزەكان بكرێت و شیرازەی كۆمەڵایەتی و پاراستنی بەها و هێما پیرۆزەكان تێك نەدات.»
ھەروەك چاوەڕوان دەكرا، لەدوای ئەو فەرمانەوە ژمارەیەك نووسەری بەرهەمداری چالاك كەوتنە دژایەتییكردنی و تاكلایانانە بڕیاریاندا؛ لەمەودوا بەرهەمەكانیان بەبێ وەرگرتنی ژمارەی سپاردن چاپ بكەن. خۆئەگەر رێگریشیان لێكرا، ئەوا لەرێی خزمەتگوزارییە بێسانسۆرەكانی ئینتەرنێت و بەشێوەی ئاسانهەڵگرتنی بەڵگەنامەكان (The Portable Document Format-PDF) بەرهەمەكانیان بڵاوبكەنەوە. لەبەرامبەریشیدا، زۆر نەبوون ئەوانەی پشتگیریی پاساوەكانی پشت دەرچوونی فەرمانەكەیان دەكرد. بەتایبەت كاتێك لەلایەن هەمان وەزارەتەوە بە روونكردنەوەیەك دڵنیاكرانەوە كە «هیچ نێتێكی خراپی بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادیی بیروڕا لەپشتەوە نییە. … ئەم فەرمانە بۆ رێكخستنەوەی پێدانی ژمارەی سپاردنە، بەجۆرێك رێگە لەبڵاوكردنەوەی ئەو كتێبانە بگرێ كە زمانی كوردی دەشێوێنن، داڕشتن و رێزمانی كوردیو خاڵبەندی لەبەرچاو ناگرن. هەروەها بۆ ئەوەی كتێبەكان مافی خەڵكی دیكە پێشێل نەكەنو سنورێك بۆ جنێودان و ناوزڕاندن دابنرێت.»
لەپاڵ هەموو ئەوانەدا، باشترین چارەسەری ھەنوکەیی سەرپێخستنی ئاڕاستەیەکی ھاوچەرخی میانگیریی میانڕەوە كە هەم لەهەوڵی بەدیهێنانی مەبەستی راگەیاندراوی فەرمانە وەزارییەكەدا بێت، هەم ئاگاداری دوایین گۆڕانكارییە لۆژیكیی و تەكنیكییەكانی سەروەختی دیجیتاڵیی بەرهەمهێنان و بڵاوكردنەوەی كتێب و ژانرە میدیاییەكانی دیكە بێت. واتە ناكرێت فەرمان بۆ سانسۆركردنی ناوزڕاندن بەئۆفلاین دەربكرێت و لەولاشەوە جنێودان و تۆمەتخستنەپاڵ وەك دوو بنەمای سەرەکیی تاوانی ناوزڕاندن بەئۆنلاین؛ ئازادانە بووترێن و بنووسرێن و هیچ پرۆژە و پلان و پرۆگرامێكی دیراسەتكراوی نیشتمانیی بۆ رێگرییكردن لێیان نەبێت. ناكرێت ژمارەی سپاردن بدرێت بە كتێبێك كە سەرتاپای لاپەڕەكانی سوکایەتییکردن بێت بە بەھا و کولتور و کەلەپوری کوردیی و لەبری نووسەرەكەی؛ خانەی چاپ و بڵاوكردنەوەی ناوخۆیی و دەرەكیی بەرپرسیار نەكرێن و هیچ رێنمایی و بڕیار و فەرمانێكی توند و یەكلاكەرەوەیان بۆ دەرنەكرێت. ناكرێت بەبودجە و مووچەی حكومەتی كوردیی کتێبی دژە كوردیی نازانستیی پڕ لەبوغز و كینەی كەسیی بۆ شێواندنی رەگ و رەچەڵەکی نەتەوەیی كوردستانیان چاپ و بڵاوبكرێتەوە. ناكرێت بەبێ هیچ دەرگاوانێك دەیان و سەدان سەرچاوەی پڕ لەخورافات و تێزی تیرۆر و توندڕەویی لەرێی پێشەنگا ساڵانەییەكانی كتێبەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان بكرێن و «لەگوڵ كاڵتر» بە هاوردەكار و دابەشكار و بازرگانانی كتێب نەوترێت!
ئازادیی دەربڕین و هەڵبژاردن شتێكە و بەرەڵایی دەربڕین و هەڵاوێردكردنی راستییەكان شتێكی دیكەیە. ئەم پرسە ھەستیارە یان دەبێت بە بەرزكردنەوەی هۆشیاریی تاكەكەسیی پێشوەخت یان بەهێزی یاسا و سانسۆری پاشوەخت رێكبخرێنەوە. وەزارەتی رۆشنیریی و لاوان، بەر لەرێكخستنەوەی ژمارەی سپاردنی كتێب، باشتر و پێویستتر بوو پەیامی میدیایی ئەو كەناڵانە رێكبخاتەوە كە بوونەتە هۆی برەودان بەزمانی بازاڕیی و شێواندنی رێنووسی كوردی. ئەوانەی نەک ھەر بەتەنیا داڕشتن و رێزمان و خاڵبەندی لەبەرچاوناگرن، بەڵكو ئاسایشی كولتوریی و كۆمەڵایەتییش دەبەزێنن. لەرێی دراما و فلمی هاوردەكراوەوە، بەرهەمی خۆماڵیی بێبەها و مافی خەڵكانی دیكەش پێشێل دەكەنو هیچ سنورێك بۆ جنێودان و تۆمەتخستنەپاڵ و ناوزڕاندنی هاووڵاتی ئاسایی و كەسایەتییە گشتییەكانی كۆمەڵگەش دانانێن. هەڵبەتە هەبوونی تێڕوانینی یاسایی بۆ میدیا و بەهەندوەرنەگرتنی سروشتی كاركردنی هزریی نووسەران و میدیاوانان لەلایەك و راڤەی رۆژانەی میدیایی بۆ دەقی وشك و بێگیانی بڕگە و بەندی یاسایی وایكردووە نە دیاردە و دەركەوتە نادروستەكان راستبكرێنەوە، نەئەوەشە لەچوارچێوەیەكی نیشتمانیی و دیموكراسییدا رێكبخرێنەوە. ئەو دۆخە شێواوەش، ئەوەندەی بەدگومانیی و موزایەداتی لابەلای بەرهەمهێناوە؛ نیوهێندە گومانكردنی وردی لەناوەڕۆكی یاسا و فەرمان و بڕیارەكان بەرهەمنەهێناوەو نەبووەتەهۆی گەشەسەندنێكی بەرنامەداری ماف و ئازادییەكانی دەربڕین و هەڵبژاردنی كەسەكان!