جەمیل عەلی
ساڵی ١٩٩١ بڵاوبوونەوەی ئامێری وەرگر (ڕیسیڤەر- کە لای خۆمان پێی دەوترا سەتەلایت) بۆ پەخشی کەناڵە ئاسمانییە جیهانییەکان گۆڕانکارییەکی گەورەبوو لە ژیانی هاووڵاتییانی دانیشتووی شارەکانی هەولێر وسلێمانی ودهۆكدا پاش دەیان ساڵ لە بوونی میدیای بینراو وبیستراو وچاپکراوی کۆنترۆڵکراو لەسەردەمی باڵادەستیی ڕژێمی لەناوچووی بەعسدا (١٩٦٨-١٩٩١) بەسەر ئەو سێ پارێزگایەوە کە لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستاندان.
بایەخی ئەو گۆڕانکارییە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە لەڕێی ئەو ئامێرە تازەیەوە بینەرانی ئەو پارێزگایانە لە پاش نەمانی پەخشی هەردوو کەناڵی فەرمیی دەوڵەتەوە کە کەناڵی یەکی بەغداد وکەناڵی کەرکوك بوو، بوونە خاوەنی دەیان کەناڵی ئاسمانیی کە لە شار وپایتەختی وڵاتانی جیهانەوە بەرنامەکانیان پەخش دەکرا و بە گروپ لەسەر فرێکوێنسیگەلی جیاوازی چەندین مانگی دەستکردەوە وەردەگیران لەوانە نایل سات وعەرەب سات کە لەیادم ماون.
لەمەوە ئەو سەتەلایتە بووە پێویستییەکی گرنگی ناوماڵ وچایخانەکانیش وبوونی یەکێك لەو ئامێرانە کە تەنها ئەوکات بە سیستمی (ئەنەلۆگ) پەخشی دەکرد ودواتر گۆڕدرا بۆ دیجیتاڵ بووە خاڵی جیاکەرەوە لەو ماڵ وچایخانانەی کە تەنها کەناڵە ناوخۆییەکانی دوای ڕاپەڕینیان هەبوو چونکە ئەوانەی یەکەم بژاردەی زیاتریان تێدابوو بۆ هاووڵاتییان بۆ تەماشاکردنی ئەو بەرنامە وفیلم ودراما وگۆرانییانەی لە سایەی ئەو ئازادییە ڕەها بێ سانسۆر وسنوورەدا لە کەناڵەکانی سەتەلایتەوە پەخشدەکران و ساڵەهای ساڵ گەلانی عێراق بە کورد وعەرەب و تورکمان و پێکهاتەکانی ترەوە لێیان بێ بەش بوون تا ساڵی ٩١ لە هەرێم و ٢٠٠٣ لە سەرتاسەری عێراقدا.
فیلمەکانی سەر کاسێت
بەگەڕانەوە بۆ سەرەتای پەیدابوونی کەناڵەکانی ناوخۆ لەوانە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان (ئەیلول ٩١)، دەکرێت ئاماژە بکەین بۆ بایەخی کاسێتی ڤی ئێچ ئێس (ڤیدیۆ هۆم سیستم) هەم بۆ ئەو خێزانانەی ڤیدیۆیان هەبوو، هەم بۆ کەناڵە ناوخۆییەکانیش کە لەسەرەتاوە وبەهۆی بەردەست نەبوونی سەتەلایت وگرانیی نرخەکەی لەسەرەتادا کە هاوردەکران ( لە نێوان ٢٥ بۆ ٣٠ هەزار دیناری عێراقیی – کە بە چاپی سویسریی ناودەبرا)، پەنایان دەبردە بەر ئەو کاسێتانە بۆ نمایشکردنی فلمەکانیان لە کات و سات و جیاوازی پەخشی ڕۆژانە و شەوانەیان لە یاد و بۆنە جیاوازەکاندا لەوانە لە دایكبوونی مەسیح (کریسمس – ٢٥/١٢) و سەری ساڵی نوێی زایینیی و نەورۆز ( ٢١/٣ – ساڵی نوێی کوردیی) و پشووی هاوین و هەردوو جەژنی ڕەمەزان و قوربان. هەروەها بۆ ئاشناکردنی بینەرانیش بە فیلمەکانی دەرهێنەری گەورەی کورد یەلماز گونای کە خۆم فیلمی (ڕێگا-یۆڵ – ١٩٨٢ – براوەی سێ خەڵاتی کان لەوانە چڵە خورمای ئاڵتونیی)م لە تەلەفزیۆنەوە بینیوە. ئەوەی لێرەدا جێی سەرنجە، لە سایەی هاتنەکایەی یوتیوب وگوگڵدا ئێستا بۆم دەرکەوتووە کە جۆرێك لە نەزانین هەبووە لە وەرگێڕانی ناونیشانی هەندێك لەو فیلمانەی بە کاسێت لە ئەوروپاوە دەههێنرانەوە بۆ نموونە من لە یادمە یەکێك لەو فیلمە تەلەفزیۆنییە ئەمریکییانەی لەسەرەتای دامەزراندنی گەلی کوردستاندا پەخشکرا ودەربارەی هۆلۆکۆست (قڕکردنی جوو) بوو ناوی (ئۆردوگای نازییەکان)ی بۆ دانرابوو لە ناونیشانەکاندا لە کاتێکدا پاش گەڕانێکی زۆر بە یوتیوبدا وسەرەنجام دۆزینەوەی دەرکەوت کە ناوی (ئیسکەیپ فرۆم سابیبۆر – هەڵهاتن لە سابیبۆر)ە نەك (ناتسیس کامپ – ئۆردوگای نازییەکان). لەوەش سەیرتر لە کەناڵی ناوخۆییدا بینیومە ناوی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی فیلمەکە وەك تایتڵی فیلم دانراوە لە کاتی ناوبڕ بۆ ڕیکلامە بازرگانییەکان. لە کەناڵە تازەکانی ئێستاشدا بینیومە ڕیزبەندیی ئینگلیزیی ئێستا (now) – پاش ئەمە ( ( next– دواتر ( (Later بەهەڵە دانرابوو بەوەی لەیتەری خستبووە پێش نێکستەوە.ئەمە جگە لەوەی چەندین جار ڕێکەوتووە کە دوو کەناڵ یان زیاتر لە کۆتایی بەرنامەکانیاندا هەمان فیلمیان پەخشکردووە کە ئەمەش گەواهی بێ ئاگاییە لە نێوان کەناڵەکاندا (کە تا ئێستاش ماوە) بۆ دانانی کات و فیلمی هەڵبژێردراو بۆ پەخشکردن وەك دوا بابەتی ئەو کەناڵانە. لێرەدا دەتوانین ئاماژە بکەین بۆ گرنگیی ئەو کاسێتانە لە بواری وەرگێڕان وژێرنووسکردنی فیلمە جیهانییەکاندا کە هەوڵێکی گرنگ بوو بۆ نیشاندانی جیاوازیی و ڕاکێشانی بینەر بۆ لای ئەو کەناڵانەی فیلمگەلێکیان نمایشدەکرد کە تا ئەو ساتە وەختە لە کەناڵەکانی سەتەلایتەوە بەردەست نەبوون بۆ نموونە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان و تەلەفزیۆنی خاك چەندین فیلمی جیهانییان بە وەرگێڕان و ژێرنووسی کوردییەوە پەخشکرد دیارترینیان هەر سێ بەشی (باوكسالار) لە خاك تی ڤی و (ئەفسانەکانی پاییز) لە گەلی کوردستان بوو.
سەتەلایت، توێشووی کەناڵەکانی ناوخۆ
وەك زۆرێك لە خێزانەکانی ئەم هەرێمە، زۆر جار ماڵی ئێمە دوادەکەوت لە خێزانەکانی تر لە کڕینی ئامێرە تازەکاندا وەك تەلەفزیۆنی ڕەنگاوڕەنگ (ملون) کە ساڵی ١٩٨٥ کڕیمان وڤیدیۆ کە تەنها بۆ ماوەیەکی زۆر کەم لە ٩١ دا پێی شادبووم وسەتەلایت کە لام وایە پێش ساڵی ٢٠٠٠ بووین بە خاوەنی. کڕینی ئەم ئامێرە گرنگەی پەخشی تەلەفزیۆنیی دەرفەتی ڕەخساند بۆ تەماشاکردنی دەیان کەناڵی فریی واتە بەبێ کڕینی کارتی پەخشی خۆڕایی بۆ پەخشی فیلمە جیهانییەکان وەك ئارەزوویەکی هەمیشەیی لە منداڵیمەوە تا ئەم ساتە لەگەڵ کەناڵە هەواڵییەکان- خەبەرییەکان وەکو سی ئێن ئێن و بی بی سی بە ئینگلیزیی وجزیرە وئەبوزەبیی بە عەرەبیی بەهۆی سروشتی کارەکەمەوە وەك هەواڵساز لە تەلەفزیۆنی خاك (تشرینی دووەم ٩٨ – نیسان ٢٠٠٠) وکەناڵەکانی بواری ئینتەرتەینمینت لەسەروو هەموویانەوە ئێم بی سی کە لە ساڵی ١٩٩١ دا لە لەندەن کەوتە پەخشکردنی بەرنامەکانی کە پێکهاتەیەك بوو لە هەواڵ وکلیپ ودراما وبەرنامەی هەمە چەشن کە لە ئاستێکی بەرزدا بوون لە ژانرەکانی سیاسەت ووەرزش وزانیاریی گشتیی وهتد کە کەم تا زۆر بەگوێرەی بوونی کات ودەرفەت بینەریان بووم و بۆ من وەك قەرەبووکردنەوەی نەمانی دوو کەناڵە فەرمییەکە وابوو بەو جیاوازییەوە کە بۆ من تەلەفزیۆنی کەرکوك وێستگەیەی پڕ بایەخ و گرنگ بوو لە ڕووی شوناس وکلتور و فەرهەنگ وهونەر وموزیك وگۆرانی کوردییەوە. لە ڕاستییدا گەر سەتەلایەت بۆ ماڵ وشوێنە گشتییەکان گرنگ بوو بێت، بۆ کەناڵە ناوخۆییەکان تا بڵێی (سوپەر) گرنگ بوو لەبەر ئەوەی ئەو کات، وەك چۆن تا ئەم ساتە وەختەش هەر وایە، کەناڵە ناوخۆییەکان لە هەرێمی کوردستاندا کەم تا زۆر وابەستەی کەناڵە جیهانییە خۆڕاییەکان و ئەوانەشن/ بوون کە بە پارەن بۆ تۆمارکردنی فیلم و دراما وبەرنامە پەخشکراوەکانیان ودواتر نماییشکردنەوەی دراما وفیلمەکان بەبێ دۆبکردن و بە ژێرنووس ( سەبتایتڵ) ەکانیانەوە کە زۆر جار عەرەبیی وهەندێك جار عبریی (هیبروو) و جار جارێکیش فەڕەنسیی بوون. هەرچی بەرنامەکانی تریشن وەك بەرنامەکانی تایبەت بە فیلمسازیی ودیدارەکانی بوارەکانی هونەر ووەرزش و سیاسەت وبەرهەمەکانی کامێرای شاراوە وکۆمیدیا وهتد، دەکرانە کەرەستە وپێکهاتەی سەرەکیی بەرنامەی هاوشێوەکانیان لە کەناڵەکانی ناوخۆدا بە ناوی جیاوازەوە وەك ساتێك بۆ پێکەنین وهونەری حەوتەم وسکرین دە وهی تر.
کۆتایی؛ ناوازەبوون لە جیاوازییدایە
لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم بەلای منەوە ئەو کەناڵە ناوخۆییەی نەوەدەکان وهەوڵەکانیان بۆ وەرگیڕان و ژێرنووسکردنی بەرنامە و فیلمە جیهانییەکان سەرەتایەك بوون بۆ پەیدابوونی ئەو ژمارە زۆرە لەو کەناڵانەی نەوەی تازە کە تایبەتن بە فیلم و زنجیرە درامای بیانیی ژێرنووسکراو کە پێویستیان بە کاسێتی ڤی ئێچ ئێس و سەتەلایت نییە ونابێت لە سایەی شۆڕشی تەکنەلۆژیای زانیاریی وداهێنانەکانی ئامرازەکانی تۆمارکردن و پەخشی میدیایی ژمارەیی و پلاتفۆرمەکان لە سەروویانەوە نێتفلێکس. پەیامەکەش ئەوەیە کە باش وایە ئەم کەناڵانە لەم سەردەمە نوێیەی پەخشی میدیاییدا هەوڵی ناوازەبوون و خۆجیاکردنەوە بدەن بە پێشکەشکردنی شاکارەکانی هونەری حەوتەم لە کۆن ونوێدا بەتایبەت ئەوانەی باشترین فیلمەکانی ساڵ بوون یان پاڵێوراو (نۆمینیی) / براوە (وینەر) ی خەڵات بوون لەسەروویانەوە خەڵاتەکانی ئۆسکار بەتایبەت بۆ باشترین فیلم ودەرهێنان ونواندن وسیناریۆ بۆ نموونە (سیتزن کەین – ١٩٤١ – نۆمینەیشن ٨ – بردنەوە ١ بۆ باشترین سیناریۆ) و (کاسابلانکا- ١٩٤٢- نۆمینەیشن ٨ – بردنەوە ٣ بۆ باشترین فیلم و دەرهێنان و سیناریۆ) و دەیان و سەدان فیلمی تر کە ئێمە تەنها ناوەکانیانمان بیستووە و دەرفەت نەبووە خۆمان تەماشایان بکەین یان لە کەناڵە تەلەفزیۆنیی و سینەماکانمانەوە بیانبینین.