قەرزاریی؛ دەرگاوان رادەگرێت

چمک، ھەرێمی کوردستان: بەھۆی دواکەوتن و «پەشیمانبوونەوە» لە بەڵێنی خەرجکردنی تێچووی دەرگاوان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا؛ گۆڤارەکە دەکەوێتە ژێر باری قەرزی چاپخانە و ئەوەیش دەبێت بە ھۆکاری سەرەکیی راگرتنی ئامادەکارییەکان بۆ چاپکردنی چوارەم ژمارەی لە وەرزی پاییزی 2022دا.
د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ سەرنووسەری گۆڤاری دەرگاوان لە لێدوانێکییدا ئاشکراییکرد کە ئەگەرچی بەڵێنی سپۆنسەرکردنی ھەردوو ژمارەی سێ و چواری گۆڤارەکە و رێکخستنی خوولی دووەمی کۆڕبەندی نیشتمانیی چمک بۆ ریفۆرمی میدیایی لەلایەن «دۆستان و خەمخۆران»ەوە وەرگیرابوو، بەڵام لە رۆژی پێنجشەممە (20ی تەمووزی 2022)ەوەوە کە چاپخانە دوایین ژمارەی وەرزی ھاوینی گۆڤارەکەی چاپکردووەتا ئەمڕۆ خەرجییەکانی دیزاین و چاپکردنی خەرجنەکراون و ئەوەیش وایکردووە، «ئێستە قەرزاری چاپخانەین و ناتوانین لەکاتی دیارییکراوی خۆی (21ی تشرینی یەکەمی 2022)دا ژمارەی نوێی گۆڤارەکەمان چاپبکەین، مەگەر ئەوەی کەس و لایەنێکی خاوەن بەڵێن پێشوەختە پشتگیریی مانەوەو بەردەوامیی دەرگاوان بکات.»
لەبارەی رێگرییەکانی دیکەی بەردەم بەردەوامیی گۆڤارەکەوە؛ سەرنووسەری دەرگاوان دووپاتییکردەوە کە ئەگەرچیی لێرەولەوێ رێگریی یاسایی و کەسیی زۆر درووستکران و دەکرێن، بەڵام ھەر پرۆژەیەکی میدیاییش پێویستیی بە سەرچاوەی دارایی و مرۆیی ھەیە، «ئێمە لەئامادەکردنی سێ ژمارەی پێشوودا خۆبەخشانە کارمان کرد، نە خۆمان و نە ھاوکارانمان ھیچ مووچە و پاداشتێکمان وەرنەگرتووە، بۆ دوو ژمارەی سەرەتا بەسووپاسەوە خەمخۆران و دۆستانی چاپخانەی حەمدی؛ ئەرکی لەچاپدانیانی گرتەئەستۆ، بەڵام بەداخەوە بەھۆی ژمارەی سێییەمەوە کە چاپخانەیەکی دیکە چاپییکرد، ئێستە زیاد لە چوار ملیۆن دینار قەرزاریین و دەبێت لە گیرفانی خۆمان و بە قیست بۆیان خەرجبکەینەوە کە ئەوەیش بارگرانیی و رێگرییەکی گەورەیە و رەنگە نەتوانین بەوشێوەیە بەردەوامبین.»
دەرگاوان؛ یەکەمین گۆڤاری وەرزیی تایبەتمەندە بە پەروەردەی میدیایی کە لە 21ی کانوونی دووەمی 2022دا، یەکەم ژمارەی وەرزی زستانی چاپ و بڵاوکرایەوە. تائێستا سێ ژمارەی لێدەرچووە؛ رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) خاوەن ئیمتیاز و د.شوان ئادەم ئەیڤەس سەرنووسەرێتی.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟