میدیای سیاسی

چرۆ شه‌هاب

زۆرێك لە توێژەرەكان هەوڵیان داوە لە ڕێگەی توێژینەوەكانیان دەری بخەن كە ژیانی سیاسی لەڕێگەی هۆیەكانی پەیوەندیەوە وەك كاری میدیایی بوەتە كاراكتەرێكی پەیوەندیكردن و شادەماری سیاسەت، كەواتە بەكارهێنانی میدیا لە سیاسەتدا گرنگی تەواوی هەیە و دەتوانێت ببێتە یەكێك لە ئەركە سەرەكیەكانی سیستمی سیاسی و سیاسەتی دەرەوە.

لە زۆر توێژینەوەدا ئاماژە بەوەدەدرێت كە بڕیارە گرنگەكان لەسەر بنەمای زانیاری نوێ دادەڕێژرێت، كە ئەویش لەڕێگەی وەرگرتنی ڕا و بۆچونەكان لە كەناڵە میدیاییەكانەوە، بێگومان ئەو میدیایە بە هێز و وورد لەگەڵ كۆی بابەتەكان پێویستە مامەڵە بكات بەتایبەت لەڕوی كۆمەڵایەتی و ئابوریەوە،چونكە دوو بوارن كە كاریگەریان لەسەر كۆی جومگەكانی ژیان هەیە. ئەگەر میدیای سیاسی توانی بەبێ لابردن و مۆنتاژكردنی ناتەندروست زانیاریەكان بگەیەنێت ئەوكاتە دەستەڵاتی سیاسی دەتوانێت لەڕێگەی ئەو جۆرە فیدباگانەوە دەتوانرێت ترپەی جەماوەر و ڕاو بۆچون و هەڵوێستەكانیان بگاتە دەستەڵاتی سیاسی و لەبەرامبەریشدا دەستەڵات دەتوانێت بە وردی بۆچونەكانی بگەیەنێت هاونیشتمانیانی و لێرەدا دەبینین پردێكی پەیوەندی تەندروست لە ڕێگەی میدیای سیاسیەوە دروست بووە كە ئامانج لێی بەردەوامی و بەدەست هێنانی متمانەیە.
ئەگەر وردتر بڕوانین دەبینین سیستمی سیاسی،میدیا بەگشتی بەكاردەهێنێت لەپێناو ئەم ئامانجانە:

یەكەم: ڕۆشنبیركردنی سیاسی
لێرەدا سیستمی حوكمڕانی بەتایبەت ئەوانەی دەكەونە ژێر دەستەڵاتی ناوەندی واتە حوكمی تاك یاخود حكومەتی یەك حزب، میدیا بەشێوەیەكی چڕ بەكاردەهێنن لە پێناو پێگەیاندنی جەماوەرێكی نیشتمانی بە ئامانجی دروستكردنی هۆشیاری سیاسی لەبارەی دۆزێكی دیاریكراوەوە، كە لەوانەیە دۆزێكی ئابوری یان فیكری یان باوەڕێكی سیاسی یاخود چاكسازیەكی سیاسی بێت.

دووەم: كاریگەری خستنەسەر ئاڕاستەكانی ڕای گشتی
لەم خاڵەدا سیستمی دەستەڵات هەوڵ دەدات میدیا بەكاربهێنێت لەپێناو ئاراستەكردنی ڕای گشتی و پشتیوانیكردنی هەڵوێستە سیاسیەكانی لەگەڵ بەرنامە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكانی. پێویستە هەر دەستەڵاتێك لەپێناو مانەوەی بەشێوەیەكی تەندروست لەسەر ساحەی سیاسی كار لەسەر ئەوەبكات كە پەیوەندیەكانی قیادەو قاعدە لێك نزیك بكاتەوە و لەهەوڵی كەمكردنەوەی ئەو بۆشاییەدابێت كە دروست دەبێت یاخود دروست بووە لە نێوانیاندا.

سێیەم: بەبازاڕكردنی سیاسەت
هەوڵدەدرێت بیر وبۆچونەكان نمایش بكرێن لەگەڵ هەڵویست و كاردانەوەی جەماوەرەكەی لە ڕێگەی میدیاوە ئیتر ئەو جەماوەرە جەماوەرێكی تایبەت یان مەبەستدار یاخود گشتییە، كەواتە سیاسیەكان دەتوانن بەشێوازێكی كاریگەر بۆچون و بیرۆكەو سیاسەتەكانیان بەبازاڕبكەن و موشتەری بۆ دروست بكەن،دەبێت ئەوەمان لەبیرنەچێت كە توانای سیاسیەكان لە بەبازاڕكردنی سیاسەتەكەیان ڕۆڵێكی گەورەدەبینێت. بە بازاڕكردنی سیاسەت و تەرویج كردن بۆی زۆرترین كات بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەكان ئەنجام دەدرێن وەك بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی و ئەنجومەنەكانی شارەوانی و پارێزگاكان. لە گرنگی ئەم خاڵەوە بەردەوام ئەو پارت و لایەن و كەسانەی خۆیان كاندید دەكەن پەنادەبەنە بەر دامەزراوەكانی پەیوەندیە گشتییەكان بە مەبەستی دانانی بەرنامە هەڵبژاردنەكانیان.

زۆرینەی توێژینەوە هاوچەرخەكانی بواری میدیای سیاسی دەریان خستووە كە میدیا هێزێكی كاریگەرە لەناو كۆمەڵگە و دەتوانێت ڕۆڵی سیاسی ببینێت لەڕێگەی مێسجە میدیاییەكانیەوەو دەتوانێت لە هەمان كاتیشدا ڕۆڵی هەبێت لە دروستكردنی بڕیاری سیاسی ، كە دابەش دەبێت بۆ دوو بەش: یەكەمیان، میدیا دەتوانێت كاریگەری دروست بكات لە بڕیارە سیاسیەكان چونكە دەتوانێت جەماوەر بەخش بێت لە بڕیاری سیاسی یاخود بەپێچەوانەوە. لایەنی دووەمی، ئاماژە بەوە دەدات كە دروستكارانی بڕیار وادەزانن كە زۆر گرنگە و وا لێی دەڕوانێت كە پێوەرێكە بۆ زانین ودەركەوتنی كاردانەوەكانی هاونیشتمانیان لە بەرامبەر سیاسەت و بڕیارەكانی.

گرنگی ڕۆڵی میدیا لە ژیانی سیاسیدا دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆكارێك،ئەوانیش:
یەكەم: بوونی ڕێژەیەكی گەورە و زۆر لە وەرگر و بینەر و خوێنەر لە هاونیشتمانی ئاسایی و كاندیدانی پارتەكان لە وەرگرتنی زانیاری و بە ئاگابونی لە ڕوداوو گەمە سیاسیەكان.
دووەم: متمانەی هاونیشتمانی بە میدیا لەو بابەتانەی كە بڵاوی دەكاتەوە.
سێیەم: هەوڵدانی میدیاكان لە ڕاكێشانی سەرنجی وەرگر كە ئەمەش بێگومان بە هۆی گۆڕانكارییە بەردەوامەكانیان و بەكارهێنانی هونەری میدیایی نوێ لەگەیاندنی مێسجەكان.