بەرپرسیارێتیی مێژوویی و ئەخلاقیی میدیای گۆڕان/ KNN و نەوەی نوێ/NRT

ئاراس ئەحمەد محەمەد 

هەرێمی کوردستان بە چرکەساتێکی مێژوویی هەرستیاردا تێدەپەڕێت. ئەم وزە و چالاکییانەی ڕۆژگاری ئێستا ڕەنگە ببنە مایەی وەرچەرخانێکی نموونەیی و سەرتاسەریی لەبەر زۆر هۆکار کە خۆتان وەک ڕاگەیاندنکار هەندێکیان دەزانن و من تەنها یەک خاڵی زۆر جیاواز وەبیرئەهێنمەوە ئەویش خڕۆشانی خەڵکی هەولێرە. خۆپیشاندانی ئێستا دەیان جیاوازیی لەسەردەمی خۆپیشاندانەکانی حەڤدەی شوبات هەیە و خۆتان ئەو ڕاستییە دەزانن. نە پارتیی وەک جاران بەهێزە و نە وەک جارانیش سەرمایەی هەیە. یەکێتییش بەهەمانشێوە و باڵی د. بەرهەمیشی لێجیابۆتەوە.

لەبەر ڕۆشنایی ئەو پەرەگرافەی سەرەوە، ئەم چەند پێشنیار و داواکاریی و سەرنجانە ئەخەمەڕوو:

یەکەم: وەڤدی هەردوولا کۆببنەوە. ئەگەریش کۆنابنەوە، بە فەڕمیی یان نافەڕمیی پەلامار و شەڕی ڕاگەیاندن دژ بە یەکتر ڕابگرن. گۆڕان و نەوەی نوێ و خەڵک و هەموو موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوو نەیاری هاوبەشیان هەیە، ئەو دوو نەیارەش پارتیی و یەکێتیین.

دووەم: کەی ئێن ئێن و ئێنئاڕتی دەستهەڵبگرن لە بەهەدەردانی وزە و توانا و خەرجیی و تێچوونی ماددیی و مەعنەویی دژ بەیەکتر و ئەو وزەیە بەشێوەیەکی یاسایی و ڕێکوپێک دژ بە دەسەڵاتدارانی حکومیی پارتیی و یەکێتیی بەکاربهێنن. ئاخر میدیاکارانی هەردوو کەی ئێن ئێن و ئێنئاڕتی بە دەیان کاتژمێر و بە دەیان هەزار دینار و دۆلار لە شەڕێکدا سەرف ئەکەن کە تەنها ئەو دوو حیزبە خێرەکەی ئەچننەوە.

سێیەم: خەڵک و ئێنئاڕتی و گۆڕان خاڵی هاوبەشیان زیاترە هەتاوەکو خاڵی جیابوونەوە و بەریەککەوتن و یەکتر هەڵوەشاندن. نەیاری ئێوە خۆتان نیین و ئێوە تەواوکەری یەکترن. ئێوە لەسەر یەک هێڵ و دەسەڵاتدارانی ئێستاش لەسەر هێڵێکی ترن. ئێوە بە ئەو جۆرە خیتابەی ڕاگەیاندن یەکتر ئەبڕن و یەکتر بریندار و خەڵک بێئومێد دەکەن.

چوارەم: هەرکاتێک ئەم شۆڕشە مەدەنییە سەریگرت، ئەو کاتە ئێوە (گۆڕان و نەوەی نوێ) چیی لەیەکتر ئەکەن، بیکەن. ئەبێت خەم و خەون و کۆششی ئێوە لادانی ئەمانەی ئێستا بێت، نەک سڕینەوەی خۆتان. ئەم گووتارە میدیایەی ئێستای ئێوە خۆپیشاندەران خاوئەکاتەوە و بەدەستهێنانی ئامانجەکان دوورئەخاتەوە و خەڵک هیلاک ئەکات. هێشتاش بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێنەکردووە!

پێنچەم: داواکارم لە ڕاوێژکار و ئەو دۆستانەی کە لە ئەم دوو دەزگایە کارئەکەن و چ لە نزیکەوە یان لە دوورەوە یەکتری ئەناسین، ئێوە هێزی فیکری و توانای ئەقڵی خۆتان بەکاربهێنن و ناوبژیوانی و دەستپێشخەرییەک لەنێوان هەردوولادا درووست بکەن. یان بەلایەنی کەمەوە ئاو بە ئەم ئاگرەدا بکەن پێشئەوەی تەشەنەبسێنێت.

جەخت ئەکەمەوە، تەنانەت ئەگەر خەڵک و مووچەخۆرانیش لە هاوکێشەکەدا نەبن، گۆڕان و نەوەی نوێ خاڵی هاوبەشیان زیاترە هەتاوەکو خاڵی دژ. من بڕوام بە تیۆری موئامەرە نییە بڵێن شاسوار دەستی پارتییە یان بازرگان لە سیاسەت نازانێت یان عومەری سەید عەلی هەر یەکێتییە یان گۆڕان لە کۆتاییدا هەر یەکێتییە. ئەو تیۆرە هەرکەس کڕیاری بێت، لای من فلسێکی قەڵپ ناهێنێت. ئێستا خەڵک و گۆڕان و نەوەی نوێ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستییان بەیەکتر هەیە لەبەرئەوە دەنگی شەقام پەرتەوازە مەکەن و ئەو شەڕە نەخوازراوە دژ بەیەکتر ڕابگرن.

ئەو شەڕە ڕاستەوخۆیەی فەیسبووکی نێوان ئەندامانی نەوەی نوێ و بزووتنەوەی گۆڕان کارئاسانییەکی تەواو ئەکات بۆ پەیچەکانی دەسەڵاتدارانی نەیارەکانتان. ئەو پەلامارە ناڕاستەوخۆیەی میدیای کەی ئێن ئێن و ئێنئاڕتی وزە و سەرمایەیەکی زۆر زیاتر ئەگەڕێنێتەوە بۆ میدیای نەیارەکانتان. ئێوە یەکتر تەواوئەکەن، نەک یەکتر ببڕن. کە یەکترتان بڕی، خەڵک و مووچەخۆرانیش ئەبڕن و خەونی گۆڕانکاریی چارەکە سەدەیەکی تر دوائەکەوێت.