میدیا و لاوازی ئاستی هۆشیاریی 

ئاراز ئەحمەد محەمەد

کاتێک ڕووداوێک دێتەئاراوە و مرۆڤ هەڵوێستی خۆی لەسەر مانیفێست دەکات، دەتوانرێت هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی هۆشیاریی ئەو کەسە بکرێت. هەرێمی کوردستانی عێراقیش ئاخنراوە بەڕووداوی ڕۆژانە و تەنراوە بە دەیان تۆڕی جاڵجاڵۆکەیی ڕاگەیاندنەکانەوە.

ڕاگەیاندنەکانی پارتیی و یەکێتیی زۆربەباشی لە سایکۆلۆجیای تاکی کۆمەڵگای کوردیی تێگەیشتوون. بە باسکردنی چەند بۆنە و ڕووداوێک باسەکە ڕووندەکەمەوە:

یەکەم: ڕاگەیاندنی کوردیی حیزبەکان هەمیشە ڕووداو دروست ئەکەن و هەرگیز ڕێگا نادەن تاک و کۆمەڵگا ڕووداو بۆ ڕاگەیاندن دروست بکات چونکە بە زیان بەسەریاندا دەشکێتەوە و ئەجێندای نهێنیی کاری میدیاییان لەق و بێکەڵک دەکات. واتە، هەمیشە حیزب ڕووداوە، نەک خەڵک. بەردەوام سەرکردە سەردێڕی هەواڵە، نەک کێشەی هاوڵاتییەک. دائیمەن سیاسییەک مانشێتی داگیرکردووە، نەک کەم ئاویی کۆڵان و خراپیی جادەی کوچە و بێ کارەبایی شارێک.

دووەم: پارتیی و یەکێتیی لەسەر مەنهەجی “پەرتکە و زاڵبە” سیاسەتی کارکردنیان دادەڕێژن. کۆدەنگیی لە یەک گەڕەکدا هەبێت، خێرا موختاری گەڕەکە ئاگادار ئەکەنەوە و ئەچنە ژێر کڵێشەی چەند خێزانێکەوە و کۆدەنگییەکە فەشەل پێئەهێنن. ئەم هاوکێشەیە بۆ کۆدەنگیی حیزبە نەیارەکانی پارتیی و یەکێتییش هەر ڕاستەوانەیە. لاوازی ئاستی هۆشیاریی لە ئەو چرکە ساتەدا دەردەکەوێت کە هەندێک خەڵک بڕوا بە پڕوپاگەندەی میدیای ئەو دوو حیزبە دەکەن.

سێیەم: ئەم ڕۆژانە کە خەڵک کەمپەینی هاریکاریی کۆدەکاتەوە بۆ نەخۆشاخانەی هیوا بۆ چارەسەری توشبوانی نەخۆشی شێرپەنچە، یەکێتیی و پارتیی خەڵک کەرت ئەکەن، ڕێکخراوەکان دابەشی بەرەی نەیار و دۆست ئەکەن، دەزگای ڕاگەیاندنی ئیسلامیی و نا-ئیسلامیی دەدەن بە گژی یەکدا. لاوازی ئاستی هۆشیاریی تۆ ئەو چرکە ساتە دەرئەکەوێت کە پێتوایە هەر ئەبێت بەرگریی لە ئەو حاجیانە بکەیت کە ڕۆشتوون بۆ حەج بەس لەبەرئەوەی هەندێک کەس دەڵێن ئەبوایە ئەو پارەیە بۆ ئەو نەخۆشانە سەرفبکرایە و ئەوە حەجی ڕاستەقینەیە. لاوازی ئاستی هۆشیاریی تۆ ئەو چرکە ساتە دەرئەکەوێت کە پێتوایە نمایشی جل و بەرگەکەی هەولێر نابێت بکرێت و ئەی بۆ ئەو ٨٨ دەفتەر دۆلارە نادەن بە نەخۆشخانەی هیوا. ئەگەر تاک هۆشیار بێت، ئەوە دڵنیابە سەروەت و سامانی سروشتی ئەم خاکە بەشی دەیان نەخۆشخانەی وەک هیوا دەکات و بەشی دەیان بۆنەی نمایشی جل و بەرگ دەکات.

چوارەم: تۆ بە بێئاگاییەوە خۆت کردووە بە بەرەی شەڕ و ئەویترت خستۆتە بەرەی خێرەوە. خەڵک مەیلی حەجکردنی هەیە، مافی خۆیەتی. خەڵکێکی تر حەزی نمایشی جل و بەرگی هەیە، مافی خۆیەتی. ئەوە تۆیت ڕاگەیاندنی حیزبەکان قورمیشت دەکات و بە نائاگاییەوە ئەچیتە بەرەیەکەوە و کۆمەڵگا دابەش ئەکەیت. ئێستا دەبینیت لە جیاتی ئەوەی بەگژ گەندەڵییەکانی حکومەت و کەمی خزمەتگوزارییەکاندا بچیتەوە، لە پشتی لاپتۆپێکی خوێڕییەوە دەستتداوەتە بە کافرکردنی ئەم و ئەویش دەستی داوەتە بە گەمژەزانینی تۆ! ئەمە چ ئەقڵییەتێکە؟

پێنچەم: دڵنیابە، هەتا تاکی ئەم کۆمەڵگایە ئەوەندە ناهۆشیار بێت لە بەرامبەر کارنامەی شاراوەی میدیا حیزبییەکان، بەدیلی پارتیی و یەکێتیی یان هەن خۆیانن یان لە خۆیان خراپترن.

گاڵتەجاڕیی بە ئەقڵ و عاتیفە و ختوکەدانی هەست و سۆز تەنها لەبەرامبەر ئەو کەسانەدا سەردەگرێت کە ئاستی هۆشیارییان لاوازە. پێموایە، کۆمەڵگای کوردیی وەعی بەکارهێنانی ئامێرە تەکنۆلۆجییەکانی سست و کەمتینە و بارتەقای ئەوە هۆشیاریی نییە مۆبایلی گرانبەها و لاپتۆپی ئاخیر مۆدێل بەکاربهێنێت.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟