راستی بە ستەزمان

د.سەردار عەزیز

چۆن لە کوردستان راستی ئەنفالکرا! چەمکی ڕاستی لە لای گەلان و کولتوری تر، قسەی زۆر زۆری لە سەر کراوە، لای ئێمەی کورد جێگەی پرسیار نیە. وەک لە ماناکەیدا دیارە، ڕاستی لای کورد، یان لە زمانی کوردیدا، بەمانای ئەوە دێت کە ھیچ لاری و پێچدانەوە و ناڕێکیکی تیادانیە. وەک دەڵێن وەک خۆی ڕێک و ڕەوان. ئایا ڕاستی چۆن بەرھەم دێت، یان دەدۆزرێتەوە، یان دەوترێت، کێشەیەکی ئەوتۆ نیە لە دونیای ئێمەدا. ڕاستی بە سروشتی دەبێت یەک ڕاستی بێت، گەر دوو ڕاستی ھەبێت، ئەوا یەکێکیان ڕاست نیە، ئەمە دیدی باو بوو. ئەمرۆ لە گەڵ سەرەتاتکێی ئەدەبیاتی پۆستمۆدرێندا، خەڵک ھەن بە ئاسانی دەڵێن ڕاستی نیە، ئەوەی ھەیە تەنھا ڕایە، یان لێکدانەوەیە. لێرەدا نەک ھەر ڕاستی وون دەبێت، بەڵکو درۆش وون دەبێت. کە ڕاستی نەبوو درۆش نیە. بەڵام کێشەیەک لێرەدا ھەیە، بۆ نموونە، ئەگەر تاوانێک ڕوبدات، ھەرکەس بێت بە دیدی خۆی بیگێڕێتەوە، ھەموانیش دیدیان ڕاست بێت، ئەوا چۆن دەتوانرێت بڕیار بدرێت کە تاوانەکە چۆن بوەوە و کێ تاوانبارە. کەواتە جیاکاری ھەیە لە نێوان، حەقیقەت و ڕاستی، فاکت و تروپ.

ئەگەر گریمان فاکت ئەوەیە کە روویداوە، ئەوا کێیە ئەوەی بڕیار دەدات کە ئەوە چیە کە رویداوە، لە دادگا پرۆسەیەک ھەیە. ھەتا سەدەی سیانزە، بە تایبەت لە ماگناکارتادا، لە بەریتانیا خودا بڕیاردەری ڕاستی بوو، لەوەو دوا مرۆڤەکان بوون بە بەشێک لە پرۆسەی دەستنیشانکردنی ڕاستی. لە دونیای ئێمەدا کە پرسی دادوەری و دادگایی لە پانتایی دادگاوە ھاتوە بۆ ناو میدیا و سۆشیال میدیاکان، وەرچەرخانێکی ترسناک روویداوە لە پرسی ئەوەی کە ئایا ڕاستی چیە، فاکت چیە، ئەوە چیە رووئەدات، یان روویداوە، یان چۆن روداوێک رونادات، بەڵام لە ھەناو میدیا و سۆشیال میدیادا رودەدات، لای خەڵکیش وەھا مامەڵە دەکرێت کە فاکتە. لە ڕاستیدا بەرھەمھێنانی ڕاستی لە دونیای ئێمەدا، پێش ھەموو شتێک، بە شێوەیەکی گشتی پرۆسەیەکی ئابوریە و ئابوری سیاسیە، لە ئاستی جیاوازدا. بەڵام ئەم پرۆسەیە ڕوون نیە. ئەم پرۆسەیە چۆن بەڕێوە دەچێت:

یەکەم، لە قازانجی نوخبەیەکدایە کە دۆخەکە بە پڕ لە ململانێ و گرژی بمێنێتەوە. دۆخی شەڕی ناوخۆ، چونکە ئەمە زەمینە دەسازێنێت بۆ باڵادەستی ھەست و سۆز و ڕق و دوبەرەکی و ڕەش و سپی و وون بونی ھەموو ھەوڵێکی گەڕان بە دوای ڕاستی یان فاکتدا. بۆ ئەوەی ئەمە مەیسەر بێت، بواری میدیا ئیشی ئەوەیە کە ئەمە فەراھەم بکات. ئەم ئیشە بنەمای بژێوی خەڵکیکی زۆرە. کۆمەڵگای پەرتەوازە، لە دۆخێکی وەھادا بە ئاسانی ناتوانێت بە سەر پەرتەوازەییدا زاڵبێت، چونکە پەرتەوازەیی سەرچاوەی نانی زۆرێکە کە بڕیار دەدەن چی ڕاستە و چی ھەڵەیە. جارێک برادەرێکی لوبنانی پێی ووتم، ئەگەر گرژی نەمێنێت لە نێوان پێکھاتەکانی لوبنان خەڵکێکی زۆر بێکار دەبن. ئەمە بۆ دونیای ئێمەش ڕاستە. کەواتە لە کاتێکدا ئێمە ھیچ بیرمەندێکمان نیە کە ڕاستی کردبێتە بواری کاری خۆی، وەک چۆن گەلانی تر لە دونیادا دەیان بیرمەندی گەورەیان ھەیە کە تەنھا کار لە سەر چەمکی ڕاستی دەکەن، لە ھەمانکاتدا کەلتوری ئێمە کەلتورێک نیە کە گرنگی بدات بەوەی کە ئایا ئەوەی دەیبینی، دەیبیستی، دەیخوێنیتەوە چەندی بە چەندە.

لەگەڵ گەشەی مۆدێرنەدا، ئامرازی تر ھاتنە ناو بواری زانینی ڕاستیەوە، لە نێویاندا ژمارە. لە سەردەمی ڕۆشنگەرییەوە ژمارە بوو بە ئامرازێکی سەرەکی زانین و ڕاستی. بەم پێیە بۆ ئەوەی بزانیت دەبێت فاکت بەدەستبھێنیت، ھەروەھا دەبێت ژمارەکان بزانیت. ژمارە کرۆکی بیری ماتماتیکیە. بیری ماتماتیکی تەنھا لە بڕدا خۆی نابینێتەوە، بۆ نمونە تێگەیشتنی ئێمە بۆ یەکسانی، دادپەروەری و زۆر بەھای تر، ماتماتیکیە. لە پاش جەنگی جیھانی دووەمەوە، ژمارە ھێندە زۆر و ئاڵۆزبوون، داتا ھاتە ئاراوە. داتا بە مانای ئەوەی کە بڕی ژمارەکە ھێندە زۆر و ئاڵۆزە کە لە توانای مرۆڤدا نیە، پێویست دەکات کە ئامێری بۆ بەکاربھێنین. ھەریەک لە ئەم سێ یەکەی زانیارییە و زانینی ڕاستیە لە دونیای ئێمەدا لە کێشەدایە. ئەم دۆخە تەنھا کاریگەری لە سەر ئەوە نیە کە ئایا دەزانیت یان نازانیت. بەڵکو کاریگەری ھەیە لە سەر دیموکراسی، دۆخی کۆمەڵایەتی، دۆخی تاکەکەسی و دەرونی، ھەروەھا پرۆسەی گۆڕانکاری.

ھاتنی تەکنەلۆجیا بۆ ناو ئەم دۆخە دژە مەعریفی و دژە زانیارییە، ھێندەی تر دۆخەکەی ترسناک کردوە. لە دونیایەکی وەھادا دەتوانیت مرۆڤەکان کۆیلەبکەی بە ھەست و سۆزی تایبەت، لە جوگرافیای تایبەتدا، بۆ ئەوەی بەو جۆرە ھەڵسوکەوت بکەن کە دەتەوێت. ئەمە فەیس بوک بە زۆرێک لە مرۆڤەکانی دونیای دەکات. ھاتنی فەیسبوک ترسناکترین ھەنگاوە لەم بوارەدا. ئەگەر پرۆسەی زانین پرۆسەیەکی ئیپستمۆلۆژی سەخت بێت، ئەوا ئەمڕۆ بۆ ھەموو کەسێک بە ئاسانی دەستبەر نابێت، بۆیە کاتێک خەڵک وەھا دەزانن ڕایان ھەیە، یان کاریگەرییان ھەیە، لە ئەنجامدا بەشێکن لە پرۆسەی درێژەدان بە دۆخی ھاکەزایی. ئەمە لە کاتێکدا ھیچ ھێندەی ئەوەی سەخت نیە کە مرۆڤێک لە ئەفسانەیەک دوور بخەیتەوە. ئەفسانەسازی ڕۆژانە لە بواری جیاوازدا لە ژیانی ئێمەدا دەسازێت، لە بواری رێکلام، دەسەڵات، ئاین، و زۆر بواری تر.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟