هەڵوێستی میدیا و حزبی ئۆپۆزسیۆن لە رووبەرِووبوونەوەی گەندەڵیيدا

د.رزگار ئاغا

رۆڵی میدیا لە دامودەزگاکانی خوێندنی باڵادا گرنگیدەکی چاودێرانەیە بۆ خزمەتی کۆمەڵگە و سەرنجڕاکێشانی لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەت و داواکاری گشتییە. ئەمەش لە بەدواداچوون و بەسەرکردنەوە و خستنەبەرچاوی ئاستی ئەدا و خزمەتگوزارییەکان و کێشە و ستەمە سەپێنراوەکان و گەندەڵییەکانی ئیختلاس و تەزویر و بەهەدەردانی سامانی گشتییدا خۆی ئەبینێتەوە. لە بنەما گرنگەکانی میدیا بۆ بینینی ئەم رۆڵە گرنگە بریتییە لە هەبوونی ئازادیی ڕۆژنامە نوسیی لە دەستبەرکردنی تێڕژانی بەردەوامی داتا و زانیاری. لێرەوە پەیوەندیی پۆزەتیفی میدیا و حکومەت دێتە ئاراوە و ئەبێتە ناوەندێکی چالاک بۆ كۆمەڵگای مەدەنیی لە پرۆسەی دژەگەندەڵییدا. بەم پێیە ئەبێتە پەناگەیەکی مسۆگەریش بۆ خوێندکار و مامۆستا و کارمەندانی ئەم سێکتەرە لە راپۆرتکردنی گازەندە و کێشە تایبەت و دیاردە دزێوەکاندا. ئەوەی ئەگوزەرێت، پەیوەندیی میدیای کوردیی بە دامودەزگاکانی خوێندنی باڵاوە پەیوەندییەکی نێگەتیفە لە پۆشین و شاردنەوەی کەموکوریی و خراپبەکارهێنان و لاوازیی و کەنارگیریی ئەم سێکتەرە لە رەهەندە جیاجیاکانی کۆمەڵگە و حکومەتەوە. بەم پێیە، ئەم میدیایە یەکلایەنە و دابڕاوانە لە کۆمەڵگەو رووبەری گشتیی کاری میدیایی خۆی ئەکات کە نەبوەتە هاندەر بۆ لەخۆگرتن و گەیاندن و پشتیوانی کۆمەڵگە بۆ کێشە رەواکانی. بەمە شەرعییەت لە دەستئەدات و ئەبێتە ئامرازێک بۆ پاوانخوازیی گەندەڵی و رۆڵی پەنجەرەیەکی ساختە ئەبینێت. ئەکرێـت چەند هۆکارێکی سادە دەستنیشان بکەین و ئەوەی لە ژێریشەوە هۆکارە بەجێی بهێڵین:

١. میدیای کوردی یان میدیای تەنیی (Mass Media) لە دەستی سێ لایەندایە: دوانیان بریتین لە حیزبی سیاسی چ ئەوانەی دەسەڵات و چ ئەوانەی لە ئۆپۆزسێۆندان. سێیەمیشان ئەگەری میدیای ئازادە،ئەمەی دواییان تاقانە بوو کە ئێن ئارتی بوو و ئەویش زیاتر چووەتەوە نێو دوو لایەنەکەی تر. ماوەتەوە سەر ڕۆژنامە و میدیای دیجتالی (Digital Media) یان ناوەگشتییەکەی کە سایتی ئەلیکترۆنی ئازادە کە دیارترینیان “ئاوێنە”یە کە تەنها رووبەری بێ سانسۆرە ئەو بەشدارییەی هەبێت. تەلەڤزیۆنەکانی سەر بە دەسەڵات هەرگیز خۆیان لە قەرەی ریپۆرتاج و چاوپێکەوتن و دیمانە و مێزگرد نەداوە بۆ واقعی خوێندنی باڵا بە لایەنە کەموکوڕیەکانییەوە. هەرگیز دەنگێکی جیاواز میوانی شاشەکانیان نەبووە و هەرچی تەلەڤزیۆنی ئۆپۆزسیۆنەکانیشە دوورەپەرێزیی و خۆپارێزیی توند و تۆخیان هەبووە هەر لە رووماڵکردنەوە هەتا دەستتێوەردانی بەرپرسیارانە لە کێشەو چارەنووس و دیدی سەربەخۆ و ناسەربەخۆ. لە هەمووی نیگەرانتر، ئێن ئارتی و کەی ئێن ئێن چەندینجاریش بەشداریی ساختەکارانەی گوێزانەوەی رەوشی راستەقینەی وەزارەت و زانکۆکان بوون و چاوپێکەوتن و دیمانەی بەرپرسەکانیان کردوون بە یەکلایەنانەوە لە وەرگرتنی وەڵامی نادروستی ئەم بەرپرسانەوە بەرامبەر پرسیارگەلێک تایبەت بە کەموکوڕیی و شکستی ئەم سێکتەرەوە. لێرەوە پاساوی نادروست و زێدەڕەوی و بانگەشەی قەبەی ناڕاست بۆ پێشکەوتن و کواڵێتی بەرزی ئەم سێکتەرە لە میدیاکانیانەوە بە گوێی خەڵکیدا دراوە. زۆر بە جەختەوە رووبەرووبوونەوەی جیدی گەندەڵیی و شکستەکان لە پەنجەرەکانیانەوە قەدەغە بووە. پێدەچێت پەردەپۆشیکردنی ئەم کەناڵە ئۆپۆزسیۆنانە لە ئەجێندای سیاسیانەوە سەرچاوەی گرتبووبێت و ئەمەش زۆر دیاربووە بە بەشدارییکردنی لایەنگر و ئەندامەکانیشیان کە هێزێکی فشاری سفر بوون و لغاوکراوی حیزبەکانیان بە زۆرێکیانەوە دیاربووە و دیارە بە ئێستاشەوە.
٢. لێرەوە، گرنگە کە هۆکاری هەڵویستی ترسنۆکانەی رۆڵی میدیای تەنی ئۆپۆزسیۆن ببەستینەوە بە پرنسیپ و ئامانجی حیزبەکان خۆیان کە جارێک لە ئۆپۆزسیۆنبووندا و جاری دیش لە حکومەتدا نوێنەرایەتی خەڵکیان کردووە. تێرِوانینی ئۆپۆزسیۆن بۆ خوێندنی باڵا هەتا ئەم ساتەوەختە بە قەوارە و جوڵانەوە سەرهەڵدارەکانەوە سفرە. لە ئەجێندای سیاسیاندا ئەندازێک بۆ خوێندنی باڵا دیاریينەکراوە کە چولَەی سیاسيی بۆ بکەن و لەسەرو ئەمەشەوە لای بەرپرسەکانیان بە زەحمەت وەک جومگەیەکی گرنگی کۆمەڵگە و دەوڵەتسازيی گرنگيی هەبێت. توخن نەکەوتنی ئەم سێکتەرە بە زەقی دیارە لە بانگەشەى هەڵبژاردنەکان و لە بەشداریکردنی حوکمڕانیی گرتنەدەستی وەزارەت و دامودەزگاکانیەوە. هەرگیز شەڕیان لە هەبوونی دەسەڵات و بڕیار و بەرێوەبردنیدا نەکردوە. دیارترین نموونەش بزوتنەوەی گۆڕان بوو لە کابینەی پێشوودا کە دووەم دەنگی کوردستان بوون و ئەبوو شەڕی داخوازیی هەبوونی ئەم وەزارەتە و دامودەزگاکانیان بکردایە لەبری دارایی و پێشمەرگە. نەک هەر ئەمە، بەلَکو بوونی ئۆپۆزسیۆن لە هیچ پێگەیەکی زانکۆو راگرایەتی و سەرۆکبەشی کۆلیج و زانکۆکان و ناو وەزارەتیش بوونی نیيە و ئەوپەری بێخەمیان مایەی نیگەرانيی گەورە بووە کە هیچ گرنگییەکیيان بە هەند وەرنەگرتووە.

با چەند نموونەیەک بیربخەینەوە:
– ئەمە زیاتر شووڵ هەلئەکێشێت بۆ بێدەنگيی و بێهەڵوێستيی لە هیچ تەنگژە و کێشەیەکی خوێندکاردا ، هەر لە سەپاندنی جۆرەها رەسمی گران گران بەسەر خوێندکاردا؛ هەر لە رەسمی هاتنە زانکۆ و پشتگیری و بڕوانامە، لاوازيی و نەبوونی خزمەتگوزاریی بەشە ناوخۆیی و سوتانی بینا و بڕینی دەرماڵە و چالاکیی زانستی، کۆمەڵایەتی، رۆشنبیریی و رۆڵی خوێندکارانیان لە زانکۆکاندا.
– توخن نەکەوتنی سکاڵای زۆر لە دادگاکانی هەرێم و دەستەی دەستپاکی لەسەر ئیختیلاس و تەزویر و خراپبەکارهێنانی دەسەڵات لە سەر بەرپرسانی ئەم دامودەزگایانە.
– لە تازەترین رووداودا، پەرێزگرتن لە رووماڵی سزا سەپێنراوەکان بەسەر چاکسازانی ئەم دامودەزگایانە و پشتیوانیکردنی بریارە سەقەتەکان. ئەمەش لە نوێترین هەڵوێستی سەیری کەی ئێن ئێن و ئێن ئار تی بەرامبەر بریاری دەرکردنی د.رزگار ئاغا لە کۆلیجی ئەندازیاريی و مامۆستا ئەحمەد لە کۆلیجی زانست؛ دوای ئەوەی کەسێکی دڵسۆزی چالاکوان دەستپێشخەريی کردووە کە روومالی ئەو رووداوە نایاساییە بکەن و چاوپێکەوتنی ئێمە بکەن؛ هەرچەندە ئێمە رامان نەسپاردبوون. من هەمیشە ئەم باوەرەم هەبووە پێیان کە لەم نوسینەدا دەرم برِیوە، بەڵام ئەوان لە سەرەتادا ئێن ئار تی ئامادەیی خۆی پیشان دابوو بەڵام پاشگەزبوونەوە و ئامادە نەبوون نەک رووماڵ، بەڵکو لێداونێکش بدەن لەسەری. بەوتەی ئەوان بریارِەکان یاسایین و لە لای خۆیانەوە رۆڵی دادگایان بینیوە کە ئەمە کاری میدیا نیيە، بەڵکو تەنها خستنەرووی رووداوەکانە و راستيی و دروستيی بۆ لایەنی پەیوەندیيدار بەجێبهێڵرێت. بە کۆی ئەو هەڵوێست و پرنسیپە لاوازانەی هەیانە بە حیزب و میدیاکانیانەوە لەسەر گەندەڵيی زاڵی ناو خوێندنی باڵا، ئەگەینە ئەوەی کە کۆی بەرپرسیاریەتیيەکەیان خوارکردۆتەوە بۆ پشتیوانيی و یەکانگیریی ئەجێندای حیزبيی و لایەنداریيەکی نەخوازراو کە هیچ بەهایەک بۆ رووبەری گشتيی ناهێڵێتەوە، هەتا کۆمەڵگەی مەدەنيی رووبەرووی دەسەڵاتی حوکم ببێتەوە لە ئیدانەکردنی ستەمەکاندا. لێرەوە تاریکی میدیا باڵی رەشی ئەکێشێت بەسەر شاردنەوەی گەندەڵیيەکان و وەک بەشدارێکی کاریگەری گەندەڵيی خۆی پێناسە ئەکات.

  • Hajrullai H. (2015), “What do Media, Corruption and Higher Education Have in Common in Macedonia?”, 7th World Conf. on Education Science,(WCES-2015), Athens, Greece.
  • Hallak, J., & Poisson, M. (2007). Academic fraud, accreditation and quality assurance. Learning from the past and challenges for the future. Retrieved from http://corruption.net/materials/serbia/Literature/UNESCO/Academic%20fraud.pdf