رێکخراوی چمک و KHI ئامادەکاریی بۆ کاری ھاوبەش دەکەن

چمک، سلێمانی: رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک)و ئینستیوتی کەلەپوری کوردی (KHI)؛ ئامادەکاریی بۆ واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوانیان و رێکخستنی زنجیرە چالاکییەکی ھاوبەش دەکەن.

سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە (19ی کانونی دووەمی 2022)؛ مەزھەری خالقیی سەرۆکی ئینستیوتی کەلەپوری کوردیی پێشوازی لە د.شوان ئادەم ئەیڤەس سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی و ئارام حەمەعەلی بەرپرسی راگەیاندنی رێکخراو کرد. ھەردوولا؛ پێویستیی نزیکبوونەوەی نێوەندە کولتورییەکان و کۆمەڵگەیان دووپاتکردەوەو ھەر لەو چوارچێوەیەشدا ئامادەیی کارکردنی ھاوبەش و واژۆکردنی یاداشتی لێگەیشتنی نێوانیان بە گرنگ زانی. بەتایبەت ئێستا کە دۆخی یاسایی و پیشەیی و کولتوریی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی و پرسی ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی ھەرێمی کوردستان لەدۆخێکی ناتەندروستدایە و پێویستیی بە ھەڵوێست و ھەنگاوی کرداریی ھەردوولایە بۆ وروژاندنی کێشەکان و ھەوڵدان بۆ خستنەرووی پلان و پرۆژە و پرۆگرامی ھاوچەرخ؛ بەئامانجی بەرگرتن لە زیاتر خراپ بەکارھێنانی میدیای کوردیی و پەیامەکانی.

#چاودێریى_میدیاى_کوردى (چمك)؛ رێکخراوێکی قازانجنەویستى، ناحکومی، سەربەخۆىیە. لەساڵى 2017دا لەلایەن چەند کەسایەتییەکى ئەکادیمییەوە دامەزرا. تایبەتمەندە بەچاودێرییکردن، هەڵسەنگاندن، راپۆرتکردن و توێژینەوەى خەوش و پێشلکارییە پیشەییەکانی میدیاو رەوشی رۆژنامەگەری کوردی. جەختکردنەوەى سەرەکیی ئەم رێکخراوە، لەسەر بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى مافەکانى تاکەکەس و کۆمەڵگەى کوردییە لەهەمبەر پەڕاوێزخستن و دەستێوەردانى ناپیشەیی میدیاو میدیاوانانى کوردستان. چالاکیی و خزمەتگوزارییەکانى ئەم رێکخراوە بۆ رووماڵکردنى بەرهەمە جۆربەجۆرەکانى میدیاى کوردییە، بەمەبەستى گەڵاڵەکردن و خستنەڕووى کارنامەیەکى پیشەییترى کرداریی بۆ راستکردنەوەى هەڵە باوەکانى میدیاو شێوازى کارکردنى میدیاوانانى کوردستان.

#ئینستیوتی_کەلەپوری_کوردی (KHI)؛ له‌ساڵى 2003دا وه‌كو ڕێكخراوێكى NGO دامه‌زراوه‌، دوو بنكه‌ى سه‌ره‌كىی له‌ شارى سلێمانى و دهۆك و نوێنه‌رایه‌تىی له‌ كه‌ركوك و هه‌رچوار پارچه‌ى كوردستان هه‌یه‌ . ئامانجی؛ پێكهێنانى ئارشیفى كه‌لتورى و كه‌له‌پوورى زاره‌كى كوردستان “هه‌موو كه‌مایه‌تى ئاینى و ڕه‌گه‌زى” به‌مه‌به‌ستى تۆماركردنى ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌ى كورد و هه‌موو كه‌مایه‌تیه‌كانى كوردستان كه‌ مێژووى هاوبه‌شیان له‌كوردستاندا هه‌یه‌.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟