یەکەم ژمارەی دەرگاوان دەکەوێتە بەردەست و دیدەی خوێنەران

چمک، ھەرێمی کوردستان: دوای چاوەڕوانییەکی زۆر و «بەئامانجی باش پەروەردەکردنی نەوەی نوێی رۆژنامەوانان و پڕکردنەوەی بۆشاییەکی رۆژنامەوانی» یەکەمیین ژمارەی خۆناساندنی دەرگاوان؛ وەک گۆڤارێکی تایبەتمەند بە پەروەردەی میدیایی بە 12 دەرگای ھەمەڕەنگ و بە بەشداریی 25 نووسەر و پسپۆڕ و توێژەری میدیایی کەوتە بەردەست و دیدەی خوێنەران.

لەم ژمارە نوێییەدا؛ دەرگای #خوێندن_و_پەروەردەی_میدیایی خراوەتەسەر پشت و سێ بابەتی تایبەت بە «پەروەردەی میدیایی و پێویستیی خوێندنی لەقوتابخانەکاندا، ھەنگاوەکانی بەرھەمھێنانی پرۆگرامی تەلەڤزیۆنی، رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاریی و ئامادەکردنی بەدواداچوونی رۆژنامەنووسی» تیابڵاوکراوەتەوە. دووەمیین دەرگای #رێنمایی_و_ھۆشیاری_میدیایی تەرخانکراوە بۆ بابەتەکانی «وێنەی سێڵفی؛ لەنێوان تەکنیکی وێنە و نەخۆشی دەروونییدا، پێوەر و فاکتەرە کاریگەرەکانی دەرگاوانی میدیایی، رێکار و ھەڵە باوەکانی توێژەری میدیایی لەگەڵ توێژینەوەکانی پێشوودا». ھاوکات دەرگای #تێز_و_توێژینەوەی_میدیایی خراوەتەسەر پشت و دوو بابەتی تایبەت بە «بەھای ھەواڵ لە رۆژنامەگەریی ھاووڵاتی_دا و رۆڵی سکرینی تەلەڤزیۆنیی لە بڵاوکردنەوەی ریکلامی بازرگانییدا؛ پارێزگای ھەولێر وەک نموونە» تیابڵاوکراوەتەوە. دەرگای #مژار_و_مێزگردی_میدیایی تەرخانکراوە بۆ «گرفت و گەشەی خوێندنی میدیایی لەنێوەندە ئەکادیمییەکانی ھەرێمی کوردستاندا».

پێنجەم دەرگای ئەم ژمارەی خۆناساندنەی گۆڤاری دەرگاوان کە تایبەتە بە #دیدار_و_دیڤچوونی_میدیایی سێ بابەتی تیابڵاوکراوەتەوە؛ لەوانە: «لەپێشێلکاریی دژ بە رۆژنامەنووساندا؛ ھەرێمی کوردستان لە پلەی دووەمدایە، دامەزراندنی دامەزراوەی میدیایی؛ لەنێوان پاشاگەردانیی و ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەرییدا، رێکخستنەوەی کەناڵەکانی راگەیاندن لەھەرێمی کوردستاندا». ھەروەھا دەرگای #ھەڵبژاردە_و_ھەڵسەنگاندنی_میدیایی تەرخانکراوە بۆ ھەردوو بابەتی «تیرۆری فکری؛ ئەو ژەھرەی میدیای کوردیی چاپ و پەخش و بڵاوی دەکاتەوە، بێلایەنی؛ پێوەرە ناواقیعییەکەی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن». لە دەرگای #راز_و_رێبەری_میدیایی دا «رێبەری رێگرتن لەھاندانی توندووتیژیی لە دەزگاکانی میدیای کوردییدا» بڵاوکراوەتەوە. ھاوکات دەرگای #دۆز_و_دۆسییەی_میدیایی خراوەتە سەر پشت بۆ «یار و نەیاری پێشنیازەیاسای رێکخستنی میدیای ئەلکترۆنیی لەھەرێمی کوردستان_عێراقدا» و لەوبارەیەوە شەش تێڕوانینی جیاواز بڵاوکراونەتەوە.

لە نۆیەمین دەرگای #دەرگاوان دا کە تەرخانکراوە بۆ #کاریکاتێر_و_تەنزی_میدیایی بابەتێکی تیابڵاوکراوەتەوە بەناونیشانی: «رێناس عارف؛ کاریکاتێریستێک لەنێوان واقیع و ناخی کوردستاندا». دەرگای #پرۆژە_و_چالاکیی_میدیایی لەگەڵ دەرگای #چاپکراو_و_بەرھەمی_میدیایی تایبەتن بە پرۆژە، پرۆگرام، پلان و چاپکراوەکانی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک). دوایین دەرگاش کە تەرخانکراوە بۆ #وشەدان_و_فەرهەنگی_میدیایی تایبەتە بە «فەرھەنگۆکێکی ئینگلیزی_کوردیی تایبەت بە رۆژنامەنووسان».

#دەرگاوان؛ گۆڤارێکی وەرزیی تایبەتمەندە بە پەروەردەی میدیایی لەھەرێمی کوردستاندا لەلایەن رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) خاوەندارێتیی دەکرێت و د.شوان ئادەم ئەیڤەس سەرنووسەریەتی.

بۆ دەستکەوتنی گۆڤاری Dergawan دەرگاوان بەشێوەی کۆ پەیوەندیی بکەن بە ئارام حەمەعەلی لە رێی ئەم ژمارەیەوە:
0770 236 8282
یاخود بەشێوەی تاک لەم ناونیشانەی خوارەوە:
کتێبخانەی ناوەندی رۆشنبیریی رەھەند، قاتی چوارەمی بازاری سیروانی نوێ، شەقامی مەولەویی لە سلێمانی

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟