پەروەردەی میدیایی و پێویستیی خوێندنی لەقوتابخانەکاندا*

  • د. حەبیب ئیبراهیم**

ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بوونەتە بەشێکی سەرەکیی لە پێکهاتەی کۆمەڵگە و کەرەستەیەکی گرنگی مرۆڤەکانن، بەتایبەت بۆ چینی منداڵ و هەرزەکار و گەنجان. سەرهەڵدانی ئینتەرنێت و مۆبایل و تاپلێت ئەرکی خێزانەکانی؛ لە بواری کۆنتڕۆڵکردن و هۆشیارکردنی منداڵەکانیان قورستر كردەووە. هەروەها دەرهاويشتە نێگەتیڤەکانی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن سەرنجی زۆرێک لە زاناکانی ڕاگەیاندنی بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە و ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە توێژینەوەو کتێبی لەسەر بڵاودەکرێتەوە. بۆنموونە، لەئەڵمانیادا زیاتر لە 10ساڵە ئیشی بۆ دەکرێت و پلانی بۆ دادەنرێت. زۆرێک لە منداڵان و هەرزەکاران پێش تەمەنی شەش ساڵ و لەنێوان 06-16ساڵیيدا لانیکەم لە ڕۆژێکدا سێ کاتژمێر لەگەڵ ئامرازەکانی ڕاگەیاندنی وەك: رادیۆ، تەلەڤزیۆن، لاپتۆپ، ڕۆژنامە، گۆڤار، مۆبایل، تابلێت، پلەی ستەیشن-دا سەرقاڵدەبن. هەندێک لەو ئامرازانە وەك ڕادیۆ، تەلەڤزیۆن، ڕۆژنامە، گۆڤار، پلەی ستەیشن ڕێگە بە بەکارهێنەر دەدەن؛ بەتەنها وەرگر بێت. ئەوانەی دیکەش وەك: مۆبایل، تابلێت، لاپتۆپ ڕێ بە بەکارهێنەر دەدەن؛ هەم نێرەر و هەم وەرگر بن. لەناو کۆمەڵگەشدا؛ چ لەلایەن دەزگا سیاسیی یان کۆمەڵایەتیی یان خێزانیی یان ڕێکخراوەکانەوە بێت، چەند ساڵێکە باس لە ڕۆڵی قوتابخانەکان لە هۆشیارکردنەوەی منداڵ و هەرزەکار دەکرێت. دواتر ئەو هەوڵانە بوون بەبڕیار بۆ زیادکردنی وانەی پەروەردەی میدیایی بۆ پلانی وانەکانی قوتابخانەکان.

پەروەردەی میدیایی و بەكارهێنانی ئامرازەكانى

پەروەردەی میدیایی (Medienerziehung)؛ بریتییە لە پڕۆسەی فێرکردنی چۆنییەتی بەکارهێنان و سوودوەرگرتنى منداڵ و هەرزەکار و گەنجان لە لایەنە باشەکانی ڕاگەیاندن و ئاشنابوون بەلایەنە نێگەتیڤەکانیان لە قوتابخانەکاندا. هەردوو پڕۆسەی پەروەردەی میدیایی و سوودوەرگرتن لە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن لەقوتابخانەکاندا؛ سەر بە پڕۆسەی پەروەردە و میدیا (Medienpädagogik)ن کە بوارێکی فراوانە و هەموو ئەو لایانانە لەخۆ دەگرێت کە پەیوەندییان بە پەروەردە و میدیاوە هەیە. لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا کۆمەڵێك پلان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی ئەڵمانیاوە لەبارەی بەکارهێنانی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن لە قوتابخانەکاندا (Mediendidaktik) داڕێژرا؛ بەمەبەستی سوودوەرگرتن لە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن لە پڕۆسەی خوێندندا، بەتایبەت ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن. لە پاش ساڵی 2000يشەوە؛ بەسوودوەرگرتن لە تەختی زیرەک (Intelligente Tafeln)، کامیرای دیجیتاڵی، تەلەڤزیۆن، ئینتەرنێت، وێبسایت، کتێبخانەی ئەلکترۆنیی و …تد زۆر شت لە بواری ڕاگەیاندن و پەروەردەدا گۆڕانکاريیان بەسەردا هات. كەواتە ڕۆشنبیریی سوودوەرگرتن لە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن (Medienkompetenz)؛بریتیە لەپڕۆسەی بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی سەرجەم تاکەکانی ناو کۆمەڵگە؛ لە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئامرازەکانی ڕاگەیاندن، خێزان، ڕێکخراوەکان و ئامرازەکانی ڕاگەیاندنیش دەبنە سەرچاوەی ئەمجۆرە ڕۆشنبیرییە.

 

پەروەردەی میدیایی و قۆناغەكانی گەشەکردنی

لەساڵی 1949دا؛ بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی هەریەک لە چینی منداڵان، هەرزەکاران و گەنجان هەوڵێکی جدی بۆ ڕێکخستنی بواری سینما درا. بەمەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی فلمەکان و لەچوارچێوەی “یاسای پاراستنی گەنجان”دا؛ پێوەری رێكخستنی خودیی خۆبەشخانە بۆ پیشەسازیی سینەما (Freiwillige Selbstkontrolle der Filmwirtschaft) بۆ پۆلێنکردنی فلمەکان دانرا. لە ساڵانی 1960-1962دا و پاش گەشەکردنی تەلەڤزیۆن، گفتوگۆکانی پەروەردەی میدیایی سەریانهەڵدا و زاناکان لەچوارچێوەی ڕەخنەی میدیایی (Medienkritik)دا، ئاماژەیان بە کاریگەریی ناوەڕۆکی پەیامی تەلەڤزیۆنیی لەسەر منداڵان و هەرزەكاران کرد. لەناوەڕاستی هەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ئاڕاستەیەکی دیکەی پەروەردەی میدیایی سەریهەڵدا؛ پاش گەشەکردنی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن پرسیارێکی گرنگ هاتە ئاراوە: ئايا هاووڵاتیان چۆن ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بەکاردەهێنن؟ لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، گفتوگۆیەکی زۆرتر لەبارەی پەیوەندیی نێوان منداڵان و ڕاگەیاندن كرا؛ هەردوو توێژەری ئەڵمانیایی ڤیلکە و ئیشنهاوەر (Wilke und Eschenauer) بیرۆکەیەكیان بەناونیشانی “وانەی ڕاگەیاندن لەقوتابخانەکاندا” هێنایە ئاراوە. لەسەرەتای نەوەدەکانیشدا، پاش سەرهەڵدانی کەناڵە ئاسمانییەکان و دواتر ئینتەرنێت، زاناکانی ئەڵمانیا  (Tulodziecki)  باسیان لەوەکرد كە ڕاگەیاندن لەگەڵ خێزاندا لەکێبەرکیدایە؛ بەتایبەت لە ئەرکی پەروەردەکردندا. هەربۆیە دەبێت تاکەکانی ناو خێزان هۆشیار بکرێنەوە؛ بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی باش ئەو ئامرازانە بەکاربهێنن. 

پەروەردەی میدیایی و ڕەهەند ەكانى

بەپێی مۆدێلی پەروەردەی میدیایی؛ د.غالف . ت. کغۆیتزەر (Ralf. T. Kreutzer ) باس لە چوار ڕەهەند دەکات:

  1. ئەزموون لە ناسینی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن:

چینی منداڵان و هەرزەکاران بەتایبەت؛ دەبێت لە وانەی “پەروەردەیی میدیایی”دا ئەزموونیان لەلا درووستبێت لەبارەی پرسگەلی وەك سیستمی ڕاگەیاندن و جۆری ئەمرازەکانی ڕاگەیاندن، هەوڵەکانی دەزگا سیاسییەکان بۆ بەکارهێنانی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی ئایدیۆلۆژیا و هەڵوێست و پڕوپاگەندەی خۆیان کە نابێ ڕێگەی پێبدرێت.

  1. ئەزموون لە تێگەیشتنی پەیامی ئامڕازەکانی ڕاگەیاندن:

منداڵان و هەرزەکاران دەتوانن بەپێی ئەو ئەزموونەی کە لە وانەی “پەروەردەی میدیایی”دا دەستیاندەکەوێت، ناوەڕۆکی ئامرازەکانی ڕاگەیاندنی وەك هەواڵی ساختە هەڵبسەنگێنن و بتوانن هەواڵەکان بە سەرچاوە جۆراوجۆرەکان بەراورد بکەن. بۆنموونە، لەئەڵمانیادا دەبێت ئامرازەکانی ڕاگەیاندن زۆر بە وردیی ئاماژە بە ناوەڕۆکی ڕیکلامەکان،گۆرانی یان میوزیک و کاڵاکان بدەن، لەوانە: تەمەنی ئەو کەسانەی کاڵاکەیان بۆدروستکراوە لەگەڵ کۆمپانیای دروستکردنی کاڵاکە.

  1. ئەزموونی بڵاوکردنەوە:

لەوانەی “پەروەردەیی میدیایی”دا؛ منداڵان و هەرزەکاران فێر دەکرێن كە چۆنچۆنی بەشداریی لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاریی خۆیان و کەسانی تردا بكەن و چۆن دەتوانن لە کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی ئەم بوارە بەدووربن. بۆنموونە، ساڵانە ڕێژەیەک لە منداڵان و هەرزەکاران وێنە و ڤیدیۆکانیان بەبێ ڕەزامەندی خۆیان بڵاودەکرێنەوە. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەو دەیان کێشەی لەم شێوەیە؛ مامۆستای پەروەردەی میدیایی دەتوانێت هاوکارییان بکات.­­­­­

  1. ئەزموونی بیرکردنەوە لە دیاردەکانی ڕاگەیاندن:

لە وانەکانی “پەروەردەی میدیایی”دا؛ منداڵان و هەرزەکاران دیاردەکانی ڕاگەیاندن شرۆڤە دەکەن و بەشێوەیەکی زانستیی ڕەخنە لە ڕەهەندەکانی دەگرن.  بۆنموونە، ئەڵمانیا دابەشبووە بەسەر 16 ویلایەتدا؛ هەر ویلایەتێک پلانی خوێندنی خۆی هەیە، بەڵام وانەی پەروەردەی میدیایی لەهەموو قوتابخانەکاندا دەخوێنرێت. مامۆستاکانی پەروەردەی میدیایی؛ دەرچووی بەشەکانی پەروەردەی میدیایی زانکۆکانی ئەڵمانیان. لەوبارەوە؛ کۆمەڵێك کتێبی پەروەردەی میدیایی نووسراون و لەقوتابخانەکاندا وەکو وانە دەوترێنەوە. بۆنموونە، کتێبی پەروەردەی میدیایی قۆناغی 01-04ی سەرەتایی، پەروەردەی میدیایی قۆناغی 05-10، ژانرەکانی ڕاگەیاندن بۆ قوتابیانی سەرەتایی و …تد. ئەم کتێبانە زانیاريی زۆر بەسوود لەخۆدەگرن؛ بەبۆچوونی من وەک پسپۆرێکی میدیا هانی منداڵ و هەرزەکاران دەدەن بۆ بەکارهێنانی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بەشێوەیەکی پۆزەتیڤ و بۆ مەبەستی باش. بۆ پێوانەکردنی کاریگەریی وانەی پەروەردەی میدیایی لە قوتابخانەکاندا؛ ساڵانێکی زۆرە توێژینەوەکانیش لەم بوارەدا بەردەوامن. جگە لەو کتێبانە، وەزارەتی خوێندنی ئەڵمانیا و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە پەروەردە و منداڵ چەند وێبسايتێکیان بەناوی پەروەردەی میدیایی هەیە، لەوانە:

وێبسایتی Medien Kompetenz Ramen Nrw

وێبسایتی Medienkompetenz Siegel

وێبسایتی  Deutsches Kinderhilfswerk

وێبسایتی Jugend und Medien – das Informationsportal zur Förderung von Medienkompetenzen

ئەو وێبسایتانە بەبەردەوامیی کتێب بەشێوەی pdf و ڤیدیۆ و توێژینەوە و ڕێنمایی و زانیاریی نوێ بڵَاودەکەنەوە و قوتابییەکانیش دەتوانن ڕا و سەرنجی خۆیان دەربڕن. جگە لە دەیان گۆڤاری پەروەردەی میدیایی هاوشێوەی گۆڤاری (Scout Kita ) کە تایبەتە بە پەروەردەی میدیایی لە باخچەی ساوایان-دا.

سەرچاوەکان 

  1. Scout Zeitschrift, über: scout-magazin.de
  2. Martina Pfohl und Klara Landrichinger (2019) DIGITALE MEDIENBILDUNG IN ELEMENTAREN BILDUNGSEINRICHTUNGEN
  3. Harald Gapski, Monika Oberle und Walter Staufer (2017) Medienkompetenz, Bonn, Bundeszentrale für politische Bildung.
  4. Sandra Fleischer und Daniel Hajok (2017) Medienerziehung in der digitalen
  5. Welt Grundlagen und Konzepte für Familie, Kita, Schule und Soziale Arbeit, Stuttgart, Verlag W. Kohlhammer.
  6. Was ist Medienpädagogik?, über https://medienkindergarten.wien/medienpaedagogik/infothek/was-ist-medienpaedagogik

*پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە پەیمانگای زانستی ڕاگەیاندن-ى زانکۆی Ruhr Bochum ی ئەڵمانیا.

**ئەم بابەتە لە تەوەری «خوێندن و پەروەردەی میدیایی» لە یەکەمین ژمارەی زستانی 2022ی گۆڤاری دەرگاوان_دا چاپکراوە.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟