124ساڵ لەمەوبەر و لەرۆژی 21ی نیسانی 1898دا؛ یەکەمین رۆژنامەی کوردیی لەتاراوگەدا لەدایکبوو. لەو رۆژەوە تا 21ی نیسانی 2022؛ دۆزی «سەربەخۆیی پیشەیی» و «سەروەریی نەتەوەیی» کورد لە «کوردستان»دا، وەکخۆی ماوەتەوەو شتێكی ئەوتۆی لێ نەگۆڕاوە شایانی شایی و شاباش بێت. ھۆکاری نەگۆڕان و چەقبەستوویی درێژخایەنیشی؛ زۆر و ھەمەجۆرە. نەبوونی سیستم و دامەزراوەی نیشتمانی، نەبوونی سەرچاوەی روونی داھات و دارایی؛ بەرچاوترین و کاریگەرترینیانن.
ئەنجامی ئەوانەیش وایانکردووە؛ میدیایەکی نیشتمانیی پیشەوەر لەباکوور و باشوور بۆ خۆرھەڵات و خۆرئاوای کوردستان، چانسی دەرکەوتن و مانەوە و بەردەوامیی نەبێت. تەنانەت لەیەک پارچەی کوردستان_یشدا ھەر ھەوڵ و ھەنگاوێکی شێلگیرانە لەو پێناوەدا درابێت و بنرێت، بەزوویی لەبار براوە و دەبرێت، چونکە لەبنچینەدا ئەوانەی دژە سیستم و دژە دامەزراوەن، خاوەن خەون و ھۆشیاریی میدیایی نین. بەپێچەوانەیشەوە؛ رۆژبەرۆژ چانسی بنیاتنانی دامەزراوەی نیشتمانیی و دیموکراتیزەکردنی سیستم و کەڵەکەکردنی داھات و دارایی نزم و نەزۆک بووە. بگرە دەیان و سەدان بەربەست و بەردەست ھەڵتۆقێنراون؛ تاوەکو هیچ پلان و پرۆژە و پرۆگرامێكی نیشتمانیی سەرپێ نەخرێت. هەربۆیە دۆسییەی میدیایی ئەمجارەی دەرگاوان بۆ “دۆست و دوژمنەكانی میدیای نیشتمانیی لەهەرێمی كوردستاندا” تەرخانكرا؛ تاوەكو بەشێوەیەكی زانستیی و شێنەیی تاووتوێ بكرێت و لەدەرئەنجامیشدا “ریفۆرمی میدیایی” لەدرووشمەوە ببێت بە کردار و دواتر لە گوتار و رەفتار و بەرھەم و سیاسەتی میدیایی کورددا رەنگبداتەوە.
رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) لەدەستپێشخەرییەکی بێوێنە و لە 21ی کانونی دووەمی 2022دا؛ یەکەمین گۆڤاری وەرزیی تایبەتمەند بە پەروەردەی میدیایی بەناوی دەرگاوان چاپکرد. بەو ئامانجەی لە ترافیکی دیموکراسییدا؛ گڵۆپی سەوزی ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی کوردستان بێت. ھاوكات بۆ «بەرەڵایی دەربڕین» و «پاشاگەردانیی میدیایی»ش ببێتە گڵۆپی سووری راگرتن و رێکخستنەوەی پەیامەکانی. خۆشبەختانە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ژمارەی ئەزموونیی دەرگاوان_دا؛ پێشوازییەکی گەرمیی لێکراو لەچەندین لاوە پەسن و دەستخۆشیی لە «ناوەڕۆکە دەوڵەمەندەکەی گۆڤارەکە» کرا.
ئێستا کە بە خەون و شەونخوونیی تاکەکەسیی و ھەوڵی بەخشەران و ھیمەتی خوێنەر و خواستەکانیان؛ گۆڕانکاریی بەسەر لۆگۆ و فۆنت و نەخشەسازیی دەرگاوان_دا ھێنرا و دووەم ژمارەی ئامادەکرا، دیسانەوە لە دڵەڕاوکێی ئەوەداین کە چۆن و بە چ شێوەیەک گرەنتی چاپکردنی گۆڤارەکە و مانەوە و بەردەوامیی بکەین. ئەم دەردە درێژخایەنەی نەبوونی سەرچاوەی مسۆگەر و متمانەپێکراوی داھات و دارایی؛ وایکردووە لە «کوردستان»ی میقداد میدحەت بەدرخان تا بە «دەرگاوان»ی د.شوان ئادەم ئەیڤەس دەگات، رۆژنامەگەرییەکی وێرانی لێ بەرھەم بێت کە نەتوانرێت یاخود نەھێڵرێت ئەرک و بەڵێنی پیشەیی خۆی بەرێتەسەر. جا ئەگەر دەتوانن و دەتانەوێت لەکاتی خۆیدا؛ ھەموو وەرزێک ژمارەیەکی نوێی دەرگاوان بخوێننەوە، ئەوا بۆ ھەر ژمارەیەک بە کڕینی یاخود ناردنی ریکلام بۆ کاڵا و شمەکەکانتان، گرەنتی چاپکردن و بڵاوکردنەوەی گۆڤارە تاقانەکەی «پەروەردەی میدیایی» بکەن، تاوەکو لانیکەم گرەنتی ھەڵھاتنی خۆری میدیایەکی نیشتمانیی پیشەوەر و «باش» پەروەردەکردنی نەوەیەكی نوێی رۆژنامەوانان بکرێت!