د.شوان ئادەم ئەیڤەس
خۆهەڵقورتاندن و دەستوەردانە نێو ژیانی تایبەتیی كەسەكان و فزولیەتی پێشلكردنی مافی تایبەتمەندێتی؛ كەسایەتییە گشتییەكان و ئەستێرەكان و تەنانەت هاووڵاتیانی ئاسایی-ش هەر بەتەنیا پەیوەندیی بەشەپۆلی تەكنۆلۆژیاى ميديايى و بڵاوبوونەوەی ئینتەرنێت و خزمەتگوزارییە بێسنوور و بێسانسۆرەكانی ئەمڕۆی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە نییە، بەڵكو مێژووییەكی دێرینتری هەیە و تەریب بەقۆناغەكانی هەڵكشانی ئايين و ئايينزا جياوازەكان و كولتوری باوى پیاوسالاری، بنەماڵە و خێزانی فرەنەوەی كۆمەڵگە سەرەتایی و پێشكەوتووەكان؛ گەشەی كردووە (Aivas, 2017).
مافی تایبەتمەندێتيی (The right to privacy)؛ لەبنچینەدا دەربڕی خواست و ویستی ئازادانەى كەسەكانە بۆ هێشتنەوەی نهێنییەكانيان، دۆخی خەڵوەتنشینیی و مانەوە بەتەنهایی، دەستگەیشتن بەزانیارییە تایبەتییەكان و پاراستنیان، كەسایەتیی تاكەكەس و ژیانی پەنهانی رۆژانەی كەسە سروشتیی و ناسروشتییەكان كە ئەگەر لەدۆخی ئاساييدا ناچار نەكرێن؛ نایانەوێت بەویست و رەزامەندیی خۆیان وردەكاری ئەو تایبەتمەندێتیانەیان بۆ هەمووان ئاشكرابكەن یاخود بڵاوی بكەنەوە (Solove, 2009). بەپێی بڕگە و بەندەكانی جاڕنامەی جیهانیی مافەكانی مرۆڤ و یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانیش؛ هیچكەسێك مافی خۆهەڵقورتاندن و دەستوەردانی بۆ نێو وردەكارییەكانی ئەو جۆرە ژیانە نییە؛ چ بگات بەوەی میدیا و میدیاوانی كورد ئەركی پیشەیی خۆیان لەیاد بكەن و لەبری كاركردنی بابەتیی و هەڵسەنگاندنی ئەرك و بەرپرسیاریەتیی كەسەكان، بەدوای ئاشكراكردن و بڵاوكردنەوەی خەون و خۆزگە و خووە نهێنیيەكانیانەوە بن. بەتايبەت لەدۆخێكدا كە هیچ سوودو بەرژەوەندییەكی گشتیی و بایەخێكی كۆمەڵایەتیی لەدەستوەردانە نێو ژیانی تایبەتیی كەسەكاندا نەبێت و ئامانجی سەرەكی؛ بەتەنیا شكاندنی شكۆى مرۆيى و لەكەداركردنیان لەنێو خزم و خوێش، هاوڕێ و هاوسێ و هاوپیشەكانیاندا بێت. بەدیارییكراوتريش؛ لەسەروەختی قەیران و ململانێ و هەڵمەتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردندا!
بەپێی توێژینەوە زانستییەكان؛ رەگەزەكانی مافی ژیانی تایبەتیی كەسەكان و جیاكردنەوەی لەمافی گشتیی و بەریەككەوتنی لەگەڵ ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی لێكجیان، بەجیاوازیی ئەو بارودۆخانەی كە لەچوارچێوەی سیستم و كولتوری باوی كۆمەڵگە جیاوازەكاندا بۆئەو ئازادییانە هەیە و رێگە بەپێشلكردن یاخود پاراستنی رەگەزەكانی ئەو مافە لەرێی هۆیەكانی ئاشكرایی و ژانرە جیاوازەكانی رۆژنامەگەریی و نێوەندەكانییەوە دەدات. هەموو ئەوانەش بەئامانجی گەیشتن بە رایەڵی هەماهەنگیی و هاوسەنگیی نێوان رەگەزەكانی مافی تایبەتمەندێتیی و مافی ناوبانگ و شكۆی كەسایەتیی كەسەكانە. گەشەسەندن و پێشكەوتنی زانست و تەكنۆلۆژیا و بەرفراوانبوونی ئامرازەكانی گەیاندن و راگەیاندن لەسەردەمی جیهانگیریی و تەقینەوەی زانیارییەكاندا، هەلی كرانەوەو دەربڕینی هەمەچەشنی ئادەمیزاد، سنورە جوگرافییەكانی بەزاندو جەمسەرەكانی گۆی زەوی بۆ كەمترین دووریی لەیەك نزیكخستەوە. بەوەش لەلایەك ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی بەرینتر كرد، لەلایەكی دیكەشەوە بووە هۆی دەركەوتنی قەیرانی ژیانی تایبەتیی كەسەكان و دزەكردنە نێو زانیاریی و تایبەتمەندییە خودیی و كەسییەكانی یەكترییەوە، چ لەسەر ئاستی تاكەكەس و چ لەسەر ئاستی دەزگا و دامەزراوە هەستیارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان كە بێگومان كایەی رۆژنامەگەریی كوردییش لەهەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی دیكەی عێراقو وڵاتانی دراوسێ، لە پریشكی ئاگری ئەو قەیرانە جیهانییەی ئینتەرنێت بوەتە ناسنامەو هەوێنی تەشەنەسەندنی بێبەش نەبووەو نابێت. دیارترینى ئەو بوارانەی ژیانی تایبەتیی كەسەكان داكۆكی لێدەكەن و هەوڵی پاراستنی دەدەن؛ بریتیین لەم چوار تایبەتمەندێتییە سەرەكیی و هەستیارەی خوارەوە:
یەكەم: تایبەتمەندێتیی زانیاری؛ سەرجەم ئەو تایبەتمەنديی و یاسایانە دەگرێتەخۆ كە زانیاریی تایبەتيی وەك پزیشكی، دارایی، حكومیی كەسەكان، كۆنتڕۆڵ دەكەنو ئەم بوارەش بەپاراستنی زانیاريی ناوزەد كراوە و یاسا و رێسای دیاریكراوی خۆی هەیە.
دووەم: تایبەتمەندێتیی جەستەیی و دەروونی؛ بۆ پاراستنی نهێنییەكانی جەستە و دەروونی كەسەكان لەكاتی تاقیكردنەوە پزیشكییەكانی وەك پشكنینی ئایدز و منداڵبوونو نەخۆشییە دەروونییەكانو هاوشێوەكانیان.
سێیەم: تایبەتمەندێتیی پەیوەندییەكان؛ بۆ پاراستنی ئاسایشی پۆستە ئەلیكترۆنییەكان، پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان، پۆستەر و نامە و وێنە و بەڵگەنامە و هەرجۆرە پەیوەندییەكی دیكەی كەسەكان لەرووی سۆزداريی و خێزانی، دەروونيی و جەستەییو … تد.
چوارەم: تایبەتمەندێتیی شوێن؛ بۆ پاراستنی مافی ئەو شوێنەی كە تاكەكەس تیایدا نیشتەجێ دەبێت و دەمێنێتەوە، جا بەشێوەیەكی كاتیی بێت بۆ حەوانەوەو بەسەربردنی ساتەوەختی دەسبەتاڵيی یاخود بەشێوەیەكی هەمیشەییو بۆمانەوەو كاركردنی درێژخایەن.
هەڵبەتە ژیانی تایبەتیی كەسەكان و رەگەزەكانيشی؛ هێندە ئاشكرا و روون نین كە هەمووان یاخود میدیا و میدیاوانان بەتایبەت پەی پێبەرن و ئاشنای وردەكارییەكانی بن، چونكە تایبەتمەندێتیی كەسەكان هاوشێوەی شاخە سەهۆڵینەكان بەتەنیا بەشێكی كەمی دەركەوتووەو بەشێكی زۆری شاراوەو نەزانراوە. ئەوەش وادەكات زۆرتر خەڵك هەڵوەدای دزەكردنە نێو ئەو جۆرە ژیانە و پێشلكردنی مافی تایبەتمەندێتیی بن. لەرووی یاسایی و میدیاییشەوە؛ ئەو بابەتانەی تائێستا كۆدەنگیان لەسەرە كە رەگەزەكانی ژیانی تایبەتیی كەسەكان بن بریتیین لەتایبەتمەندێتیی ژیانی سۆزداریی و هاوسەریی یان خێزانی، تایبەتمەندێتیی نامە و گفتوگۆ كەسییەكان، تایبەتمەندێتیی پزیشكیی و باری تەندروستی كەسەكان، تایبەتمەندێتیی باری دارایی كەسەكان، تایبەتمەندێتیی شوێنی مانەوە و پشوودانی كەسەكان. بەپێچەوانەوەشەوە؛ چەند بابەتێك هەن كە هێشتا كۆدەنگیان لەسەر نییە لەرەگەزەكانی ژیانی تایبەتيی كەسەكان بن، لەوانە تایبەتمەندێتیی وێنەی كەسەكان، تایبەتمەندێتیی مرۆڤ لەسەر ناوی خۆی، تایبەتمەندێتیی ژیانی فەرمانبەریی و پیشەیی، تایبەتمەندێتیی ساتەكانی پشوو و دەستبەتاڵی، تایبەتمەندێتیی بیروباوەڕ و بۆچوونی سیاسیی كەسەكان، تایبەتمەندێتیی رێزگرتن لەجەستەی كەسەكان، تایبەتمەندێتیی هەڵنەدانەوەی بابەتە لەبیركراوەكان و مافی كەسەكان كە لەبیركراو بن (ئەیڤەس، 2013).
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا؛ كاتێك سەرەكییترین ئامانجی گوتاری میدیای گشتیی لەوەدا كورت دەبێتەوە كە دەستوەرداتە نێو ژیانی تایبەتیی كەسەكان و هەموو ستراتیژ و تاكتیكی پەیامی میدیایی خۆیشی بۆ هەڵدانەوەی ئەو جۆرە ژیانە تەرخان دەكات؛ كاتێك ناونیشان و ناوەڕۆكی زانیارییەكانی نابنە تەواوكەری یەكتری و زانیاریی ساختە و شرۆڤەی كەسیی تێكەڵ بە ناوەڕۆكی هەواڵەكان دەكات و “بەپەلە”ش پەخش و بڵاوی دەكاتەوە؛ كاتێك تەنیا ئامانجی دەبێتە بەرزكردنەوەی رێژەی بینەر و بیسەر و خوێنەر لەسەر حسابی شكاندنی شكۆی كەسەكان و هۆنینەوەی تۆمەت و ریزكردنی جنێو و ئەنجامدانی تاوانی ناوزڕاندن و پێشلكردنی مافی تایبەتمەندێتيی كەسانی دیكە؛ ئیتر ئەو میدیایە لەوە دەكەوێت ببێتە داكۆكیكەرێكی بەرژەوەندییە گشتییەكان و پردی پەیوەندیی نێوان خەڵك و حكومەت و گەیەنەری داواكارییەكانیان بەیەكتری. ئیتر لەبری ئەوەی میدیای گشتیی كوردی؛ ئامرازی زاخاودانەوەی مێشك و دەروونی هیلاكی تاكەكەس و بڵاوكردنەوەی ئاشتیی و ئاوەدانیی و پەروەردەكردن و راگرتنی هەستی وەرگرى گشتیی و خاوەن پێداویستیی تایبەت بێت، هەموو هێز و هەژموونی خۆی لەئاساییكردنەوەی زمانی بازاڕیی و هاندانی تاوان و بێڕێزییكردن بە بەها كولتورییەكان و شێواندنی مێژوو و كەلەپوریی نەتەوەكەیدا چڕ دەكاتەوە. لەو نێوەندەشدا بەویست بێت یان بێویست؛ “گەمژاندنی بەكۆمەڵ” دەبێتە رۆژەڤ و “نەزان” دەكاتە “زانا” و “بێناو” دەكاتە “ناودار و ئەستێرەی میدیايى”!
هۆكاری هەموو ئەوانەش دەگەڕێتەوە بۆ كەمیی پاشخانی زانستیی و نەبوونی شارەزایی میدیا و میدیاوانان لەبنەما یاسایی و پێوەرەكانی رێسای پیشەیی راگەیاندن و بەزاندنی مافی تایبەتمەندێتیی كەسەكان. بڵاوكردنەوەی وێنە و كۆلاجكردنی گرتەی سێكسیی كچان و ژنان بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی خۆیانو چاودێرییكردنی ژیانی خێزانی، باری دارایی، ئاشكراكردنی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان، هەڵماڵینی بیروباوەڕو بۆچوونی سیاسیی كەسەكان و ناچاركردنیان، قۆستنەوەی ناو و پێگەی كەسایەتییە گشتییەكان بۆ مەبەستو بەرژەوەندی تایبەتيیو……تد، دیارترین نمونەی پێشێلكاریی مافی تایبەتمەندێتیی كەسەكانن لەرۆژنامەگەریی هەرێمی كوردستاندا، بەجۆرێك ئێستا رووخسارە شاراوەكانی رۆژنامەگەریی رووزەرد بەئاشكرا دەركەوتوون و ناسنامەی دزێوی خۆیان ئاشكراكردووە. ئەوەش دەرئەنجامی نەبوونی یاسایەكی تایبەت بەپاراستنی ژیانی تایبەتیی كەسەكان لەدەستتێوەردانی میدیا و ميدياوان و ئاسان جیانەكردنەوەی تاوانەكانی ناوزڕاندن و بەزاندنی مافی تایبەتمەندێتیی ژیانی تایبەتیی كەسەكانە!