میدیای كوردیی و پێوەرەكانی گەشەپێدانی

د.شوان ئادەم ئەیڤەس

 ئەگەرچی پێوەرەكانی گەشەپێدانی میدیای كوردیی زۆر و هەمەجۆرن، بەڵام كەمتر و سنووردارتر سوودیان لێوەرگیراوە و بەشێوەیەكی چڕوپڕ و بە بەرنامەش پەڕاوێزخراون!

بەپێی راپۆرتی نێوەندی هاریكاریی میدیای نێودەوڵەتی (CIMA)؛ چەمكی گەشەپێدانی میدیایی (media development) بۆ هەڵسەنگاندن و گۆڕانكاريى لەبوارەكانی گەیاندن و راگەیاندنی هەواڵیيدا دەگەڕێتەوە. ئەو گۆڕانكاریانەش؛ پەیوەندیی بەكۆمەڵێك لە دامەزراوەكان، مومارەسات و رەفتارەكانەوە هەيە. لەوانە؛ سەروەری یاسا، ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەری، سیستمەكانی پەروەردەكردنی رۆژنامەوانان، ژینگەكانی كاركردن و تواناكانی رۆژنامەوانان و بەڕێوەبەران هاوشان لەگەڵ پشتگیرییكردنی كۆمەڵە بۆچوونێكی هەمەجۆر لەنێو كۆمەڵگەدا. ئەو هەڵسەنگاندنە؛ دەشێت لەرێی پشتگیریی بەخشەرەكان (donor support)، وەبەرهێنانی تایبەت یاخود پرۆسێسەكانی گۆڕانكاریی ناوچەیی لەلایەن خاوەنەكانی میدیا، بەڕێوەبەرەكان،رۆژنامەوانان، كۆمەڵەكانی پیشەسازی میدیا و هەوڵە هاوبەشەكانی دیكەوە كارابكرێت و پەرەی پێبدرێت. ئامانجى ئەو چەمكە؛ بنیاتنانی تواناكانی دامەزراوەكان و تاكەكانە لەپەیوەندییاندا لەگەڵ ئازادیی دەربڕین و فرەلایەنیی و هەمەڕەنگیی میدیا لەگەڵ شەفافیەتی ئەوانەی خاوەندارێتیی میدیاكان دەكەن.

گەشەپێدانی میدیایی؛ رۆڵى لەدیموكراسییەت و گوتاری دیموكراسیی كارادا هەيە لەرێی پشتگیرییكردنی میدیای ئازاد و سەربەخۆ. بەخشەرە نێودەوڵەتییەكان و رێكخراوەكانی دیكەش وەك بەشێك لەپشتگیرییەكی بەرفراوانتری گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی ئابوریی و دیموكراسی؛ بەزۆری پشتگیریی گەشەپێدانی میدیایی دەكەن. هەوڵە نموونەییەكانیانيش بۆ گەشەپێدانی میدیای سەربەخۆيە لەرێی؛ راهێنانی رۆژنامەوانان و پەروەردەكردنیان، پشتگیرییكردن و راوێژكردن لەبارەی باشكردنی ژینگەی یاسایی و بازرگانیی ئامرازەكانی راگەیاندن، هەوڵدان بۆ باشتركردنی سەقامگیریی و بەردەوامیی میدیا بەركارەكان، راهێنان لەسەر خوێندەواریی میدیایی و مەشقكردن و ئاوێزانكردنی میدیای دیجیتاڵی؛ گەشەپێدانی ژێرخان و هەوڵدانی چاودێریی و هەڵسەنگاندن. لەو رووەوەو لەچەند ساڵی رابردوودا، هەریەك لەرێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی ئەوروپا و خۆرئاوا لەنموونەی رێكخراوی رۆژنامەوانیی جەنگ و ئاشتی (IWPR)  و سندوقی نیشتمانیی بۆ دیموكراسی (NED) و (Internews) و چەندینی دیكە؛ رۆڵی بەرچاویان لەگەشەپێدانی میدیای كوردییدا هەبووە. بۆنموونە ئاژانسی نێودەوڵەتیی گەشەپێدانی ئەمەریكا (USAID) كە گەورەترین پشتگیریی دارایی میدیای سەربەخۆ دەكات؛ بەتەنيا لەساڵی 2006دا 52.7ملیۆن دۆلاری لە گەشەپێدانی كەرتی میدیای نێودەوڵەتییدا خەرجكردووە (CIMA, 2020).

لەساڵی 2008دا؛ رێكخراوی یونسكۆ پەرەی بەپێنج ئاماژەی سەرەكیی گەشەپێدانی میدیایی دا، لەوانە: سیستمێكی رێكخستنی یارمەتییدەر بۆ ئازادیی دەربڕین و فرەلایەنیی (pluralism) و هەمەچەشنی میدیا (diversity of the media)؛ فرەلایەنیی و هەمەچەشنی میدیا وەك كێڵگەیەكی پێگەیشتنی ئابووریی و شەفافیەتی خاوەندارێتی (transparency of ownership)؛ میدیا وەك سەكۆیەك بۆ گوتاری دیموكراسی؛ بنیاتنانی توانا پیشەییەكان و پشتگیرییكردنی ئەو دامەزراوانەی كە ئازادیی دەربڕین و فرەلایەنیی و هەمەچەشنی پتەو دەكەن؛توانای ژێرخان بۆ پشتگیرییكردنی میدیایەكی فرەلایەن و سەربەخۆ بەسە. ئەو پێنج ئاماژەیەی گەشەپێدانی میدیایی لەساڵی 2011دا و لەچوارێوەی راپرسییەكی نێودەوڵەتیی ئەزموونییدا بەكارهێنران كە 28 دەوڵەت بەشدارییان تیاكرد و جەختيان لەسەر رێكخستن و بەردەواميی كردەوە. هاوكات پێڕستی بەردەوامیی میدیا (MSI)ی سەر بەئەنجومەنی ئاڵوگۆڕ و توێژینەوەی نێودەوڵەتی (IREX)؛ ئامرازێكی دیكەی بەرفراوانیی بۆ هەڵسەنگاندنی گەشەپێدانی جیهانیی میدیای سەربەخۆ بەكارهێنا. (MSI)؛ یەكێكە لەئاماژە زۆر گرنگەكان بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی چۆن سیستمەكانی میدیا بەپێی كات و بەدرێژایی سنورەكان دەگۆڕێن. هەربۆیە پێنج ئامانجی سەرەكیی بەكارهێنا بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەى كە تا چ ئاستێك سیستمی میدیا؛ سەربەخۆ و بەردەوام و سەركەوتووە. ئەو پێنج ئامانجەش بریتیى بوون:

  1. پێوەرە كۆمەڵایەتیی و یاساییەكان؛ ئازادیی دەربڕین و گەیشتن بە زانیارییە گشتییەكان دەپارێزن و پتەوی دەكەن.
  2. رۆژنامەگەری؛ لەگەڵ پێوەرە پیشەییەكانی چۆنایەتی (professional standards of quality)دا بەیەكدەگەن.
  3. سەرچاوە هەمەچەشنەكانی هەواڵ؛ هەواڵی بابەتیی و متمانەپێكراو بۆ هاووڵاتیان دابیندەكەن.
  4. باش بەڕێوەبردنی میدیاكان؛ رێگە لەبەردەم سەربەخۆیی نووسین (editorial independence)دا خۆشدەكات.
  5. دامەزراوە پشتگیرییكراوەكان؛ كار بۆ بەرژەوەندییە پیشەییەكانی میدیای سەربەخۆ دەكەن.

بەسەرنجدان لەو پێوەر و ئامانجانە؛ پاشەكشێی ناوەڕۆكی پەیامی میدیایی قۆناغێكە تەریب بەپێشڕەویی چەندێتیی نێوەندە ئەکادیمییەکانی میدیا لەهەرێمی کوردستانی بندەستی عێراقدا دەڕوات. بەجۆرێك لەگەڵ هەڵكشانی ژمارەی خاوەن بڕوانامە زانستییەكانی دبلۆم، بەکالۆرۆیۆس، ماستەر و دکتۆرادا؛ رۆژبەرۆژ میدیای ئاستنزم و میدیاوانی ناپیشەیی بێئامانج دەكرێنە “ئەستێرە” و “ماركە”ی بازاڕی شێواوی ئازادییەكانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی كوردی. هەڵبەتە پەیوەندیی پێچەوانەی نێوەندە ئەکادیمییەکان لەگەڵ نێوەندە پیشەیەکانی میدیادا؛ وردبوونەوەو ھەڵوێستەکردنی بەبەرنامەی دەوێت. ھەڵوێستەکردنێک کە لەدەستپێکدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ھەرێمی کوردستان گوڕ بداتەوە خۆی و ھەڵمەتێکی چاکسازیی لەزۆریی و بۆریی ژمارەی زانکۆ و پەیمانگە و کۆلیژ و بەشەکانییدا بکات. هەم كەمیان بكاتەوە و هەم رێكیان بخاتەوە و چۆنایەتیی لەبری چەندایەتیی بكاتە ئامانجی سەرەكیی ئەم قۆناغەى. بەتایبەت كە ئێستا هەم پەتای كۆڤید_19و لێكەوتەكانی، هەم دۆخی قەیراناویی ناوچەكە و مایەپوچیی دارایی حكومەت بۆ گۆڕانكارییەكی ریشەیی لەو جۆرە لەبارە. ھیچ لۆژیکێک ھەزمی ئەوە ناکات؛ بۆ پێنج تا شەش ملیۆن دانیشتووی چوار پارێزگای هەولێر و هەڵەبجە و دهۆك و سلێمانیی نزیک بە 30-40  زانکۆی حکومیی و ناحکومیی ھەبن. ئەوە جگە لەو سەدان پەیمانگەیەی لەپەنا ئەو زانکۆیانەدا هەن یاخود بەبڕیاری وەزارەتی پەروەردە کراونەتە سەربار!

دوای تێپەڕینی 20 ساڵ بەسەر کردنەوەی یەکەمین بەشی رۆژنامەنووسیی لەپەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی؛ ئێستا زیاتر لە 10 بەشی ھاوشێوە لەزانکۆ و پەیمانگەکاندا ھەن كە ھەریەک لەو بەشانەش بەدەست کێشەی لۆجیستیی و مرۆییەوە دەناڵێنن. ئەوەش دەرئەنجامی بێپلانیی حكومەت و درزبردنی یەکێک یان زیاتر لەپایەیەکی سیستمی پەروەردەییە. جا لەژینگەی خوێندن و پرۆگرامەكانی خوێندنەوە بیگرە تاوەكو  بە خوێندکار و مامۆستای وانەبێژی میدیایی دەگات؛ نەیانتوانیوە پەرە بە پێوەرە ناوخۆییەكانی گەشەپێدانی میدیای كوردیی بدەن!

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟