عەبدولقادر ساڵح عەبدول*
کاتێک رۆژنامەنووسێک هەواڵێک یاخود راپۆرتە هەواڵێک دەربارەى تاوانێک یان دەربارەى بابەتێکى یاسایى ئامادە دەکات، دەبێت زۆر بە ورديى شارەزایى لە زاراوە یاساییەکاندا هەبێت، چونکە زاراوە یاساییەکان بۆ خۆیان هەڵگرى پێناسەى تایبەتى خۆیانن، ئیتر پێناسەکە یاسادانەر کردبێتى یاخود دادگاکان کردبێتیان یان شارەزایانى بواری یاسا، بۆیە گرنگە رۆژنامەنووس لەم بوارەدا پاشخانێکى زۆرباشى هەبێت. بەپێچەوانەوە؛ نادیدەگرتنى ئەم بابەتە، جگەلەوەى دەبێتە لەکەیەک لەسەر ناوبانگى رۆژنامەنووسەکە، بەهەمانشێوەیەش بەهەڵەیەکى کوشندە لەسەر ئەو میدیایەش دادەنرێت کە رۆژنامەنووسەکە کارى تێدا دەکات. یاسازانى یان زانستى یاسایى خۆى لە خۆیدا دونیایەکى پان و بەرینە لە پسپۆریى و وردەکاریى و پێویستە لەمیانەى رووماڵکردنى هەر بابەتێکى تایبەت بەم دونیا فراوانەدا، رۆژنامەنووس لانيکەمى وشیارى یاسایى هەبێت بۆ ئەوەى بتوانێت ئەو هەواڵە یان راپۆرتە هەواڵەى ئامادەى دەکات یەکانگیرببێت لەگەڵ بنچینە یاساییەکاندا و ناکۆک نەبێت لەگەڵیاندا. ئەوەش وا دەخوازێت رۆژنامەنووس هەر لە ناوى یاساکانەوە شارەزایى بەرایى هەبێت هەتا ناوى دادگاکان و پسپۆرییەکانیان و بڕیار و حوکمەکانیان و لایەکانى پێکهێنەرى دادگا. لێرەدا و بۆ چوونە نێو ناوەرۆکى بابەتەکە، لەرێگەى چەند نموونەیەکەوە، کرۆکى بابەتەکە دەخەینەڕوو:
تۆمەتبار و تاوانبار
هەندێکجار رۆژنامەنووس لەنێو ئەو هەواڵە یان راپۆرتە هەواڵەى ئامادەى دەکات سەبارەت بە تاوانێک کە روویداوە، زاراوەى تاوانبار دەداتە پاڵ ئەو کەسەى کە تاوانەکەى ئەنجامداوە یان تاوانەکەى دراوەتە پاڵ کە ئەمەش لەرووى یاساییەوە درووست نییە، چونکە کاتێک کە کەسێک لەسەر ئەنجامدانى تاوانێک دەستگیردەکرێت و رادەگیرێت، ئەوا سیفەتەکەى بە تۆمەتبار دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەى دادگاى بابەت (محکمة الموضوع) بڕیاردەدات بە تاوانبارکردن (تجریم)ى. ئەوەش لەو بنەما یاساییەوە سەرچاوە دەگرێت کە “تۆمەتبار بەبێتاوان دادەنرێت تا ئەو کاتەى تاوانبارکردنەکەى دەسەلمێنرێت.” کەواتە لەزمانى یاسادا؛ درووست نییە کاتێک کەسێک بە تۆمەتى ئەنجامدانى تاوانێک دەستگیردەکرێت، زاراوەى تاوانبارى بۆ بەکاربهێنرێت تا ئەو کاتەى دادگا حوکمى تاوانباربوون (التجریم)ى دەدات.
را‌گرتن ، بەندکردن، زیندانیيکردن
کاتێک کەسێک لە دادگاى لێکۆڵینەوەدا سکاڵاى لەسەر تۆماردەکرێت، ئەوا لەم کاتەدا رەنگە دادوەر بۆ ماوەیەک بڕیارى راگرتنى (توقیف)ى بدات، ئەمەش وەک رێکارێکى یەدەک و بەگوێرەى ئەوەى یاساى تایبەتمەند دەستنیشانیکردووە. کەواتە لەم کاتەدا، رۆژنامەنووس درووست نییە لەمیانەى هەواڵەکەیدا بڵێت: فڵان کەس بەبڕیارى دادوەرى لێکۆڵینەوە بەندکرا یان زیندانىيکرا، چونکە را‌گرتن پێش دەرچوونى حوکمى کۆتایى دادگایە لەدۆسیيەکەدا؛ ئەگەرى هەیە کەسە راگیراوەکە بێ‌تاوان دەربچێت یان تاوانبار بکرێت. کەواتە لەمبارەدا کاتێک دادوەر بڕیار دەدات بەم راگرتنە، تەنها سیفەتى راگیرا‌و (موقوف) دەدرێتە پاڵ کەسەکە.
ناوى دادگاکان
دەبێت رۆژنامەنووس بە ورديى ناوى دادگاکان لە هەواڵ یان راپۆرتەکەیدا بهینێت، چونکە هەر دادگایەک تایبەتمەندە بە جۆرێک لە داوا و ناکۆکى، بۆنموونە دادگاى بارى کەسیەتى(محکمة الاحوال الشخصیة) تایبەتمەندە بە داواکانى هاوسەرگیريى و بژێوى و مارەیى و تەلاق و …تد، بەڵام دادگاکانى بەرایى (محکمة البداءة) تایبەتمەندە بە پەیوەنديى نێوان تاکەکان لەبوارى مافە شارستانیيەکان وەک فرۆشتن و بەکرێدان و چۆڵکردنى خانوو و کرێ و …تد، لەکاتێکدا دادگاکانى لێکۆڵینەوە (محکمة التحقیق) تایبەتمەندن بە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکان و کۆکردنەوەى بەڵگەکان و هەواڵەکردن بۆ دادگاى تایبەتمەند یان ئازادکردنى تۆمەتبار و داخستنى دۆسیيەکە. هەروەها دادگاکانى کەتن (محکمة الجنح) و دادگاى تاوانەکان (محکمة الجنایات) هەریەکەیان تایبەتمەندن بەبینینى جۆرە تاوانێک و دەبێت رۆژنامەنووس بە وردى لە میانەى هەواڵەکەیدا ناویان بهێنێت. لەهەمانکاتدا دادگاى تێهەڵچوونەوە (محکمة الاستئناف) و دادگاى پێداچوونەوە (محکمة التمییز) هەن کە هەریەک لەم دوو دادگایەش تایبەتمەندسى دیاریسکراوى خۆیان هەیە. ئەوە سەرەڕای ئەوەى دادگاى پێداچوونەوە لە دادگاى تێهەڵچوونەوە باڵاترە.
داواکارى گشتيى و دادگا
هەندێک لە رۆژنامەنووسان لەمیانى رووماڵکردنى هەواڵەکاندا یان لەراپۆرتە هەواڵیەکانیاندا، رۆڵى داواکارى گشتيى تێکەڵ بە رۆڵى دادوەر دەکەن. بۆنموونە دەوترێت لە داواکارى گشتيى سکاڵا لەسە فڵان کەس تۆمارکرا، لەکاتێکدا داواکارى گشتى؛ ئەو لایەنە نیيە کە سکاڵاى لەبەردەمدا تۆماردەکرێت. دواکارى گشتى؛ لەبەرئەوەى نوێنەرایەتيى مافى گشتيى دەکات، ئەوا خۆى سکاڵا دەجوڵێنێت و تۆمارى دەکات، لەنێو دادگاکانیشدا نوێنەرایەتيى مافى گشتيى دەکات و لەسەر ئەم بنەمایەش کاردەکات.
دەستوور و یاسا
هەندێکجار ئەوەمان بەرچاوکەوتووە کە رۆژنامەنووس لە باسکردنى بابەتێکدا باسى لەوە کردووە کە فڵان کار پێچەوانەى دەستوورە، لەکاتێکدا دەستوور باسى لەو بابەتە نەکردووە. بۆیە دەبێت رۆژنامەنووس بە ورديى ئاگادارى چواچێوەى گشتيى دەستوور بێت کە چ بابەتێک رێکدەخات و حوکمەکانى جەخت لەچى دەکەنەوە. دەبێت رۆژنامەنووس بە ورديى جیاوازيى نێوان دەستور و یاسا بزانێت و هەردوو بابەتەکە تێکەڵ نەکات، چونکە دەستوور بە یاساى بنەڕەتيى وڵات دادەنرێت و باڵایى هەیە بەسەر کۆى یاساکانى دەرچوو لەدەسەڵاتى یاسادانان؛ نابێت هیچ یاسایەک دەقێکى تێدا هاتبێت پێچەوانەى ماددەکانى دەستوور بێت.
ناو و ژمارە و ساڵى یاساکان و رووماڵکردنى هەواڵەکانى دادگا
رۆژنامەنووس دەبێت بە ورديى ناوى ئەو یاسایانە بزانێت کە لەمیانى هەواڵەکەیدا باسى لێوەدەکات، لەم روانگەیەشەوە دەبێت بە ورديى ناوى یاساکە و ژمارەکە و ساڵى دەرچوونى یاساکە بزانێت؛ ئەوکات ئاماژەى پێ‌بکات. لەپاش ئەو چەند نموونەیەی لە سەرەوە هێنرایەوە، بە پێویستی دەزانم چەند بنەمایەکی گرنگ ئاماژە پێبکەم لەکاتی رووماڵکردنی هەواڵێکی تایبەت بە رەوتی دادگایی‌کردنی تاوانێک لەلایەن دادگاکانەوە، چونکە لێرەو لەوێ ئەوە بەدیکراوە رۆژنامەنووس بێ ئاگاداربوون لەو بنەما یاساییانە رووماڵی هەندێک هەواڵی کردووە کە لە یاسای سزاداندا بە تاوان دانراون، لەوانە: یاسادانەری عێراقی لە ماددەکانی 235 و 236ی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969دا، چەند جۆرە تاوانێکی هێناوە کە پەیوەستن بەم بابەتەوە و بە کورتیی ئاماژەیان پێدەکەین:
- كاریگه‌ریی نواندن له‌سه‌ر ره‌وتی دادگاییكردن: یاسادانه‌ری عێراقی له مادده‌ی 235ی یاسای سزادانی عێراقيیدا ئاماژەی به بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره هه‌واڵ و بابه‌تانه كردووه كه ده‌كرێت به جۆرێك له جۆره‌كان و له یه‌كێك له كه‌ناڵه‌كانی ميديادا بڵاوبكرێنه‌وه و كاریگه‌ريی له‌سه‌ر ره‌وتی دادگاییكردنی كه‌یسێك درووستبكات، كاتێك له‌به‌رده‌م دادوه‌ردا كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت. ئه‌و كاریگهرییانهش دەکرێت كاریگه‌ريی لەسه‌ر ئه‌و دادوه‌رانه‌ی كه یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی داوایه‌كیان پێسپێردراوەو له‌به‌رده‌ستیاندایه درووستبکات. ئیتر له‌به‌رده‌م هه‌ر لایه‌نێكی داوهريیدا بێت یاخود دەکرێت بڵاوكردنهوهکە ببێته هۆی كاریگهریيخستنهسهر ئه‌وانه‌ی تهكلیفكراون به لێكۆڵینه‌وه یاخود پسپۆڕان یان ئه‌وانه‌ی حوكمده‌درێن (تۆمه‌تباران)، یاخود شایه‌ته‌كان كه داوایان لێده‌كرێت له داوایه‌كدا یان له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كدا شایه‌تی بده‌ن. هەروەک دەکرێت بڵاوكردنهوهکە ببێته هۆی رێگرتن له كه‌سێك تا زانیاريی بۆ كه‌سانی تایبه‌تمه‌ند ئاشكرا بكات. هه‌روه‌ك تێبینيیش ده‌كرێت؛ یاسادانه‌ری عێراقی له هێنانی ئه‌و سێ حاڵەتەى لەسهرهوه باسکران، مه‌به‌ستی تاوانكاری (القصد الجنائي) نه‌كردووه به مه‌رج له درووستكردنی ئه‌و كاریگه‌رییه‌دا، به‌ڵكو ده‌ڵێت “ئه‌گه‌ر بێت و كاریگه‌ريی بنوێنێت”، واته ده‌كرێت كه‌سه‌كه كه ئه‌و بابه‌ته‌ى بڵاوكردۆته‌وه ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستى تاوانكاریشی نه‌بووبێت، به‌ڵام یاسای سزادانی عێراقی هه‌ر به‌تاوانی داناوه. خۆئەگەر بڵاوكردنه‌وه‌كه مه‌به‌ستدار بوو، واته كه‌سه‌كه ئه‌و كاره‌ى ئه‌نجام دابوو، مه‌به‌ستی بوو كه كاریگه‌ريی باسكرا‌و رووبدات یان ئه‌وانه‌ی بڵاوی كردبوونه‌وه درۆ و ناڕاست بوون، ئه‌وا له‌م كاته‌دا یاسادانه‌ر سزاكه‌ی توندتر كردووه كه ده‌توانین به بارودۆخى تووندکار (ظرف مشدد)ی دابنێین و سزاكه‌ی له‌وه‌ی پێشوو زیاترە. ئه‌وه‌ی له‌م مادده-یه‌وه تێبینيیدهكرێت ئه‌وه‌یه كه یاسادانه‌ری عێراقی زۆر دوور رۆیشتووه له‌م بواره‌دا و هیچ بوارێكی نه‌هێشتۆته‌وه له‌به‌رده‌م رۆژنامه‌نووسدا، چونكه مادده‌كه ده‌ڵێت: نه‌ك ته‌نيا بڵاوكردنه‌وه‌ی نووسینێكی تایبه‌ت به‌و بواره، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت ئەگه‌ر بێت و نووسینه‌كه‌ش به‌جۆرێك له جۆره‌كان كاریگه‌ريی له‌سه‌ر ره‌وتی دادگاییكردن بنوێنێت، ئه‌وا لێره‌شدا رۆژنامه‌نووس هه‌ر به‌رپرس ده‌بێت.
- رووماڵكردنی هه‌واڵه‌كانی دادگا: مادده‌ی 236ی یاسای سزادانی عێراقی له‌چه‌ند خاڵێكدا ئاماژە به بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك قۆناغ و ورده‌كاریی نێو ره‌وتی دادگاكان كردووه كه نابێت له‌لایه‌ن ده‌زگاكانی راگه‌یاندنه‌وه بڵاوبكرێته‌وه. به‌پێچه‌وانه‌وه؛ ئه‌و لایه‌نه‌ی بڵاویده‌كاته‌وه و سه‌رپێچی كردووه، دووچاری سزای یاسایی ده‌بێته‌وه. لێره‌دا به كورتیی له‌سه‌ر هه‌ریه‌ك له‌و سنووربه‌ندییانه‌ی دادگا ده‌وه‌ستینه‌وه كه دیارییكردوون:
یه‌كه‌م: بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی تایبه‌ت بە دادگاییكردنێك كه یاسا بڕیاری دابێت به نهێنيی به‌ڕێوه‌بچێت، وه‌ك دادگاییكردنی نه‌وجه‌وانان و ناكامه‌كان (الاحداث والقاصرین) یاخود دادگا رێگریی كردبێت له بڵاوكردنه‌وه‌ی له كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه یان هەر به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك له به‌ڵگه‌نامه‌كانی لێكۆڵینه‌وه ئەگه‌ر ده‌سه‌ڵاتی لێكۆڵینه‌وه، بڵاوكردنه‌وه‌ی قهغهكردبێت، با به‌شێكی كه‌میشی بێت.
دووه‌م: بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌رجۆره هه‌واڵێكی تایبه‌ت به لێكۆڵینه‌وه و رێوشوێنه‌كانی تایبه‌ت به داوا یاساییه‌كانی ره‌چه‌ڵه‌ك و هاوسهرایهتيی و جیابوونه‌وه و زینا قه‌ده‌غه كردووه.، حیكمه‌ت له‌م قهدهغهكردنهش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌مجۆره داوایانه سروشتێكی خێزانییان هه‌یه. بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌رجۆره لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی قه‌زایی یان هه‌ر ئیجرائاتێكی دادگا له‌باره‌یه‌وه، خستنه‌ڕووی تایبهتمهندێتيی تاكه‌كانه بۆ به‌رده‌ستی جه‌ماوه‌ر.
سێیه‌م: بڵاوكردنه‌وه‌ی موداوهلاتی نهێنیی دادگا كه مه‌به‌ست پێی گفتوگۆ و راگۆڕینهوهیهی نێوان دادوه‌رانه كه پێش ئاشكراكردنی ئه‌و حوكمه‌ی چاوه‌ڕێ ده‌كرێت، له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه‌ی به‌رده‌ستیان ده‌ری بكه‌ن، ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. ئه‌م موداوهلاته له‌نێوان دادوه‌ره‌كاندا به‌شێوه‌ی نهێنیی به‌ڕێوه ده‌چێت و ئه‌و گفتوگۆیانەش به‌نهێنیی ده‌مێننه‌وه و نابێت له‌لایه‌ن هیچیه‌ك له‌و دادوه‌رانه‌وه له‌دواییدا ئاشكرا بكرێن.
چواره‌م: رووماڵكردنی ئه‌و ئیجرائات و رێوشوێنانه‌ی كه له دادگا گیراونه‌ته‌به‌ر، به‌ڵام به شێوه‌یه‌ك كه ئه‌مانه‌تی تێدا نه‌بێت و مه‌به‌ستی خراپی له پشته‌وه بێت. هۆكاری به تاوان دانانی ئه‌م كاره له‌لایه‌ن یاسادانه‌ره‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه دهستكاریيكردنی یان تێكدان لهئیجرائاتهكانی دادگا له‌كاتی بڵاوكردنهوهكهدا روویداوه.
پێنجه‌م: بڵاوكردنه‌وه‌ی ناو و وێنه‌ی تاوانلێكراوی ده‌ستدرێژیی سێكسيی و ئابڕوو، له‌گه‌ڵ ناو و وێنه‌ی تۆمه‌تباری منداڵ، كه به‌جیا یاسادانه‌ری عێراقی تایبه‌تمه‌ندی پێدوان، ئه‌م رێوشوێنه‌ی كه یاسای سزادانی عێراقی ده‌قی له‌سه‌ر كردووه، په‌یوه‌نديی به‌خودی دۆسییه‌ی دادگاییكردنه‌كه‌وه نییه، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت رێگه‌شی نه‌داوه له‌م جۆره كه‌یسانه‌دا ناو و وێنه‌ش بڵاوبكرێته‌وه، ئه‌مه‌ش به‌و به‌ڵگه‌یه‌ی كه دادگاییكردنی (الاحداث) به یاسا و به شێوه‌یه‌كی ره‌ها نابێت به ئاشكرایی به‌ڕێوه‌بچێت. هه‌ر ئاشكرابوونێك له‌مجۆره دادگاییكردنهدا به به‌تاڵبوونه‌وه‌ی ئه‌و دادگاییكردنه كۆتاییدێت؛ ته‌نانه‌ت دانیشتنی خوێندنه‌وه‌ی حوكمی كۆتاییش تیایدا هه‌ر به نهێنيی به‌ڕێوه ده‌چێت.
شه‌شه‌م: بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی له داوای مه‌ده‌نيی یان تاوانکارییەکاندا ده‌گوزه‌رێت و دادگا بڕیاری دابێت كه له بارێكی نهێنیيدا پرۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كه‌ی به‌ڕێوه بڕوات، یان ئه‌و رێکارانەى كه له بواری لێكۆڵینه‌وه و ئه‌و رێوشوێنانه ده‌گیرێنه به‌ر و په‌یوه‌ستن به تاوانه‌كانی تۆمەتخستنەپاڵ و جنێو و ئاشكراكردنی نهێنییه‌كان.
لەبەرئەنجامى ئەوەى لەپێشەوە باسکرا، هەبوونى مەعریفەى یاسایى بۆ رۆژنامەنووس گرنگییەکى بەرچاوى هەیە و رۆژنامەنووس دەبێت شارەزایى بەرچاوى هەبێت لەکارهێنانى دەستەواژە یاساییەکان لە جێگەى خۆیدا. هەروەک دەشبێت لانيکەمى وشیارى یاسایى ئەوتۆى هەبێت کە لەمیانى کارى رۆژنامەوانيى خۆیدا کارێک نەکات کە تاوان بخاتەوە؛ بە گوێرەى هەردوو ماددەى ئاماژەپێکراوى یاساى سزادانى عێراقى.
سەرچاوەکان
1ـ احمد امين، شرح قانون العقوبات، قسم الخاص، مكتبة النهضة، بغداد.
2ـ الدكتور احمد حامد البدرى محمد، الضمانات الدستورية فى مرحلة المحاكمة الجنائية، الناشرمنشأ المعارف، الأسكندرية.
3ـ الدكتور رمسيس بهنام، قانون العقوبات، جرائم قسم الخاص، النشر (منشأء المعارف) مطبعة سعيد الدكر، الطبعة الاولى 1999.
- الدكتور عبدالحميد الشواربى، الجرائم التعبيرية جرائم الصحافة والنشر. الناشر منشأة المعارف، جلال حزى وشركاه، الاسكندرية، طباعة، شركة الجلال للطباعة، سنة 2004.
- الدكتور عبداللطيف حمزة، المدخل في فن التحرير الصحفي، الطبعة الثانية، دار الفكر العربي.
- الدكتور محمد عبدالطيف عبدالعال، جرائم النشر المضرة بالمصلحة العامة، دارالنهضة العربية، القاهرة، مطبعة النسر الذهبـى، 1999.
- المحامى نجاد البرعى، جرائم الصحافة والنشر، المجموعة المتحدة للنشر، قاهرة، 2004.
- ريچارد كيبل، راهنمايى روزنامةنگارى، ترجمة، مريم تاج فر، انتشارات همشهرى، چاپ اول.
* دبلۆمى باڵا لە یاساى گشتييدا