وروژاندنی میدیایی و بەرپرسیاربوونی یاسایی لە تاوانی جینۆسایددا

هاوڕێ ئەحمەد*

ورووژاندنى ميديايى ئاشکرا و راستەوخۆ بۆئەنجامدانى تاوانى جینۆساید؛ یەکێکە لەو تاوانانەى هەرکەسێک ئەنجامى بدات بەرپرسیار دەبێت، هەروەکئەوەى لە پەیماننامەى قەدەغەکردن و سزادانى تاوانى جینۆسایدا هەیە. لەبنەڕەتننامەکانى هەردوو دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتيى بۆ یوگووسلافیا و رواندا، دادگاى تاوانى نێودەوڵەتيى و دادگاى باڵاى تاوانەکان لە عێراق، ورووژاندن وەک یەکێک لە شێوازەکانى بەرپرسیارێتى ياسايى ناسێنراوە. دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتيى بۆ رواندا لە دادبینییەکانیدا پێناسەى “ورووژاندنى ئاشکرا و راستەوخۆ“ى کردووە بە: “بە ئاشکرا دنەدان و ورروژاندنى خەڵک بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید لەرێگەى قسە و گوتارەوە لەشوێنى گشتيى و بۆ خەڵکى بە گشتى، یان لەرێگەى نووسین و نوسراوەوە کە ئاراستەى خەڵک بکرێت، یان لەرێگەى پۆستەر و نامیلکەوە، یان لەرێگەى ڤیدۆ و دەنگەوە کە بڵاوبکرێتەوە.”[1] لەم شێوازەدا مەرج نییە تاوانێک لەسەر ورووژاندنەکە ئەنجامبدرێت بۆئەوەى بەرپرسیارێتيى درووستبکات، بەڵکوو تەنيا بە ورووژاندنى خەڵک بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، چ ئەگەر تاوانى جینۆسایدیش روونەدات؛ بەرپرسیارێتيى درووستدەکات و سزاى لەسەرە. مەرجیش نییە بۆ ئەوەى جینۆساید رووبدات؛ پێویست بێت پێشتر ورروژاندنى خەڵک بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید هەبێت، دەکرێت تاوانى جینۆساید ئەنجامبدرێت و ورووژاندیش نەبێت. واتە ورووژاندنى خەڵک بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید یەکێک نییە لە قۆناغەکانى جینۆساید، بەڵام ئەگەر هەبوو ئەوا بەتەنيا خۆى تاوانە یان یارمەتيى دادوەران دەدات لە سەلماندنى ویستى جینۆساید یان خوودى تاوانى جینۆسایددا. ئەمجۆرە لە ئاکارى بەرپرسیاربوونى ياسايى خۆى لەخۆیدا چەند مەرج و پایەیەکى هەیە کە پێویستە بێتەدى بۆ ئەوەى ئەمشێوازە بەرپرسیارییەتيى درووستبکات. ئەو مەرجانەش وەک مەرجى پایەى بەرجەستەى “ورووژاندن بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید” دەناسرێن، ئەوانیش: “١. تۆمەتبارەکە خەڵکى بورووژێنێت بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، ٢. ورووژاندنەکە بەشێوەیەکى ئاشکرا بێت، ٣. ورووژاندنەکە بەشێوەیەکى راستەوخۆ بێت، ٤. تۆمەتبارەکە ویستى ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایدى هەبێت.”[2]

 

ورووژاندن (Incitement) جیاوازە لە هاندان (Instigation). لە ورووژاندندا؛ مەرج نییە راستەوخۆ هانى خەڵک بدرێت. هاندان؛ قۆناغێک لەدواى ورووژاندنەوەیە، تەنيا بە ورووژاندن بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید بەشێک لە پایەى بەرجەستەى ئاکارەکە دێتەدى. رەنگە لە هانداندا کەمێک سەختر بێـت، هاندان رەنگە قورسبێت بتوانرێت بۆ ئەنجامدانى کارێک رەوایەتيى پێبدرێت، بەڵام ورووژاندن خۆى لەسەر رەوایەتیيدان دامەزراوە و پاساوەکان بۆ ورووژاندن ئاسانتر و لۆجیکتر دەردەکەوێت، بۆیە ورووژاندن لەبرى هاندان وەرگیراوە. لە ورووژاندندا؛ مەرج نییە تاوانى لەسەر ئەنجامبدرێت، مەرجیش نییە کاریگەرییەکى گەورەى لەسەر ئەنجامدانى تاوانەکە هەبێت، بەڵکوو هەر هێندەى ورووژاندنێک بەشێوەى راستەوخۆ و ئاشکرا بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید هەبێت ئەوا بەسە بۆ ئەوەى ئاکارى بەرپرسیاربوون درووستبکات. هاندان بەشێوەیەکى ترە، هاندان بۆ تاوانە ئاساییەکانە، بۆ ئەوەى کەسێک بەهاندەرى ئەنجامدانى تاوانێک سزا بدرێت، پێویستە هاندانەکە تاوانێکى لەسەر ئەنجامدرابێت و تاوانەکە پەیوەنديى بەو هاندانەوە هەبێت. لە وررووژانى خەڵک بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید مەرج نییە تاوانى جینۆساید رووبدات، بەڵکوو خودى وروژاندنەکە تاوانەکەیە و پەیوەست نییە بە دەرئەنجامەکانى ورووژاندنەکەوە. دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتيى بۆ رواندا لە وەڵامى تاوانبار حەسەن نگیز؛ لەدادبینى دادگاى پێداچوونەوەدا لە کەیسى هەرسێ تۆمەتبارەکەدا کە بە “کەیسى راگەیاندن” ناسراوە؛ تاوانبار حەسەن نگیز لەداگادا دەڵێت: نووسین و وتارەکانى من کاریگەریی لەسەر تاوانەکە نەبووە و بەبێ ئەو وتار و ورووژاندنانەش تاوانى جینۆساید دژى تووتسییەکان هەر روویدەدا، بەڵام دادگا دەڵێت: “دادگا داواکەى حەسەن نگیز رەتدەکاتەوە کە وتوویەتى بەبێ ئەو وتارانە تاوانى جینۆساید هەر روویدەدا، چونکە ورووژاندنى ڕاستەوخۆ و ئاشکرا بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید مەرج نییە تاوانەکەى لەسەر ئەنجام بدرێت، سەبارەت بەوەى دەڵێت وتارەکان چەند ساڵێک پێش روودانى تاوانەکە نووسراوە، دادگا ئەم داوایەش رەتدەکاتەوە، چونکە ورووژاندن پەیوەست نییە بەئەنجامدانى تاوانەکەوە.”[3] هەندێ لە وتارەکان پێش دامەزراندنى دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتيى بۆ رواندا بڵاوکرابوونەوە، تۆمەتبارەکان بانگەشەى ئەوەیان کرد کە ناچێتە چوارچێوەى مەوداى کاتى دەسەڵاتى دادوەريى دادگاکەوە (Temporal Jurisdiction)، بەڵام دادگا ئارگومێنتى ئەوە دەهێنێتەوە کە ئەو ورووژاندنانە بۆئەنجامدانى تاوانێک بووە کە لەساڵانى دواتردا روویانداوە؛ ئەو تاوانەى کە لەسەر ورووژاندنەکە روویداوە دەچێتە چوارچێوەى مەوداى کاتى دەسەڵاتى دادوەريى دادگاکەوە.

ورووژاندنى ميديايى؛ سیفەت و تایبەتمەندى بەردەوامى هەیە و دەکرێت لە ساڵانى دواتردا تاوانەکەى لەسەر رووبدات یان دەکرێت تاوان لەسەرى روونەدات. دادگاکە گرنگییەکى بەرچاوى بە رۆڵ و بەرپرسیارێتيى میدیا لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان و بە تایبەت تاوانى جینۆساید دەدات و چەندین نووسەر و میدیاکارى دادگایی کردووە. لەیەکێک لە دادبینییەکاندا دەڵێت: “ئەم کەیسە بنەماگەلى گرنگ لەسەر کارى میدیایی لەخۆدەگرێت، لە دادگاى سەربازى نۆرمبێرگەوە (١٩٤٦) هەتا ئێستا هیچ دادوەرییەک لەیاساى تاوانى نێودەوڵەتيى بۆ کارى میدیایی ئەنجامنەدراوە، میدیا دەسەڵاتێکى گەورەى هەیە لەدرووستکردن و تێکدانى بەها و بنەما مرۆڤايەتييەکان و بەرپرسیارییەتییەکى گەورەى لەسەرشانە، هەرکەسێک دەسەڵاتى بەسەر میدیادا هەبێت پێویستە بەرپرسیارییەتيى دەرەئەنجامەکانیش هەڵبگرێت.”[4]، “دادگا ئاگادارە ئازادى رادەربڕین (Freedom of Expression) جیاوازە لە گوتارە رقاوییەکان (Hate Speech)، گوتارى رقاوى؛ پێشێلى بەندەکانى ناو پەیماننامەى مافە مەدەنيى و سیاسییەکان و پەیماننامەى ریشەکێشکردنى هەموو هەوڵاوێردێکى نەژادییە و یاساى نێودەوڵەتيى نەریتى هەموو جۆرەکانى هەڵاوێردکردن و گوتارە رقاوییەکانى قەدەغەکردووە.”[5] پایەى بەرجەستەى ئاکارى ورووژاندنى راستەوخۆ و ئاشکرا بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید لە دووبەش پێکدێت: یەکەم؛ ورووژاندنەکە بەشێوەى راستەوخۆ بێت، دووەم؛ ورووژاندنەکە بەشێوەى ئاشکرا بێت.

راستەوخۆ؛ مەبەست لەوەیە ورووژاندنەکە هیچ لێکدانەوەیەکى تر هەڵنەگرێت جگەلە لێکدانەوەى “ورووژاندن” بۆ ئەنجامدانى یەکێک یان زیاتر لە کردەکانى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید. بۆ ئەوەى ورووژاندنێک “راستەوخۆ” بێت، پێویستە بە روون و رەوانيى خەڵکى بۆ ئەنجامدانى تاوانەکە ورووژاندبێت، بەڵام مەرج نییە کۆمەڵێک پێوەر هەبێت، بەڵکو هێندە بەسە بەپێى باروودۆخ و زمان و کولتوورى ئەو شوێنە هەڵسەنگاندنى بۆ بکرێت کە ئاخۆ ورووژاندنەکە کاریگەريى چۆنە و چۆن گەيشتووەتە بینەر و بیسەر و چۆن خوێنراوەتەوە. هەندێجار بەکارهێنانى زمانى ئاڵۆز و فرەمانا وەک ورووژاندنى راستەوخۆ مامەڵەى لەگەڵدا دەکرێت؛ ئەگەر خەڵکى ورووژاندبێت. لێرەدا بارى سەرنج لەسەر ورووژاندنى خەڵکە، نەوەک لەسەر شێوە و جۆرى وشە و گوفتارەکان. دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتيى بۆ روواندا دەڵێت: “بۆ ئەوەى ورووژاندنێک راستەوخۆ بێت، پێویستە بە روونيى خەڵکى ورووژاند بێت کە یەکێک لە کردەکانى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید ئەنجامبدات، ورووژاندنەکە پێویستە بەشێوەى ناراستەوخۆ یان ناڕوون نەبێت. ئەگەر هیچ تاوانێکیش لەسەر ئەم ورووژاندنە ئەنجامنەدرا ئەوا هەر سزاى لەسەرە وەک جینۆسایدى تەواونەکراو. هەر لەو کاتەى ورووژاندنەکە بڵاودەبێتەوە و دەگات بە خەڵک ئەوا بەرپرسیارێتيى درووستدەکات و سزاى لەسەرە، بەڵام دەکرێت بەکارهێنانى زمانى ئاڵۆز و فرەمانا وەک ورووژاندنى راستەوخۆ مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت، چونکە مەرج نییە لە ورووژاندندا زۆر بە راستەوخۆيى داواى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید بکرێت، پێویستە بەپێى کولتوور و زمانەوانيى ناوچەکە هەڵسەنگاندنى بۆبکرێت، یان بەپێى بيسەران و ئەوانەى وتارەکەیان ئاراستەکراوە، یان بەپێى رەوش و باروودۆخى سیاسى. دادگا بە رەچاوکردنى کولتوورى روواندا و شێوەزارى ناوچەکان هەندێ وشەى فرەمانا و ئاڵۆز وەک وروژاندنى راستەوخۆ تەماشا دەکات، ئەو وشانە لە سیاق و چوارچێوەى بەکارهێناندا دەخوێندرێنەوە. گرنگترین فاکتەر بۆ زانینى ئەوەى ورووژاندنەکە راستەوخۆیە یان نا؛ پێویستە رەچاوى ئەوە بکرێت ئەو وشە و نووسین و گوفتارانە چۆن لەلایەن بیسەر و بینەر و خوێنەرەوە لێکدراوەتەوە.”[6]

 

ئاشکرا؛ مەبەست ئەوەیە کە ورووژاندنەکە بەئاشکرا و لەشوێنى گشتیيدا یان بە هۆکارى ئاشکرا و گشتيى ئاراستەى خەڵک کرابێت، وەک: وتاردان بۆ ژمارەیەک کەس لەشوێنێکى گشتیيدا یان ورووژاندن و دنەدان لەرێگەى تیڤى و رادیۆ و رۆژنامەکانەوە، یان لەرێگەى گۆرانى و سروودەوە. دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتيى بۆ روواندا لەسەر ژمارەى ئامادەبووان دەڵێت: “پێویست نییە گوتارە ورووژێنەرەکان ژمارەیەکى زۆر خەڵکى تێدا بێت، یان لەرێگەى راگەیاندنى فەرمییەوە بڵاوبکرێتەوە، دەکرێت بيسەرەکان ژمارەیان کەم بێت، چونکە لێرەدا گوتارە ورووژێنەرەکە چەقى تێڕامانەکەیە تەنانەت ئەگەر بۆ ژمارەیەکى کەم لە خەڵکيش بێت.”[7]، “دادگاى تێهەڵچوونەوە ئەو داوایە رەتدەکاتەوە کە گوایە یەکێک لە تۆمەتبارەکان قسەى بۆ نزیکەى بیست کەس کردووە و پێیوایە ئەو ژمارەیە لەوە کەمترە کە وەک “ئاشکرا” بژمێردرێت، بۆیە دادگا پێیوایە شوێنى گشتيى و قسەکردن بۆ کۆمەڵێک خەڵک چ ئەگەر کۆمەڵە کەسێکى هەڵبژاردە بن یان جەماوەرێک هەر دەچێتە چوارچێوەى پێناسەى ئاشکراوە.”[8] ورووژاندنەکە پێویستە بۆ جەماوەر بێت، لێرەدا پایەى بەرجەستەى ئەم ئاکارە ورووژاندنى خەڵکى مەدەنيى و جەماوەرە نەک قسەکردنى پلەدارە حکووميى و ئەفسەرە سەربازییەکان بۆ کەسانى خوار خۆیان؛ چ ئەگەر بە شێوەى کۆبوونەوەش بێت، چونکە لەم کاتەدا ئاکارى بەرپرسیارییەتییەکە لە ورروژاندنى راستەوخۆ و ئاشکراوە دەگۆڕیت بۆ ئاکارێکى بەرپرسیاربوونى تر کە شێوازى بەشداربوون یان هاریکاربوونە.[9] پایەى هۆشمەندى ئاکارى بەرپرسیاربوون بەشێوازى ورووژاندنى راستەوخۆ و ئاشکرا بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید جیاوازە لە پایەى هۆشمەندى خودى جینۆساید. دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتيى بۆ روواندا دەڵێت: “پایەى هۆشمەندى ئاکارى بەرپرسیاربوون لە ورووژاندنى ئاشکرا و راستەوخۆ بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید بریتییە لە ویستى ورووژاندنى ئەوانيتر بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، یان هەندێجار ویستى ورووژاندنى ئەوانيتر بۆ ئەنجامدانى جینۆساید و خودى ویستى ئەنجامدانى ناوانى جینۆساید پێکەوە.”[10]

 

 

* ماستەر لە یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤدا و بەڕێوبەری ناوەندی كوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی.

 

[1] ICTR, The Prosecutor v. Tharcisse Muvunyi, Case No. ICTR-2000-55A-T, Trial Chamber Judgment, 12 Sep. 2006, Para. 500-01.

[2] ICTR, The Prosecutor v. Joseph Serugendo, Case No. ICTR-2005-84-I, Trial Chamber Judgment, 12 June 2006, Para. 9.

[3] ICTR, The Prosecutor v. Ferdinand Nahimana and others, Case No. ICTR-99-52-A, Appeals Chamber Judgment, 28 Nov. 2007, Para. 766.

[4] ICTR, The Prosecutor v. Ferdinand Nahimana and others, Case No. ICTR-99-52-T, Trial Chamber Judgment, 3 Dec. 2003, Para. 945.

[5] ICTR, The Prosecutor v. Ferdinand Nahimana and others, Case No. ICTR-99-52-T, Trial Chamber Judgment, 3 Dec. 2003, Para. 1074.

[6] ICTR, The Prosecutor v. Tharcisse Muvunyi, Case No. ICTR-00-55A-T, Trial Chamber Judgment, 11 Feb. 2010, Para. 24-25

[7] ICTR, The Prosecutor v. Nazabonimana, Case No. ICTR-98-44D-A, Appeals Chamber Judgment, 29 Sep. 2014. Para.126.

[8] ICTR, The Prosecutor v. Nazabonimana, Case No. ICTR-98-44D-A, Appeals Chamber Judgment, 29 Sep. 2014. Para.232.

[9] ICTR, The Prosecutor v. Nazabonimana, Case No. ICTR-98-44D-A, Appeals Chamber Judgment, 29 Sep. 2014. Para.386.

[10] ICTR, The Prosecutor v. Bizimungu and others, Case No. ICTR-99-50-A, Appeals Chamber Judgment, 4 Feb. 2013. Para. 135.

* ماستەر لە یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤدا و بەڕێوبەری ناوەندی كوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟