نێت تیڤی لەنێوان رەخنەگرتن و ناوزڕاندندا

(01)

د.شوان ئادەم ئەیڤەس

ئەگەرچی مەرجە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ھەر رێکخراوێکی پیشەیی وەک چاودێریی میدیای کوردی «چمک»، رەخنەگرتن بێت لە کەموکورتیی و خەوشە پیشەییەکانی ئەو بەرھەمانەی راگەیاندنەکان چاپ و پەخشی دەکەن. ئەویش بەمەبەستی راستکردنەوەو باشتر رێکخستنی یاسایی و ئیتیکیی راگەیاندن لەھەرێمی کوردستاندا، بەڵام وەک تێبینییدەکرێت ھەندێجار، راگەیاندنەکان و بڕیاردەر و بەرپرسانیان رەخنەگرتن بە ناوزڕاندن بە وەرگرانیان دەفرۆشرنەوە!؟

ھەریەک لە رەخنەگرتن و ناوزڕاندن؛ دوو بابەتی دژ و ناتەبان بە یەکتری و تێکەڵاوکردنیان لەژێر ھەر پاساوێکدا بێت، ئیشی کەسانی رێزدار و پیشەوەر نییە. پێویستناکات کەسێک داھێنەر بێت، تاوەکو لەبری گوێگرتن و داننان بەھەڵەکانی خۆی و ئەو شوێنەی ئیشی تیادەکات؛ وشترمڕئاسا خۆی نەبان بکات و ھەوڵی شێواندنی زانیارییەکان و پەردەپۆشکردنی ھەڵەکان بدات. لەوەش واوەتر؛ راستەوخۆ و ناراستەوخۆ کار بەدروشمی «ھێرشکردن؛ باشترین بەرگرییکردنە» بکات. ھەڵبەت بۆ جیاکردنەوەی لە ناوزڕاندن، ھەر رەخنەیەک دەبێت مەرجە یاساییەکانی تیابێت، لەوانە:

١. ئەوەی رەخنەی لێدەگیرێت دەبێت راستەقینەبێت و رووی دابێت.

٢. ئەو بابەتەی رەخنەی لێدەگیرێت، بەھا و بایەخی کۆمەڵایەتیی ھەبێت.

٣. لەرەخنەگرتندا وشە و دەستەواژەی گونجاو بەکاربھێنرێت.

٤. رەخنە لەپیشە و بەرھەمەکانی کەسەکان بگیرێت نەک کەسایەتیی و ژیانی تایبەتیی خاوەن پیشەکان.

لەدەستپێکی کارکردنییەوە، نێت تیڤی وەک راگەیاندنێکی خۆشباری «Entertainment Media» خۆی بە وەرگر ناساندووە. بەپێی سەرچاوە زانستییەکان، ئەمجۆرە راگەیاندنەش گرنگە ئامانج و پلان و کارنامەی پیشەیی خۆی ھەبێت و بەئاشکرا لە کارنامە و پلان و ئامانجی راگەیاندنێکی ناپیشەیی رووزەرد جیابکرێتەوە. 

لەراستییدا، ئینتەرتێنمێنت بەو واتایە نایەت کە لەرێی دۆبلاژی فلم و درامای بیانیی و بەرھەمی دوور لە زەوق و سەلیقەی گشتیی کۆمەڵگە، ھەوڵی ساغکردنەوەی کولتور و کەلەپوری بیانیی بدرێت.

چ حیکمەتێک لەوەدایە؛ خاوەن پێداویستییەکی تایبەت یان کەسانێک کە باری دەروونیان جێگیرنییە، بھرێنەسەر شاشەو ھەوڵی توڕەکردن و سوکایەتیپێکردنیان بدرێت؟ ئەوە چ بوێرییەکە کەسێک «نەدەرسی مەکتەبێکی خوێندبێت، نەئوستادێک فێری کردبێت» بخرێتەبەر کامێرا و قەشمەریات بەھاوپیشەکانی و وەرگرەکانی بکات؟ ئەوە چ بێسەلیقەیی و تێنەگەیشتنێکە لەواقیعی کۆمەڵگەی کوردی؛ پرسیار لەکچانی سەڵت بکەیت کە تەلەفۆن بۆ دایکیان بکەن کە دووگیانن تاوەکو بزانن دایکیان چ ھەڵوێستێکیان دەبێت یاخود بڕە پارەیەک بدرێت بەھاووڵاتییەکی سادە، تاوەکو لایەک لەسمێڵی خۆی بتاشێت؟!

ئەوانە و دەیان نمونەی دیکە مشتێکن لەنمونەی خەروارێک کار و بەرھەمی ناپیشەیی راگەیاندنە کوردییەکان کە رەخنەگرتن لێیان ھەرگیز ناچێتە چوارچێوەی ناوزڕاندنەوە. بەڵام لەبەرئەوەی بیرکردنەوەی رەخنەگرانە «Critical Thinking» نەبوەتە بەشێک لەپەروەردە و کولتوی کورد، ھەرکەس رەخنەیەکی گرتبێت باجی رەخنەکەی داوەو بێسزا دەربازی نەبووە.

ئەو کاردانەوانەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرامبەر نێت تیڤی و ھاوشێوەکانیان ھەیە تا ئەو شوێنە ئاساییە کە دەرھەق بە بەرھەمەکانیان بێت، نەک کەسایەتی ئەوانەی لەوێ کاردەکەن. ھاوکات گرنگیشە پێداچوونەوەیەک بەناوەڕۆکی بەرھەمەکان و ئەدائی کارکردنی ئەوانەشدا بکرێت کە لەوجۆرە راگەیاندنانەدا کاردەکەن؛ لەرێی ئاشناکردنیان بە یاسا و رێسا پیشەییەکان.

دەرگاوان؛ گۆشەیەکی رەخنەیی تایبەت بە راگەیاندن و رۆژنامەوانییە، د.شوان ئادەم ئەیڤەس ھەفتانە لەماڵپەر و تۆڕی كۆمەلایەتیی چمک دەینووسێت.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟