قیژاندن لەنێوان سانسۆری کولتووریی و ئازادیی دەربڕین_دا

ڕێبوار سیوەیلی
1. ئێمە ئیتر ناقیژێنین، لە قیژەقیژكردن و هاوارهاوار ترساوین. مەبەستم قیژە و هاواری كاتی تووڕەبوونەكان نییە. ئەوەیان نیشانەی بێدەسەڵاتی و جۆرێكە لە نەنگی. مەبەستم لە قیژە و هاواری بوونخوازانەیە، وەك بەشێك لە شوناسی مرۆڤبوون و ئاژەڵبوونمان. كولتوور و نەرێت، ڕەسەنترین بەشی ئاژەڵییانەی بوونی ئێمەیان لێسەندووینەتەوە. ئەوەی كە سەگێك، بزنێك، بۆقێك دەیكات ئیتر بە ئێمە نامۆیە. ئێمە ئەوەندە مرۆڤبووین كە پێمانوایە قیژە و هاوار تەنیا كاری ئاژەڵانە.. لە كاتێكدا قیژە یەكەم هاوار و خۆدەربڕینی پێشزمانیانەی ئێمەیە. كەسمان لە بیرمان نییە كاتێك هاتینە دنیاوە، یەكەم دەنگ ئەو قیژەیە بوو لە ڕێگەیەوە گوزارشمان لە دابڕانێك كرد، دابڕانێك لەگەڵ ڕەحمی داییك و مانەوە لە بەهەشتە خۆشەكەی ناوەوە.. ئەو قیژەیە بەرهەمی لێكدابڕان و جودایی بوو. هاتنە دنیا قیژە و هاواری پێویستە. قیژە و هاوارێك تەنیا عاشقان پێی ئاشنان و هەمیشە لە هەنگامەی جودایی و لێكدابڕاندا پەنای بۆ دەبەن، زۆرجار بە بێدەنگی و هەندێجاریش فیغانیان دەگاتە كەشكەڵانی ئاسمان: “گوێبگرە لە نەی، حەكایەتت بۆ دەكا..”، بۆ ئەوەی بوونی خۆت لە دنیادا هەبێت، هیچ چارەیەكت نییە دەبێت هاوار بكەیت، دەبێت بقیژێنیت: دەقیژێنم، كەواتە هەم!
2. دەزانم هەرگیز بیرت لەوە نەكردۆتەوە كە چەندە پێویستت بەوەیە هاوار بكەیت، بقیژێنیت. چونكە كولتوور قیژە و هاواری قەدەخە كردووە: نابێت فززەت لێوە بێت! بێدەنگ بە!، دەم نەكەیتەوە.. لە ڕستە كولتوورییەكانی بێدەنگكردنی قیژە و هاوارن.. بەڵام مەرج نییە ئەوەی كولتوور و سانسۆرە كۆمەڵایەتییەكان قەدەخەیان كرد، خراپ بێت. مەرج نییە ئەوەی كۆمەڵگە بە عەیبەی دانا، نەنگی بێت. قیژە هیچ دەستدرێژییەكی بۆسەر كەسانیتر و دەوروبەر تێدا نییە. قیژە و هاواركردن، بە پێچەوانەوە بانگهێشتی ئەوانیترە بۆ لای خۆمان: بانگكردنیانە تا فریامان كەون، تا لایەكمان لێبكەنەوە. داننانە بەئەوانیتردا وەك فەریادڕەس و یارمەتیدەر، تەنانەت ئاژەڵانیش كاتێك شاخیان لە نێوان دوو درەخت گیر دەبێت، هاوار دەكەن، دەباڕێنن، دەیكەنە قیژە.. قیژە لە دەرەوەی سانسۆر و كولتوور، ڕەسەنترین دەنگی ناوەوەی ئێمەی ئاژەڵە دوو پێ و چوارپێ و خشۆكەكانیشە.. قیژە ڕەسەنێتی بوونی ئێمە پیشان دەدات.. كەی قیژاندمان ئومێد هەیە.
3. لە كوردیدا قیژە دراوەتە پاڵ ژنان: “قیژە قیژی ژنان”، “ژنان كردیانە قیژە قیژ..”، “قیژەی ژنان دەگاتە ئەوپەڕی ئاوایی”. ئەمە بۆ كڕوزانەوە و نووزانەوەش ڕاستە: نووزانەوە دەنگێكی ژنانەیە. كڕوزانەوەش دەنگێكی لاوازە.. بەڵام بۆ پیاوان ناگوترێ فڵان قیژاندی، یا نوزاندیی و كڕوزایەوە؛ دەڵێن هاواری كرد! نەڕاندی، گرماندی ناڵاندی، هەرگیز نەگوتراوە پیاوێك دەینووزاند، دەنووزایەوە.. لێرەدا جێدەستی كولتووری نێرسالاری بەسەر زمان و دەربڕینەوە بە ڕوونی دیارە: پیاو ناقیژێنێت چونكە ئەو هاوار دەكات. نانووزێتەوە چونكە ئەوە ڕەفتارێكی ژنانەیە! ناكڕوزێتەوە، چونكە ئەوە لاوازییە بۆ ئەو. ئەگەر گوتمان پیاوێك قیژاندی ئەوە بەمانای كەمكردنەوەیە لە كەسایەتی نێرینەیی ئەو، بەس ئەگەر گوتمان هاواری كرد، یان نەڕاندی ئەوە ئاماژەیە بۆ هێز و دەسەڵاتی ئەو. وەلێ لە دەرەوەی پیاوبوون و ژنبوونەوە، ئێمە مرۆڤین. مرۆڤ وەك ئاژەڵ دەقیژێنێت و هاوار دەكات.. دەناڵێنێت و دەنركێنێ و دەنووزێتەوە و دەكڕوزێتەوە..
4. بیرمان نەچێت هۆرە و حەیران و لاوك و مەقام و گەلۆكانی ئێمە پڕن لە هاور و قیژە و لاڵانەوە. سەرلەبەری كولتووری فۆلكلۆری ئێمە پڕە لە قیژاندن و هاوارهاوار.. ڕەسەنترین دەربڕینە دەنگی ئێمەی مرۆڤ لەو قیژە و هاوارانەدایە. بۆیە پێویستە لە ئێستاشدا دەریچەیەك بۆ قیژە و هاوارەكانمان بدۆزینەوە. چونكە تەنیا لەو ڕێگەیەوە كەمێك لەو گووشارە كەمدەكەینەوە، كە لە ناخماندا پەنگی خواردۆتەوە و هەرچی وزەی داهێنان و ژیان و خۆشیی ئێمەیە بۆخۆی بردووە. وزەیەكی شەڕانیی و كەڵەكەبوو لە ناخماندا لانەی كردووە و دەبێت فڕێیدەینە دەرێ. قیژاندن و هاواركردن ئەو دەریچەیەیە كە دەبێت بیكەینەوە تا لەوێوە وزە شەڕانییەكە تووڕهەڵدەینە دەرەوە.. تا گوێمان لە سەدای دەنگی خۆمان بێتەوە و ئەمەش لە تەنیاییمان كەم دەكاتەوە. گوێبوونەوە لە سەدای دەنگی خۆت، كردنی خۆتە بە ئەویتر و بەهۆیەوە دڕ بە تەنیاییەكانت دەدەیت.
5. زۆر ئاسانە: بچۆرە ناو سەیارەكەتەوەو پڕ بە دنیا هاوار بكە. دەرگای ژوورەكەت داخە و بقیژێنە. بچۆرە ئەو چیا و دەشت و گوێ ڕووبارانە و پڕ بەدنیا بقیژێنە. لە شەوی جێژنی لەدایكبوونتدا داوا بكە هەموو لەگەڵت هاوار بكەن و بقیژێنن. دەتوانیت هاوڕێكانت كۆكەیتەوە و شەوێك پێكەوە بقیژێنن، بگرە دەتوانن لەسەر ئاهەنگی میلۆدیی گۆرانییەك بقیژێنن. قیژاندن بۆی هەیە تەنیا هەر هاوارێكی جاڕسكەر نەبێت، چونكە دەتوانین ڕیتمێكی موزیكی خۆشی بدەینێ.. قیژاندن و هاواركردن فۆڕمێكی ئاژەڵییانەی ناخبەتاڵكردنەوەیە. هیچ ناخەدوێنێك (میدیتەشن)ێك هێندەی قیژە مرۆڤ لە ناخدا بەتاڵ و سووكەڵە ناكاتەوە. قیژە دەنگێكی هەواییە و ویستی فڕین لە مرۆڤدا بێدار دەكاتەوە. ناخەدوێنەكانی دیكە هەموویان باشن، بەڵام چونكە بەرەو هێوری و بێدەنگی و ڕیتمێكی هیمنانەمان دەبەن، هێشتا كارایی قیژەیان نییە. ئەو ناخەدوێنانەی ئەمڕۆ باون، زۆربەی دەنگی ناوەوە كپ دەكەن. تەسەووف و عیرفانیش هەمان كاریان كردووە: بیبەرەوە ناوخۆت و بیكە بە زیكر و دوعا و پاڕانەوە. جۆرەكانی دیكەی میدیتەیشنیش هەر وا دەكەن: هەناسەی خۆت كۆنترۆڵكە و وردبینی لە ناخەدوێنی خۆتدا بكە.. زۆر باشە، بەڵام ئەمانە ناخ بەتاڵ ناكەنەوە، بەڵكو سڕڕی دەكەن. بۆ ئەوەی ناخ بەتاڵ بكەینەوە گەرەكە هاوار بكەین و قیژەمان بگاتە حەوتەبەقەی ئاسمان.. گەرەكە بفڕین و بدەینە شەققەی باڵ، نەك بنیشینەوە و هەڵكورمێین..
6. ئازادیی تەواو لە قیژە و هاواردایە. پێویستە لە قوتابخانەش قیژە و هاوار بخەینە بواری پەروەردەییەوە. ڕێگە بدەین منداڵەكان دوای خوێندنەوەی سروودی نیشتیمانی بیكەنە قیژە و هاوار و هەرچی وزەری بەزۆر تێئاخنراوی ناخیان هەیە، لەناو گۆڕەپانی قوتابخانە فڕێی بدەنە دەرەوە و بەو پەڕی خۆشییەوە، بەوپەڕی بارسووكییەوە بچنەوە پۆل، بزانە چۆن خۆشەویستی مامۆستا و فێربوونیان تێدا دەڕسكێت. پێویستە دەروونیان ئازاد بكەین تا بتوانین فێریان بكەین. ئەمە بۆ كارمەندانی ئیدارەكانیش ڕاستە: دەتەوێت وزەی كارییان بەرزكەیتەوە، دەتەوێت خافڵگیر نەبن و كاتی كاركردنیان بە شتی دیكەوە بەفیڕۆ نەدەن؛ كارەكەت زۆر ئاسانە: ڕۆژانە ڕێگە بدە لە كاتێكی تایبەتدا هاوار بكەن.. قیژە بكەرە بۆنەیەك و تەقسێكی كاركردن. بیكەرە ڕێگەیەك بۆ ئازادكردنی ناخەكییان و ئەوجا بزانە چۆن داهێنان دەكەن. پزیشكەكانیش دەتوانن سوود لە ئازادیی قیژە وەربگرن بۆ وزەبەخشینەوە بە نەخۆشەكانیان.. بڕوانە ئەو دایك و باوكە پیر و پەككەوتەیەی كە ساڵەهایە خۆی خواردۆتەوە و متتەقی لێوە نەهاتووە! لێیگەڕێ با هاوار بكەن و بقیژێنن و پێبكەنن بە دەنگی خۆیان. بزانە چۆن دەیانبووژینێیەوە.. شتێك كە ئەزموونیت نەكردبێت، ڕەتی مەكەوە، شتێك كە پێێدا تێپەڕنەبووبیت، مەرج نییە خراپ بێت. ئێمە دەتوانین لە تۆڕی كۆمەڵایەتیش كەمپینی قیژە و هاشتاگی قیژە و هاوار ڕابگەیەنین.. هەروەك چۆن دەكرێ لە مزگەوت و كەنیسەكانیش هەمان كار بكرێت و بكرێتە كولتوورێك.. كولتوور هەر ئەوە نییە كە دەقمان پێوەی گرتووە، زۆر زیاتر لەمەیش ئەوەیە كە دروستیدەكەین.
7. هەموو شوێنێك بۆ ئەوە دەبێت لێی بقیژێنین، چونكە لە هەموو شوێنێك هۆكارەكانی قیژە و هاوار هاوار زۆرن. یەك شوین نەبێت ئەویش ناوەوەی خۆمانە.. قیژە نابێت قووتبدرێتەوەو هەڵیلرفێنینەوە ناو خۆمان.. هەڵلووشینەوەی قیژە دژی قیژە خۆیەتی؛ چونكە قیژە هەمیشە قیژەیە لە ئاست شتگەلێك و بەڕووی واقیعێكدا، كە تۆ لە ناویدا وەك بكەر، وەك قیژەكەر گرنگیی تایبەتی خۆتت هەیە. بۆیە نابێت قیژە ڕووی خۆت بگرێتەوە، یان خۆت بكەیتە ئەو شوێنەی كە ڕووی قیژەكەی تێبكەیت.. تۆ دەبێت لە بەرامبەر و بەرەوڕووی شتێك لە دەرەوە بقیژێنیت، نە بەرامبەر و ڕووبەڕووی خۆت. كاتێك خۆمانمان كردە ئاماجی قیژەكانمان، ئیتر قیژەكردن لە ئاست دەرەوەدا مانای نامێنێت. بۆیە نابێت قیژە خودی خۆمان بكاتە ئامانج، چونكە دوایی ئێمە چۆن بەرەوڕووی دەرەوە بقیژێنین كاتێك خۆمان كردبێتە ئاماجی قیژەكانمان.
8. بێدەنگی و خۆخواردنەوە و ئەتەكێتی ڕێكوپێكی و پێرفێكتی ئێمەی كوشتووە، ناخی ئێمەی بێدەنگ و لاڵ و بیزمان كردووە. بۆیە دەبێت قیژە بكەینەوە دەنگ و ئازادیی ناخەكیی خۆمانی لێوە بەدەست بهێنینەوە.. من ڕووم لە كەس نییە و ڕووم لە هەموو كەسێكە. ڕووم لە حەشامات نییە و ڕووم لە تاكەكەسانە: ئێوە دەتوانن بەدیهێنەری ئازادیی ناخەكی خۆتان بن. بیركەرەوە: ئەگەر ئازادیی بۆ هەموو شتێك هەبێت، پێویستە قیژەش ئازاد بێت، هاواریش عەیب نەبێت.. پێویستە ئاسایی بێت مرۆڤ بیەوێت مۆڵەتی قیژەكردنی بە كۆمەڵی وەربگرێت و خۆپیشاندنی قیژە ڕێكخات.. ڕێی تێناچێت مرۆڤ خۆی بە ئازاد بزانێت و كەچی ناخی خۆی دەرنەبڕێت. بیچەپێنێت، سەركووتی بكات، یان ملكەچی ژێر باری كولتوورێكی بكات، كە ئێمەی داڕزاندووە لە بێدەنگیی و خۆخواردنەوەدا.
9. قیژاندن، هاواركردن، نەڕاندن، نووزانەوە، كڕوزانەوە و لاڵانەوە و دەربڕینەكانی دیكەی وەك ئەوانە، ڕەسەنترین پۆلەدەنگی ئێمەی مرۆیین كە لەگەڵ ئاژەڵاندا هاوبەشین. زۆر جار ئاژەڵبوونەوە، مرۆڤبوونمان بەهێز و جوانتر دەكاتەوە. بقیژێنە.. هاوڕێ، بقیژێنە.. ئەمڕۆ بقیژێنی لە سبەی باشترە. پار بتقیژاندبا بۆ ئەمساڵت سوودی زۆر بوو.. تۆ هیچ شتێك لەو كاتەدا ناكەیت، كە پێویستە، بەڵام قیژە هەر دەبێت لەو كاتە دا بكرێت، كە قیژاندن دەیخوازێت..

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟