توندووتیژيی دژ بە ژنان لەنێو راگەیاندنی کوردیيدا

د. ژیا عەباس قادر*

توندووتیژی؛ كرده‌یه‌كه‌ پێناسە و دیدگای جیاجیا و هەمەچەشنن له‌باره‌یه‌وه‌ خراونه‌ته‌ڕوو. جیاوازیی ئه‌م روانگانه‌، په‌یوه‌ند‌ییداره‌ به جیاوازیی سەردەمی مێژوویی و ناوچه‌ی جوگرافیی و باکگراوندی مەعریفیی بیرمه‌نده‌كان، ئه‌مه‌ جگەلە کاریگەریی پسپۆڕییە جیاوازەکان کە وایکردووە زیاد لە پێناسەیەکی لەرووی دەروونی، کۆمەڵایەتی، یاسایی و ئایینییەوە بۆبکرێت. ئەوەش وایکردووە نەتوانرێت یەک پێناسەی ورد و گشتگیری بۆ دابنرێت. بەپێی ئینسکلۆپیدیای بەریتانیایی؛ توندووتیژی، هەر رەفتارێکە لەلایەن تاکێک یان کۆمەڵە تاکێک بەرامبەر بە تاکێک یان زیاتر ئەنجامدەدرێت، جا بە ئازاردانی بێت لەڕووی زارەکیی یان بە جوڵەیەکی جەستەیی یان سوکایەتییپێکردن. ئەو رەفتارەش هەمیشە هێزێک پاڵپشتی دەکات؛ جا ئەو هێزە فیزیکیی بێت یان هێمایی یان ئاماژەپێدان. ئەوە سەبارەت بەتوندووتیژیی بەگشتی، بەڵام توندووتیژیی دژ بە ژنان ئەو توندووتیژیانەیە لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتیی و لەلایەن رەگەزی باڵاده‌ستی نێو کۆمەڵگە بەرامبەر رەگەزی ژێردەستە ئەنجامدەدرێت؛ له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێك پراكتیزه‌ ده‌كرێت، لەوانە: زارەکی، جەستەیی، سێکسی، دەروونی، تەندروستی، یاسایی، سیاسیی و … تد. سەبارەت بە توندووتیژیی دژ بە ژنان لە راگەیاندندا؛ ئەو توندووتیژیانەیە ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ لەنێو دەزگاکانی راگەیاندندا بەرامبەر بە مێینە ئه‌نجامدەد‌رێت و شوێنەواری زۆر خراپ و مەترسییدار لەسەر کۆمەڵگە بەجێدەهێڵێت. بەوپێیەی راگه‌یاندن ئێستا کەناڵێکی گرنگی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتییە؛ به‌هه‌ردوو شێوازی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ شوێنه‌واره‌كانی تێبینییده‌كرێن، لەوانە:

یەکەم: کاریگەریی ڕاستەوخۆ؛ بەو مانایەی راگەیاندن بە بیستراو، بینراو، خوێندراو، ئەلکترۆنیی راستەوخۆ لەفۆرمه‌له‌كردنی كرده‌ی توندووتیژیی دژ بە ژنان بەرپرسن.

دووەم: کاریگەريی ناڕاستەوخۆ؛ واتە راگەیاندن دەبێتە هاندەرێک بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە تا ببنە ئەنجامدەری کردەی توندووتیژیی لەبەرامبەر “رەگەزی دووه‌م”ی کۆمەڵگەدا.

له‌ رۆژگارەی ئەمڕۆدا، راگەیاندن بەگشتیی وه‌ك‌ کەناڵێكی كاریگه‌ری پێگەیاندنی کۆمەڵایەتیی ئه‌ژمارده‌كرێت. ئه‌ویش به‌وپێیه‌ی له لایه‌ك زۆرترین کاتە بەتاڵەکانی تاک پڕده‌كاته‌وه‌ و لەلایەکی تر بەدەستخستنی ئاسان و بێسانسۆرە، بەتایبەت لەگەڵ دەرکەوتنی شۆڕشی تەکنەلۆژیا و زاڵبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بڵاوبوونه‌وه‌ی ئامێرە ئەلکترۆنییەکانی وەک مۆبایل؛ بەجۆرێک ده‌توانین بڵێین: زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ به‌كاربه‌ری مۆبایلی سمارت و هێڵێ ئینتەرنێت-ن. ئیدی هەرکات بیەوێت زۆر بەئاسانیی ئەو بابەتەی خوازیاریەتی بەردەستی دەکەوێت؛ بەبێ ئەوەی هیچ بەربەستێک لەپێشی هەبێت. لەلایەکی دیکەوە؛ بەهۆی سەرقاڵیی باوان ئێستا چوونەدەرەوەی ژنان لەسنووری ماڵ و چوونەبەر خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامەی باڵا و کارکردن له‌ زۆرینه‌ی بوارەکان و دامەزراوە حکومیی و ئەهلییەکان و تەنانەت بوونەتە خاوەنکار و بازرگانی تایبەت بەخۆیان. پوختەی قسەکە ئەوەیە؛ ئێستا ژن و مێرد شانبەشانی یەکدی لەدەرەوەی ماڵ کاردەکەن و لەدابینکردنی بژێوی ژیانی خێزاندا بەرپرسن، بەڵام لەگەڵئەوەشدا هێشتا ژنان هەر بە ژنبوونیيان تەماشادەکرێن و نەیانتوانیوە وه‌ك پێویست لە وێنە تەقلیدییە باوەکە دەربچن کە خۆی لە رۆڵە سەپێنراوەکانی دایک و بەخێوکەری منداڵ، کەیبانوی ماڵ، خزمەتکاری ئەندامانی دیکەی خێزان دەبینێتەوە. بۆیە لە دوای گەڕانەوەی لەکار و لەگەڵ ماندوبوونەکانییدا هێشتا ئەرکەکانی لە ماڵ خاوێنکردن و خواردن ئامادەکردن و گرنگییدان بە منداڵ چاوەڕێیەتی. ئەوە وایکردووە نەتوانێت کاتی تەواو بۆ چاودێرییکردنی منداڵ و هەرزەکارەکانی لەنێو جیهانی گریمانەیی تەرخان بکات. هاوکات هه‌ندێك له‌ باوکان خۆیان لەم ئەرکە بواردووە و بە رۆڵی دایکی دەزانن. ئیدی لەم نێوەندەدا منداڵەکان دەتوانن بۆ کاتی زۆر و بێچاودێریی لەنێو ئەم جیهانەدا ئارەزووە چەپێنراوەکانیان تێربکەن و ئەوەی دڵیان دەیەوێت ئەنجامیبدەن. سەرقاڵبوونی باوان بەم جیهانە گریمانەییە و سۆشیاڵ میدیا لە کاتە بەتاڵەکانیاندا وایکردووە جارێکی دیکە کاتی پێویست بۆ دانیشتن و گوێگرتن و گفتوگۆکردن لەگەڵ منداڵەکانیاندا تەرخان نەکەن و نەتوانن وەک ئامرازێکی گرنگی پەروەردەیی رۆڵی خۆیان لەدرووستکردنی بناغەی کەسێتيی تاک و درووستکردنی ئاکار و رەفتاری جوان و درووست لای تاک ببینن. لەغیابی باواندا؛ کەناڵەکانی راگەیاندن توانیوویانە ئەم رۆڵە ببینن، بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا رۆڵەکەیان ئەرێنییە یان نەرێنی؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە دەڵێین: بەوپێیەی راگەیاندن چەکێکی دووسەرە و بەلایەک ئەرێنیی و بەلایەک نەرێنی؛ ئەوەی دەرئەنجام دیارییدەکات دەکەوێتەوە سەر چۆنییەتی بەکارهێنانی، ئایا ئەو کەسەی بۆ زیادکردنی ئاستی زانیاریی و کارامەییەکانی بەکاریهێناوەو کردوویەتییە بنەمای سەرەکیی بۆ ناسینی خودی خۆی و ئاشنابوونی بە هێز و توانا دیار وشاراوەکانی و حەز و ئارەزووەکانی کە بە بەردی بناغەی کەسێتیەکی سەرکەوتوو دادەنرێت؟ یان بەدیوێکی دیكەدا بۆ به‌فیڕۆدانی کات و لاوازكردنی توانا و لێهاتوییەکانی بەکاریهێناوە؟ لێرەوە دەکرێت بڵێین: راگەیاندن لەپرۆسەی بەچەشنکردنی جێندەری  (Gender Stereotype)و وێناکردنی جێندەرییدا رۆڵیکی باڵا دەگێڕێت. واتە چەسپاندنی وێنە باوەکانی کولتوری کۆمەڵایەتیی بۆ هەر یەک لە رەگەزی نێرومێ لەکۆمەڵگەدا. وشەی ستریۆتایپ بۆ یەکەمجار لەساڵی ١٧٩٨دا لەلایەن فیرمین دیوت بۆ وەسفکردنی ئامێری چاپەمەنیی بەکارهات، دواتر لەلایەن رۆژنامەنووسێکی ئەمریکایی بەناوی واڵتر لیبمان لەساڵی ١٩٢٢داو لە پەرتوکەکەییدا بەناوی “رایگشتی” بەمانا سۆسیۆلۆژییەکەی بەکاریهێنا. ئەو پێیوابوو؛ چۆن ئامێری چاپەمەنیی بەنووسینی چەند پیتێک وشەیەک و بە چەند وشەیەک رستەیەک و بەچەند رستەیەک پەرەگرافێکی واتابەخش درووستدەکات و مانایەک دەگەیەنێت کە شوێنەوارەکەی لە زەینی کەسەکەدا دەمێنێتەوە، له‌سه‌ر هه‌مان ریتم ئەو بیرۆکەیەی گواستەوە بۆ نێو ژیانی کۆمەڵایەتیی و لەسەر ئەو بنەمایە ستریۆتایپی جێندەریی پێناسە دەکات و پێیوایە کۆمەڵگە بەسەر چەند پۆلێنبەندیەکدا دابەشدەبێت کە مرۆڤەکانی لەسەر چەندین بنەما دابەشدەکرێت، لەوانە: جێندەر، ئایین، نەژاد، رەنگ، …تد. بۆ هەر کۆمەڵە کەسێک چەندین سیفات و خەسڵەت و رۆڵ و تەنانەت ئەرک و بەرپرسیارێتیی لەگەڵ رێگەپێدراو و قەدەغەکراو دەستنیشان دەکرێت. رەنگە بەشێکی کەمی راست و زۆرینەی هەڵە بێت؛ ئەوەش دەبێتە حوکمێکی پێشوەختە و بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنرێت. نەک هەر ئەوەندە؛ بگرە بەلەبەرچاوگرتنی ئەو تێڕوانینە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، بۆنموونە ئه‌گه‌ر ستریۆتایپی جێندەریی وەربگرین، ئەمە شتێک درووستدەکات كە پێیدەوترێت بەجەمسەرگیربوونی جێندەری (الاستقطاب الجندري)؛‌ مەبەست لێی دابەشکردنی جیهانە بەسەر دوو توێژدا ئەوانیش: نێرومێ-یە. بۆ هەریەکەیان کولتووری کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە قاڵبێکی پێشوەختەی دەستنیشانکردووە کە کۆی گشتیی سیفاتە پیاوانە و ژنانەکان لەخۆدەگرێت و ئەوەش وێنەیەکی تەواو و پڕاوپڕ بۆ نێرومێ درووستدەکات. پرۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتیی و کەناڵەکانی کە راگەیاندن یەکێکیانە؛ ئەم وێنەیە بە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لە بیر و دەروون و ناخی تاکەکاندا جێگیردەکرێت و تێڕوانینیان بەرامبەر بەخۆیان و رەگەزی بەرامبەر بۆ درووستدەبێت. لە کولتوری نێرسالارییدا؛ ئەم دوو وێنە تەواو دژبەیەکە بەپێی یاسای فیساغۆرس وەرگیراوە بەوەی هەمووشتێک لەسروشتدا لەسەر بنەمای بنچینە (اصل) و بەرامبەر کە دژە‌كه‌یەتی داڕێژراوە. واتە هەموو سیفاتە جوان و باش و باڵاکان بۆ پیاو و هەموو خراپەکانی بۆ ژن درووستکراوە و لەم نێوەندەدا کەلێنێک لەنێوان هەردوو رەگەزی نێرومێ-دا درووستدەبێت و دەبنە دووبەرەی دژبەیەک وەکئەوەی هەریەکەیان جەمسەرێکی ئەم جیهانە بگرێت. لێرەوە سەرچاوەی سەرەکیی کێشەکان سەرهەڵدەدات كە پێیدەوترێت بەجەمسەرگیربوونی جێندەری، بەڵام ئایا راگەیاندن وەک کەناڵێکی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتیی چۆن لەستریۆتایپی جێندەرییدا رۆڵ دەگێڕێت؟

زۆرینه‌ی فەیلەسوف و بیرمەندان بەجیاوازیی بیروبۆچونه‌كانیانه‌وه‌، تێڕوانینێکی نەرێنییان بۆ ژن هەیه‌. بەخوێندنەوەی بۆچوونەکانیان و تێڕوانینی ئەو سەردەمە بۆ ژن و وێناکردنەکان بۆی لەو کات وساتەدا به‌روونیی دەردەکەوێت. بۆنموونە سۆكرات دەڵێت: “ژن وەک دارێکی ژەهراوی وایە هەر کەسێک لێی نزیکبێتەوە دەیکوژێت.” لەلایەکی دیکەوە؛ ئەفلاتون وایدەبینێت كە ژن لە پیاو کەمترە و بوونەوەرێکی بەرژەوەندییخوازە، بۆیە هەمیشە هۆکاری داڕمانی کۆمەڵگەیە. ئەگه‌ر سه‌یری بۆچۆنه‌كانی ئه‌رستۆ بکەین، ده‌بینین ژن بەمجۆرە وەسفدەکات: “ژن بوونەوەرێکی بەغیل و حەسود و درۆزن و دوورووە.” ئەو پێیوایە ژن؛ پیاوێکی شێوێنراوە. واتە سروشت سەرەتا پیاوی درووستکردووە و لەپیاوی دووەمدا لادانێک روودەدات و ژن درووستدەبێت. لەوێناکردنی ژندا؛ جان جاک رۆسۆ لەهەمویان زیاتر نەرێنیی بووە و پێیوابووە ژن دەبێت بزانێت كە ئامرازێکە بۆ چێژبەخشین بە پیاو و پڕکردنەوەی حەزەکانی، بۆ ئەوەش دەبێت هەمیشە بە شۆخ و شەنگیی و بە جوانیی دەربکەوێت. لەهەمانکاتدا سروشت کۆمەڵێک سیفاتی لەناخیدا درووستکردووە وەک حەزی ملکەچبوون ، لاوازیی و بێدەسەڵاتی ، بەسۆز و میهرەبان ، توانای لێبوردەیی و بەرگەگرتن. هەموو ئەوانەش لەپێناو خزمەتکردنی پیاودایە، بەڵام ئەوەی جێگەی سه‌رنجه‌ ئەم بۆچوونانە كە بە ده‌یان ساڵ پێشتر خراونه‌ته‌ڕوو، هێشتا لەم کات و ساتەدا کە سەردەمی پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیا و هۆکارەکانی راگەیاندنە، ئەم پێشکەوتنانە هیچی رێگرنەبوون له‌به‌رده‌م ئه‌م وێناكردنانه‌دا. بەپێچەوانەوە؛ ئێستا هەمان ئەو وێنەیەی ئەو بیرمەندانە بۆ ژن هەیانبووە، کار لەسەر نمایشکردنی دەکرێتەوە. ئه‌ویش لە رێگەی فلم و دراما و ریکلام و گۆرانیی و بەرنامەکانەوە، بۆنموونە ژن لە راگەیاندندا بە گشتیی و بە ئەلکترۆنییشەوە ئێستا بەدوو شێوە وێنا دەکرێت: یان ژنێکی بەشێوەو رووخسار جوان و قەشەنگ، بەڵام هیچ ئاستێکی مەعریفیی نییە و خاوەن رووخسارێکی جوان و مێشکێکی بەتاڵ؛ تەنیا بۆ وروژاندن و چێژبەخشینە. لەبەرامبەردا؛ ژنێک کە هێمن و لەسەرخۆ و میهرەبانە و بەرگەی هەموو ئازار و مەینەتی ژیان و ناپاکیی و ستەم و زۆرداریی پیاو دەگرێت كە ئەوەش وێنەی دایکێکی میهرەبانە. هەرچی وێنەی سێیەمە؛ ژنێکی بەتوانا و خاوەن ئاستێکی رۆشنبیریی و هۆشیاریی بەرزە، ئەمە جێگەی نابێتەوە و وەک کچێکی کوڕانی (Transgender) پیشاندەدرێت، بۆنموونە ئێستا لەزۆربەی بەرنامە تەلەڤزیۆنیەکاندا ئیش لەسەر نمایشکردنی وێنەی یەکەم دەکرێت كە ژنانێک بە چەندین ناوی جیاوازەوە دەخرێنە سەرشاشەکان و بە چەند پرسیارێکی ئاستنزم و بە چەند وەڵامێکی تەقلیدی بەرنامەکە دەکەنە پڕ بینەرترین بەرنامە. کێشەکە لێرەدا ئەوە نییە کاتێکی زۆری تاک بەم بەرنامە بێمانایانە بەفیڕۆدەچێت، بەڵكوو کێشە گەورەکە ئەوەیە ئەم وێنەیە بۆ ژن لە مێشک و زەینی تاکەکاندا بە نێرومێ دەچەسپێنن. لەلایەک دەبێتە هاندەری ژنان و کچان تاوەکو هەوڵبدەن لاساییان بکەنەوە و وەک ئەوان تەنیا کار لەسەر رووخساری دەرەوەیان بکەن، واتە دەبێتە هۆکار بۆ زیادکردنی ژمارەی ئەم وێنایانە لەنێو کۆمەڵگەدا. لەلایەکی دیکەش لە مێشکی رەگەزی بەرامبەردا ئەم وێنەیە بۆ ژن جێگیردەکرێت و دواجار لە ژیانی رۆژانەدا تەنیا بەدوای ئەو وێنایەدا دەگەڕێن. نەک هەرئەوەندە؛ بگرە لەسەر ئەو بنەمایەش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن، ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ سەرهەڵدانی زۆرێک لە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ناپاکیی هاوسەران و ئاژاوەی خێزانیی و جیابونەوەی هاوسەران، تەنانەت هەراسانکردنی سێکسیی و زۆر کێشەی تریش. لەلایەکی دیکەوە؛ لە فلم و دراماکانیشدا ئەو وێنایەی پیشاندەدرێت؛ دووبارە یان ژنێکی نەرمونیان توانای بەرگەگرتنی هەموو ئەو توندووتیژیانەی هەیە کە پیاوەکە دەیکات، لەکۆتاییدا وەک پاداشتێک دڵی پاڵەوانی فلم یان دراماکە بەدەستدێنێت. لێرەدا دووگرفت درووستدەبێت:

یەکەمیان؛ پاداشتکردنی رەفتارێکی هەڵە کە دەبێتە هاندانێک بۆ دووبارەکردنەوەی لەلایەن ئەو مێینانەی تەماشای دەکەن کە زیاتر لەتوێژی گەنجانن. دووەم؛ ئەوەی روودەدات مەرج نییە هەمووکات هەمان دەرئەنجامی لەواقیعدا هەبێت و بۆ گەشتن بە ئامانجێک هەمان رێگا بێت (مەبەست لێی بەدەستهێنانی دڵی بەرامبەرە) ئەمەش شوێنەواری نەرێنیی بەجێدەهێڵێت و جگە لەنمایشکردنی ژنانێک کە خەریکی قسەهێنان و قسەبردن و پلانگێڕیی و کێشەنانەوەن وەک ئەو وێنەیەی بیرمەندەکان بۆ ژن کێشابوویان هیچ مانایه‌كی دیكه‌ هه‌ڵناگرێت.

ئەگه‌ر سه‌رنجێك له‌ ریکلامەکان بده‌ین، تێبینییده‌كه‌ین كه‌ به‌ ئاگایی یان نائاگایی کار لەسەر چەسپاندنی رۆڵە تەقلیدییەکانی نێرومێ لەکۆمەڵگەدا دەکەن، چونکە ئەگەر تێبینیی بکەین، هەموو ئەوانەی یان بابڵێین زۆرینەی ئەو کەسانەی ریکلام بۆ شیر و دایبی دەکەن وێنەی ژنێکی تیادەبینین گرنگیی بە منداڵەکە دەدات (ژن وەک بەخێوکەری منداڵ)، ئەوەی ریکلام بۆ کەلوپەلی خاوێنکردنەوەی ماڵ دەکات و رۆڵی پاکەرەوەی ماڵەکە دەبینێت، بەهەمانشێوە لەرەگەزی مێیە. لەریکلامی ئامادەکردنی خواردن دووبارە هەر ژنێکە سفرە و خوانەکە ئامادەدەکات (ژن وەک چێشتلێنەر). راستە لەریکلامکردن بۆ هەندێک لەو کاڵایانەی پەیوەستە بە پیاوان کیژۆڵەیەکی جوان دەهێنن تا ریکلامەکەی پێبڕازێننەوە و سەرنجی زۆرترین کڕیاری پێڕابکێشن، بەڵام بەگشتیی لە بوارە تایبەتەکە (کاروباری نێوماڵ) هەمووی ژنە، ئەمەش دووبارە ئەو رۆڵانە دەسەپێنرێتەوە بەسەر مێینەکاندا و هەر لەمنداڵێکەوە لە ناخ و زەینی جێگیردەبێت. ئەمە جگەلەوەی وەک مارکس ئاماژەی پێدەکات لەسیستەمی سەرمایەدارییدا؛ هەمیشە ژن بە کاڵا دەکرێت، ئەوەش زۆر بەروونیی لە راگەیاندنی کوردییدا رەنگییداوەتەوە، بۆنموونە کاتێک هەر بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیی یان تەنانەت لەسۆشیالمیدیاشدا دەبینین کیژۆڵەیەک بە کۆمەڵێک جوانکارییەوە دەهێنرێت بۆ پێشکەشکردنی بەرنامەیەک و لەکۆتاییدا ریکلام بۆ سپۆنسەرەکانی دەکات. ئەگەر هەر لەسەرەتاوە تەماشابکەین؛ زۆربەی کۆمپانیا جیهانییە بەناوبانگ و براندەکانی بواری جوانکاریی و ئارایشتی وەک لانکۆم، ماکس فاکتر و زۆری تریش پیاوێک خاوەنییەتی. نەک هەر ئەوەندە؛ بگره‌ زۆربەی ئەو کۆمپانیایانەی بابەتەکانی وەک بۆتۆکس و فیلەر و …تد بەرهەمدێنن پیاوێک خاوەنیەتی. ئەگه‌ر له‌م ئاسته‌دا سه‌رنجی كایه‌ی ته‌ندروستیی بده‌ین، ئه‌وا ده‌بینین زۆربەی پزیشکانی جوانکاریی و تەنانەت خاوەن ئارایشتگە بەناوبانگەکان پیاون، جگەلە دوکانی جلوبەرگ و پۆشاکی خانمان. کەواتە لێرەدا ئەو بوکەڵە جوانە ریکلامێکە بۆ زیادکردنی سەروەتێک و گەرمکردنی بازاڕی ئەو کاڵایانەی لەلایەن شوێنێکەوە خاوەندارێتیی دەکرێت كه‌ زیاتر لە رەگەزی نێرە، بەڵام بێگومان ئەوەی لە رووی مادیی و تەنانەت تەندروستی جەستەیی و دەروونیش لێی زەرمەند دەبێت لە رەگەزی مێیە.

یەکێکی دیکە لەو توندووتیژیانەی لە راگەیاندنی کوردییدا بەرامبەر بە ژن دەکرێت؛ نادادپەروەرییە لە گەیشتن بە پۆست و پلەو پایە باڵاکان، بۆنموونە بەدەگمەن دەبینیت ژنێک بەڕێوەبەری کەناڵێک یان سەرنووسەری بەشی هەواڵ یان بەرهەمهێنەری بەرنامەیەکی سیاسیی و ئابووریی یان پەیامنێری شەڕ بێت، بەڵکو زیاتر بەرنامە خۆشباری (ترفیهی)ەکان لەلایەن ژنانەوە پێشکەش دەکرێن. ئه‌م دۆخه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش هه‌روایە. بەپێی ئامارێکی ساڵی ٢٠١٥ دەرکەوتووە لەجیهاندا؛ تەنیا ٣٧%ی ژنان پەیامنێرن ، ١٩%ی ژن پسپۆڕی هەواڵەکان بوون. راگەیاندن لەمڕۆدا؛ رۆڵی گەورە لە هاندانی کردەی توندووتیژيی دژ بە ژناندا دەگێڕێت، ئه‌ویش به‌هۆی دەرئەنجامی هەڵەی رووماڵکردنی کەیسەکانی توندووتیژيی دژ بە ژنانە. بەتایبەت لەدەرخستنی پیاو وەک بونەوەری باڵا و ژن وەک پلە دوو و کاڵا؛ وەکئەوەی لەپێشەوە ئاماژەمان پێکرد. ئەوە جگەلەوەی وەک دۆلارد و رەفتارییەکان ئاماژەی پێدەکەن؛ یەکێک لەهۆکارەکانی توندووتیژی، کاریگەریی گوشار و گرژییەکانی ژینگەی چواردەورە كه‌ دەبێتە هۆی هەڵچوونی ناخ و دەروونی کەسەکان و دواجار توانای کۆنترۆڵکردنی توڕەبوونەکەی لەدەستدەدات و وەک بەتاڵکردنەوەی ناخی خۆی پەنا بۆ رەفتاری توندووتیژیی دەبات. ئەوەی جێگەی داخە؛ کۆمەڵگەی کوردیی بەردەوام لە قەیراندایە: سیاسی، ئابووری، تەنانەت تەندروستیی لەدوای هاتنی کۆڤید١٩و …تد، راگەیاندنەکانیش لە زیاتر گەورەکردنی قەیرانەکان و دواجار زیادکردنی گوشارەکانی سەر تاک بە تاکی ئەم نیشتیمانەدا رۆڵ دەگێڕن. ئەوەش هەڵچوون و توڕەبوونەکان زیاددەکات و ناڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر تێکچونی پەیوەندییەکان و روودانی کردەی توندووتیژیی دەبێت. هاوكات هەروەک لەسەرەتاشەوە ئاماژەمان پێکرد؛ راگەیاندن چەکێکی دووسەرە، لەگەڵئەوەی هۆکارە بۆزیادبوونی رێژەی توندووتیژییەکان بەرامبەر بە ژنان لەهەمانکاتدا دەتوانرێت بکرێتە ئامرازێک بۆ چارەسەری ئەو دیاردەیەی لەمڕۆی کۆمەڵگەکەمانی گرتوەتەوە و بەداخەوە رۆژبەرۆژ لەزیادبووندایە. لەوبارەیەوە؛ رێكخراوی یونسکۆ لە ٢٢ی تشیرنی دووەمی ٢٠١٩دا بەبۆنەی هەڵمەتی ١٦رۆژەی بەرەنگاربونەوەی توندووتیژیی دژ بە ژنان؛ بەرهەمێكی بەناونیشانی “نووسینی راپۆرت دەربارەی توندووتیژیی دژ بە ژنان؛ نامیلکەیەک بۆ میدیاکاران” بڵاوكردەوە كە لە دووبەش پێکدێت: بەشی یەکەم تایبەتە بە شیکردنەوەیەکی زانستیی ورد بۆ 10جۆری توندووتیژیی كە بەرامبەر بە ژن ئەنجامدەدرێت، لەوانە: هاوسەرگیریی پێشوەخت، هاوسەرگیریی زۆرەملێ، هەراسانکردنی سێکسیی و لاقەکردن، هەراسانکردنی سێکسیی رۆژنامەوان، بازرگانییكردن بە مرۆڤ، خەتەنەکردنی مێینە، لەباربردن بەهۆی رەگەزی منداڵ، کوشتن بەبیانوی شەرەف، توندووتیژیی دژ بە ژنان لەناوچەی ململانێ سیاسییەکان و تاوانی خێزانی. لەم بەشەدا هەریەک لەو جۆرە توندووتیژیانە لەرووی ناساندنی چەمکەکە و دەرخستنی هۆکار وشوێنەوارەکانی لەسەر تاک و کۆمەڵگە و پاشان خستنەڕووی زانیاریی و لەکۆتاییدا چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو رەفتارە نابەجێ و ناپەسەندانەدا بەورديی باسکراون. لەبەشی دووەميشدا؛ چەند پێشنیاز و راسپاردەیەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردانە بەپشتبەستن بە هۆکارەکانی راگەیاندن لەرووی چۆنیەتی کۆکردنەوەی زانیاریی و نووسینی راپۆرت و خستنەڕووی کەیسەکان لەسۆنگەی پێوەرەكانی رێسا پیشەییەكانی راگەیاندن لە پاراستنی لە کەسێتی رزگاربوو، رێزگرتن لە کەرامەت و مرۆڤبوونی کەسەکە، خراونەتەڕوو.

سەرچاوەکان:

  1. چنور فتحی ، توندووتیژی بنەماڵەیی ، لە بڵاوکراوەکانی یەکێتی ژنانی کوردستان ، سلێمانی ، چاپی ١ ، ٢٠٠٩.
  2. معن خلیل عمر، علم اجتماع الجندر ، دار الشروق ، عمان – الاردن ،ط١، ٢٠١٥.
  3. عصمت محمد حوسو، الجندر (الابعاد الاجتماعیة و الثقافیة ) ، دار الشروق ، عمان – الاردن ، ط١ ، ٢٠٠٩
  4. هاني خمیس احمد عبدە ، سوسیولوجیا الجریمة و الانحراف ، دار المعرفة الجامعیة ، الاسکندریة ، ط١ ، ٢٠٠٨.

* پرۆفیسۆری یاریدەدەر و سەرۆكی بەشی كاری كۆمەڵایەتیی كۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەكان لە زانكۆی سلێمانی

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟