د.شوان ئادەم ئەیڤەس
هەرێمی كوردستانی عێراق، لەگەڵ ئەوەی خاوەن فەلسەفەو سیستمێكی روونی سیاسییو میدیایی نییە نەشبووەتە ژینگەیەكی ئازادو كراوە بۆ كاركردنی رەخنەییو پیشەیی رۆژنامەنووسانی بنكۆڵكار (Investigative journalists). تێكەڵاوییو جیانەكردنەوەی دەستەڵاتەكانی یاسادانان، جێبەجێكردنو دادوەریی دۆخێكی وەهای دروستكردووە كە میدیا وەك ئەوەی لەستانداردە نێودەوڵەتییەكانی پیشەكەدا دەستنیشان كراوە نەبێتە دەستەڵاتی چوارەمو رۆڵی چاودێریی یاخود سەگی پاسەوانی رۆژنامەگەریی (Watchdog journalism) ببینێت. لەبەرامبەریشدا، سەلیقەو میزاجی رۆژانەی خاوەنمیدیا جێی سیاسەتی میدیایی گرتوەتەوەو میدیاكارانیش بەپێی بەرزو نزمیی رەوتی بەرژەوەندییەكانو نزیكییو دووریی سەرچاوەكانی بژێوییان هەوڵی گەرمكردنەوەو بەردەوامیی رووماڵە رۆژنامەوانییەكانیان دەدەن، ئەگەرچی راستو دروستیشیان پشتڕاست نەكرابێتەوە. هەربۆیە گرنگە ئەركو رۆڵی میدیا بەبەردەوامیی بخرێتە ژێرپرسیارەوەو چاودێریی ورد بكرێن.
توێژینەوە زانستییەكانی ئەم دەیەی دوایی جەخت لەوەدەكەنەوە كە لەوڵاتانی دیموكراسیی راگوزەرو هەرێمە كێشەلەسەرەكانی هاوشێوەی كوردستاندا، زۆرینەی میدیاو میدیاوانان لەسەروەختی قەیرانو ململانێ سیاسییەكاندا هێندەی یارییان پێدەكرێتو بەكاردەهێنرێن، نیوهێندە بەرۆڵو بەرپرسیارێتی پیشەیی خۆیان هەڵناستن. هێندەی نوێنەری بەرژەوەندی تایبەتیی خاوەنمیدیاو راپەڕێنەری كارنامەی مەبەستداری نانپێدەرەكانیانن، نیوهێندە گەیەنەری كۆژانو داكۆكیكاری بەرژەوەندییە گشتییەكانو دابینكەری مافی زانین نین بۆهاووڵاتیان. هێندەی پەیامو سیاسەتی میدیایی بۆ خۆشكردنی ئاگری ململانێكانو پەردەپۆشكردنی گرێ دەروونییو ئایدۆلۆژییەكانە، نیوهێندە بۆ بەرفراوانكردنی سنورەكانی ئازادیی دەربڕینو رۆژنامەگەریی نییە، تاوەكو ببێتە هاندەری سەربەخۆ كاركردنی دەستەڵا جیاوازەكانو چەسپێنەری بنەماكانی دیموكراسییەكی لیبراڵ. وەك ئۆرگانێكی ئایدۆلۆژییش، ناندانو قەڵەوكردنی دەزگا میدیاییەكانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان هێندەی بۆ داڕشتنی هەواڵی ساختەو هەڵمژینی دەنگە ناڕازییەكانو كۆكردنەوەیانە لەچوارچێوەی پرۆژەیەكی هەژموونگەری یەكخراودا، نیوهێندە پەیوەندیی بەكێبركێی بازاڕی كەناڵە ركەبەرەكانی میدیاو جیاوازیی كواڵیتی بەرهەمە رۆژنامەوانییەكانیانەوە نییە.
ئەگەرچی لەرۆژگاری ئەمڕۆدا، میدیاو خزمەتگوزارییەكانی بۆ دەستەبژێرێكی دیاریكراو بوونەتە بازرگانییەكی بێدەستمایەو رایەڵی دەستگەیشتن بەپلەو پۆستو سندوقی پڕ داهات، بەڵام بۆ هەندێكی دیكە بوونەتە بەڵای سەرو دەستێوەردەری ژیانی تایبەتی كەسەكانو بكوژی رۆحی پێكەوەگونجانی پێكهاتەكانی كۆمەڵگا. لەنێوان بینینی رۆڵی چاودێرییو چاودێرییكردنی ناوەڕۆكی پەیامەكانییدا، نێوەندە جیاوازەكانی میدیای كوردی كراونەتە مشەخۆرو دروستكەری نێرەرو وەرگری ناوچەیی بارگاوییكراو، ئەوەش لەسەر حیسابی تەماوییكردنی وردیی زانیارییەكانو خستنەڕووی راستیی وێنە گەورەكەی رووداوەكان. هەربۆیە ئەوانەی لەم جۆرە ژینگە میدیایەدا كاردەكەن، بەبەرنامەو بەشێوەیەكی رێكخراو سنوری ئازادییەكانیان بەرتەسك دەكرێتەوەو دەستكراوەنابن لەوەی رەچاوی بنەما پیشەییەكانیان بكەنو وردتر بەهەندی وەربگرن.
لەو روانگەیەوە، چاودێریی میدیای كوردی (چمك) پێویستییەكی هەنوكەییەو بەرەنجامی پەیپێبردنی خەوشو پێشێلكارییە ئیتیكییو یاساییەكانی راگەیاندنو ناپیشەییبوونی رۆژنامەنووسانە. پێویستیی بەپلانو بەدواداچوونی رێكخراوی تایبەتمەند بەدەستنیشانكردن، هەڵسەنگاندن، توێژینەوە، راپرسییو راپۆرتكردنە لەسەر ئەو دیاردەو دەرهاویشتە نەرێنیانەی لەمیدیاكانی كوردستانەوە بەرهەم دەهێنرێنو بەجوانكارییەكی بارگاوییكراوو تەكنیكێكی بەرز چاپو پەخش دەكرێنەوە. ئامانجی ئەم چاودێرییە، بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاكەكەسو مافە مرۆییە یاساییەكانی دەبێت لەهەمبەر پەڕاوێزخستنو دەستێوەردانی ناپیشەیی میدیاو میدیاوانانی كوردستان، تاوەكو هەرچی زووتر بتوانرێت كارنامەیەكی پیشەیی كرداریی گەڵاڵە بكرێت بۆ راستكردنەوەی هەڵەی مەبەستدارو پێشكەشكردنی شێوازێكی نوێی كاركردن. بەشێكی تری ئەم چاودێرییكردنە دەشێت لەرێی راهێنانی نەوەی نوێی رۆژنامەنووسان بێت لەسەر شێوازەكانی نووسین، ژانرەكان، ئەتەكێتو ئیتیكی پیشەیی لەگەڵ پێشكەشكردنی یاساو رێسای پەیوەندییدار بەكەلێنو گرفتەكانی میدیا لەپێناو هەرچی باشتر رێكخستنەوەی ناوەڕۆكی پەیامە رۆژنامەوانییەكانی.
سەرنج:
چمك، گۆشەیەكی هەفتانەیە، لەژمارە 599ی ئەمڕۆوە (سێشەممە 31\10\2017) بەهەڵقەی یەك لەدوای یەك لەرۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاودەكرێتەوە.