پێشنیازەیاسایەكی میدیایی دەدرێتە لایەنە پەیوەندییدارەكانی هەرێمی كوردستان

چمك، هەولێر: كۆمەڵە پسپۆڕێكی خۆبەخشی نێو زانكۆكانی هەرێمی كوردستان پێشنیازە یاسایەكی میدیایی دەدەنە سەرۆكایەتییەكانی هەرێم، پەرلەمان، حكومەت، ئەنجومەنی دادەوەری، سەندیكا و رێكخراوەكانی تایبەت بە بەرگری لە ئازادیی دەربڕین و كاری رۆژنامەگەری، سەرجەم میدیاكاران و میدیاكانی هەرێمی كوردستان.

ئەو كۆمەڵە پسپۆڕە جەخت لەوە دەكەنەوە كە بەدوور لەهەر جۆرە بەرژەوەندییەكی تایبەت، لەپاش پەیبردن بە خراپ بەكارهێنانی پەیامی میدیایی ‌و لەسۆنگەی هەستكردنیان بەبەرپرسیارێتی نیشتمانیی و ئەكادیمیی سەرشانیان، بەپێویستیان زانیووە لەرێی پێشنیازكردنی “پرۆژە یاسای ئەنجومەنی نیشتمانیی میدیا لەهەرێمی كوردستاندا” بیر لە چوارچێوەیەكی یاسایی و پیشەیی بۆ هەڵسەنگان و رێكخستنی میدیا بكەنەوە. هەربۆیە دوای خستنەڕووی پێشنیازەیاساكە لەمیانی وۆركشۆپێكی راوێژكارییدا لە رۆژی شەممە “07ی كانونی یەكەمی 2019″دا له‌ هۆڵی هوتێل دیده‌مانی شاری هه‌ولێر، كۆی سەرنج و پێشنیازی ئامادەبووانیان وەرگرتوەتەوە و لەدوایین دەقی پێشنیازە یاساكەدا جێیان كردووەتەوە و ئێستاش دەیخەنەبەردەستی لایەنە پەیوەندییدارەكان، بەهیوای بەدەنگهاتن و دروستكردنی كۆدەنگیی لەسەر سنورداركردنی ئەو پشێویی و ئاڵۆزییەی رۆژانە لەناو پەیامی میدیایی ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا هەستی پێدەكرێت.

ئەو پرۆژە پێشنیازە کە لە نۆ بەش و 23 ماددە پێکھاتووە؛ لەماوەی دوو مانگی رابردوودا لەلایەن کۆمەڵە پسپۆڕو ئەکادیمییەکی میدیا لەزانکۆکانی ھەرێمی کوردستاندا گەڵاڵەکراوە، بەئامانجی ھەرچی زووتر سنوردارکردنی دۆخی پشێویی میدیا و رێکخستنەوەی لەرووی یاسایی و پیشەییەوە.

لەو وۆرکشۆپەدا کە د.شوان ئادەم ئەیڤەس بەنوێنەرایەتی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی «چمک» و ژماره‌یه‌ك له‌مامۆستایانی زانکۆ، رۆژنامه‌نووسان، سکرتێری پەرلەمان و نوێنه‌رانی لیژنه‌ پەیوەندییدارەکانی و به‌شێك له‌دەستە و دامه‌زراوه‌ میدیایی و حکومییەکان ئامادەی بوون؛ خاڵ بەخاڵی پرۆژە پێشنیازی یاساکە گفتووگۆی وردی لەسەر كرا.

وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی ھەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی و ئیتیکیی بۆ رێکخستنی کار و پەیامی میدیایی میدیا و میدیاکاران، ئامادەبووان ستایشی ئامادەکارانی پرۆژە پێشنیازەکەیان کرد کە پێداگریی لەسەر ھەرچی باشتر جێبەجێکردنی یاساکانی ژمارە 35ی ساڵی 2007ی رۆژنامەگەریی و ژمارە 11ی ساڵی 2013ی مافی بەدەستگەیشتنی زانیاریی و ژمارە 06ی ساڵی 2008ی قەدەغەکردنی خراپ بەکارھێنانی ئامرازەکانی پەیوەندییکردن کردوەتەوە.

لەبەشێکی دیکەی وۆرکشۆپەکەدا، چەندین پێشنیاز بۆ کەم و زیادکردنی بڕگەو ماددەکانی پرۆژە پێشنیازی یاساکە کرا و پاشان داواکرا ھەریەک لەلیژنەی رۆشنبیریی، کۆمەڵگەی مەدەنیی و وەرزش و لاوان و سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان، وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوانی ھەرێم، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، میدیاکاران و نوێنەرانی دامەزراوە میدیاییەکان بەشداریی کاراتر بکەن لەدەوڵەمەندکردنی ناوەڕۆکی پرۆژەپێشنیازی یاساکە و کەمکردنەوەی ئاستی ئەو تێکەڵاوییەی لەئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی ئەم ئەنجومەنە و نێوەندەکانی دیکەدا ھەیە.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟