توانا عوسمان
بڵاونەکردنەوەی هەواڵی کوشتوبڕی هەڵەیە، چونکە توندوتیژی و کوشتن دیاریدەیەکی دێرینی ناو سروشت و کۆمەڵگایە و بەباسکردن و باسنەکردنی ناوەستێ، کەسیش پێش ئەنجامدانی توندوتیژی پرس بەمیدیا ناکات.
میدیا ئیشی دابینکردنی شەفافیەت و زانیاری دروستە، هێزی چاودێریە، خەڵک مافی خۆیەتی ئاگای لەدونیا بێت، زانیاری دروستیش هۆشیاری دروستدەکات. میدیا توانای ئەوەی هەیە فشار بکات بۆ دۆزینەوەی بکوژ، بۆ لێپرسینەوە لەتاوانبارو زڕوفی تاوانکاری تاوەکو هەم هۆشیاری کۆمەڵایەتی دروستبکات هەم لایەنی پەیوەندیدار ناچار بکات ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر.
ئەوەی هەڵەیە بەپاڵەوانکردنی تاوانبارە، بەلاڕێدابردنی لێکۆڵینەوەو شاردنەوەی ئەنقەستی هۆکارەکانە. هەڵەکە تەرکیزکردنە لەسەر قوربانی بۆ ختوکەدانی سۆزی ڵایکخوازی خەڵک، بێ ئەوەی هۆکار و سزا و لێکەوتەکانی تاوانکاری باس بکەی. بڵاونەکردنەوەی هەواڵ هەڵوێستێکی نەعامەییە، چاوداخستنە بەو هیوایەی گوایە ئەگەر نەیبینی ڕونادات!
مێژووی میدیا پڕێتی لەزەقکردنەوەی ڕووداوگەلێکی کوشتن کەبۆتە مایەی خێراکردنی لێکۆڵینەوە، بۆتە مایەی دەستگیرکردنی تاوانبار تەنانەت تەشریعکردنی یاسای نوێ بۆ ڕێگرتن لەتوندوتیژی زیاتر. تەنانەت: ئەشێت ڕوماڵنەکردنی تاوان و تاوانکاری لەئەمڕۆدا زەمینە لەبارتربکات بۆ تاوان و دەربازبونی تاوانبار و کەمتەرخەمبونی لێکۆڵینەوە.