لە ساڵیادی یەکەمین ئێزگەی رادیۆیی بە زمانی کوردییدا

د.هێرش رەسوڵ*

29ـی کانونی دوەم، ساڵیادی کردنەوەی رادیۆی کوردیی بەغداـیە، کە بە یەکەمین ئێزگەی رادیۆیی کوردیی هەژماردەکرێت. وەکچۆن، لە دوای هەردو رادیۆی بەغدا و کۆشکی ئەلزهور، سێیەم رادیۆی عیراقیشە.
ئەمڕۆ، 85 ساڵ بەسەر دەسپێکردنی پەخشی ئەو رادیۆ كوردییەدا تێپەڕدەبێت، کە رۆژانە چەندجارێک دەستەواژەی “ئێرە بەغدایە”ـی لێوەدەگوترا و، لەسەردەمی رژێمی پاشایەتیی ‌و كۆمارییدا 64 ساڵ بەردەوام بوە، هەروا سەرەڕای ئەوەی ئێزگەیەکی رەسمیی بوە و گوزارشتی لە سیاسەتی رەسمیی دەوڵەت دەکرد و لەپێناو بەرژەوەندیی دەوڵەت كاریدەكرد، بەڵام لە روی رۆشنبیریی ‌و مێژووییەوە خزمەتێكی زۆری بە کورد و كوردستان كردوە. رێک لەم رۆژەی ساڵی 1939ـدا (ئەگەرچی زۆربەی بۆچوونەکان لەسەر ئەم رێکەوتە کۆکن و ساڵانەش هەر لەو رۆژەدا یادی کراوەتەوە، بەڵام مامۆستا باکوریی دەڵێ لە 19ـی تشرینی دوەمدا بوە)، بۆ یەكەمجار ئەو ئێزگەیە، وەك بەشێكی گچکەی (رادیۆی عەرەبیی بەغدا) بەرنامەکانی بۆ ماوەی چارەكەسەعاتێك بە ناونیشانی “ئێرە بەغدایە” پەخشكرد. سەرەتا تایبەت بوە بە گۆرانیی و موزیک، بێ‌ ئەوەی تۆماربكرێن، دواتر تەنها هەواڵنامە ‌و چەند گۆرانییەکی کوردیی پەخشکردون.
رادیۆی بەغداد، تاکو ساڵی 1949 دو سەعات و 45 خولەك پەخشی كوردیی هەبو، لەو ماوەیەشدا بەرنامەی ئاینیی و پەروەردەیی و چیرۆك و داواکاریی گوێگرانی پەخشدەكرد.
ساڵی 1958 دوای روخانی رژێمی پاشایەتیی لە عیراق، رادیۆكە زۆر بەهێز بو، بۆیە لە ترسی كاریگەرییدانان لەسەر كوردی پارچەكانی دیكه‌، سانسۆرێكی زۆری خرایەسەر و وەك پێشتر نەیدەتوانی بایەخ بە بەرنامە كوردییەكان بدات، تا كار گەیشتە ئەوەی لە رۆژنامەی (ژین) بابەتێك لە دژی ئەو هەڵوێستەی بڵاوكرایەوە. وردە وردە ئێزگەكە لە بەشەوە کراوە بە بەڕێوەبەرایەتیی، هەروا ساڵ دوای ساڵ و بە گوێرەی گۆڕانی هەلومەرجی سیاسیی و سروشتی دەسەڵاتدارێتیی لە عیراقدا، ماوەی پەخشەکەی کەم و زیاد کراوە، تاکو لە دوای ساڵی 1984ـەوە، ماوەی پەخشی رۆژانەی بڕگە و بەرنامەکانی گەیشتۆتە 18 سەعات.
لە سەرەتا‌کانی پەخشی و، لە سەردەمی پاشایەتییدا، رادیۆیەكە زیاتر بایەخی بە ئەدەب و هونەر ‌و کولتوری كوردیی داوە و سانسۆرێكی ئەوتۆی لەسەر نەبوە، ئەمەیش وایکردوە، چەند هونەرمەندێکی گۆرانیبێژی كورد روی تێبکەن و بەرهەمەكانیان لەوێ‌ تۆمار ‌و بڵاوبکەنەوە، لەوانە (عەلی مەردان، حەسەن زیرەك، تاهیر تۆفیق، شەماڵ سائیب، مەحەمەد عارف جەزیریی، حەسەن جەزیریی، باكووریی، نەسرین شێروانیی، رەسوڵ گەردیی، … تاد). هاوکات، بایەخی گەورەی ئەو ئێزگەیە لە چل‌ و پەنجاكانی سەدەی رابردودا، وایکردبو ئەدیب و رۆشنبیرانی ناسراوی ئەوکاتەی باشوری کوردستان، خۆبەخشانە پشتیوانیی سەرکەوتنی بن، وەك: (ئیبراهیم ئەحمەد، محەمەد ئەمین زەكیی بەگ، تۆفیق وەهبیی، رەشید نەجیب، جەمال بابان، … تاد).
خزمەت و بەخششە فرەکانی ئەو رادیۆیە تاکو سەردەمی رژێمی بەعس دیار و بەرچاون، بە تایبەت لە بواری رۆشنبیریی و هونەرییدا، بەڵام دواتر پانتایی ئازادیی کارکردنی زۆر بەرتەسککرا و رادیۆكە زیاتر بوە زوڕناژەنی رژێمی بەعس و بەرگریی لە سیاسەتە دزێوەكانی دەكرد‌و دژی شۆڕشی كوردستان پروپاگەندەی دەكرد. سەرەنجام، ساڵی 2003 لە هێرشی هاوپەیمانان بۆ سەر شاری بەغدا، دەزگاکانی راگەیاندنی بەعس كرانە ئامانج‌ و رادیۆی كوردیی بەغداش بەركەوت‌ و، بۆ هەتاهەتایە بێدەنگكرا.
……………
بۆ ئامادەکردنی ئەم بابەتە، سودم لەم سەرچاوانە وەرگرتوە: (کەمال رەئوف محەمەد: مێژووی رادیۆی کوردی بەغدا، د. سێرگێی میخایلۆڤ و د.مەغدید سەپان: پەخشی رادیۆی کوردی، نەوشیروان مستەفا ئەمین: راگەیاندنی بیستراو بە کوردی ۱۹۳۹ـ۱۹٥۸).
*پڕۆفیسۆر لە بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و بازاڕگەریی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟