پ.ی د.یەحیا عومەر رێشاوی
لە زانكۆی پۆلیتەكنیكیی سلێمانی
ئەگەرچی بە درێژایی مێژوی رۆژنامەنوسیی كوردیی و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، كەمتر نمونە و ئەزمونی مێدیایەكی نیشتمانیی بەدی دەكەین. بەحزبیی بون و ئاڕاستەی سیاسیی پانتاییەكی فراوانی رەوتی رۆژنامەنوسیی كوردیی داگیركردووە، بەڵام بونی مێدیایەكی نیشتمانیی، بەردەوام پێویستیەكی حەتمیی ژینگەی كاری مێدیایی بووە و، ئەگەرچی لێرەو لەوێ هەندێ هەوڵ دراون بۆ بەنیشتمانیكردنی ئەم مێدیایە، بەڵام تا هەنوكەش، دەزگا مێدیاییەكان لە هەرێمی كوردستان دا، ئەوەندەی تەعبیر لە حزب و ئایدیا و ئاڕاستەیەكی سیاسیی و فیكریی و ئاینیی دیاریكراو دەكەن، كەمتر مۆركی مێدیایەكی نیشتمانیان پێوەدیارە.
ئەوەی لێرەدا پێویستە ئاماژەی پێبكەین، ئەوەیە: مەرج نیە ئەوانەی لە نێو دەزگا مێدیاییەكان دا كار دەكەن، هەڵگری بیر و بۆچونێكی سیاسیی و ئایدۆلۆجی دیاریكراو نەبن و، خۆیان دابڕاندبێت لەگشت بیركردنەوەیەكی سیاسیی و ئاینیی و فیكریی، بە قەدەر ئەوەندەی پێویستە جەخت لەسەر ئەوە بكەینەوە، كۆی دیمەنی مێدیایی، هەڵگری سیمای بەنیشتمانیی بوون بێت و، دواجار ناوەڕۆكی دەزگا مێدیاییەكە برژێتەوە خانەی نەتەوە و نیشتمانەوە. بە مانا ئێمە پێویستە مامەڵە لەگەڵ واقیعی مێدیایی لە هەرێمی كوردستان دا بكەین و، دان بەوەدا بنێین كە لەپشت سەرجەم دەزگا مێدیاییەكانەوە، فەلسەفە و ئایدیایەك هەیە و، بەرژەوەندییەكی سیاسیی و فیكریی دیاریكراو دەهێنێتە دی. بەڵام، پێویستە هەموان بەو ئاڕاستەیەدا كاربكەین كە دەزگا مێدیاییەكان، خەمی نیشتمانیی لە ئەولەویاتی كاركردنیان دا بێت و، بەرژەوەندیی نیشتمانیی، كۆكەرەوەی هەموان بێت، كە ئەوەش لە كاری مێدیاییدا، كارێكی ئاسان نییە و پڕە لە سەر ئێشە. پێویستە ئەو خاڵەش بوروژێنین، كە: ئایا مێدیای نیشتمانیی، بە مانای مێدیای ئەهلیی دێت؟ واتە: ئایا مێدیای ئەهلیی، دەتوانێت گوزارشت لە خەمەكانی نەتەوە بكات و، دواجار ناوی بنێین “مێدیای نیشتمانیی”، وەك لە هەندێ سەرچاوەدا باسی لێوە دەكرێت؟ واتە: كاتێك مێدیا بوە “دەسەڵاتی چوارەم” و، چاودێرێكی راستەقینە بەسەر ژینگەی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی و ئاینیی-یەوە، ئیدی دەتوانێت خۆی ناوبنێت “مێدیای نیشتمانیی”؟ یاخود: پێویستە ئێمە لە دەرەوەی سیستمی مێدیای حزبیی و ئەهلیی و ئەوەی ناونراوە مێدیای بێلایەن، دەزگا و ناوەڕۆكێكی مێدیایی دروستبكەین و، دواجار ناوی لێ بنێین “مێدیای نیشتمانیی”؟ خالێكی دیكە كە پێویستە قسەی لەسەر بكرێت، ئەوەیە: ئایا ئێمە كە باس لە مێدیایەكی نیشتمانیی دەكەین، مەبەستمان ئەوەیە ناوەڕۆكی مێدیایی و ئەو پەیامانەی ئاڕاستە دەكرێن، بەرژوەندییە باڵاكانی نیشتمان و نەتەوە جێبەجێ بكەن؟ یاخود دەسەڵاتی سیاسیی و حكومەت و پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەكان، دەزگای مێدیایی تایبەت دروست بكەن و خەرجییان بكێشن و، ئەو دەزگایانە بتوانن شتێك دروست بكەن و، دواجار ناوی لێ بنێین “مێدیای نیشتمانیی”؟
ئاستەنگەكانی بەردەم “بەنیشتمانیبونی مێدیا” لە هەرێمی كوردستان:
لەبەردەم دروستبونی “مێدیایەكی نیشتمانیی”دا، ئاستەنگ و لەمپەری جۆراوجۆر هەن و، لێرەدا دەمەوێت بەشێك لەو ئاستەنگانە بخەمە روو، كە رەنگە ئاستەنگ بن لە بەردەم “بەنیشتمانیبونی مێدیا”دا، لە هەرێمی كوردستان:
یەكەم/ دەركنەكردن بە بایەخی مێدیای نیشتمانیی لەلایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە:
كاتێك ئەم پڕۆسەیە نابێتە ئەولەویاتی بایەخدانی دەسەڵاتی سیاسیی و حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە پلان و نەخشەی گەشەدان بە وڵات، شتێك نابینی و نابیستی بەناوی “مێدیای نیشتمانیی”. ئەوكاتە گوتاری مێدیایی دیكە، دەبێتە سیمای دیمەنی كاری مێدیایی و، مێدیا شكڵ و تەرزێكی دیكە وەردەگرێت و، وەرگرەكان لەسەر ئەو شێوازە رادێن و لایان دەبێتە بنەڕەت لە كاری مێدیایی دا. لە دەرەنجامدا، توانا مادیی و مرۆییەكان دەخرێنە خزمەت شێواز و ستایڵە جۆراوجۆرەكانی دیكەی مێدیا و دیمەنەكە داگیر دەكات.
دوەم/ نەبونی تێگەیشتن و تێڕوانینێكی هاوبەش بۆ مێدیای نیشتمانیی:
ئەو خاڵەی سەرەوە، رەنگە ئەم كەموكورتییەی دوەم بەدوای خۆی دا بهێنێت و، بینینێكی هاوبەش بەدی ناكەیت، لای ئەوانەی پەیوەستن بە كاری مێدیاییەوە، لە لایەنە فەرمییەكان و بەرپرسانی دەزگا مێدیاییەكان و، پسپۆڕانی بواری مێدیا و مێدیاكاران بەشێوەیەكی گشتیی. دەرەنجام، گوتارێكی مێدیایی هاوبەش بەدی ناكەیت و، ئاسەواری ئەم نەبونی تێروانینە هاوبەشەش، لە كاتی قەیران و تەنگژە سیاسییەكان دا دەبینیت و، جۆرێك لە پەرتەوازەیی لەكاری مێدیایی دا بەدی دەكەیت.
سێیەم/ زاڵبونی مێدیای حزبیی و، ئاڕاستەی سیاسیی بەسەر كۆی گوتاری مێدیاییدا:
رەنگە فاكتەری سەرەكیی و زۆر رون بۆ دروستنەبونی مێدیایەكی نیشتمانیی، ئەو هەژمونە بێت كە مێدیای حزبیی و تێڕوانینی سیاسییانە بەسەر كۆی دیمەنی مێدیاییەوە هەیەتی. مێدیای حزبیی تا ئەم ساتانەش ئەگەرچی بەرگی نوێی پۆشی بێت و، بە ناوی دیكەوە خۆی بنوێنێت، بەڵام دواجار لە هەرێمی كوردستان دا، دەزگا مێدیاییەكان، بەرژەوەندیی حزبە سیاسییەكان جێبەجێدەكەن، ئەگەرچی بە رێژەی كەم تا زۆر بێت، ئەم حاڵەتە هیچ دەرفەتێكی نەهێشتۆتەوە بۆ دروستبونی مێدیایەكی نیشتمانیی، كە گوزارشت لە خەمە نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستان بكات.
چوارەم/ نەبونی شەفافییەت لە سەرچاوەی داهاتی كەناڵە مێدیاییەكان و پاڵپشتیی داراییان:
پەیوەست بەو خاڵەی پێشتر، تەمومژییەكی زۆر لەسەرچاوەی داهاتی كەناڵە مێدیاییەكاندا هەیە. دەزگای مێدیایی زەبەلاح بە بودجە و توانایەكی دارایی خەیاڵییەوە لە هەرێمی كوردستاندا دروستدەبن، لەكاتێكدا سەرجەمی كایەكانی ژیان، بە دەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنن، كەچی هەندێ دەزگای مێدیایی، فراوانتر دەبن و، خەرجیی بێشومار دەكەن و، هەندێ كەناڵی مێدیایی تازە، دەیانەوێت ركابەری كەناڵە مێدیاییەكان بكەن و، بە توانایەكی دارایی سەرسورهێنەرەوە دێنە مەیدانەكەوە. لەم بارودۆخەدا، ئەستەمە باس لە مێدیایەكی نیشتمانیی بكەیت، كاتێك ئەم هەموو ناشەفافییەت و، نارونییە لە سەرچاوەی داهاتی ئەو كەناڵانەدا بەدی دەكەیت.
پێنجەم/ رەچاونەكردنی پرەنسیپ و بنەماكانی كاركرنی مێدیایی لە جیهاندا:
بونی گوتارێكی مێدیایی نیشتمانیی هاوبەش، رەنگە بە رەچاوكردنی پرەنسیپ و بنەماكانی كاری مێدیایی لە جیهاندا دروست ببێت. بەداخەوە ئەزمون و كاری مێدیایی لە هەرێمی كوردستان دا، كەمتر رەچاوی ئەو پرەنسیپ و بنەما جیهانیانەی كردووە لە رەچاوكردنی بەرژەوەندیی گشتیی و بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتیی و ئیتیكی كاری مێدیایی بە شێوەیەكی گشتیی. هەربۆیە، شارەزایان و پسپۆڕانی بواری مێدیا، زۆرجار باسیان لەو نەنگیی و خەوشانە كردوە كە لە نێو گوتاری مێدیایی دا لە هەرێمی كوردستاندا هەن و، بونەتە ئاستەنگ لەبەردەم گەشەكردنێكی راستەقینەی رەوتی مێدیایی و، دواجار نەبونی مێدیایەكی نیشتمانیی یەكگرتوو.
شەشەم/ بارودۆخی ناسەقامگیریی هەرێمی كوردستان، لە روی سیاسیی و ئیداریی و گەشەپێدانەوە:
بیركردنەوە لە مێدیایەكی نیشتمانیی، ئاتاجی بارودۆخێكی سیاسیی و ئیداریی سەقامگیرە. هەرێمی كوردستان، لەهەندێ ماوەی كورتخایەندا نەبێت، هەمیشە حاڵەتی شپرزەیی و بێسەروبەریی سیاسیی و ئیداریی بەسەریدا زاڵبووە. شەری ناوخۆ و دوو ئیدارەیی و ململانێی سیاسیی، هۆكاری جۆراوجۆر بوون بۆ دواكەوتنی بیركردنەوە لە دروستكردنی مێدیایەكی نیشتمانیی.
حەوتەم/ كەمئەزمونی مێدیایەكی نیشتمانیی، لە ژینگەی كۆمەڵایەتیی و سیاسیی دەوروبەردا:
لە بێبەختی هەرێمی كوردستان، ژینگەی دەوروبەرمان، فاكتەرێكی یارمەتیدەر نەبووە بۆ بیركردنەوە لەم تەرزە لە كاری مێدیایی دا. وڵاتانی دەوربەرمان، تاڕادەیەكی زۆر، بەدەست قەیران و كێشەی نزیك لە كێشە و قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان دەناڵێنن و، مۆدێلێكی چاولێكراو نییە لە نەتەوەكانی نزیك خۆمان، تاببێتە سەرچاوەیەك بۆ ئەمجۆرە بیركردنەوەیە.
هەشتەم/ ناسەقامگیریی كاری مێدیایی لە هەرێمی كوردستان و، نەبونی ستراتیجێكی كاركردنی مێدیایی:
نەبونی ستراتیجێك بۆ كاری مێدیا و، ئەو هەڵبەز و دابەزەی لە كاری مێدیاییدا لە هەرێمی كوردستاندا بەدیدەكرێت، دیسانەوە فاكتەرێكی نێگەتیڤ بووە و، رێگر بووە لەبەردەم بیركردنەوە لە مێدیایەكی نیشتمانیی. بونی مێدیای حزبیی و مێدیای ئەهلیی و مێدیای “سێبەر” و مێدیای حكومیی و، ئەو تێكەڵ و پێكەڵییەی لەو شێوازانەدا هەبوە، گورزی كوشندەی لە پلان و ستراتیج و تێڕوانینی مێدیایی وەشاندوە.
نۆیەم/ كەمی توێژینەوە و نوسین و كۆڕ و كۆبونەوە بۆ قسەكردن لە مێدیایەكی نیشتمانیی:
جێی خۆیەتی رەخنە ئاڕاستەی ناوەندە ئەكادیمییەكانیش بكرێت، بەوەی لەم بوارەدا نەیانتوانیوە توێژینەوە و تەرحی مێدیاییان هەبێت. سەنتەرەكانی لێكۆڵینەوە و زانكۆكان، لەم بوارەدا هەژارن و، نەیانتوانیوە كۆنفرانس و سیمینار و تێڕوانینی ئەكادیمیانە لەم بوارەدا بخەنە روو.
دەیەم/ مەترسیی بە لارێدابردنی هەوڵەكان بۆ دروستكردنی مێدیایەكی نیشتمانیی:
دوا خاڵ كە دەمەوێت ئاماژەی پێ بدەم، ئەوەیە: لە هەرێمی كوردستان دا، بیركردنەوە لە تەرحی نوێ و قسەكردن لە چارەسەركردنی قەیرانەكان، هەندێ جار بە داخەوە قەیرانی دیكە دروست دەكات و، ئەو دابەشبونە حزبییەی لە هەرێمی كوردستان دا هەیە، رەنگە گومان بخاتە سەر هەر نیەتێك بۆ چاكسازیی مێدیایی و لە نێویشیاندا، بیركردنەوە لە دروستكردن و پێكهێنانی مێدیایەك بە ناوی “مێدیای نیشتمانیی”.
راسپاردە:
1- بڵاوكردنەوەی نوسین و توێژینەوە لە سایت و رۆژنامە و گۆڤارەكاندا لەسەرئەم بابەتە، لە لایەن پسپۆرانی بواری مێدیا و شارەزایانەوە و، خستنەرووی پرسی “بەنیشتیمانیكردنی مێدیا”، لەروی بایەخ و ئاسەوارەكانی لەسەر كایەی مێدیایی و كۆمەڵایەتیی و سیاسیی بەشێوەیەكی گشتیی.
2- وروژاندنی بابەتی “بەنیشتمانیكردنی مێدیا” لە كەناڵەكانی راگەیاندندا، كە هەموان هان بدرێن بۆ بایەخدان بەم بابەتە.
3- بایەخدان بە مێدیای حكومیی و میدیای پەرلەمان، وەك ئەزمونێك بۆ مێدیایەكی نیشتمانیی و، دورخستنەوەی دەستی حزب و ئایدیای سیاسیی…هتد، بە جۆرێك گوتاری مێدیایی ئەم كەناڵانە، گوزارشت لە پرسە نیشتمانیی و نەتەوەییەكان بكەن و، مۆدێلێكی نوێ پێشكەش بكەن.
4- سود وەرگرتن لە كایەی “سۆشیالمێدیا”، وەك سەكۆیەكی كراوە بۆ گڤتوگۆ و راگۆرینەوە لەسەر ئەم بابەتە گرنكە، بەتایبەت لەلایەن پسپۆڕان و شارەزایانی ئەم بوارە و میدیاكاران بەشێوەیەكی گشتیی.
سەرنجێك:
ئەمەی سەرەوە، دەقی بابەتێكی پ.ی د.یەحیا عومەر رێشاوی -ه، كە لە كۆنفرانسی “بەنیشتمانیكردنی مێدیا”ى هاوبەشيی رێكخراوی مەشق بۆ گەشەپێدانی دیموكراسیی و مێدیا و وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان، لە رۆژی 22/8/2015، پێشكەشكرا.