ئامادەبوانی بەڕێز .. بەیانیتان باش
بەناوی راگرایەتی کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی هەڵەبجەو رێکخراوی چاودێری میدیای کوردیی، بەخێرهاتننێکی گەرمتان دەکەین بۆ ئامادە بوون لە سیمپۆزیۆمی (خوێندن وپەروەردەی میدیایی)، بەهیوای ئەوەی ئەمرۆ پێکەوە بتوانین لە چوارچێوەی ئەو باس وتوێژینەوە زانستیانەی پێشکەش دەکرێن، کەشێکی زانستی بڕەخسێنین بۆ قسەکردن وباسکردنی بابەتێکی نوێ وهەنوکەیی وهەستیار کە ئەویش (پەروەردەی میدیاییە). کە بێگومان ئەم بابەتە پەیوەندی بە ئێستاو داهاتووی خوێندنی میدیایی هەیە لە بەشە زانستیەکانی راگەیاندن وخوێندنی باڵا، لەسەرجەم زانکۆکانی کوردستاندا.
بەڕێزان… کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان لە زانکۆی هەڵەبجە لە چوار بەشی زانستی (مێژوو، جوگرافیا، بنەمای ئایین، راگەیاندن) پێک دێت، لە چوار ساڵی تەمەنیدا خاوەنی خەرمانێک لە چالاکی زانستی ونێودەوڵەتی ورۆشنبیریی وچالاکی خوێندکارییە، لە ئەنجامدانی کۆنفرانسی زانستی وکۆڕبەند وسیمپۆزیۆم وۆرکشۆپی لۆکاڵی ونێودەوڵەتی وڤیستیڤاڵ وچالاکی دیکە، لە بوارەکانی زانستە مرۆییەکان وبابەتی ئاشتی و پێکەوەژیان وجینۆسایدی کورد و گەنجان وگەلێ بواری دیکە، هەموو ئەم چالاکیە زانستیانەش بە بەشداریکردنی پسپۆڕانی نێوخۆیی ودەرەکی بووە، لە کوردستان وڵاتانی بەریتانیا وهۆڵەندا وکۆریای باشور ومالیزیا وتورکیا ومیسر و وڵاتانی تر.. هەروەها لە پلانماندایە بۆ ئەمساڵی خوێندنی ٢٠٢١-٢٠٢٢ چەند چالاکییەکی دیکەی وەک کۆنفرانسی زانستی وسیمپۆزیۆم وکۆربەند وڤیستیڤاڵ و ۆرکشۆپی ناوخۆیی ونێودەوڵەتی ئەنجام بدەین.
چاودێری میدیای کوردی (چمک)؛ رێکخراوێکی ناحكومی، قازانجنهویستی، سهربهخۆیەو لەساڵی ٢٠١٧ لەلایەن کۆمەڵە ئەکادیمییەک و توێژەرێکی میدیاییەوە دامەزراوە. ئەم رێکخراوە کار بۆ چاودێرییكردن وههڵسهنگاندن وراپۆرتكردنو توێژینهوهی خهوشو پێشلكارییه پیشهییهكانی میدیاو رهوشی رۆژنامهگهری كوردیی دەکات. لەگەڵ نێوەندە پیشەیی و ئەکادیمییەکانی ناوەوەو دەرەوە کاری کردووە و چەندین سمینار و سیمپۆزیۆم و کۆڕبەندی نیشتمانیی رێکخستووە. ئەوە جگەلە چاپکردنی زنجیرە کتێب و داڕشتنی پرۆژەیاسا و ھەڵسەنگاندنی بەردەوامی ناوەڕۆکی پەیامی میدیایی و ھەوڵدان بۆ ھەموارکردنەوە و رێکخستنەوەی پیشەیی و یاسایی میدیای کوردیی.
ئامادەبوانی بەڕێز
بەشانازییەوە ئەمرۆ کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتیەکانی زانکۆی هەڵەبجە بەهاوبەش لەگەڵ رێکخراوی چاودێری میدیای کوردی (چمک) میوانداری ژمارەیەک لە ئەکادیمیست وکەسانی دیارو پسپۆر دەکات تاوەکو لەمەر بابەتی (پەروەردەی میدیایی) گفتۆگۆ بکەن، لەڕێی سێ پانێڵی زانستی و (نۆ) ئەکادیمیست ومامۆستای زانکۆوە بابەتەکان دەخرێتە روو. جێگای خۆیەتی لێرەدا سوپاسی بێپایانی بەڕێز (پ د. مهاباد کامل عبداللە) سەرۆکی زانکۆمان بکەین، کە هەمیشە هاندەرو پاڵپشت وهاوکارمان بووە لە کارەکانماندا، هەروەها سوپاسی پانێلستە بەڕێزەکان دەکەین کە ئەرکیان کێشاوەو بەشدار بوون لەم سیمپۆزیۆمە. وە سوپاسی سەرۆکایەتی بەشی راگەیاندن و لیژنە تایبەتمەندەکان دەکەین کە ماندووبون لە ئامادەکردنی ئەم چالاکییەدا، جێگای خۆیەتی سوپاسی تایبەتی میدیاکاران وکەناڵەکانی راگەیاندن بکەین بۆ ئامادەبونیان وروماڵکردنی چالاکیەکانمان.
لەکۆتاییدا هیوادارین راسپاردەکانی ئەم سیمپۆزیۆمە رۆڵی گرنگی هەبێت لە پێشخستنی بواری (پەروەردەی میدیایی) لە زانکۆکانی کوردستان وچارەسەر کردنی هەموو ئەو کێشەو گرفتانەی کە لەم بوارەدا بوونی هەیە. دووبارە بەخێربێن و هەر شادو سەرکەوتوو بن.
فۆتۆ:
ئارام حەمەعەلی