چمك و مێری لەسەر ئەنجامدانی پرۆژەی هاوبەش رێككەوتن

کوردستان، هەولێر: رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی (چمك) و ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) لەسەر ئەنجامدانی پرۆژەی هاوبەش رێكدەكەون.

لەدرێژەی هەوڵە بەردەوامەكاندا بەئاڕاستەی دروستكردنی پەیوەندیی رێكخراوەیی‌و ئەنجامدانی كارو پرۆژەی هاوبەش، پاشنیوەڕۆی یەكشەممە (27ی ئایاری 2018)، لەمیانی دانیشتنێكی دۆستانەدا د.شوان ئادەم ئەیڤەس دامەزرێنەر و سەرۆكی رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی (چمك) و پرۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین دامەزرێنەر و سەرۆكی ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) گفتوگۆیان لەسەر چۆنیەتی پتەوكردنی پەیوەندییە رێكخراوەییەكانی هەردوولا كردو رێككەوتن لەسەر دەستكردن بە پرۆژەو پلان‌و پرۆگرامی هاوبەش لە بواری راگەیاندن‌و رۆژنامەگەرییدا.

چاودێریی میدیای كوردی (چمك)، رێکخراوێکی ناحكومی، قازانجنه‌ویستی، سه‌ربه‌خۆییه. کار بۆ چاودێرییكردن، هه‌ڵسه‌نگاندن، راپۆرتكردن‌و توێژینه‌وه‌ی خه‌وش‌و پێشلكارییه‌ پیشه‌ییه‌كانی میدیاو ره‌وشی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیی دەکات. جه‌ختكردنه‌وه‌ی سه‌ره‌كیی ئه‌م رێكخراوه‌، له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری تاكه‌كه‌س‌و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه‌ له‌هه‌مبه‌ر په‌ڕاوێزخستن‌و ده‌ستێوه‌ردانی ناپیشه‌یی میدیاو میدیاوانانی كوردستان. چالاكیی‌و پرۆژه‌كانی ئه‌م رێكخراوه‌ بۆ رووماڵكردنی به‌رهه‌مه‌ جۆربه‌جۆره‌كانی میدیای كوردییه‌، به‌مه‌به‌ستی گه‌ڵاڵه‌كردن‌و خستنه‌ڕووی كارنامه‌یه‌كی پیشه‌ییتری كرداریی بۆ راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ باوه‌كانی میدیاو شێوازی كاركردنی میدیاوانانی كوردستان.

ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری)، دامەزراوەیەکی سەربەخۆی قازانج نەویستە، گرنگی دەدات بە پرسی سیاسیی پەیوەستدار بە خەڵک، خاک و سیستەمی فەرمانڕەوایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی، کوردستان و عێراق بە تایبەتی.