“پێویستە میدیاکان و حزبەکان دەستوەردانە نێو ژیانی تایبەتیی کاندیداکان بە ھێڵی سوور بناسێنن”

چمک، سلێمانی: «حزبەکان لەبری مەکتەبی رێکخستن؛ مەکتەبی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان دروستکردووە بۆ دەستوەردانە نێو ژیانی تایبەتیی کاندیدا رکەبەرەکانیان» سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی بەمجۆرە رەخنەی لە ھەوڵ و ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردنی 2021ی پەرلەمانی عێراقی ھەندێک لە حزبەکان گرت.
رۆژی سێشەممە (13ی ئەیلولی 2021) پرۆگرامی #بەیانی کەناڵی ئاسمانیی کوردساتنیوز بەشێوەیەکی راستەوخۆ و لەنێو ستۆدیۆی سەرەکییدا میوانداریی د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک)ی کرد بۆ تاووتوێکردنی پرسی «پاراستنی ژیانی تایبەتی کاندیدەکان لە بانگەشەی ھەڵبژاردندا». ھەروەک روونییکردەوە کە بەزاندن و پێشلکردنی رەگەزەکانی مافی تایبەتمەندێتیی ژیانی تایبەتیی کەسەکان بەگشتیی و لەنێویاندا کاندیداکان؛ پێویستە ببێتە ھێڵی سووری کارکردنی میدیا و میدیاوان و حزبەکان، چونکە زانیاریی لەبارەی وردەکاریی ئەو جۆرە ژیانە بۆ وەرگران بەگشتیی و دەنگدەران بەتایبەتی، ھیچ بەرژەوەندییەکی گشتیی و بایەخێکی کۆمەڵایەتیی نییە.
لەبەشێکی دیکەی ئەو پرۆگرامەدا؛ سەرۆکی رێکخراوی چمک پێداگریی لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری میدیایی و یاسایی بەکارھێنەرانی میدیای کوردیی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان کردەوە کە پێویستە لەبری پەنابردن بۆ دەستوەردانە نێو ژیانی تایبەتیی کاندیداکان؛ باشترە کار لەسەر کێبرکێی دروستی سیاسیی و ھەڵسەنگاندنی کارنامەی چوارساڵی داھاتووی کاندیدا و لیستەکانیان بکەن؛ «ھەڵبەت ئەگەر ھەیانبێت.»
#بەیانی؛ پرۆگرامێکی رۆژانەی کەناڵی ئاسمانیی کوردساتنیوز_ە، ئەڵقەی ئەمجارەی لەلایەن رەنج شاڵیی و ھێڤی قادر پێشکەشکرا. بۆ بیستن و بینینی تەواوی پرۆگرامەکە؛ کرتە لەم بەستەرەی خوارەوە بکە:

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟