چمک؛ پێویستیی چاودێرییکردنی پەیامە رۆژنامەوانییەکان دووپات دەکاتەوە

رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی «چمک»؛ لە ساڵڕۆژی جیهانیی ئازادی راگەیاندن «٠٣/٠٥/٢٠١٨»دا، وێڕای دووپاتکردنەوەی پێویستیی چاودێرییکردنی پیشەیی ناوەڕۆکی پەیام و بەرھەمە رۆژنامەوانییەکانی راگەیاندنە کوردییەکان. ھاوکات سەرکۆنەی پەرلەمان و حکومەت و دامەزراوەکانی دادوەریی ھەرێمی کوردستان دەکات کە نەیانتوانیوە ھەلی یەکسان و چونیەک بۆ ئازادیی دەربڕین و کاری رۆژنامەوانیی فەراھەم بکەن. ھەروەک ناکاراو کەمتەرخەمییش بوون لەوەی ژینگەیەکی ئازاد بۆ کێبرکێی پیشەیی رۆژنامەوانان بڕەخسێنن یان ناوەڕۆکی راگەیاندنەکان و شێوازی خاوەندارێتیی و کارکردنیان بەسیستمێکی یاسایی ئەوتۆ رێکبخەن کە گیانی ھاوبەرپرسیارێتی لەنێوان راگەیاندنکاران و دەسەڵاتداراندا
بەدی بھێنێت.

لەم بۆنەیەدا، رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی «چمک» ھاوشێوەی دروشمی ئەمساڵی نەتەوە یەكگرتووەكان؛ داوای راگرتنی «هاوسەنگی هێزەكان»ی ھەرێمی کوردستان لەنێوان «راگەیاندن، دادپەروەریی و سەروەریی یاسا» دەکات. ھاوکات بەپێویستییشی دەزانێت ھێزە سیاسییەکان و راگەیاندنەکانیان لەم ھەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری ٢٠١٨دا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق؛ خۆ بەدووربگرن لە دەستوەردانە نێو ژیانی تایبەتی بەربژێرەکان و تێکدانی شیرازەی خێزان و ئاشتیی کۆمەڵایەتیی پێکھاتە جیاوازەکان.

رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی 
٠٣ی ئایاری ٢٠١٨

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟