خاوەندارێتیی ئامرازەکانی راگەیاندن و پێویستیی ھەموارکردنەوەی یاسای حزبەکان تاووتوێکرا

چمک، سلێمانی: رۆژی سێشەممە «05ی تشرینی دووەمی 2019» شەشەمین تەوەری زنجیرە مێزگردی ھاوبەشی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی «چمک» و فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی تەرخانکرا بۆ تاووتوێکردنی «خاوەندارێتیی ئامرازەکانی راگەیاندن و پێویستیی ھەموارکردنەوەی یاسای حزبەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق».

لەو مێزگردەدا کە لەبارەگای رێکخراوی کوردستان بۆ ھەموان لەسلێمانیی بەئامادەبوونی ھەریەک لە ستران عەبدوڵا، نەجیبە مەحمود، سەردار عەبدوڵا، د.محەمەد عەلی، فاروق عەلی، د.شوان ئادەم ئەیڤەس، ئارام کەمال و ئاسۆ محەمەد بەڕێوەچوو؛ جەختکرایەوە سەر پێویستیی ھەموارکردنەوەی یاسای ژمارە 17ی ساڵی 1993ی حزبەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق. بەتایبەت بڕگەی یەکەمی ماددەی سێزدەیەم کە بەدەق نووسراوە؛ حزب مافی «ئەو رێ و شوێنانەی راگەیاندنی ھەبێ کە بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکانی بەپێ ی یاسا رەچاوکراوەکان بەکاریان دێنێ».

بۆنمونە لەھەموارکردنەوەی ئەو بڕگە یاسایەدا، زۆر گرنگە بەدەق ئەوە بچەسپێنرێت کە سەرچاوەی داھاتی راگەیاندن و پەیوەندییە گشتتیەکانی حزب لەسەر حسابی بودجەی گشتیی نەبێت. ھەروەھا ژمارەی راگەیاندنەکانی حزب و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی و سیاسەتی کارکردنیان دیارییکراو و روون و ئاشکرا بن، چونکە ئێستا دۆخێک ھاتوەتەپێش کە حزبەکان پێویستییان بەکۆمپانیاکانی کارەکتەر و ئەندامانی سەرکردایەتیی و مەکتەبی سیاسیی ھەبێت، نەک بەپێچەوانەوە. لەدەرەنجامی ئەو دۆخە نوێیەشدا «میدیای تاکەکەس» کە شەڕی بەوەکالەت دەکەن شوێنی بەمیدیای فەرمیی حزبەکان لێژکردووە، بەجۆرێک لەریزبەندیی کەناڵە دڵخوازەکانی جەماوەرو تەنانەت ئەندام و لایەنگرانی خودی حزبەکانیشدا نەماون!

ئامادەبووان وێڕای پێداگرییان لەسەر ئەوەی کە ھیچ سیستمێکی دیموکراسیی بەبێ ھەبوونی حزبی سیاسیی و ئۆرگانەکانی سەرپێ ناکەوێت؛ ھاوکات جەختیان لەوەشکردەوە کە لەبنەمادا حزب لەدنیای پێشکەوتوودا دامەزراوەیە و بەپێی رێسا و یاسای دامەزراوەکان دروستدەبن و گەشەدەکەن، نەوەک موڵکی تاکەکەسەکان و بەپێی میزاجی ئەوان و بنەماڵە و بڕیاربەدەستانی؛ میراتی حزبیان بۆ بمێنێتەوە و مامەڵەی پێوەبکەن. بەتایبەت ئێستا کارکردنی رێکخراوەیی حزبەکانی ھەرێمی کوردستان رۆژ لەدوای رۆژ لەپاشەکشێدایەو ئەوەش وایکردووە ھیچ دامەزراویەکی نیشتمانیی پەرلەمانی، حکومی، دادوەریی و میدیایی نەبێت. ھەربۆیە چاکسازیی لەستایلی حزبایەتیی و حوکمڕانییدا پێداویستییەکی ھەنوکەیی لەپێشینەیە، چونکە ھەر ئەو دۆخە پاشاگەردانییەی حزبەکان بوو کە زەمینەی بۆ «میدیاکار و میدیا»ی جنێوفرۆش و نابەرپرس و خاوەن نادیار رەخساند کە ببنە پاڵەوانی میدیای کلاسیک و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و بەدوایدا دەنگی زۆرینەی دەنگدەران بەدەستبھێنن.

لەبەشێکی دیکەی مێزگردەکەدا، ئامادەبووان ئاماژەیان بەپەیوەندیی توندوتۆڵی نێوان ھێزی ئابوریی و سیاسەت لەھەرێمی کوردستاندا کرد. بەجۆرێک ئێستا ئەوەی ئابوریی بەدەستەوەیە، میدیا و پەروەردە و خوێندنی باڵا و زۆر کایەی دیکەشی خستوەتەژێر کۆنترۆڵ و ھەژموونی خۆیەوەو خۆی گەورەتر لەھەر یاسا و رێسا و دامەزراوەیەکی فەرمیی دەبینێت، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە دەیان دامەزراوەی وەک وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان، داواکاری گشتی، دەستەی نەزاھە و دیوانی چاودێریی، پۆلیس و ئاسایش و چەندینی دیکە زۆرترین بودجەی گشتییان بۆ خەرجدەکرێت بەبێئەوەی بەئەرکی سەرەکیی خۆیان ھەستن. بۆنمونە کاتێک کەسێک لەیەککاتدا بەرپرسیارێتی حکومیی ھەیە و لەپشت دامەزراوەیەکی میدیاییەوەیە، کارنامەو پلانەکانی جێبەجێ دەکات؛ ئەو دامەزراوە پەرلەمانیی و حکومیی و دادوەرییانە بۆ ئەرکی چاودێریی و لێپرسینەوەی خۆیان فەرامۆش دەکەن و وەک عەلاگەی جلھەڵواسین؛ ھەموو بەرپرسیارێتییەکە بە میدیا و میدیاکاراندا ھەڵواسن؟

فۆتۆ: ئارام حەمەعەلی

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟