بەنیشتمانییکردنی رۆژنامەگەریی و پێویستیی دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای راگەیاندن تاووتوێکرا

چمک، سلێمانی: رۆژی چوارشەممە «13ی تشرینی دووەمی 2019» حەوتەمین تەوەری زنجیرە مێزگردی ھاوبەشی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی «چمک» و فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی تەرخانکرا بۆ تاووتوێکردنی پرسی «بەنیشتمانییکردن پیشەی رۆژنامەگەریی و پێویستیی دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای راگەیاندن لە ھەرێمی کوردستاندا».

لەو مێزگردەدا کە لە بارەگای رێکخراوی ھاریکاری یاسایی ژنان لەسلێمانیی بەڕێوەچوو؛ ئامادەبووان دووپاتیانکردەوە کە ئەزموونی رۆژنامەگەریی لەھەرێمی کوردستاندا نەیتوانیوەو بەئاسانییش ناتوانێت بەشێوازێکی نیشتمانیی دوور لەبیرکردنەوەی تەسکی حزبایەتیی کاری پیشەیی خۆی بکات، چونکە ھەم خاوەنی دەزگاکانی راگەیاندن و ھەم ئەوانەشی کاریان لەگەڵ دەکەن بەسەر کارنامە و ئایدۆلۆژیای حزبە سەرەکییەکاندا دابەشبوون. ئەوەش ھۆکارێکی سەرەکییە لەوەی بەبەرنامە نەک بەھەڕەمەکی، کار لەسەر بەحزبییکردن و بارگاوییکردنی رۆژنامەگەریی کوردی؛ بکرێتەوەو کۆدەنگییەک لەسەر پرسە نیشتمانییەکان دروستنەبێت.

ئامادەبووان؛ بەپێویستیانزانی لەبری دروستکردنی ئەنجومەنێکی باڵای راگەیاندن کە ھاوشێوەی ئەنجومەنی باڵای خانمان و کۆمسیۆنەکانی ھەڵبژاردن و مافەکانی مرۆڤ بەسەر نوێنەرانی رێکخراوە سیاسییەکاندا دابەشبکرێن و بارگرانی دارایی زیاتر بۆ سەر بودجەی گشتیی ھەرێم دروستبکەن؛ باشترە نێوەندە حکومییەکانی وەک وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، داواکاری گشتیی و دەستەی دەستپاکیی و لیژنە پەیوەندییدارەکانی پەرلەمان کارا بکرێنەوەو ئیشی یوەزیفیی خۆیان بکەن، چونکە ئێستا ئەو نێوەندانە تاڕادەیەکی زۆر کرمتەرخەمن لەراییکردنی ئەو ئامانجانەی لەپێناویدا دروستبوون. ھەندێکجار کەبەرپرسانی ئەم نێوەندانە ددان بەشکستی خۆیاندا دەنێن، ھێندەی بۆ شان تەکاندنی خۆیانە لەبەرپرسیارێتیی ئەو رۆڵ و ئەرکەی پێیانسپێردراوە، ھێندە بۆ پیاچوونەوەو رێکخستنەوەو کاراکردنی خۆیان نییە.

لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا، ئامادەبووان بیرۆکەی دروستکردنی ئەنجومەنێکی باڵای نیشتمانیی بۆ چاودێریی و رێکخستنەوەی کاری راگەیاندن و رۆژنامەگەریی بەگرنگ دەزان؛ بەئامانجی ھەرچی زووتر یەکخستنی گوتاری میدیایی ھەرێمی کوردستان لەپرسگەلی نیشتمانیی وەک وتووێژ و ململانێکانی ھەولێر و بەغدا یان وڵاتانی دراوسێ، شەڕی داعش، ئاسایش و سەروەری خاکی کوردستان.

لەبەشێکی دیکەی مێزگردەکەدا، ئامادەبووان وێڕای پێداگرییان لەسەر قورسیی و سەختی دروستکردنی ئەنجومەنی باڵا یان میدیای نیشتمانیی بەگرنگیان زانی وەک ھەنگاوی یەکەم بیر لەھەماھەنگییکردن لەنێوان راگەیاندنە سەرەکییەکاندا بکرێتەوە بۆ رێککەوتن و کارکردن لەسەر رێسایەکی پیشەیی ھاوبەشی نێوانیان و دواتر بەرفراوانکردنی یاخود پێکھێنانی بۆردی راوێژکاریی بۆ ھەڵسەنگاندنی کاروباری میدیا و میدیاکاران.

لەکۆتایی مێزگردەکەدا، ئامادەبووان کۆکبوون لەسەر ناکارایی و کەمتەرخەمی کاری ھاوبەشی سەندیکا و رێکخراوەکانی تایبەت بەراگەیاندن و رۆژنامەگەریی؛ لەسەر مەشق و راھێنانی نەوەی نوێی رۆژنامەنووسان و ھۆشیارکردنەوەیان لەرووی پیشەیی و یاساییەوە.

فۆتۆ: ئارام حەمەعەلی

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟