کۆڤید-19 بووەتە ھۆی بێکاریی 7.4%ی ژنانی میدیاکار لەجیھاندا

چمک، نەزاکەت حسێن: ژنانی میدیاکار لەپیاوان زیاتر بوونەتە قوربانیی پەتای کۆڤید-19و دەرھاویشتەکانی خۆپاراستن لێی، ئەمەش لەلایەن لیژنەی ژنانی فیدراسیۆنی رۆژنامەنوسانی جیھانی ( IFJ) پشتڕاستکراوەتەوە.

ئەو لیژنەیە لەرێی راپرسییەکەوە کە لەمانگی نیسانی ئەمساڵدا ئەنجامیداو؛ ٦٠٠ ھەزار رۆژنامەنووسی لە ١٤٦ وڵاتی جیھانەوە وەرگرتووە. لەو رێژەیەش، ١٣٠٨ فۆرم لەلایەن رۆژنامەنوسانی ٧٧ وڵاتەوە کە %٤٢یان ژن بوون، وەڵامدراوەتەوە. راپرسییەکە، لەبارەی ئەو گرفت و قەیران و بەربەستانەیە کە لەسەروەختی پەتای کۆڤید-١٩ ڕوبەڕویان بووەتەوە. لەماوەی پەتاکەدا، ٣/٤ ئەو ژمارەیە کارەکانیان سنوردار بووە. ھەر لەوماوەدا ژنان یەکسان و کەمتر لەرۆژنامەنووسە پیاوەکان رووبەڕووی بەربەستەکانی ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەوانیی بوونەتەوە، ئەویش بەمجۆرەی خوارەوە:

یەکەم: %٣٥ی رۆژنامەنووسان بە ژن و پیاوەوە، لەوماوەیەدا کارەرۆژنامەنووسیەکانیان فۆکەسی لەسەر بابەتەکانی کۆڤید-١٩ بووە.

دووەم: پیاوان بە ڕێژەی نیوە بە نیوە و ژنان بە ڕێژەی ١/٤ سکاڵایان کردووە کە داھاتیان بە بۆنەی پەتای کۆڤید-١٩وە لەدەستداوە.

سێیەم: %٧،٤ی ژنانی رۆژنامەنووس لەوماوەیەی پەتاکەدا کاریان لە دەستداوە، لە کاتێکدا %٦،٤ پیاوان کارەکەیان لەدەستداوە.

چوارەم: ژنان کەمتر لە پیاوان گرفتی نەبوونی کەلوپەلی پێویستیی کاری رۆژنامەنووسیان لەماڵەوە بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکەیان بۆ دروستبووە.

پێنجەم: %١٩ی رۆژنامەنووسانی ژن بەرامبەر بە %٢٧.٥ی رۆژنامەنوسانی پیاو ئاماژەیان بەوە کردووە، سەختی دەستگەیشتن بە سەرچاوەی ھەواڵی سەربەخۆیان ھەبووە.

پێنجەم: بە رێژەی%١٠ لەھەردوو ڕەگەز وەڵامیان داوەتەوە کە لە شوێنی کارەکەیاندا و لەماوەی پەتای کۆڤید-١٩دا ھەستیان بە زیادبوونی نایەکسانیی و جیاکاریی جێندەری کردوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەم راپرسیە بە پێچەوانەی داتاکانی ڕێکخراوی کرێکارانی جیھانی (ILO)یە کە لەھەمان ماوەی پەتای کۆڤید-١٩دا راپرسییەکی لەگەڵ گروپێک رۆژنامەنووسانی ژنی جیھانییدا ئەنجامیدابوو کە ئاماژەیان بەوەکردبوو ژنانی رۆژنامەنووس بەشێوەیەکی زۆر نەگونجاو بەقەیرانی پەتای کۆڤید-١٩ کاریگەربوون و کەمتر پارێزراوبوون لە پەتاکە و روبەڕوی کەمیی کرێی ئیشکردن بونەتەوە. ھەروەک ژنانی رۆژنامەنووس لەوەڵامەکانی ئەو راپرسییەدا ئاماژەیان بەوە کردبوو، کە بارودۆخی رۆژنامەنووسیی بۆ ژنان پێشتریش ھەرباش نەبووە، بەڵام پەتای کۆڤید-١٩ خراپتری کردووە. لەبارەوە، رۆژنامەنووسێکی ژن لە ئەرجەنتین دەڵێت، “گرفتی سەرەکی من بۆ کارکردن لەم ماوەدا جگە لە ئازادی، توانای گەیشتن بوو بە شوێنی روداوەکان.” لەلایەکی ترەوە رۆژنامەنووسێکی پورتوگالی ئاماژەی بەوەکردوە، “ئەم کاتی پەتایە تیشکی خستەسەر شتێک کە پێشتر وادەرکمان پێنەکردبوو، ئەویش ئەوەیە ئەو کەرتەی ئێمەی رۆژنامەنووس کاری تێدا دەکەین کەرتێکی ناجێگیر و فشەڵە”. ھەمان راپرسی، دەریخست کە ٢/٣ ژنانی رۆژنامەنووس لەم کاتەدا ھەستیان بە فشار و دڵەوراوکێ کردووە لە کارەکەیاندا، لەکاتێکدا پیاوان نیوەی ئەم ژمارەیەی ژنان ھەستیان بەو فشارو دڵەڕاوکێیە کردووە.

لەلایەکی ترەوە رۆژنامەنووسێکی بەریتانی دەڵیت، “من دوودڵم بەرامبەر تەندروستی دەروونیی ئەو ریپۆرتەرانەی کە راپۆرت لەسەر ئەو شتانە ئامادەدەکەن کە بێتاقەتیی و دڵەڕاوکێیان بۆ دروستدەکات، ھەروەھا بەرامبەر فریلەنسەکان کە خۆیان لەپێشدا ھەر کاریان کەم بوو”. ھەربۆیە فیدراسیۆنی رۆژنامەنوسانی جیھانی؛ باسی ئەوەدەکات کە نیگەرانن بەرامبەر ئەو فشار و دڵەراوکێیانەی ژنانی رۆژنامەنووس لەم کاتی پەتای کۆڤید-١٩یەدا ڕوبەڕویان دەبێتەوە و کاریگەری دەکاتە سەر تەندروستیان لە کاتی کار و ژیانی تایبەتیاندا. بەھەمان شێوە فیدراسیۆن باسی ئەوەدەکات کە قەدەغەی ھاتوچۆ و داواکاری رۆژنامەنوس وەک تاکێکی کۆمەڵگە کە پابەندی رێنماییەکان و مانەوە لەماڵەوەبێت و لەلایەکی ترەوە بەرپرسیاریەتی کارەکەی وەک رۆژنامەنوس کە دەبێت راپۆرت ئامادەبکات و ڕوماڵ بکات و ھاوسەنگی راگرتنی ئەم دوانە لەسەر ژنان قورسبوە لەماوەی کۆڤیدی ١٩دا. لەبارەوە ؛ سۆفیا برانکۆ سکرتێری رۆژنامەنوسانی پورتوگال دەڵیت، “زۆرێک لەژنانی رۆژنامەنوس سکاڵایان کردووە کە لەکاتی پەتای کۆڤید-١٩ سەخت بووە بۆیان کە بەڵانسی ژیانی تایبەت و ھەستان بە کارە رۆژنامەنووسیەکەیان ڕاگرن.”

لەلایەکی ترەوە ئەندامێکی ئەنجومەنی جێبەجێکردن لەرۆژنامەنوسانی بەریتانیا دەڵێت، “دەترسم بەردەوامی پەتای کۆڤید ١٩ زۆر قورس بکەوێتەوە لەسەر ژنانی رۆژنامەنوس”. ھاوکات ماریا ئەنگلس بەرپرسی لیژنەی جێندەر لە فیدراسیۆنی رۆژنامەنوسانی جیھان دەڵێت، “ئێمە لەکاتێکداین کە ھەڵئاوسانی رۆڵەکانی ھەردوو ڕەگەز ھەیە بەھۆی مانەوەی خێزانەکان لەماڵەوە و ژنانیش دوورنین لەوھەڵاوسانە.” دەشڵێت، “چۆن ئەمە خەیاڵ دەکەیت کە وەک ژنێکی رۆژنامەنوس بۆ دارشتنەوەی راپۆرتەکانت دەبێت پێش کاتژمێر ٨ی بەیانی یان دوای کاتژمێر ١٠ی شەو بێت بەھۆی ئەوەی کاتەکانی ترت سەرقاڵی ئەرکە خێزانیەکەتی.”

ھەربۆیە فیدراسیۆنی رۆژنامەنوسانی جیھانی پەیوەندی بەزۆربەی سەندیکاکانی رۆژنامەنوسانی جیھان کرد بۆ ئیدانەکردنی ئەم کاریگەرییە و چۆنیەتی کەمکردنەوەی و پاراستنی ژنانی رۆژنامەنوس و ھەر بۆ ئەوەش چەندین بەرنامەی ویباینەری وەک گفتوگۆی ئۆنلاین رێکخست لەجیھاندا بۆ باسی ئەو پرس و کاریگەریە.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟