وۆركشۆپێك بۆ تاوانەكانی بڵاوكردنەوە و بەرپرسیارێتییەكانی رۆژنامەوان رێكخرا

چمك، سلێمانی: بەدروشمی ژینگەی میدیایی و پێویستیی رێكخستنی؛ رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی و زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە سلێمانی وۆركشۆپێكی بۆ رۆژنامەوان و نوێنەرانی كەناڵەكانی راگەیاندن رێكخست.

كاژێر 10ی سەرلەبەیانی رۆژی سێشەممە (15ی كانونی دووەمی 2019) تەوەری یەكەمی وۆركشۆپی تاوانەكانی بڵاوكردنەوەو بەرپرسیارێتییەكانی رۆژنامەوان بە بابەتێكی پ.ی.د.سامان فەوزی سەرۆكی بەشی یاسای زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی دەستیپێكرد. لەو تەوەرەدا، بەرپرسیارێتی یاسایی رۆژنامەوان لە تاوانەكانی بڵاوكردنەوەدا خرانەڕوو، پاشتر وردەكاری هەریەك لە بەرپرسیارێتی ئیتیكی، شارستانیی و تاوانكاریی روونكرانەوە كە رۆژنامەوان لەكاتی سەرپێچیكردن و ئەنجامدانی تاوانەكاندا رووبەڕووی دەبێتەوە، بەتایبە كاتێك لەرێی یەكێك لە ئامرازەكانی راگەیاندنەوە چاپ و پەخشدەكرێن. هاوكات تیشكخرایە سەر دیارترین ئەو تاوانانەی لە راگەیاندنی ناوخۆیی و جیهانییدا روویانداوەو بەهۆیەوە رۆژنامەوانان دادگایی كراون.

لەتەوەری دووەمی وۆركشۆپەكەدا، د.شوان ئادەم ئەیڤەس سەرۆكی رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی؛ چەمك و ئامانجی رێسا (ئیتیك)ی روونكردەوەو پاشتر دیاترین پێوەرەكانی رێسا پیشەییەكانی راگەیاندنی خستەڕوو كە پێویستە رۆژنامەوانان هۆشیارییان لەبارەیانەوە هەبێت و لە كاركردنی پیشەیی خۆیاندا پێڕەویان بكەن، تاوەكو بەدووربن لە پێشلكاریی پیشەیی و لێپرسینەوەی یاسایی. هاوكات ئاماژەی بەو هەڵە زەقانە كرد كە میدیای كوردی بەهۆی ناپیشەییبوونییەوە بەبەردەوامیی دووبارەیان دەكاتەوەو ئامادەش نین بەرپرسیارێتی هەڵەكانیان بگرنەئەستۆو راستكردنەوە بۆ زانیارییە نادروست و شێواوەكانیان بكەن.

لەتەوەری سێیەمی وۆركشۆپەكەدا، كاروان ئەنوەر سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان باسی لە ئەرك و مافەكانی رۆژنامەوان لە گرێبەستەكانی كاركردندا كرد. لەو تەوەرەدا، دیارترین ئەو پێشلكاریانەی نێو گرێبەستی كاركردنی كەناڵەكانی راگەیاندن كرد لەگەڵ ئەوانەی كاریان لەگەلداَ دەكەن. بۆنمونە، بەشێكی زۆر لە بریاڕبەدەست و خاوەنی راگەیاندنەكان، قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستانیان قۆستوەتەوە بۆئەوەی مووچەی كارمەندەكانیان كەم بكەنەوە یاخود لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا پێیان نەدەن. هەروەها رۆژنامەوانان ناچاردەكرێن بەواژۆكردنی گرێبەستێك كە كەمترین مافیانی تیا پارێزراوەو لەكاتی پێشێلكردنی بڕگەكانیشیدا ناتوانن بەرگریی لەخۆیان بكەن. بۆنمونە لەم چەند مانگەی دواییدا كەناڵێكی ئاسمانیی داخرا و بەیەكجار نزیك بە 150 رۆژنامەوان بێكاركران و هیچ قەرەبوویەكیش نەكرانەوە.

دوابەدوای هەریەك لەتەوەرەكان، سەرنج و پرسیاری بەشداران وۆركشۆپەكەی زیاتر دەوڵەمەند كرد. بەشێكیان رەخنەیان لە هاوپیشەكانیان گرت كە وێڕای نەشارەزایی و بێئاگاییان لە یاسا و رێسا پیشەییەكان؛ بەشداریی ئەمجۆرە چالاكیانە ناكەن و تەنانەت ئامادەش نین رووماڵی بكەن. هەروەك ئاماژە بە نارێكخراوەیی ناوەڕۆكی میدیاكان لە رووی ئیتیكیی و یاساییەوە كرا. لەلایەكی دیكەوە رەخنە لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان گیرا كە بێچارەیە لەئاست ئەو پێشلكاریی و ستەمە زۆرەی خاوەن میدیاكان دەرهەق بە میدكاران ئەنجامیدەدەن.

دوابەدوای تەواوبوونی هەر سێ تەوەرەكە، بڕوانامەی رێزلێنان بەسەر قسەكەران و بەشدارانی وۆركشۆیەكەدا دابەشكراو پاشتر بەگرتنی چەند وێنەیەكی یادگاریی و خواردنی نانی نیوەڕۆ كۆتایی بە كارەكانی وۆركشۆپەكە هێنرا كە نزیكەی 35 رۆژنامەوان و نوێنەری كەناڵەكانی راگەیاندن ئامادەی بوون.

فۆتۆ: ئارام حەمەعەلی

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟