دەرگاکانی دەرگاوان لە کوردستانی نوێ خرانەسەرپشت

چمک، سلێمانی: لەئێوارە کۆڕێکدا لەساڵۆنی رۆژنامەی كوردستانی نوێ؛ #دەرگاوان وەک یەکەمین گۆڤاری وەرزیی تایبەتمەند بە پەروەردەی میدیایی بە ئامادەبووان ناسێنرا.

ئێوارەی رۆژی شەممە (12ی شوباتی 2022) لە کۆڕێکدا کە رۆژنامەی کوردستانی نوێ لەچوارچێوەی چالاکیی ھەفتانەییدا بۆ د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ سەرنووسەری گۆڤاری دەرگاوان رێکیخستبوو، ئامانجەکانی دەرچوونی گۆڤارەکە و ھۆکارەکانی ھەڵبژاردنی دەرگاوان بۆ ناوی گۆڤارەکە و ناوەڕۆکی تەوەرە سەرەکییەکانی یەکەمین ژمارەی خرایەڕوو کە خۆی لە 12 دەرگای جۆربەجۆردا دەبینییەوە، لەوانە: خوێندن و پەروەردەی میدیایی، رێنمایی و ھۆشیاری میدیایی، تێز و توێژینەوەی میدیایی، مژار و مێزگردی میدیایی، دۆز و دۆسیەی میدیایی، دیدار و دیڤچوونی میدیایی، راز و رێبەری میدیایی، ھەڵبژاردە و ھەڵسەنگاندنی میدیایی، کاریکاتێر و تێزی میدیایی، چاپکراو و بەرھەمی میدیایی، پرۆژە و چالاکیی میدیایی، وشەدان و فەرھەنگی میدیایی.

ھەر لەو ئێوارە کۆڕەدا کە ئەرکان جەبار بەڕێوەی دەبرد؛ سەرنووسەری گۆڤاری دەرگاوان وەڵامی پرسیار و سەرنجی ئامادەبووانی دایەوە. ھاوکات گرنگیی و پێویستیی ھەبوونی گۆڤارێکی تایبەتمەند بە پەروەردەی میدیایی لەواقیعی ئەمڕۆی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەڵسەنگاندن و رێکخستنەوە ناوەڕۆکی راگەیاندن و بەرفراوانکردنی سنورەکانی ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی و بەکارھێنانی وەک سەرچاوەیەکی زانستیی بۆ پێگەیاندنی نەوەی نوێی رۆژنامەوانان لەلایەن ئامادەبووانەوە دووپاتکرایەوە.

فۆتۆ و ڤیدیۆ: راوێژ کامەران

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟