د.ئەحمەدی ناتقيى و چیرۆكی چركاندنی وێنەكانی كیمیاییبارانی هەڵەبجە

د.ئەحمەدی ناتقی؛ خاوەنی یەكەم گرتەی عومەری خاوەر چیرۆكی چركاندنی وێنەكانی كیمیاییبارانی هەڵەبجە بۆ دەرگاوان دەگێڕێتەوە

ديدارى: زمناكۆ ئیسماعیل

داڕاشتنەوەی: دەرگاوان

لە سەروبەندی سیوچوارەمین ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجەدا؛ د.ئەحمەدی ناتقی خاوەنی یەكەم گرتەی عومەری خاوەر لەلایەن لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و دەزگای میدیایی جام كوردی-ی بانگهێشتی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە كرا و چەند كۆڕو كۆبوونەوەیەكی لە نێوەندە ئەكادیمیی و رۆژنامەوانیی و كولتورییەكاندا بۆ رێكخرا. لەو نێوەندەشدا؛ دەرگاوان دیدارێكی رۆژنامەوانیی لەگەڵدا سازكرد و سەرەتاكانی چوونەناوەوەی بۆ نێو هەڵەبجە و سەروەختی كیمیاییبارانكردنی لە 16ی ئاداری 1988و ساتەوەختی وێنەگرتنی قوربانییەكانی ئەو شارە لەزمانی خۆیەوە بۆ خوێنەران دەگێڕێتەوە كە چۆن و بە چ شێوازێك توانیویەتی وەک رۆژنامەنووسێک رووماڵی ئەو کارەساتە بكات و لەرێگەی وێنەکانییەوە دۆكیومێنتی بكات. بەجۆرێك وێنەكانی ببنە بەڵگەیەكی زیندوو لەسەر تاوانبارانی جەنگ و تاوانی جینۆسایدی كورد. هەروەكخۆی لەیەكێك لە كۆڕەكانییدا دەڵێت: “من وه‌ك خاوه‌نی گرته‌ی خه‌مناكی عومه‌ری خاوه‌ر ده‌مه‌وێت بڵێم: كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ گه‌وره‌ترین تاوانی سه‌ده‌ی بیست-ە؛ له هیچ وڵاتێك و له‌ هیچ به‌ره‌یه‌كی جه‌نگدا وێنه‌ی وه‌ها ناخهه‌ژێنم نه‌بینیوه‌و نه‌چركاندووه‌.”

د.ئەحمەدی ناتیقی و بیرەوەرییەكانی خەڵكی هەڵەبجە

“من پاڵەوان نیم، ناشمەوێت وەک پاڵەوان تەماشا بکرێم، بەڵکو وەک رۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەرێکی رۆژنامەوانیی بەئەرکی مرۆیی و پیشەییی خۆم هەستاوم.” ئه‌حمه‌دی ناتقی؛ بەمشێوەیە لەبارەی رۆڵی خۆی لەتۆماركردنی رووداوەكانی هەڵەبجەدا دوا. ئەو؛ لە ساڵی 1958دا له‌باشوری تاران هاتووەتە دنیاوە و خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرا و وانەبێژی بابەتی فۆتۆگراف-ە لەچه‌ند زانكۆیه‌كی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا. بۆماوەیەك لەنێو ریزەكانی سووپای ئەو وڵاتەدا سەرباز بووە، دواتر و لەساڵی‌ 1970ەوە ده‌ستی به‌كاری فۆتۆگرافی كردووە و بەشداریی وێنەگرتنی دیمەنە جیاوازەكانی جه‌نگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران-ی كردووە. لەساڵی‌ 1983دا؛ لە ئاژانسی هه‌واڵیی كۆماری ئیسلامیی ئێران (ئیرنا)دا، به‌رپرسی فۆتۆگرافەران بووه. بۆماوەی ساڵێك سه‌رۆكایەتیی فێرگه‌ی هه‌واڵیی فارس-ی كردووە و بۆماوه‌ی 10ساڵیش وەك راهێنەر لەبواری فۆتۆگرافییدا راهێنانی بە دیارترین فۆتۆگرافەرانی ئێران كردووە. سكرتێری پێنجه‌مین پێشبڕكێی وێنه‌ی ساڵانه‌ی ئێران؛ سه‌رپه‌رشتیار و ئه‌ندام و به‌ڕێوه‌به‌ری چه‌ندین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی و ناوخۆیی بووه‌. له‌ساڵی 2008دا؛ یه‌كه‌مین پێشەنگەی تایبه‌تیی خۆی بەناونیشانی “لەدایكبوون له ‌زیندان”دا كردووەتەوە و بۆیەكەمجار و لەو پێشەنگەیەدا پاش 20ساڵ له‌ كاره‌ساتی كیمیاییبارانی هه‌ڵه‌بجه‌ وێنەكانی خۆی لەو شارەدا نمایشكردوون. بیرەوەرییەكانی خەڵكی هەڵەبجە؛ ناونیشانی ئەو كتێبەیەتی كە بە وێنە لەبارەی ئەو كارەساتەوە چاپ و بڵاوی كردووەتەوە.

هەڵەبجەی ئازادكراو یان خنكێنراو؟

د.ئه‌حمه‌دی ناتقی؛ سەرگوزشتەی یەكەم رۆژی چوونە ناوەوەی بۆ ناو هەڵەبجە بۆ خوێنەرانی دەرگاوان دەگێڕێتەوە و دەڵێت: یەکەمین شت کە من بینیم تەرمی گەشمردووان (شەهیدان) بوو کە بەهۆی کیمیاییەکەوە پێکرابوون. هەمیشە لەتەک کەسانێکدا کە دانیشتنم دەبێت و باسی هەڵەبجە دەکەین، هەستدەکەم کە لەزیهنی بەرامبەرەکەمدا ئەوە جێگیربووە کە یەکەمین شت من لەو رۆژە کارەساتبارەدا بینیومە چییە، بەڵام چیرۆکی ئێمە پێش ئەوە دەستپێدەکات. لەرۆژی 16ی ئاداری 1988دا؛ لەتەک کۆمەڵێک هاوپیشەو هاوڕێم، بڕیارمان دا بچین بۆ هەڵەبجەی ئازادکراو، هەتا بتوانین دیمەنی جوڵاوو وەستاو تۆماربکەین. بەرلەوەی بەڕێ بکەوین، زانیاریی تەواومان هەبوو کە هەڵەبجە ئازادکراوەو حکومەتی عێراقی تیادا نەماوە، بەڵام بەهۆی ماندووبونمان لەو رۆژەدا، پێویستمان بەوە هەبوو، لەشەقامێک دابنیشن پشووبدەین و نانی نیوەڕۆ بخۆین. ئەو نانەی کە بۆ سەربازەكان درووستدەکرا و هیچ خۆش نەبوو. پاش نانخواردن و پشوودان، لەتەک هاوڕێکانمدا بەدەم گفتوگۆی کاری رۆژنامەوانی، بەڕێکەوتین و گەیشتینە دەروازەی هەڵەبجە. لەگەڵ نزیکبوونەوەماندا بۆردومانی فڕۆکەی عێراقی لەسەرمان بوو، لێیان دەترساین، چونکە هەستمان بەوە دەکرد کە ئەوان ئێمە دەبینن، بەڵام لەنێو خۆماندا وتمان بابڕۆین و لەکۆتایی شار دەست بەکارکردن بکەین. لەو شوێنە هەڵساین کە نانمان خوارد. دەستمان بە جووڵە کرد و پاش بڕینی چەند کیلۆمەترێک بەپێ، چووینە ناو یەکەم کۆڵان و دەستمانکرد بەوێنە چرکاندن. یەکەم شت کە بینیم، هاتنی تەیارە بوو كە  بۆردوومانی دەکرد. ئەوەبوو لەشووێنێکی دووری دا، منیش هەڵسامە سەرپێ و وێنەیەکی دیمەنەکەم چرکاند کە چووینە نێو کۆڵانەکان، کەس لەوێ نەبوو، خامۆش بوون و دەرگای ماڵەکانیش کرابونەوە. دەرگایەکم کردەوەو چوومەژورەوە؛ پیرەژنێک لەبەردەم ئاگردانێک دانیشتبوو، تاوەیەک رۆنی خستبووە سەر ئاگرەکە و مریشکی سوور دەکردەوە، منیش بەبێدەنگیی وێنەیەکم چرکاند، بەڵام ئەو بەچاوەکانی تەماشایکردم وەکئەوەی پێمبڵێت: بۆوێنەم دەگریت؟ هەرزوو ئەو ماڵەم بەجێهێشت. پاشان بەردەوامبووین، دەرگامان دەکردەوە و دەمانبینی کە ئاژەڵ کەوتووە، وامان دەزانی پارچەی بۆردوومانی بەرکەوتووە. دەرگای دیکەمان دەکردەوە، کەس نوزەی نەدەکرد. دیمەنەکان بەجۆرێک خامۆش بوون، ئێمەی شۆك دەكرد.

لەو شوێنەی بۆی دەڕۆیشتین، بەر یەکەم دیمەنی بەرکەوتەی کیمیایی کەوتین، بەبێ ئەوەی بزانین كە کیمیاییباران بووە. چەند سەد مەترێک بەپێ رۆیشتین و یەکێک لە هەواڵنێرەکان بە منی وت: ئەحمەد؛ وابزانم ئەم منداڵە زیندووە، دەماری دڵی لێدەدات. کاتێک دەستمان خستە سەر دەماری دەستی، هەستمان بەوەکرد دڵی لێدەدات، بەلایەوە دانیشتم و بینیم کەف بەدەمیدا هاتۆتەخوارەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو شەقامە سپی ببوو، وەهامان هەستکرد، کارگەیەکی گەچ لەو شوێنەدا بێت و تەیارەش لەو کارگەیەی داوەو گەچەکەی بەسەر ئەو شوێنەدا بڵاوکردۆتەوە؛ بۆیە ئەو شەقامەو رووخساری کەسەکان سپیی هەڵگەڕاون. بەپەلە منداڵەکەم لەئامێز گرت و روومەتی منداڵەکەم پاککردەوەو گرتمە باوەشم و بردم بۆ لای دیوارێک دامنا. قەمسەڵەکەیم کردەوەو بەنییەتی ئەوەی هەناسەیەک بدات، هەندێک لەهاوڕێیان بەدوای پەتوو و بەتانیدا دەگەڕان بۆئەوەی بیبەین بۆ نەخۆشخانە. هەندێکی دیکەش سەرقاڵی کارکردن بوون. پاش چەند هەفتەیەک زانیم کە هاوڕێ و هاوپیشەم، سەعیدی سادقی؛ وێنەیەکی من و ئەو منداڵەی گرتووە کە ئێستا هەیەو منداڵەکە لەباوەشمدایە. ئێمە بەنیازبووین ئەو منداڵە ببەین بۆ نەخۆشخانە، بۆیە بەدوای بەتانی و پەتوودا دەگەڕاین بۆی، چوومە نێو ماڵێک پەتوو بهینم، بینیم منداڵێکی دیکەش لەحەوشەکەدا کەوتووە، وام هەستکرد کە ئەمە برای ئەو منداڵەیە کە لەوێنەکەدا لەباوەشی مندایە. ئەو منداڵەشم گرتە باوەش و بردمە لای دیوارەکەو لەنزیک ئەویدیکە دامنا، پاشان وێنەیم چرکاند. چوومەوە ناو ماڵەکە پەتوو بهێنم؛ بینیم سفرەی خواردنیان داناوە. بینیم پەتوو و لێفە هەیە، بردم بۆ ئەوەی منداڵەکە بخەینە ناوی و بیبەین بۆ نەخۆشخانە. لەو دەمەدا شڵەژابووین؛ یەکێک لەهاوڕێكانمان چوو بۆ نێو شەقام بۆ ئەوەی سەیارەیەک بگرێت و منداڵەکان بۆ نێو نەخۆشخانە ببەین. ئەوەبوو سەیارەیەکی ئیڤا-مان دەستکەوت؛ یەکبەیەک منداڵ و کەسەکانی دیكەمان خستەناو پەتوویەک و خستماننە ناو سەیارەکە، بۆئەوەی بۆ نەخۆشخانە بیانگوازینەوە. منداڵێکی بریندارمان بینی، هاوڕێکانمان چوون ئەویش بهێنن و بیگوازینەوە، منیش بەدوایاندا رۆیشتم بۆ ئەوەی وێنەی بچرکێنم، بەڵام پاش چەند هەنگاوێک، لەنێو ئەو تەم و غوبارو دووکەڵەی بۆمبباراندا، دیمەنی عومەری خاوەر سەرنجی راکێشام. گەیشتینە نزیک تەرمی عومەری خاوەر، ئاوڕمدایەوە بۆ لای هاوڕێکانم و لە دووری 50مەتر هاوڕێکانم بینی هەمویان قیناعیان بەستبوو، ئەوسا زانیم کە کیمیایی رژاوە، منیش قیناعم لە رووخسارم بەست و دیسان ئاوڕمدایەوە بۆلای تەرمەکە، ویستم وێنە بچرکێنم، بەڵام زەحمەتبوو نەمتوانی. کامێرای ئەوکاتە؛ فلم بوو، نەمدەتوانی بەڕوونیی فۆکەس بکەم، چونکە قیناعەکە ئاستی بینینی تێکدەدام. قیناعەكەم لابرد و وێنەکەی عومەری خاوەرم چرکاند، ئێمە وامان هەستدەکرد کە خەڵکێک هەیە بە زیندوویی لەنێو ماڵەکاندا ماوە. چووینە نێو ئەو ماڵەی عومەری خاوەری لەبەردەمدا کەوتبوو، پیکابێکی لێبوو، گەڕام بۆ سویچەكەی، بەردەستم نەکەوت، چووین بۆ نێو ماڵەکە و رەفە و شوێنەکان گەڕاین، هیچمان پەیدانەکرد. دواتر گیرفانی عومەری خاوەریش گەڕاین، سویچەکانمان بەردەستنەکەوت، پاشئەوەی سلفی سەیارەکەمان جۆین کرد، ئیتر هاوڕێكانمان بانگكردو قفڵی دەرگای گەراجی ماڵەکەمان شکاند و سەیارەکەمان هێنایەدەر. لەبیرم نایەت کێ سەیارەکەی لێخوڕی، بەڵام هەر دەڕۆیشتین و تەرم-مان دەبینی. ئێمە ویستمان بەرکەوتووانی کیمیاییەكە رزگاربکەین، بەڵام كاتێك بەسەیارەکە دەگەڕاین، دیمەنی جۆراوجۆرمان دەبینی، ئەوەندە کاریگەر بوون نەماندەتوانی خۆمانی لێ لا بدەین و دیمەنەکان بە کامێرای جوڵاوو وەستاو تۆمارنەکەین. لەئەنجامی گەڕانماندا؛ کچێکمان بینی منداڵێکی گرتبووە کۆڵ، بەڵام هەر بەکۆڵییەوە گیانی لەدەستدابوو. منداڵێکی دیكەمان بینی لەنێوان پێپلیکانەو دەرگاکەدا کەوتبوو. چووین بۆ تۆمارکردنی ئەو دیمەنە كە منداڵێک بوو نەیتوانیبوو هەنگاوبنێت و لەماڵ بێتەدەر، لەنێوان ماڵ و کۆڵاندا گیانی لەدەستدابوو. ئالێرەدا د.ئەحمەدی ناتقی؛ بەدەم گێڕانەوەی سەرگوزشتەی ئەو ساتە حەزینەوە چاوەکانی پڕبوون لەفرمێسک و درێژەی بە قسەكانی دا و وتی: دیمەنێکی دیکەمان بینی؛ منداڵ و ژنێک لەدەرەوەی ماڵ مردبوون، لەولاشیانەوە دوو منداڵی دیکە کەوتبوون. کە دوورتر لەوان رووانیمان، بینیمان خەڵک بە ریز کەوتوون، وەکئەوەی لەسەر یەک هێڵ بن و دەستیان پێکەوە گرتبێت؛ کەوتبوون و مردبوون. هەروەك لەوێنەكاندا بینوتانە؛ ئەوانە هەموویان لەسەیارەیەك کەوتبوونەخوار، چونكە کاریگەریی كیمیاییبارانەكە بەجۆرێک بوو، یەکبەیەک و بە ریز کوشتبوونی، دواتر كاریگەرییەكەی گەیشتبووە شۆفێری سەیارەکە و ئەویش بەدەم لێخوڕینی سەیارەكەی، خۆی دابوو بەدیواری ماڵێکدا و مردبوو. ئێمە لەسەرەمەرگی ئەواندا گەیشتینە ئەوێ، چونكە ئێمە یەکەمین تیمی رۆژنامەوانیی بووین کە پاش چەند خولەکێک لە کیمیاییبارانەكە گەیشتینە سەریان. رەنگە ئەو دیمەنەی لەسەرەتای گەیشتنمان بۆ هەڵەبجە چركاندم و وامانزانی بەتەنیا بۆمببارانە، ئەو کیمیاییە بووبێت کە ئێستا ئێمە گەیشتوینەتە نێو بەرکەوتووەکانی و تەرمەکان هەڵدەگرینەوە.

گازبارانی هەڵەبجە و جۆرەكانی

لەدرێژەی گێڕانەوەكەیدا؛ د.ئەحمەدی ناتیقی باس لەوە دەكات كە زۆرترین كیمیایی کە لەهەڵەبجەدا بەکارهات، گازی ساریین و خەردەل بوو. هەروەك ئەو دەڵێت: خەردەل؛ کە بەکاردێت و دەکەوێتە خوارەوە، سەرەتا مرۆڤەکان ناکوژێت، مەگەر کەسک نزیک بێت، بەڵام کاریگەریی لەسەر پێست و چاو و هەناسەو ریخۆڵەکان دەمێنێت، تەنانەت کاریگەرییەکەی رەنگە 20-30ساڵ بمێنێتەوە یاخود رەنگە لەنێو سروشت و ژینگەو مرۆڤیشدا کاریگەرییەكانی چەندین ساڵ بمێنێتەوە. گازی دەمار؛ کە لەشوێنێکدا دەڕێژرێت و بەر كەسێك دەكەوێت، پاش سێ هەناسە کەسەکە دەمرێت. بۆنموونە، ئەو کاتەی وێنەی پیرەژنەکەم چرکاند، سەد مەتر دووریی نێوان ئەو و بەرکەوتووەكانی دیكە بوو. هەڵبەت ئاساییە ئەگەر نەشیزانی بێت كە كیمیاییبارانە، چونكە هەروەك وتم كاریگەریی هەندێك گاز درەنگتر بەدەردەكەوێت. بەداخەوە؛ هەتا ئێستا ئەو پیرەژنەم نەبینیوەتەوە و ناشزانم دوای ئێمە چی لێهات. هەندێجار پرسیارم لێدەکرێت كە چۆنبوو ئیوە نەمردن. لەراستییدا؛ گازی دەمار بەپێچەوانەی خەردەل لەماوەی 30خولەك بۆ یەك كاتژمێردا کاریگەرییەكەی نامێنێت و کەمتر دەبێتەوە. رەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت کە ئێمە درەنگتر گەیشتووین و هێندە کاریگەریی لەسەرمان نەبووە كە بمانكوژێت، چونكە ئێمە نزیكەی 15بۆ 20خولەک پاش یەکەم تەقینەوە و كیمیاییباران گەیشتینە ئەوێ؛ کە چووین بۆ لای منداڵەکە و دڵی لێی دەدا، ئەو شۆفێرەی کە نەمردبوو، ئێمە گەیشتینە سەری و مرد. من کاری جیاوازو ناوازەم کردووە؛ حەوت کەس لەوانەی زیندوون و لەوێ وێنەم چرکاندوون، بۆ كارێكی دۆكیومێنتاری بردوومن بۆ هەمان شوێنی وێنەكانیان كە ئەمە کارێکی پڕۆفیشناڵانەیە و رۆژنامەنووس دەزانیت کە ئەمە چییە و چۆن دەكرێت. لەلایەکی تریشەوە؛ ئەوكات خۆرئاوا نەیدەهێشت ئەو وێنانە بڵاوببنەوە، بۆئەوەی كەس نەزانێت كە کارەساتی هەڵەبجە روویداوە. دوو بنەماڵە هەن کە دووبارە چووم وێنەم گرتنەوەو دۆکیۆمێنتم کرد؛ هاتوون قسەیان بۆ من كردووە بەس لەبەرئەوەی نوزەی هەڵەبجە بمێنێت و نەفەوتێت. بەداخەوە؛ لەبری ئەوەی لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە وێنەی هەردوو بنەماڵەکە دابنرێت، هی یەکێکیان دانراوە. ئەوەیش بە پاساوی سیاسیی نێوخۆی کوردەوە كە گوایە یەکێک لەو بنەماڵەیە ئیسلامیین و ئەویدیکەیان ئیسلامیی نییە! پرسیارم لە بەرپرسانی مۆنۆمێنت کردووە؛ بۆ وێنەی هەردووکی دانانێن، بەڵام وتوویان تۆ نایزانیت. هاوكات ئەوەشیان پێوتووم؛ ئەگەر تۆ ریشت نەبووایە لیرەوە بۆ سلێمانی فەرشی سووریان بۆ دادەخستیت. لە راستییدا؛ من لەرووی مرۆییەوە ئەو كارەم كردووەو پێمخۆش نییە بە نیگایەكی سیاسییەوە لە كارەكانم بڕوانرێت.

وێنەكان بۆ مرۆڤایەتیین نەك بۆ بازرگانی

لەدرێژەی گێڕانەوەكانیدا بۆ دەرگاوان؛ د.ئەحمەدی ناتیقی دووپاتیكردەوە كە 10فلمی 32ی فرێمی وێنەی گرتووە و دوو فلمیشی سووتاون كە هەمووی بەسەریەكەوە دەكاتە نزیک بە 320 وێنە. ئەو كامێرایەشی دیمەنەكانی كیمیاییبارانی هەڵەبجەی پێگرتوون؛ لەجۆری Canon AE-1  و Nikon-F2 بووە كە هەردووکیان فلم بوون و وەک ئێستا نەبوو کامێرا ئەلكترۆنیی و پێشکەوتوو بێت. هەروەك خۆیشی دەڵێت: رەنگە وێنەم هەبێت هەتا ئێستا بڵاونەبووبێتەوە، چونکە هەموو دیمەنێک کە بەری دەکەوتم، چەند فرێمێکم لێهەڵدەگرت، بەڵام خۆم لەو فرێمە یەک دانەم بۆ بڵاوکردنەوە هەڵدەبژارد. ئەو وێنەیەی عومەری خاوەر یەک دانەیم بڵاوکردەوە، بەڵام بەدڵناییەوە چەند دانەیەکم گرتووە. بەشێكی زۆری وێنەكانی كیمیاییبارانی هەڵەبجە كە لەلایەن منەوە گیراون؛ لە ئاژانسی هەواڵیی ئێرنا-دا بڵاوكراونەتەوە كە تەنیا ئاژانسی فەرمیی كۆماری ئیسلامی ئێران بوو، میدیاكانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتیش وێنەیان لێوەردەگرت. ئاشكرایە كە رۆژنامەکانیش زۆرجار یان فۆتۆگرافەری خۆیان بۆ شوێنی رووداوەكان دەنێرن یان دەچنەوە سەرچاوەی وێنەكان و لەوێ دەیانكڕن و وەریاندەگرن. لەگەڵئەوەشدا؛ ئاژانسی چاپەمەنیی فەرەنسا (AFP) لەگەڵ ئاژانسی ئیرنا-دا پەیوەندییان هەبوو، هاوکاری یەکتریان دەكرد و لەرێگەی مانگی دەستکردەوە وێنەی جوڵاو و وەستاویان بۆ یەكتر دەنارد. بۆنموونە، وێنەکانی كارەساتی هەڵەبجە و عومەری خاوەر، یەکەمجار لەئێرنا-دا بڵاوبوونەوە، لەوێشەوە بۆ ئاژانسە فەرەنسییەکە پاشان لەدوو لاپەڕەی ناوەڕاستی رۆژنامەی بەریتانیایی The Independentدا چاپكراو بەدنیادا بڵاوبوویەوە. لەیادم نەماوە لە چ كات و رۆژێكدا بڵاویان كردنەوە، چونکە بەتەنها ئێرنا دەزانێت کەی وێنەکەی بڵاوكردووەتەوە. ئەوەی گرنگبوو وێنەی کارەساتێکمان بڵاوکردەوە کە مرۆڤایەتیی هەژاند، بەڵام هەمان ئەو وێنانەی كە لەئێرنا-دا بڵاوبوونەوە، لەکاتی رووداوەکەدا خۆمان کردمانن بە پۆستەری گەورەو لە شەقامەكانی تاران-دا بڵاومانکردنەوە. بەتایبەت وێنەکەی مامۆستا هەورامان (گەچێنەیی؛ پەرلەمانتاری كۆمەڵی دادگەریی كوردستان)و براکەی کە بەر کیمیایی کەوتوون و باوەشیان بەیەكتردا كردووە. ئێمە سەرەتا واماندەزانی کە باوکیانە، بۆیە لەسەر ئەو پۆستەرە بە گەورەیی لە شەقامەکاندا نوسیبوومان “باوکم بەجێناهێڵم”. دواتر زانیمان کە ئەمە برای ئەو منداڵانەیە نەک باوکی، ساڵانێکی دوورتریش زانیمان کە یەکێک لەو منداڵانە م.هەورامان بووە کە دواتر هەر ئەو وێنەیە گەیاندییە پەرلەمان و بوو بە پەرلەمانتار. زۆرجار پرسیاری ئەوەم لێدەكرێت كە ئایا لەهیچ فیستیڤاڵێكدا بەشدارییم بە وێنەکانی هەڵەبجە كردووەو هیچ خەڵاتێكم وەرگرتووە. منیش بەوە وەڵامیان دەدەمەوە كە باوەڕم وایە نابێت وێنەی ئەو کارەساتە بۆ ڤێستڤاڵ بنێردرێت و خەڵاتی لەسەر ببرێت، چونکە پێموایە ئیشی مرۆڤایەتیی بۆ مرۆڤایەتییە؛ نەک بۆ بازرگانی. جا بەهۆی ئەوەی خۆم دامەزرێنەری چەندین ڤیستیڤاڵ و لیژنەی دادوەریی بووم، ناکرێت خۆم بەشداریی فیستیڤاڵ بكەم؛ بەتایبەت لە ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتییدا بەشداریی ناكەم. من لەسەر شتی مرۆیی و کارەسات؛ نامەوێت بەشداری ڤیستیڤاڵ بم، بەڵام ئیشم لەسەر سروشت کردووەو یەکێک لە وێنەکانم خەڵاتی ڤیستیڤاڵی شەنگەهای لە چین بردووە. راستییەكەی من لەوە دەترسم وەک کیون کارتەر (خاوەنی وێنەی ئەو داڵەی چاوەڕێی مەرگی منداڵێك دەكات تا بیخوات)م لێ بێت کە بەرگەی نەگرت و خۆی كووشت، بەڵام دواتر وێنەكەی خەڵاتی پۆلیتزەر-ی برد. هەربۆیە، ئەو پرسیارانە لەلای من “كڵێشەیی”ن كە لێرەولەوێ لێمدەپرسن: چ وێنەیەک لەلای خۆم خۆشەویستە و قەت لەدڵم دەرناچێت، چونكە ناکرێت بەوجۆرە تەماشای کارەکانم بکەم، بەڵام بە وێنەکەی مامۆستا هەورامان و براكەی کاریگەرم، چونکە لەو دەمەدا کە وێنەکەم چرکاندن، ئەوان بەقووڵیی تەماشای کامێراکەیان دەکرد، وەکئەوەی بیانەوێت پێمبڵێن: “بەتەنیا بەجێم مەهێڵە”. ئەو نیگا و سەیرکردنە؛ زۆرترین کاریگەریی لەسەر من هەبووە. ئەو وێنەیە؛ م.هەورامان لەدەمی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا نووسیبووی کە ئەو منداڵە ئەوە. پاش ئەوەیشی کە دەرچوو و بوو بە پەرلەمانتار؛ رۆژنامەکان نووسیبوویان: فۆتۆگرافەرێکی ئێرانی؛ قوربانییەکەی هەڵەبجەی ناردە پەرلەمان. ئێستا من و م.هەورامان پەیوەندییمان هەیە.

21ساڵ پاش كیمیاییباران و كەمتەرخەمی بەرپرسانی كورد

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی لێرەولەوێ بانگەشەی ئەوەی دەكەن كە رەمەزان ئۆزتورک خاوەنی یەكەم گرتەكانی عومەری خاوەر بێت؛ د.ئەحمەد ناتیقی بۆ خوێنەرانی دەرگاوان-ی دووپاتكردەوە كە رەمەزان ئۆز تورک، وێنەگرێكی كوردی ناوچەی وان-ی توركیایە، سێ رۆژ دوای کارەساتەکە هاتووەو ئیشی لەسەر وێنەکەی عومەری خاوەر كردووە. بەتەنیا یەک وێنەی هەڵەبجەی هەیە، بەس لە بەرئەوەی کوردە؛ رێزیان لێگرتووەو کامێراکەیان لەمۆنیۆمێنتی هەڵەبجەدا داناوە. هیچکات سیاسییەکان لەمنیان نەپرسییەوە؛ بزانن من و تیمە رۆژنامەوانییەکە کێ بووین کە بۆ یەکەمجار گەیشتینە هەڵەبجە. تەنانەت پاش 21ساڵ لەکارەساتەكە؛ بۆ تەواوکردنی کارێکی دۆکیۆمێنتەری چوومەوە ئەوێ، بەرێكەوت منیان ناسییەوە. هەتا ئەوکاتە نەیاندەزانی من کێم كە ئەو کارانەم لەسەر هەڵەبجە كردووە، چونکە هیچکات بەدوای کارەساتەکەدا نەڕۆیشتوون و لێیان نەکۆڵێونەتەوە هەتا بزانن خاوەنی راستەقینەی وێنەکەی عومەری خاوەر منم نەك كەسێكی دیكە. خۆشبەختانە دوای 21ساڵ لە كارەساتی هەڵەبجە، رەمەزان نەهاتووە بڵێ ئەو وێنانە هی منە، هەڵبەت نەشیوتووە هی من نییە! هەر ساڵێكش رەمەزان بانگهێشتی هەرێمی كوردستان كرابێت؛ هاوکارییان کردووە. من هیچ قسەیەكم لەسەری نییە، بەڵام بەدرێژایی ئەو هەموو ساڵە ئەحمەدی ناتقی-یان بۆ پەیدا نەدەکرا! لەپاش 21ساڵ كە گەڕامەوە هەڵەبجە ئینجا خەڵک زانی ئەو وێنانە من چركاندوومن؛ زۆر بەروونیی تێگەیشتن كە ئەو وێنانەی هەڵەبجە و عومەری خاوەر یەكەمجار بە كامێرای من چركێنراون. ئەوکاتەیشی کە هاتن مۆنۆمێنتی هەڵەبجەیان بردە بەردەم لاهای (دادگای باڵای تاوانەكانی جەنگ لە شاری ژنێف-ی سویسرا) و بۆ ئەو رۆژەیش کە کردیانەوە؛ لەبری من رەمەزان ئۆزتورک-یان بانگێشتکرد! ئەوەش لەکاتێکدا بوو وێنەکە هی من بوو نەک ئەو! درۆیەکی زۆر سەیرم بیستووە کە گوایە رەمەزان ئۆزتورک وتبێتی؛ لە دادگاییکردنی عەلی کیمیایی-دا بەشداربووم و عەلی تەماشایکردووم و بەنیگاکانی پێیوتووم: بۆهاتوویت؟ هەڵەبجەت کردووە بە دۆکیۆمێنت و بەهەموو دنیات ناساند. ئێخۆ دەکرێت منیش بڵێم؛ سەدام لەكاتی دادگاییکردنەكەیدا وتوویەتی؛ ئەحمەد بۆ وێنەی هەڵەبجە-ت بڵاوکردۆتەوە؟!

من دەقێکم نوسیووەو داومە بەزۆربەی میدیاکان و تێیدا وتوومە: من قارەمان نییم، چونكە لەهیچ شوێنێکی دنیادا هیچ پەرستارێک بۆ یارمەتییدانی نەخۆش خەڵات ناکرێت، هیچکەس بۆ کاری مرۆیی منەتی لەسەر مرۆڤەکان نییە و منەت ناكات. منیش نامەوێت منەت بکەم بەسەر بەرکەوتووانی ئەم کارەساتە و نەتەوەی کوردو مرۆڤایەتییدا، چونكە کارەساتی هەڵەبجە، ئەوەندە شتی مرۆیی جوانی فێرکردووم، ئەوەندە رێزی مرۆیی فێرکردووم کە لەهەر خەڵات و رێزێکی دنیا بۆ من گەورەتر و گرنگترە. وەزیفەی من مرۆییە، وەزیفەی من ئەوەبوو کە ئەو كارەساتە رابگەیەنم، بەڵام دەبوو بەرپرسانی كورد بە ئەرکی خۆیان هەڵسن، نەک پەراوێزم بخەن. بەداخەوە؛ وەک پێویست رێز لەکاری من و هاوڕێکانم نەگیرا کە چەند خولەکێک پاش کارەساتەکە گەیشتینە ئەوێ و ئەو کارەساتەمان بۆ مێژوو بەبەڵگەی وێنەیی تۆمارکرد. تەنانەت ئەوانەی لە وێنەكاندا دەیانبینن و ئێستا زیندوون زۆرجار وتوویانە لەرێگەی ئەو وێنانەوە هەڵەبجە بەدنیا ناسێندرا؛ ئەگەر ئەو وێنانە نەبوونایە هەڵەبجە وەک تاوانی جینۆساید نەدەناسێندرا. دەپرسم؛ ئایا من هەقی ئەوەم نەبوو لەهەڵەبجەدا ناوەندێک، نەخۆشخانەیەك، خوێندنگەیەك بەناوی منەوە بكرێت؟ بەداخەوە؛ بەچاوێكی سیاسییەوە سەیری وێنەكانی من كران و خوێندنەوەی سایسییان بۆ كردوون.

نەوەی نوێی رۆژنامەنووسان و ئامۆژگارییەكانی د.ناتقی

ئایا هەموو کارەساتێک ئەوە دەهێنێت کە رۆژنامەنووس خۆی بۆ بخاتە مەترسییەوە؟ ئەمە یەكێكە لەو پرسیارانەی كە زۆرجار ئاڕاستەی د.ئەحمەدی ناتیقی دەكرێت. ئەویش بە ئەزموونی دوورودرێژی خۆی لەكاری رۆژنامەوانیی و فۆتۆگرافییدا وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە كە گەیشتووە بەو باوەڕەی بە خوێنەرانی دەرگاوان بڵێت: ئەگەر رووداوێکی كارەساتبار لەتەنیشتتدا رووبدات و تۆیش هەر کەسێکی تەماشاکار بیت و هیچ كاردانەوەیەكت نەبێت، ئەوا بەلای منەوە مرۆڤ نیت. ئەگەر مرۆڤ بیت، دەبێت هاوکاریی بکەیت، بەڵام ئەگەر رۆژنامەنووس بیت و بەدەم کارەساتەکەوە نەچیت، ئەوکات دەبێت بڵێم: بۆ کاری رۆژنامەنووسی دەکەیت. من وەک رۆژنامەنووسێك بۆپەیامێکی مرۆڤایەتیی بەشداریی جەنگ و كارەساتەكانم كردووە، نەک بۆ نان و بازرگانی. لەوبارەوە؛ سەرگوزشتەیەكی فێركاریی هەیە كە مامۆستایەکی زانکۆ لەچەند خوێندکارێکی دەپرسێت: ئەگەر ببینن ترامپ (سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا) دەکەوێتە ئاوێکەوە؛ ئێوە چییدەكەن؟ یەکێک دەڵێت؛ با تەماشای بکەین بخنکێت، یەکێک دەڵێت؛ با وێنەی بگرین، یەکێکی دیکە دەڵێت؛ با رزگاری بکەین. دواتر خوێندكارەكان دەپرسن؛ مامۆستا ئەگەر تۆ بوویتایە چییتدەکرد؟ ئەویش دەڵێت؛ من بیرمەکردەوە وێنەکەم رەش و سپیی بێت یان رەنگاورەنگ. كەواتە دەبێت وەک مرۆڤ بیر لە رووداوەکان بکەینەوە. ئێمە لەجەنگدا بووین، گرنگ ئەوەیە کە من لەکاتی کارەساتەکەدا لەوێ بووم و وێنەم گرتووە. رۆژنامەنووسێك کە دەیەوێت پێبگات، دەبێت بیربکاتەوە كە فیداکاری و لەخۆبوردوویی پیشان بدات، کار بکات و تێبکۆشێت، ناکرێت “نابێت”ی هەبێت، دەبێت “دەبێت”ی هەبێت. پێویستە رۆژنامەنووس بە توانا و بە بەهرە ئەوە بکات کە دەتوانێت و پێیدەوێرێت؛ بیکات. ئەوكاتەی وێنەكانی هەڵەبجە بڵاوكرانەوە؛ من بەرپرسی بەشی فۆتۆگرافەرانی ئاژانسی ئیرنا بووم. لەكاتێكدا لەوێ بەرپرس بووم و زانیم توانای ئەوەم نییە کە مافی فۆتۆگرافەکان بدەم، دەستم لەكاركێشایەوە، رۆشتم و رانەوەستام. بۆیە رۆژنامەنووس دەبێت فیداکاریی و لەخۆبوردوویی نیشان بدات، كار و تێبکۆشێت.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟