بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و نموونەیەكى پەروەردەی میدیایی

ئەحمەد جەمال

ئامادەكردنی: فەرەیدون ئەحمەد پێنجوێنی

لەساڵی 2015دا؛ توێژینەوەیەكی میدیایی بە زمانى عەرەبیی بەناونیشانی پەروەردەی میدیایی و كاریگەرییەكانی لەسەر تێگەیشتن لە ناوەرۆكی بابەتەكانی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان؛ نـموونەیەكی پێشنیازكراو بۆ گەشەدان بە بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتيی لای خوێندكارانی زانكۆ نووسرا. توێژینەوەكە لەبنچینەدا نامەیەكی ماستەر بوو كە توێژەر ئەحمەد جەمال حەسەن پێشكەشیكرد و نـموونەی وەرگیراوی توێژینەوەكەش خوێندكارانی زانكۆی (الـمنیا) بوو لە وڵاتی میسر. لێرەدا پوختەی توێژینەوەكە پێشكەشی خوێنەرانی دەرگاوان دەكەین. لەسەرەتادا؛ توێژەر ئاماژە بەوە دەكات لەكۆتایی سەدەی بیستەمدا چەندین توێژینەوەی میدیایی لەبارەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی ناوەرۆكی بەرنامە جۆربەجۆرەكانی پێشكەشكراو لە هۆكانی راگەیاندندا ئەنجامدراون؛ باس لەو كاریگەرییە نەرێنییانە لەسەر تازەپێگەیشتووان و گەنجان كراوە. بەدیارییكراوی كار لەسەر كاریگەریی ناوەرۆكی بەرنامەكانی تەلەڤزیۆنە ئاسمانییەكان و تۆڕی ئینتەرنێت كرا و شێوە جۆربەجۆرەكانی ناوەڕۆكی ئەو بەرنامانە خرانەڕوو كە بریتییبوون لە: توندوتیژی، دیـمەنە وروژێنەر و ئابڕووبەرەكان یان وێنە كلاسیكییەكانی تایبەت بە نیشاندانی هەندێك توێژی كۆمەڵگە و هەندێك كەمینە و ڕەگەزەكان بەجۆرێكی دیاریكراو، (واتە لەشێوەی گاڵتەكردن بە هەندێك كەمینە و نیشاندانیان بە شێوازێكی گاڵتەجاڕی)، جگە لە چەندین ناوەڕۆكی دیكە كە بوونە جێی سەرنجی توێژەران و توێژینەوەیان لەسەر ئەنجامدان. توێژەر پێیوایە هەڵبژاردنی ئەم بابەتانە بۆ توێژینەوە، لەئەنجامی دوو هۆی سەرەكییەوە بوو:

یەكەم: وەك گوزارشتكردنێك لە بێزاريی و سەركۆنەكردن و ناڕەزایەتییان لەتەشەنەسەندنی دیاردەكانی كاریگەرییە نەرێنییەكانی هۆكانی راگەیاندن بەشێوەیەكی تێبینیكراو و دیار لەسەر رەفتاری تاكەكانی كۆمەڵگە، بەتایبەت گەنجان و تازەپێگەیشتووان. هۆكاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سەرپەرشتیارانی ئەو بەرنامە تەلەڤزیۆنییانە گرنگیي بە زەقكردنەوەی لایەنە تەرفیهيی و گاڵتەجاڕییەكان و پێشخستنی ئەو لایەنە بەسەر ئەرك و لایەنەكانی دیكەدادەدەن. جا ئەو گرنگیيدانە بە لایەنی گاڵتەبازيی وایكرد كە بەرنامە میدیاییە زیانبەخشەكان ببنە تەوەری سەرەكیی لەو بابەتانەدا كە بۆ ئەوان دەستدەدات و پێیانوایە ئەوە هۆكاری سەرنجڕاكێشانی جەماوەر و پڕبینەربوونیانە و سوودیشی بەتایبەت بۆ ئەو لایەنانە هەبوو كە ریكلام-یان لەو بەرنامانەدا دەكرد.

دووەم: هەرچی ئەو هۆكارەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە توێژینەوە لەبواری دیاردەی كاریگەرییە نەرێنییەكان لەناو توێژەرانی عەرەبدا (كە ئەمە بۆ توێژەرانی كوردیش هەر راستە) تازە بوو. پێشتر وڵاتەكانیان دابەزینی ئاستی رەوشتيی تیایاندا بەوجۆرە بڵاونەبووە تا توێژینەوەی لەبارەوە بكەن، تا وایلێهات ئەوەی كە پێشتر لەبارەی كۆمەڵگە خۆرئاواییەكانەوە دەوترا بە زەقيی لەناو كۆمەڵگەكانی خۆشماندا دەركەوتن و دەبینران، بەجۆرێك ئەو زیادبوونە لەسنووردەرچووەی بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ خراپەكاریی كۆمەڵایەتیی وەك جۆرێك لەجۆرەكانی داڕمانی بەها رەوشتییەكان سەریكێشا. هاوكات بەكارهێنەرانی ئەو تۆڕانە كێبەركێی یەكتریان دەكرد لەسەر ئەوەی كام دیمەنە نامۆیە بەكۆمەڵگە و لە ئاستی رەوشتبەرزیی دادەبەزێنێت، بڵاویبكەنەوە و نیشانی بینەرانی بدەن.

بەپێی توێژینەوەیەك كە لەساڵی 2010دا ئیلما ئیت ئال ئەنجامیداوە؛ دەریخستووە كە میدیا بەها كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگە تێكدەدات و خراپی دەكات. دامەزراوەی میدیایی؛ بەهێزترین دامەزراوەكانی ناو كۆمەڵگەیە كە كاریگەریی لەسەر تاك و كۆمەڵ لەڕووی ئابووريی و كولتووريی و كۆمەڵایەتییەوە هەیە. ئەوەش لەسەر دامەزراوەی میدیایی پێویستی دەكات كە لەگەڵ یاسا و رێسا و پێوەرە ڕەوشتییەكاندا یەكانگیر بێت، نەك دژی بێت و تێكیبدات، پێویستە ئەو پابەندبوونە بە رەوشتە باڵاكان لەبەرنامەكانیدا رەنگبداتەوە. ئەگەر ئەوە نەكرا و بۆینەكرا، ئەوا پێویستە ئەو دامەزراوە میدیایـیە پەروەردەیەكی میدیایی بۆ فێرخوازەكانی فەراهەم بكات تا توانای رەخنەگرتن و داهێنان و گەڕان و پشكنین لایان گەشەپێبدات. ئەم توێژینەوەیەى بەردەست؛ گرفت و گرنگيی و ئەنجامەكانی خۆی لەوەدا روونكردووەتەوە كە كاریگەرییە نەرێنییەكانی هۆكانی راگەیاندن وایكردووە گەنجان ببنە بەكارهێنەری ئەو بڕە زۆرەی بابەتە میدیاییە جۆراجۆرەكان كە سەرجەمیان دەكرێن بە قورگی لاواندا و وایانلێدەكات نەتوانن لە راست و درووستییان دڵنیاببن. ئەوەیش پێیدەوترێت چارەسەری خۆبەخۆ (المعالجة الاوتوماتیكیة) و وا پێناسە دەكرێت: وەڵامدانەوەی ناهۆشیارانەی ژمارەیەكی زۆری بابەتە میدیاییەكانە كە دەبنە هۆی ونبوونی زۆر لەڕاستییەكان و توانای پێكهێنانی مانای راستەقینەی رووداوەكان لەدەستدەدات و بەدوایدا سەردەكێشێت بۆ لێكدانەوەی هەڵە بۆ ئەو رووداوانە و ئەنجامیش؛ رازیبوون و قبوڵكردنی ئەو بۆچوونەی كە دامەزراوە میدیاییەكە پەسەندی كردووە لەبارەی بابەتگەلی بنچینەیی كە پەیوەندییان بە تاك و كۆمەڵگەوە هەیە. واتە: ئەمە پرۆسەیەكی یەكلەدوای یەكە و بە “نەبوونی هۆشیاری” دەستپێدەكات و بە “قبوڵكردنی بۆچوونی دامەزراوە میدیاییەكە” كۆتاییدێت و زیانی زۆریش لە تاك و كۆمەڵگە دەدات. كە ئەوەيش روویدا، ئیتر نیشانەكانی روودانی “پیسبوونی ژینگەی پەروەردەیی” سەرهەڵدەدەن كە ئەنجامی ئەمەش پەكخستنی گەشەی درووستی مرۆڤە لەڕووی دەروونی، ژیری، بەهاكان، رەوشتيی و ئاڕاستەكردنیەتی رووە و ئاڕاستەیەك كە كۆمەڵگە لەبەر بوونی مەترسيی لەسەر قەوارە و سەقامگیريی و گەشەكردنی كۆمەڵگەكە، پێیباش نییە و دانی پێدانانێت.

ئا لەو بنەمایەوە ئەم توێژینەوەیە كاری لەسەر پێدانی پەروەردەیەكی میدیایی بەنـموونەی توێژینەوەكە بە فێرخوازەكان كردووە؛ لەڕووی دەوڵەمەندكردنیان بە تێڕوانینێكی رەخنەگرانەی ئەو بابەتانەی كە دەیخوێننەوە و دەیبیستن و دەیبینن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا. بەجۆرێك هەر شتێكیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بينی وەك راستییەك وەرینەگرن و دەستبەجێ قبوڵی نەكەن. توێژینەوەكە ئەو كارەی لەسەر بنەمای درووستكردنی نـموونە و پەیڕەوێكی “پەروەردەی میدیایی” ئەنجامداوە كە تایبەت بە فێرخوازانی زانكۆ و ئامانج لێی گەشەدان بە “بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتی”یە لای ئەو فێرخوازانە. گرنگیی توێژینەوەكەش لەوەدایە كە سەرنجی لایەنە پەیوەندیيدارەكان رادەكێشێت تا گرنگیی بە پەروەردەی میدیایی بدەن و بزانن چەندە گرنگە ئەم بابەتە لەچوارچێوەی فەلسەفەی خۆیاندا جێبكەنەوە. ئامانجی توێژینەوەكەش بریتییە لە دەرخستنی ئاستی بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتيی لای ئەو فێرخوازانەی كە كراون بە نـموونەی توێژینەوەكە؛ (پێش) تاوتوێكردنی ئەو پەیڕەوەی پەروەردەی میدیایی كە توێژینەوەكە لەڕێی پێگەی (فەیسبوك)ـەوە پێشكەشی فێرخوازەكانی كردووە و هەمان ئاستی بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتيی (پاش) بینینی ئەو پەروەردە میدیاییە. واتە پێشتر و دواتر؛ تا كاریگەریی پەیڕەوە پەروەردەییە میدیاییەكە بزانرێت. نـموونەی وەرگیراو بۆ جێبەجێكردنی توێژینەوەكە، بریتییە لە 32 خوێندكاری زانكۆی (الـمنیا)، قۆناغی دووەمی بەشی میدیای پەروەردەیی (الاعلام التربوی)، لە كۆلێژی پەروەردەی جۆریی لەو زانكۆیەدا. هەرچی پەیڕەوی “پەروەردەی میدیایی”یەكەیە، لەم بابەتانەدا كورتكراوەتەوە: تێگەیشتن و شیكردنەوە و رەخنەگرتن و هەڵسەندگاندن و راستكردنەوەی ناوەرۆكی پێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی وەك: فەیسبوك و تویتەر و یوتیوب و…تد. هەروەها بەرهەمهێنانی ناوەرۆكی میدیایی ئەوتۆ كە بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتيی گەشەپێبدات؛ بەجۆرە جیاوازەكانی وەك بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتیی تاك هەر لەبەرپرسیارێتیی خودی، ئايینی، رەوشتی، كۆمەڵگەیی، نیشتمانيی و بەرپرسیارێتیی میدیایی لای ئەو فێرخوازانە. لەكۆتایی توێژینەوەكەشدا، ئەحمەد جەمال حەسەن-ى توێژەر گەیشتووە بەو ئەنجامانەی كە نـموونە و پەیڕەوی “پەروەردەی میدیایی” كە بۆ فێرخوازەكان خراوەتەڕوو كاریگەرییەكی گەورەی هەبووە لەم بوارانەدا:

یەكەم: درووستبوونی لایەنی كۆزانیاریی (مەعریفی) لەبابەتی (پەروەردەی میدیایی)دا، بەجۆرێك ئەو فێرخوازانە لە دوای بینین و كاركردن بەو پەیڕەوە، ئەو لایەنە مەعریفییەیان زیادیكردووە.

دووەم: پەرەپێدانی لایەنی ویژدانيی لە بابەتی بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتیيدا، ئەمەش بەهەمانشێوەی پێشتر فێرخوازان ئەو لایەنەیان پاش كاركردن بە پەیڕەوەكە گەشەیكردووە.

سێيەم: درووستبوونی لایەنی كۆزانیاریی (مەعریفی) و لێهاتوویی لەبارەی راستییەتی بابەتەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، فێرخوازان لەوبارەوە پاش بینینی پەیڕەوە پەروەردەییە میدیاییەكە ئاستی شارەزاییان لە ناسینەوەی راستیی (میصداقیة)ی ئەو بابەتانە زیاتر بووە.

چوارەم: درووستبوونی لایەنی لێهاتوویی و شارەزایی لە بابەتی پەروەردەی میدیاییدا كە ئەمەش بەهەمانشێوە لایەنی ئەرێنيی فێرخوازان ئاستیان لەبابەتی پەروەردەی میدیاییدا بەرزبووەتەوە.

هەرچی پەیوەندیی بە پێشنیاز و راسپاردەكانی توێژینەوەكەوە هەیە، لەم خاڵانەی خوارەوەدا كورتكراونەتەوە:

یەكەم: كاراكردنی نـموونە و پەیڕەوی “پەروەردەی میدیایی” وەك چارەسەر بۆ پاراستنی تازەپێگەیشتووان و لاوان لەكاریگەرییە نەرێنییەكانی ناوەرۆكی بابەتەكانی هۆكانی راگەیاندن.

دووەم: تەرخانكردنی كاتێك بۆ باسكردنی “پەروەردەی میدیایی” لەسەرجەم قۆناغەكانی خوێندندا.

سێيەم: وتنەوەی وانەی “پەروەردەی میدیایی” بەشێوەیەكی بنەڕەتيی و بنچینەیی لە كۆلێژ و بەشەكانی راگەیاندندا لەسەرجەم زانكۆكاندا.

چوارەم: كاراكردنی تیۆری بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتيی لەدامەزراوەكانی كاری میدیایی و پەروەردەییدا.

هاوپێچ لەگەڵ ئەم بابەتەدا، نـمونەی ئەو پەیڕەوە پەروەردەییە میدیاییە خراوەتەڕوو كە توێژەر پێشنیازی كردووە و توێژینەوەكەی لەسەر ئەنجامداوە.

سەرچاوە:

احمد جمال حسن محمد، 2015: التربية الاعلامية نحو مضامين مواقع الشبكات الاجتماعية: نموج مقترح لتنمية المسؤلية الاجتماعية لدى طلاب الجامعة، رسالة ماجيستر مقدمة لجامعة الـمنیا من مصر، موقع بوابة تكملوجيا التعليم،

https://drgawdat.edutech-portal.net/archives/14098?fbclid=IwAR2P0Ifi56TZTyWyg9QEOVTGQvuHLcivKVdLo1NxVkgDhiy2jKREjh45R_U

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟